"an independent online kurdish website

I   پاییزی ساڵی ١٩٧٨ لە زانستگای سەنعەتی تاران قسەکانی تێگەیشتنی سیاسی حزبی توودە و چەپەکانی ئێرانی دەنواند، بەڵام قسەی سیاسی و بەڕۆژ بوون.

 ئەم بەرنامەیە بە بۆنەی ئازادبوونی غەنی بلوریان لە لایەن لایەنگرانی حزبی توودەوە کە زۆربەیان خوێندکاری زانستگا بوون، ڕێکخرابوو. ئەو کەسەی بە باشی باسی غەنی بلوریانی کرد، نەناس و نائاشنا بوو. کاتێ بلوریان ئەوی بە ناوی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملو سکرێتری حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە خەڵک ناساند، خەڵکەکە زۆرتر سەرنجیان بۆ لای قسەکانی چوو. غەنی بلوریان و ڕەحمان قاسملو یەک دەنگ و یەک سیما دەرکەوتن، وەک کورد، وەک سیاسی، وەک یەک حزب، حزبێک کە دامەزراندنی کۆماری کوردستانی لە کارنامەدا بوو!

II

ئەو گرووپەی لە پایتەختی ئێران پاش ڕووخاندنی کۆماری کوردستان بۆ دوو کەسی دیاریی سیاسی کورد کۆبوونەوەی ڕێکخستبوو،  هاوینی هەمانساڵ بەرنامەی حزبی دێموکراتیان بە زمانی کوردی بە کاسێت بڵاوکردبووە و دواتر کتێبی دایکی ماکسیم گۆرکی لە وەرگەڕاندنی کەریم حیسامی بۆ سەر زمانی کوردیان، چاپ کرد و هەر ئەوان یەکیەتی لاوانی دێموکراتیان دامەزراند کە پاش ،،دوو پارچەبوونی حزبی دێموکرات،، هەڵوەشێندرایەوە.

II

پاش ڕوخانی ڕژیمی پەهلەوی ئەوجا لە مەیدانی وەرزشی شاری بۆکان و مەیدانی فەرمانداری مەهاباد  بینیم کە بە زمانی کوردی، داخواز و سیاسەتی حزبەکەی بۆ خەڵک باس دەکرد. یازدە ساڵ دواتر ساڵی ١٩٨٩ دوور لە زێد، بڕیار بوو ببێتە میوانم.

IV

بەرنامە و پێشنیار ئەوە بوو، دەزگایەکی زانیاریی لە کەسانی شارەزا و زمانزان دوور لە دەستتێوەردانی حزبی پێکبهێندرێ بۆ ئەوەی زانیاری وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی ئورووپا و دەوڵەت و ناوەندەکانی زانیاریی و زانستگاکان سەبارەت بە کورد کۆکرێتەوە. پێشتر لەم بازنەیەدا بەرنامەی حزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان کرا بووە کوردی و بۆ ئەوان ناردرابوو.

V

ئەم دیدارە و دیدار لە گەڵ جێگرەکەی، کە ساڵی ١٩٧٢ لە ڕێگای خزمێکمان لە تاران لە گەڵی ئاشنا ببووم، بە هۆی تیرۆری هەر کیان لە لایەن ڕژیمی ئیسلامی، سەری نەگرت.

VI

کوشتنی دوکتور قاسملو و شەڕەفکەندی لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ، کە نووشست و تێکشکانی سیاسی و بە لاڕێدابردنی جوڵانەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی لێکەوتەوە، بەر لە هەرشت، دووبارەبوونەوەی  کارەسات و مێژووی پڕ لە هەڵەی سیاسی کورد خۆی بوو، کە ترۆری زیاتر لە ٥٠٠ ئەندامی حزبەکانی بە دوادا هات و نە تەنیا تاوتۆ نەکرا، بەڵکە لە بێدەنگیدا هێشترایەوە و لە ناو کورد ڕوخساری پرسەگێڕان و بەئایینیکردن و ڕۆمانسی پێبەخشرا، ڕێک وەک چل هەزار ساڵ مێژووی پرسەگێڕانی ئایینی و پێنجهەزار ساڵ پرسەگێڕانی سیاسی کە کورد و فەرهەنگ و ئەدەبیات و سیاسەتەکەشی لەخۆ دەگرێ، کە بەردەوامە. ئەم تراژێدییە بە سەر میللەتێک هاتووە، کە هەڵەکانی لە قاو نادا و پرسەگێڕان و بەسەرداهەڵگوتن لای گرنگترە!

VII

ئەگەر بیرمەندانی ئورووپی هەڵەکانی تێگەیشتن، سیاسی، فەلسەفی، ئیدئۆلۆژی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی سەدەکانی ڕابوردووی خۆیان و دوو شەڕی یەکەم و دووهەم و هەڵەکانی حزب و ڕابەران و بەرنامە و سیاسەت و ستراتێژی ئەوانیان ڕوو نەکردبایە و دەرسیان لە هەڵەکان وەرنەگرتبایە، ڕەنگە ئەمڕۆ ڕوخساری ئورووپا وەک ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵمان وەک کوردستانی چەند پارچە دەرکەوتبا!

VIII

لای ئێمە هەڵەشاردنەوە و هەڵەکردنی بی لێپرسینەوە لە سیاسەت و حکومەتداری، بۆتە نەریتی سیاسی، کە ڕێک تایبەتمەندی هەموو حزب و حکومەت و ڕابەرانی سیاسی و ئایینی میللەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە!

غەنی بلوریان، لە دانیشتن لە گەڵ نووسەری ئەم دێڕانە، کە وەک کتێب بە ناوی ،،سەدەی کارەسات،، بڵاوکراوەتەوە، گەیشتە ئەو ئاکامەی، بێژێ:،، من لە ژیانی سیاسیمدا تووشی << ئیشتباهاتێکی فاحش بووم>>. ئەوە زۆربەی ڕابەرانی سیاسی کورد لە ١٢٠ ساڵی ڕابوردوو دەگرێتەوە، کە ئەم ڕاستییە نادرکێندرێ.

IX

دانپێدانان بە هەڵە نەتەنیا خۆ بچووک کردنەوە نییە، بەڵکە نیشانەی تێگەیشتن و بەرەوپێشچوون و خۆ ڕەهاکردن لە تێگەیشتنی خودایی و ئایینییە. مرۆڤ هەڵە دەکات و هەڵە ڕاست دەکاتەوە، ئەوەش مێژووی دوو ملیۆن ساڵەی مرۆڤ بووە.

سیاسی و حزب و دامودەزگا و نوخبە و مرۆڤی تاکی کورد، ئەو کاتە لە ناوەوە ڕەها دەبێ و بەرەو ئازادی دەچێ، کە کراسە چڵکنەکەی خۆی بەرز کاتەوە و دەرس لە هەڵەکانی وەرگرێ!

X

ئێمەی کورد لە پاڵ هەموو هەڵەکانمان لایەنی ڕۆشنمان هەیە، کە ئەوەش نادیار و گوومە!

برایم فەڕشی

١٣/٧/٢٠٢٤

*ئەم بابەتە کورتراوەی بەرتەسکی وتارێکی دوور و درێژی پڕ لە وردەکارییە، کە بڵاونەکراوەتەوە.

** ئەم پڕۆژەی باس کرا، بە مردوویی لە دایک بوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی