"an independent online kurdish website

وەک لە بەشی پێشوو دا باسم کرد، هەر دوو تیمەکەمان لە لایەن جاش و پاسداراەکانەوە کە لە سەر بەرزاییەکە و لە نێو تاشەبەردەکاندا جێگر ببوون، کەوتینە بەر رێژنەی گوللە و ئێمەش جگە لە بەرپەرچدانەوەیان هیچ رێگایەکی دیکەمان لە بەر دەست دا نەبوو.

تیمەکەی ئێمە زۆر بە تووندی کەوتینە ژێر ئاوری بیکەیسییەکەیان، هاوڕێیانی دیکەمان لە قۆڵێکی ترەوە  بە نێو رێژنەی گوللەبارانی دوژمندا سەرکەوتن و لە هەر دوو لاوە لە ماوەی دوو سێ خولەکدا هێزی لاواز و ترسنۆکی رێژیمان دایە بەردەسترێژی خۆیان، ئەوەی توانی هەڵبێ، خۆی لەو بەرزاییە بەردایە خوارەوە و تەنانەت نەک فریای راگوێستنی کوژراوەکانیان نەکەوتن، بەڵکوو بریندارەکانیشیان بە جێ هێشتن. دوژمن کە بەو شێوە چاوەڕواننەکراوە لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگە بە ورەکانی ئێمە تووشی، شکست بوو، تەنها لە دوورەوە بە کالیبرپەنجایەک کە بە سەر پیکابێکەوە داینابوو، تەقەی لە پێشمەرگە دەکرد. جگە لەوەش، وەک پیشەی هەمیشەیی دەستی بە تۆپ و خومپارە بارانکردنی پێشمەرگەکان کرد. پاش نزیکەی نیو کاتژمێر، تیمەکەی ئێمە ئەرکدار کرا بپەڕینەوە بۆ ئەوبەر و رشتە بەرزاییەک هەبوو کە هەم نەهێڵین دوژمن دەستی پێیان بگات و هەمیش بە قەرار رێگای شەومان دەکەوتەوە ئەوێ، هەربۆیە بە پیویستمان زانی کونترۆڵمان بە سەر ئەوێدا هەبێت.

  ئێمە دەستمان کرد بە پێشڕەوی و لە بەرزاییەکە دابەزین و چەند سەد میترێک لە نێوان ئەو دوو شاخانە دا مەودا هەبوو. هەڵکشاین بۆ شاخەکەی ئەوبەر، گەیشتینە مالەباخێک، نەختێک خواردن و بڕێک دۆیان پێ داین کە لە گەڵ خۆمان بیبەین. ئێمە پاش کاتژمێرێک گەیشتینە ئەو رشتە شاخانەی ئەوبەر و لەوێ جێگیر بووین. وەک وتم، رێژیم زیاتر لە دوورەوە بە چەکی قورس شەڕی دەکرد و زۆر کەم خۆی لە شەڕی دەستەویەخە دەدا. چەند جارێ، ویستیان هێز رەوانەی ئەو بەرزاییانە بکەن کە ئێمەی لێی بووین، بەڵام نزیک نەبوونەوە و پاشەکشەیان کردەوە. لە قۆڵەکانی دیکەوە جگە لە هێندێک سووکە شەڕ، وادیار بوو  هێزی دوژمن ورەی ئەوەیان نەمابوو کە خۆیان لە پێشمەرگەوە نیزیک بکەنەوە. دیارە ناحەقیشیان نەبوو، ئەوەی کە ئەوان سەرەتا لە نێو تاشەبەردەکاندا جێگیر ببوون و پێشمەرگە لە ماوەی چەند خولەکێکدا بێ ئەوەی هیچ بەرد یان پەناگایەکی هەبێ، بتوانێ بە سەریاندا سەرکەوێ، بیانبەزێنێ  و بیانتارێنێ، تەنانەت ئەگەر لە فیلمیشدا ببینرێ، زۆر زەحمەتە باوەڕی پێ بکەیت. هەموو رۆژەکە شەڕ لێرە و لەوێ و بە شیوەیەک بەردەوام بوو. لەو شەڕەدا بەداخەوە، سەلاح قادری، ئەو پێشمەرگەیەی کە بۆ ماوەی چەند رۆژ لە بۆڕیەر بە یەکەوە بووین، بەو بیکەیسییەی دوژمن کە لە ناو تاشەبەردەکاندا بوو، پێکرا و بریندار بوو. بەشی دەرمانی هەوڵیان دا بەڵکوو چارەسەی برینەکەی بکەن، بەڵام مخابن هەوڵی بەشی دەرمانی بێئاکام بوو و سەلاحی خوێنشیرین،  تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو. سەلاح لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ بوو، خەڵکی تەنگی سەری مەکۆی دیمۆکرات و پێشمەرگەپەروەر بوو. تەرمی سەلاح لە بناوژدەری بۆڕیەر بە خاک سپێردرا. یاد و ناوی شەهید سەلاح و هەموو شەهیدانی دیکەی  ڕێگای ڕزگاری کوردستان بەرز و هەرمان بێ.

دیارە، تەنها چەند خولەک بە دوای برینداروبوونی سەلاح دا، هەم بیکەسیەکە کەوتە دەستی پێشمەرگەکان و هەمیش خاوەنەکەی باجی تاوانەکەی دایەوە و بە دەستی تیمەکەی دیکەمان بێدەنگ کرا. هێزەکانی رێژیم لە ماوەی رۆژەکە دا، چەند جار هێرشیان هێنا بۆ ئەوەی لاشەی کوژراوەکانیان لە مەیدانی شەڕەکە ببەنەوە، بەڵام زۆرتر بە بیکەسییەکەی خۆیان هەموو جار ناچار بە پاشەکشە دەکران و پێشمەرگەکان تا کۆتایی رۆژ بالادەستی خۆی پاراست.

پێشمەرگەکان، هەموو رۆژەکە لە شەڕ و ئامادەباشیدا بوون، سەرەڕای  ئەوەی زۆر شەکەت و هیلاک بووین، ناچار ئێوارەکەی کەوتینە ڕێ و شوێنی شەڕەکەمان بە جێهێشت، هەم بۆ پاراستنی گیانی خۆمان هەمیش بۆ ئەوەی ماوەیەک لە دەرگیری و شەڕ لەتەک دوژمن خۆمان دوور بگرین، دەبوو تا بەرەبەیان لە رۆیشتن نەوەستین. پێشمەرگەکان هێندە شەکەت و هیلاکی ڕێگا بڕین بوون بە بێخەوی، زۆر جار لە سەفی رێگا رۆیشتنەکە دەتدیت پێشمەرگە خەوی لێ دەکەوت و لە سەفەکە لای دەدا. گەیشتینە نێو دۆڵێک و لە نێو دارستانێکدا ماینەوە. وەک پێشتریش باسم کردووە، من ڕەنگە وەک تایبەتمەندی بنەماڵە و ژنەتیک بێت، هەربۆیە، بەرگەی بێخەوی باشتر لە زۆر کەسی دیکە دەگرم. بەڵام ئێستاش لە یبرم نییە چۆن خەوم لێکەوت و ئاگام لە دەوروبەرم نەمابوو. کە من بەو شیوەیە بووم، ئیتر دەزانم پێشمەرگەکان چەندە ماندوو بوون.

 فەرماندەری هێزی بێستوون کاک ئ. س، بۆ خۆی لە گەڵ پێشمەرگەیەک ئەرکی دیدەبانی گرتبووە ئەستۆ. بە حوکمی ئەوەی کە مەودای دیدەبان و پێشمەرگەکان کەمێک دوور بوو، پێویست بوو نیگابانیشمان هەبا، بەڵام ئەو کارە نەکرابوو.

کاتژمێر لە یازدەی نیوەڕۆ نیزک دەبۆوە، لە خەوی قوڵدا بووم، گوێم لە قسەوباس بوو کە دانە دانە پێشمەرگەیان لە خەو هەڵدەستاند و داوایان دەکرد کە تیمێک بچێ کاک فەرماندەری هێز و هاوڕێکەی بنێرنەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش پشوویەک بدەن. هەر کەسیان هەڵدەستاند، یەکسەر ئەوەندە ماندوو بوو، بۆی دەخەوتەوە. بەڕاستی ئەوە هەر گێڕانەوەکەی ئاسانە، ئەگینا پێشمەرگەکان وەک ئەوە وابوون کە قورسی خەویان خواردبێ.  ئاخر نزیک بە تەواوی رۆژ بە گەرمای مانگی گەلاوێژ لە شەڕ و ئەم شاخ بۆ ئەو شاخ دابووین و شەوەکەشی تا دەمەوبەیانی بە برسێتی بە رێگادا رۆیشتبووین، تەنها بیروباوەڕ دەتوانێ ئەو کەمە وزەیەشت تێدا بهێڵێ. وادیار بوو بە گوێرەی ئەوەی گوێم لە دەنگی هەستە هەستە بوو، لە منەوە دوور بوون، لە بەر خۆمەوە ئارەزووم دەکرد کە یەک دوو کەس ئامادە بن و نۆرەی ئەو هەڵسە هەڵسە نەگاتە من. ئای کە چ خۆش دەبوو، چەند کەس لەو خەوە قورسە هەستایەن و منیش کەمێ زیاتر بۆی بخەوتایەم. دیارە هەموو ئەمە تەنها ئارەزوو بوون و ئەوەندەم زانی کاک کامیل حەسەنپوڕ کە فەرماندەری لک بوو، بانگی کردم. سەرەتا ویستم وانیشانی بدەم کە خەوتووم و گوێم لە دەنگی ناوبراو نییە، بەڵام ئەوەش دادی نەدام. راستە منیش وەک زۆربەی ئەوانی دیکە ماندوو بووم، بەڵام نایشارمەوە هەستێکم لا دروست بوو کە ئێستا کاتی ئەوەیە ماندوویەتی بنەمە لاوە، هەر بۆیە بێ دوو دڵی وتم کێشە نییە من ئامادەم دەچم. دواتر وتیان دەبێ یەک دوو نەفەری دیکە ئامادە بکەین، چوونکە پێویستە ئامادەباش بین. وتم بۆ ئامادەباش بین؟ وتیان کە هەموومان خەوتبووین، دوو نەفەر کە دیار نییە خەڵکی ئاسایی بووبن یان سیخوڕی رێژیم، هاتوون و ئێمەیان بینیوە و دواتر گەڕاونەوەتەوە. دیدەبانەکانیش هەرچەند تەماسیان گرتووە، کەس بە خەبەر نەبووە کە بڵێن دوو کەس خەریکن بەرەو لاتان دێن. بۆیە ئەگەری زۆر هەیە سیخوڕ بن و مەترسی هێرشی رێژیم زۆرە. ماوەیەکی پێ چوو، تا دوو پێشمەرگەی دیکەیان ئامادە کرد. یەکیان کەسێکی بە تەمەن بنەماڵەی شەهیدیش بوو، لە باری توانایی لەشییەوە بۆ گەشتی ناوخۆ نەدەشیا. ئەوەی دیکە لە خۆم منداڵتر بوو و زۆریش لە باری جەستەییەوە لاواز بوو. ئێمە بووین بە ٣ کەس و سەرکەوتین بۆ لای دیدەبانەکان. پاش ماوەیەک گەیشتینە لایان. ئەوان لە گەڵ خۆیان بیکەیسییەکیان بردبووە سەر، رێنوێنی پیویست کراین و ئەوان گەڕانەوە بۆ لای مەڵبەند و هێز. هەر لە سەرەتاوە، بەوانی دیکەم وت، بڕۆنە سێبەری دارەکان و پشوو بدەن. یەکەم جار بوو کە ئەرکێکی ئەوتۆم بکەوێتە سەر شان کە خۆم دەبوو رێوشوێنی دیدەبانی دابنێم. دەمزانی پێشمەرگەکان ئەوەندە ماندوون، کە نابێ، بارودۆخەکە بە کەم بگرین. هەموو رۆژەکە بە بەر هەتاوی گەلاوێژەوە بە دووربینێکەوە ناوچەکەم لە ژێر چاوەدێریدا بوو. ئاوی ناو مەتارەکەم ئەوەندە گەرم ببوو کە دەتوانی چاییەکی کەمڕەنگی پێ دەم کەیت. ئیوارەکەی هەم ماندوو بووم و هەمیش برسی. لە گەڵ هاوڕێی سەرپەلمان واتە ع. م هاوخەرج بووین، وتی خواردنێکم ئامادە کردووە هەرچێت کردوە ئیوارەکەی پێش ئەوەی بکەوینە ڕێ، بێنە خوارەوە. خەریک بوو خۆر ئاوا دەبوو، وتم دەچینەوە لای هێز، ئەوەی بە تەمەن بوو، وتی باشە هێز لە بەرزاییەکەی ئەوبەرماونەوە، ئەوان دێنە سەر بۆ بچینە خوار؟ دەتوانین بە سەر شاخەکە دا پێیان بگەینەوە. دیارە ئەم زانیاریەش هەر بۆ خۆم پێ گوتبوو. بە هەرحاڵ گەڕاینەوە لای هێز و دەستی هاوڕێی سەرپەل خۆش بێ، خواردنێکی پێشمەرگانەی ئامادە کردبوو. ئێوارە داهات و ئەو شوێنەشمان بە جێ هێشت.

 پاش چەند کاتژمێرێک رێگا ڕۆیشتن، بۆ یەکەمجار لە ژاوەرۆی سنە گەیشتینەوە بە ئەو هیزە هاوبەشەمان کە لە سەرەتای حەرکەتی ئەو ساڵەوە بەر لە ئێمە هاتبوونەوە ناوخۆ. لەو ماوەدا ئەوانیش چەند جارێ تووشی شەڕ و پێکدادان هاتبوون، بەڵام نەک وەک ئێمە. هەستێکی زۆر خۆشبوو پاش ماوەیەک دابڕان، هەموومان گەیشتینەوە بە یەکتر. پێش ئەوەی بخەوین، من و هاوڕێی هاوخەرجم، یەکە و بسکویتێکمان خوارد. زۆر جار پاش رێگا رۆیشتن، ئەو کارەمان دەکرد. بە حوکمی ئەوەی هەر یەک لە ئێمە زۆربەی کات، لە گەڵ تیمی تەداروکات دەچوینە نێو گوندەکان، بەردەوام بسکویت و شیرینیمان لە نێو کۆڵەپشتییەکاندا هەبوو.

لە نێو بڕێک دارچنار دا ئەو شەو پشوومان دا و سبەینێش بێ ئەوەی تووشی شەڕ بین، ئەوێمان بە جێ هێشت. بۆ 7ی گەلاوێژ، لە نێو باخێکدا لە ژاوەرۆ بووین. شەوەکەی هاوڕێی سەرپەل دیدەبان بوو. بۆ نیوەڕۆکەی تیمێکی دیکە ئەوانی دەگۆڕی. منیش تەنها پەتاتەیەک لە نێو کۆڵەپشتییەکەمدا بوو. لە بنەمەتارەیەکدا کردم بە شۆربا، هێندێک نانەڕەقەشم تێکەڵ کرد. ئەوەندە کوڵا کە کەس نەیدەزانی ئەوە چییە لە نێو ئەو بنەمەتارەیەدا. چاوەڕێم کرد تا هاوڕێکەم هاتەوە. خواردنەکەمان لە سەر ئاگرەکە داگرت، کەترییەکەمان خستە سەر ئاگرەکە بۆ ئەوەی دوای ئەوە چایی دەم کەین. هێشتا خەریک بووین خۆمان بۆ خواردنەکە ئامادە دەکرد، لەپڕ چەند خومپارەیەک لە چەند میتری پێشمەرگەکانەوە خۆیان کێشا بە زەویا. گوتم، با ئاوی کترییەکە بڕێژین و کەترییەکە ببەین و لە نێو خومپارە بارانەکە دوور کەوینەوە، ئەو زۆر چەخر بوو، وتی نەخێر، پیویستمان بەو ئاوە دەبێ چایی پێ دەم بکەین. خەریک بوو دەستمان بسووتێ، بەڵام خواردن و کەترییەکەمان هەڵگرت و بەرەو دۆڵەکەی خوارەوە رۆیشتین. سەد بۆ دووسەد میترێک رۆیشتین، دیار بوو هەر بە هەڕەمەکی ئەو خومپارە بارانە بەر ئەو شوێنەی ئێمە کەوتبوو.  چوونکە هەر ئەو چەند خومپارەیە بوو. گەڕاینەوە بۆ سەر ئاگرەکە و دەستمان کرد بە چایی دەمکردن.

رۆژی ٨ی گەلاوێژ، لە ژاوەرۆی سنە، تیمێکی هاوبەش کە نزیکەی ٢٠ پێشمەرگەیەک دەبووین، دیاری کراین کە لە هێز جیا بینەوە بۆ ئەوەی بتوانین هەم لە قورس بوونی هێز کەم کەینەوە و هەمیش بتوانین سرنجی هێزەکانی رێژیم لە سەر مەڵبەند و هێز دوور خەینەوە. ئەو تیمە هەر هەمان ئەوانە بووین کە لە دۆڵی دەرە بە یەکەوە بووین. لە گەڵ خۆمان تیمێکی چەند کەسیشمان کە زۆرتر لە نەخۆش و بە تەمەنەکان بوو هێنا، کە قەرار بوو بگەڕێنەوە بۆ بنکەکانمان لەو دیوی سنوور. گەیشتینە باخەکانی تەنگیسەر و بۆ پشوودان لەوێ ماینەوە. بۆ بەیانییەکەی باخدارەکان دەهاتن بۆ ناو باخەکانیان، کە دەیاندیت پێشمەرگە لە نێو باخەکاندان، وەک ئەوە وابوو، کەس و کاری خۆیان لەوێ بن. ئای کە هەستێکی خۆش بوو، لە پێناوی ئەو خەڵکە دا پێشمەرگە بووین. نیشتمانپەروەریی و پێشمەرگە خۆشەویستی هەر لەو خەڵکە دەهات.

با درێژەی گەشتەکە بۆ بەشێکی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی