"an independent online kurdish website

پزشکیان ساڵی ١٣٣٣ی هەتاوی لە بنەمالەیەکی تورکی ئازەری و گۆیا لە شاری سابڵاغ لە دایک بووە و دەورەی سەرتایی خوێندنیشی هەرلەوێ تەواوکردوە. دەڵین  دایکی کورد بووە.

 ڕشتەی کشت و کاڵی لە وەرمی خوێندوە و سەرئەنجام پلەکانی خوێندنی گەیاندۆتە دوکتوری و ئێستا کراوە بە سەرکۆماری ئێران. نامەوێی بچمەو ناو وردەکاریەکان و ژیاننامەی بۆ بنووسم . بەوە کە دەڵێن دایکی کورد بووە ، هێندێک پێیان وایە کوردە و بۆ خۆشی پێیوانیە. هێندێک دەڵێن ئیسڵاح تەڵەبە و بۆ خۆشی دەڵێ هەو نیم، بەڵا ئیسڵاحاتم دەوێی! منیش پێموایە ئەگەر دایک و بابیشی کورد بن کە نین، ناتوانێ داوای ڕەوای گەلی کوردکە بە درێژایی مێژو، کە من زیاتر لە حەفتا ساڵێم وەبیر دێ، کوردی ڕۆژهەڵات لەسەر ئەو داوایە بە شێوەی جۆراو جۆر شەهیدی داوە و قەڵاچۆ و بەند و ئەشکەنجە و  دەربەدەر کراوە .هەزاران ناو و ناتۆرەی وەک: چەتە، ڕێگر، دژی شۆڕش، بەستراوە بە ئیمپڕیالیزم و ئەمریکا و ئیسڕائیل چی و چی لێنراوە. شا هات و بە هەموو توانایە لە خراپە چی بۆ کرا دەگەڵ کوردان کردی. شۆڕشی گەلانی ئێران شای ڕاو ناو تاج و تەختی وەرگێڕا و خومەینی  بە ناوی دین جڵەوی شۆڕشەکەی گرتە دەست و دینەکەش بوو بە شیعەی ١٢ ئیـمامـی  ئەوە چل و چوار ساڵە کوردان دەکۆژی، دەگرێ و دەری دەکا، بێ سەرو شوێن دەکا و دەست لە هیچ جینایەتێک ناپارێزێ و تەنانەت  لە سەر میزی  وتـووێژ بۆ سوڵح و ئاشتی ڕیبەرانی کوردی لە حیزبی دێمۆکڕات تیڕۆڕ کرد. ئیتر هەر کەس ئەوەی نەزانێ و یان گوێی پێنەدا دەبڵێی ( وای لەو وانێکە!) مـن ناڵـێم هەڵبژاردن بەڵکو دەڵێم دیاریکردنی پزشکیان بە سەرکۆمار مەعـمـوریەتی سەرەکی و لە پێشەوەی هەموان،  بەلاڕێیدا  بـردنی گەلەکەمـانـە. چـونکە مـەسەلەی کورد و کوردستان لە ئێراندا بە درێژایی مـێـژو بـە چارەسەر نـەکراوی مـاوەتـەوە و مـەتـرسیـدارتـریـن مەسەلەی ئێرانە.

کورد تەنیا گەلێکە لە ئێرانداکە بەرەوڕوی داگیر کەر ڕاوەستاوە  چـۆمـاوی خوێـنـی لـە بـەرڕۆشتـوە، مەزن و زاناترین ڕێبەرانی لە ڕێی ڕزگاری نیشتمان وگەل سەریان داناوە، بەڵام نەبەزیون و کۆڵیان نەداوە و قورس و  قایم لە گۆڕەپانەکەدا ڕاوەستاوە، هەڵسوڕاوە. کاری سەرەکی پزشکیان خامۆش کردنی ئاگری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیە، کە لە کوردەوە ئێرانیشی گرتەوە و تا ئێستاش کڵپە و بڵێسەی وەک هەوەڵێ  نیە بەلام نەکوژاوەتەوە و هەر ڕۆژە  لە شوێنێک بە بیانویەک  گەشاوەتەوە و مانەوەی خۆی نیشان داوە. لێرەدا بڵێم: ئەو شۆڕشە مەزن و خوێناویە بەردەوامە، دایکان وخوشکان بەخوێـن و بەنـدی و چی و چێ بەهای خۆیانیان پێداوە ، دەوری سەرەکی و کاریـگەریـان گـێـڕاوە. بـەشـداری و بەردەوامیان تەنگی بە دوژمـن هـەڵـێـنـاوە، بـۆیە لە دیاریکردنی سەرکۆماری بە خەیاڵ نیوە کورد وەبەر چاو گیراوە. بۆ ڕێژیم  ڕون و ئاشکرایە مەترسی هەرە گەورە کوردە ،کە بە ژن ، ژیان ،ئازادی، دەستی پێکراوە و ئێستا  ڕێشەی لە دڵ و دەرونی هەر کوردێکی نەدۆڕاوی نەفرۆشراو دا گوراوە و ڕەوڕەوی خەباتـەکـەی بەرە و پێش دەڕواو ناگەڕێتە دواوە. بە دڵنیایەوە دەڵـێـم: نـە لـە ژێـر ناوی ئیسڵاح تەڵەب و پێشکەوتن خواز و، ڕیفۆڕم خواز و هیتر، جگە لە نۆکەری و سەردانەواندن  بۆ کورد لە بەر چاو نەگیراوە. ئەگەر ژیرانە و بـوێـرانەش سەیری ڕابردو بکەن   دەزانن کورد هەر بە درووشم و بەڵێنی بێبنەما و چەور و قەڵەو فریو دراوە و زەبری قورسیشی لێدراوە. ٤٤ ساڵـە سـەرکۆمـاران تـاقی دەکەیـنـەوە، کاڵـەمـان دڕاوە و هـیـچـمـان پـێـنـەبـڕاوە!! تـاقی کردنـەوەی تـاقـیکراوەکان خەتـای مـێژویین نابێ دوپات بکرێـنـەوە. ئـەو ڕێـژیـمـە مـەرگی رەئـیسی بە دەرفەت زانی بۆ داڕشتنی نەخشەیەکی شوم بۆ کوردان.

لێرەدا ئەوەی جـێـگای سرنجە ئەوەیە کە هەم گەل هەم حیزبی دێمۆکڕات و حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵات  ژیـرانە و بەر پرسانە دەگەڵ ئـەو نـەخـشە و پـیـلانـانە بەرەو ڕو بن، بە وردی لێکیان بدەنەوە. پزشکی وەک دابەزێنەری بەرنامەکانی دەوڵەت چاو لێبکەن نەک وەدیهێنەری ئاواتی گەڵان بە تایبەتی کوردستان. پزشکیان، نە ئیسڵاح تەڵەبە، نە ڕیفوڕم خوازە، نە ئوسول گرایە، بە قسە هیچیان نیە و بە خەیاڵ دەگەڵیانە، بۆ دابەزاندنی نەخشەکانی ویلایەتی  فەقیە فەرماندە و بەرپرسی ئیجڕایە. دیسان دەڵێم: کوردبوون، یان دایکی کورد بووە، یا لە کوردستانی گەورە بوە وووو، هێچیان بەڵگە نین بـۆ ئـەوەی کە نەخشەکانی دژی کورد نین، دەبێ سەیری کردەوەی بکرێ. با هێندێک نەبنە کابرا (هێشتا بارگینی نەکڕی بوو ئاخوڕی بۆ هەڵدەبەست) ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات لە هـیـچ هەلومەرج و کات و سەردەمێک دا نەمان بیستوە و نەمان خوێندۆتەوە نەمـان دیـتـوە کە دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ مافێک بۆ کوردان بەڕەوا بزانن (نـۆکەری و سەر دانەواندن کار نامەردانەیە) دەتانەوێ و ناتانەوێی هەر ئەوەیە!! هەر ئێستاش دەبینین لە جاشیەتی و سیخوڕی زیاتر بەشێکی تر بۆ کورد نیە. بە فەڕزی محاڵ ئەگەر هەموو ئێرانیشت بدەنێ  مادام ئازاد و سەربەخۆ نەبێ هەر نۆکەریە.

 ئەوەی  نوسراوە بۆچونی خۆمە  چونکە بە پێێ ئەزمونی خۆم هیچ بڕوا و هیوایەکەم بەو ڕێژیمە نیە، سیاسەتبازی ناکەم! کوردم کوردانە دەق و  دۆغـەریەکەی دەڵێم، کە بەرای من ئەوەی سەبارەت بە پزشکیان دەکوترێی هەو نیە !!. 

  براتام  مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور ١٩ پوشپەڕی ٢٧٢٤ کوردی

                                          ٩ /٧ /٢٠٢٤ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی