هاوڕێیان، دۆستان و ئاشنایان، خوشک و برایانی خۆشەویست!
ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ڕێزگرتن لە یادی گەورە پیاوێک، واتە مامۆستا مەجید پاڵانی. لێرەین تا پێکەوە، بە دڵێکی پڕ لەخەم و پەژارەوە،
لە دیاسپۆرادا، لە ژینگەی کوردی لە نۆروێژ و ئەسکەندیناویدا، ماڵئاوایی لە یەکێک لە ڕێبەرانی مەیدانی و مەحەللی گەلەکەمان بکەین. کەسایەتیەک کە نەک هەر کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگەکەمان ، بەڵکوو لەسەر زۆر کەس لە ئێمەش هەبووە. کەسایەتیەک کە لە ڕیگای پێوەندیەکانی دەگەڵمان، ژیانی ئێمەی دەوڵەمەند تر و پڕ ماناتر کردبوو.
بۆیە کۆچی دوایی ئەو خەسارەتێکی گەورەیە هەم بۆ کۆمەڵگای کوردی، بۆ ژینگەی کوردی لە نۆروێژ و بۆ هەموو ئەوانەی کە بە شێوەیەکی شەخسیی دەیانناسی و لە نزیکەوە ئاشنایەتیان دەگەڵی هەبوو. ئەمڕۆ لەودەرفەتەدا دەمەوێت چەند وتەیەک لەسەر مامۆستا مەجید و ژیانی و کارەکانی و کاریگەرییەکانی، لە خزمەت ئێوەدا باس بکەم.
وێنە: مامۆستا مەجید پاڵانی
چالاکوانێکی کورد
مامۆستا مەجید تێکۆشەرێکی ماندوونەناسی کورد بوو، کە زۆربەی هەرە زۆری تەمەنی خۆی، بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵ، لە پێناوی ئازادی و وەدیهێنانی مافە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا، تەرخان کرد. ناوبراو کەسایەتییەکی بەوەج، خۆشناو و سیمایەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی درەوشاوەی نێو ڕیزەکانی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. حیزبێک کە نزیکەی سەدەیەکە بۆ جێگیرکردنی دیموکراسی و دابین کردنی دەستەڵاتداریەتیەکی خۆجێیی بۆ گەلی کورد لەوڵا تەکەماندا کار و خەبات دەکات. مامۆستا مەجید لە ڕێگای کار و تێکۆشانی بەردەوام و شێلگیرانەی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، چ لە کوردستان، چ لە ئۆردوگای ئاڵتاش و چ لە ئەوروپادا، ڕۆڵێکی کاریگەریی لە پێشخستنی ئامانج و دیدگاکانی حیزبدا بینی. ئەو تەنها هەر سەرکردە و کادرێکی لێوەشاوەی حیزبی و تەشکیلاتی نەبوو، بەڵکو بۆ زۆربەمان، بۆ ئەندامان و لایەنگران و جەماوەریی حیزب، ڕێنیشاندەر بوو، ڕەچە شکێن بوو. پیاوێک بوو کە هەمیشە بەرگریی لە دادپەروەریی، عەداڵەت و ئازادی دەکرد.هیچ سەختی و دژواریی و کەندو کۆسپێک، هیچ هەوراز و هەڵدێرێکی سەر ڕێگای خەبات ، نەیان دەتوانی ئامانجە بەرزە سیاسی و ئینسانییەکانی لە چاوان ون کەن، یا لە خەباتدا، نائومێدی بکەن. بڕوایەکی قووڵی بە داخوازەڕەواکانی میللەتی خۆی و ئەو بایەخە ئینسانیانی و ئەخلاقیانە هەبوو، کە شکڵیان بەژیان و کەسایەتی ئەو دابوو.
لە خۆڕا نەبوو بە شوروشەوقێکی تایبەتییەوە لە کۆڕوکۆبوونەوە و چالاکییە حیزبی و سیاسیەکاندا بە شداری دەکرد و بە هێنانەگۆڕی ڕوانگە و بۆچوونەکانی، بە مایەدانان لە کات و گیرفان و لێوەشاوەییەکانی دیکەی، هێز و وزەی بە ماتۆڕی تەشکیلاتی حیزب دەبەخشی. ئەو کارە خۆبەشییە لە ڕیزەکانی حیزبدا، لە بڕوای مامۆستاوە، بە حەقانییەتی خەباتی حیزبەکەی لە پێناو دیموکراسی و مافەکانی گەلی کورد دا، سەرچاوەی دەگرت. مامۆستا مەجید باوەڕی بە ئایندەیەکی باشتر وگەشتر بۆ گەلی کورد هەبوو و ماندوونەناسانەش کاری بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەرزە دەکرد. بۆ هەموو ئێمە و بۆ ئەوانەی لەدەورووبەری بوون، ئیلهامبەخش بوو. هەموو ئەوانەی بەرپرسایەتیان لە تەشکیلاتی حیزبدا لەو وڵاتە هەبووە دەزانن کە مامۆستا کاریگەرییەکی زۆری لە نێو ئەندامانی حیزبدا هەبوو. توانای کۆکردنەوە و و ڕێکخستن و هاندانی خەڵکی دەوروبەری خۆی هەبوو. توانای ڕاپەڕاندن و ئیدارەکردنی کار و ئەرکە حیزبییەکانی هەبوو، ئەمەش، ئەو تایبەتمەندیانەش، ئەویان کردبووە کەسایەتییەکی بەوەج و سیمایەکی ئاشنا و شوێندانەر، لە نێو حیزب و جەماوەری حیزبدا.
ڕۆشنبیر و نووسەر
بەڵام مامۆستا مەجید تەنها هەر چالاکێکی سیاسی و حیزبی نەبوو. ئەو هەروەها ڕۆشنبیر و نووسەریش بوو. لە ڕێگەی نووسین و وەرگێڕانەکانییەوە، بەشداری لە دەوڵەمەندکردنی کولتوور و زمان و فەرهەنگی کوردیدا دەکرد. مامۆستا زۆر کتێبی لە زمانەکانی نەرویجی و عەرەبی و فارسییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاون. بەتایبەتی لە بواری پێداگۆگی و پەروەردەکردنی منداڵاندا، جێ پەنجەی مامۆستا لە کتێبخانەی کوردی دا زۆر دیارە. دەتوانین بڵێین کە کارەکانی مامۆستا لەوبوارەدا، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کۆمەڵگا کوردیە جۆراوجۆرەکان،چ لە زێدی خۆیان و چ لە دیاسپۆڕادا هەبووە . ئەو کە بۆخۆی باوک و مامۆستاو هاوسەرێکی نموونەیی بوو، دەیزانی ڕۆڵی خێزان لە کۆمەڵگادا چەندە گرنگەو و نەخشی پەروەردە چەندە پڕبایەخە. بۆیە شانبەشانی تێکۆشانی سیاسی و حیزبی، مەسەلە پەروەردەییەکانی کردبوونە پڕۆژەی ژیانی خۆی.
هەروەها مامۆستا مەجید لە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا، پێشەنگ بوو. ئەو بە شێوەیەکی چالاک، بۆ بەرەوپێشبردنی بەها و نۆرمە پەروەردەییەکان، نۆڕمە مۆدێرن و دێموكراتیکەکان، لە کۆمەڵگەی کوردیدا، سۆشیال مێدیای بەکار دەهێنا. پۆست و بابەتەکانی دەگەیشتنە خەڵک و بەردەنگێکی زۆریان هەبوو. لەو پێوەندیەدا مامۆستا ڕۆڵێکی گرنگی لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی و پەروەردەی خەڵکدا دەگێڕا . مامۆستا، توانایەکی تایبەتی لەوەدا هەبوو کە باس و بابەتە ئاڵۆزە زانستی و پەروەردەیی و سایکۆلۆژیەکانی بە زمانێکی کوردی ڕەوان دەهێنانە بەرباس. بە جۆرێک کە خەڵک بە ئاسانی لە قسەو باسەکانی تێدەگەیشتن. ئەمەش وای کردبوو کە مامۆستا ببێتە کەسایەتیەکی جەماوەریی و خۆشەویست لە دونیای سۆشیال مێدیای کوردی دا.
پێشەوایەکی ئاینی
مامۆستا مەجید جگە لە کارەکانی وەک نووسەر و چالاکوان، ڕێبەرێکی ئایینییش بوو. ناوبراو پێگەی ئایینی خۆی بۆ بەرەوپێشبردنی لایەنە مەعنەوی و ڕۆحیەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی دۆگماتیزم و نەزانی و خوڕافات بەکار دەهێنا. بڕوای قوڵی بە سکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت هەبوو. دین لای مامۆستا شتێک نەبوو جگە وەسیلەیەک بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ئینسان و پەرەپێدانی بایەخە ئینسانی و ئەخلاقی و مەعنەوییەکان لە کەسایەتی ئینسانەکاندا. لە هەر جێگایەک و لە هەرکات و ساتێکدا خەڵک پێویستیان پێی بووایە، لەوێ ئامادە بوو. لە شایی و شین و خۆشی و ناخۆشیەکانی خەڵک دا بەشدار بوو. سروشت و زاتە پڕ لە میهرەبانی و بەزەییەکەی، وای لێکرد بوو کە ببێتە کەسایەتییەکی خۆشەویست و جێگای متمانە و سەنگی سەبووری نێو کۆمەڵگەی کوردی لە نۆروێژ. ئەو لە ئاکامی خوێندنەوەیەکی قوڵ و هەمە لایەنەدا، دەیتوانی نۆڕم و بەها ئاینییەکان لەگەڵ بیرکردنەوەی پێشکەوتنخوازانە و مۆدێرن، لەگەڵ لێکدانەوە عەقڵی و مەنتقی و زانستیەکان، تێکەڵ بکات و تەفسیرێکی مۆدێرن و پێشکەوتوانە لەسەر مەسەلە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ڕۆژانەی ئینسانەکان بەدەستەوە بدا. بۆیە لە نیو خەڵکدا، وەک پێشەوایەکی ئایینی کراوە، دێموکرات، ڕوانگە بەرین و عەقڵ تەوەڕ و لایەنگری بەها مۆدێرن و دێموكراتیکەکان دەناسرا و هەر بەوهۆیەشەوە ڕێزی لێ دەگیرا. ئەمەش وای لێکرد بوو کە ببێتە پێشڕەو بۆ پێکهێنانی چاکسازیی و بەدەستەوەدانی خوێندنەوەیەکی هاوچەرخانە لە پرنسیپ و ئەسڵە ئایینی و مەزهەببیەکان.
مافی ژنان
بەشێکی دیکەی گرنگی میراتی مامۆستا مەلا مەجید، بڕوا و پابەندبوونی ئەو بوو بە مافەکانی ژنان. ناوبراو بە قوڵی لەوە تێگەیشتبوو کە هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێت ئازادی و یەکسانی و پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەدەست بهێنێت، ئەگەر ژنان لەو کۆمەڵگایەدا ئازاد و بەهێز و خاوەن ڕۆڵی کاریگەر نەبن. بۆیە مامۆستا پشتیوانی لە خەباتی ژنان لە پێناو مافەکانیاندا بەگشتی و مافی ژنان بۆ خوێندن و کارکردن و یەکسانی لەگەڵ پیاواندا لە بوارەکانی دیکەی ژیاندا دەکرد. مامۆستا مەجید باوەڕی بە تواناکانی ژنان هەبوو، هەر بۆیەش چ لە کۆمەڵگادا و چ لە ڕیزەکانی حیزبدا، چالاکانە کاری بۆئەوە دەکرد کە ژنان هەمان دەرفەتی پیاوانیان بۆ کار و خوێندن و بەشداری لە تێکۆشانی سیاسی و حیزبیدا پێبدرێت.
ناوبراوهانی ژنانی دا کە بەشداری چالاکانە لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکاندا بکەن. پشتیوانی ئەو لە مافەکانی ژنان تەنیا هەربە تیۆری نەبوو؛ لە نزیکەوە لەگەڵ چالاکوان و سەرکردە ژنەکانی نێو تەشکیلاتی حیزب و ژینگەی کوردی لە نۆروێژ و ئەسکەندیناوی، لە گەڵ ژنانی تێکۆشەری ناو ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی ژنان، پێوەندی هەبوو و بە کردەوە ش بۆ پێشخستنی دۆزی ئەوان، لە هیچ چەشنە هاوکاری و یارمەتی و پشتیوانیەک درێخی نەدەکرد. لەوبارەوە هەوڵەکانی یارمەتیدەر بوون بۆ باشترکردنی ژیانی ژنان لە نێو ژینگەی کوردی نۆروێژدا. دڵنیایین ئەو هەوڵوێستەی مامۆستا وەک میرات لە نێوماندا دەمێنێتەوە و ئیلهام بە ژنان دەبەخشێ تا لە پێناو مافەکانیان دا لەخەبات و تێکۆشان نەوەستن. لەوبارەوە بۆ زۆرێک لە پیاوانیش مامۆستا وەک سەرمەشق دەمینێتەوە.
مامۆستا وەک دروستکەری پرد و ڕووخێنەریی دیوارەکان
ماماۆستا مەجید بۆ ڕەوەندی کورد لە نۆروێژ و ئەوروپا گرنگییەکی تایبەتی هەبوو.توانای پەیوەندیگرتن و دامەزراندنی دۆستایەتی لەگەڵ هەموو کوردەکان، بەبێ گوێدانە پرسە ئایدیۆلۆژی، سیاسی، حیزبی، زاراوەیی یان مەزهەبی و جوگرافیەکان هەبوو. ئەمەش وای لێکرد بوو کە ببێتە پرد سازکەر لە کۆمەڵگەی کوردیدا.ئەو هەموو ئەو دیوارانەی تێک دەڕووخاندن کە بە هۆی پیلانی دوژمنان، یا لەئاکامی بەرچاوتەنگی سیاسی، بیرتەسکی حیزبی، تەعەسوبی عەشیرەتی و زاراوەیی و جوگرافی و مەزهەبی دا، دەبنە مایەی دووبەرەکی و ئاژاوە و نایەکگرتوویی لە نێو ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردا. لەوەش زیاتر بۆ تێکەڵکردنی کورد لە کۆمەڵگەی نۆروێژدا کارێکی زۆر وهەموو لایەنەی دەکرد. لەهەموو ئەو شوێانەی ژیاوە، هەوڵەکانی بوون بە هۆی لێکتێگەیشتن و هاوکارییەکی باشتر لە نێوان کورد و نۆرویژییەکاندا. مامۆستا بەتایبەتی هاندەری نەوەی نوێ و گەنج بوو بۆ ئەوەی بایەخ بە پەروەردە و فێربوونی زمانی نۆرویژی بدەن تا بە باشی لەگەڵ کۆمەڵگەی نۆروێژیدا تێکەڵ ببن. لە هەموو کۆڕوکۆبوونەوە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکاندا، بە وتەو قسە و وتارە هاندەرەکانی، یارمەتی لاوان وگەنجانی کوردی دەدا، تا لەو وڵاتە نوێیەدا ڕێگەی خۆیان بدۆزنەوە، بخوێنن و کاربکەن و خۆیان لەگەڵ بەهاکانی ئەو کۆمەڵگا تازەیە هاوئاهەنگ بکەن. مامۆستا مەجید دەیزانی کە پەروەردە کلیلی ئایندەیەکی باشترە و ماندوونەناسانە کاری دەکرد بۆ پێشخستنی ئەم پەیامە.
ئەو باوەڕی بە هێزی مەعریفە و پەروەردە هەبوو وەک ڕێگەیەک بۆ تێکشکاندنی بەربەستەکان و دروستکردنی پردی نێوان کولتوورەکان. هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە، میراتێکی بەردەوامی بەجێهێشتووە، کەتەنانەت لە داهاتووشدا کاریگەریی خۆی لەسەر لاوانی کورد لەو وڵات هەر دەبێت.
ژیانێکی پڕ مانا
مامۆستا مەجید بۆشاییەک لە نێوماندا بەجێدەهێڵێت کە پڕکردنەوەی قورس دەبێت، بەڵام میراتەکەی و دیدگا و ڕوانگەکانی، هەوڵ و کارەکانی بۆ ئایندەیەکی باشتر بۆ ئێمە و بۆ گەلەکەمان، لەگەڵماندا، لە یاد و بیرەوەریەکانماندا هەر بە زیندوویی و نەمری دەمێننەوە و بۆمان دەبنە سەرچاوی ئیلهام و فێربوون. ژیانی مامۆستا سەفەر واتە گەشتێکی پڕ لە بوێری، حیکمەت و خۆشەویستی و کار و تێکۆشان بوو، سوپاسگوزارین کە ئێمەش وەک دۆست و ئاشناو هاوڕێی حیزبی و خزم و دۆست، بەشێک بووین لەم گەشتە.
پێوەندیەکانی، دۆستایەتی و موحیبەتەکانی، دڵئاواڵایی و گەرمی و سەمیمییەتی، وتەو وتار و قسەوباسەکانی، کاریگەرییەکی قووڵ و بەردەوامی لەسەر کۆمەڵگای کورد و لەسەر هەموو ئەوانەی دەیانناسی بەجێهێشتووە. لێرەدا یادی مامۆستا مەجید دەکەینەوە و ڕێز دەگرین لە تێکۆشانی بوێرانەی بۆ مافەکانی کورد، بۆ بەشدارییە فیکرییەکانی لە کۆمەڵدا، بۆ خەمخۆری مرۆڤدۆستانەی بۆ هەمووی ئێمە کە لەدەورووبەری بووین. میراتەکەی، لە ڕێگەی ئەو تەئسیرەی کە لەسەر ژیانی ئێمە هەیبووە و ئەو پڕۆژە زۆرانەی کە کاری لەسەرکردوون لە ژیانیدا، هەر بەردەوام دەبێت و ئینێرژی پۆزەتیڤمان دەداتێ.
سەرکردەیەکی ئیلهامبەخش
با هەموومان ئەو نرخ و بەهایانە ببەینە پیش کە ببوونە هەوێنی تێکۆشانی مامۆستا بۆ جیهانێکی باشتر و دادپەروەرتر. با بە پتەوکردنی هاوخەباتی و هاوکاری نێوانمان، بە بەهێزکردنی سەنگەریی تێکۆشان لە پێناو مافی مرۆڤ و دێموکراسیدا، بە سووربوونی زیاتر لەسەر خەبات لە پێناو مافەکانی میللەتەکەماندا، یاد وناوی مامۆستا بەرز ڕابگرین.
گرنگە بیر لە ژیان و میراتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی بکەینەوە. ئەو پیاوێک بوو ژیانی خۆی تەرخان کرد بوو بۆ خەبات لە پێناو ئازادی و عەداڵەتدا، با دەرس لە ژیان و خەباتی مامۆستاو هەموو ئەوانە وەرگرین کە ژیان و تەنانەت گیانی خۆشیان بەختی ئازادی و عەداڵەت کردوە. ئەگەر تۆزێک بیربکەینەوە بۆن دەردەکەوێ کە تەنها ژیانێکی لەو چەشنەش مانا بە ژیانی ئێمە دەدا.
بە ڕێز و پێزانینەوە، ناو و یادی مامۆستا مەجید پاڵانی بەرز ڕادەگرین، یەیمان دەدەین بە مامۆستاو هەموو ئەوانەی بۆ ئامانجە بەرزەکانی میللەتەکان تێکۆشان و سەریان نایەوە، کە بەردەوام بین لە کارکردن بۆ ئەو ئامانج و ئایدیاڵانەی کە ئەوان خەباتیان بۆ کردووە.
ئارام بگرە مامۆستا مەجید، ئەو خەباتە تاسەر دەبەینە پێش کە ئێوە و هەموو ڕێبەرانی دیکەی حیزب و گەلەکەمان، بە ریسالەتی خۆتانتان دەزانی.
ژیان و تێکۆشانی مامۆستا مەجید پاڵانی نەک تەنها هەر ئەوەمان فێردەکات کە ئەوە مومکینە کە بەبەشداری لەخەباتدا، بە هەڵگرتنی بەها بەرزە ئینسانی و ئەخلاقی یەکان، ژیانی خۆمان و دەورووبەرمان دەوڵەمەند و پڕمانا بکەین، بەڵکو ئەوەشمان فێردەکات کە کارو خەباتێکی لەوچەشنە، ژیانێکی خەباتگێرانەو شەڕافەتمەندانە، ژیان و گوزەرانی نەسلەکانی داهاتوو و تەنانەت مرۆڤایەتیش باشتر دەکات. ئەو پیاوێک بوو کە دەیزانی هەوڵەکانی هەر تاکێک بۆ کاری چاکەو بۆ خێرو بۆ خزمەت بە گەل و وڵات بە ئەژمار دێن و تەئسیری خۆیان دەبێت. ئەو دەیزانی کە ئەوکاتە گۆڕانکاریی ڕوودەدات کە ئێمە پێکەوە بۆ پرسە میللی و ئینسانیە هاوبەشەکان لەیەک سەنگەردا بوەستین. خەباتی مامۆستا بۆ ئازادی کوردستان، بۆ مافەکانی ژنان، بۆ مافەکانی منداڵان و کارەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە و توانای دروستکردنی پرد لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، وانەیەکن کە هەموومان دەتوانین لێیانەوە فێربین.
ئەگەر بمانەوێ یادی مامۆستا بەرز ڕاگرین ، پێویستە بەردەوام بین لە خەباتکردن بۆ جیهانێک کە دادپەروەری و یەکسانی و مافی مرۆڤی تێدا دابین بووبێت. ئەگەر بمانەوێ یادی مامۆستاو هەموو تێکۆشەرانی میللەتەکامان بەرز ڕاگرین، دەبێ کار بکەین بۆ ئەوەی خەون و دیدگاکانی ئەوان بگوازینەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.
مامۆستا مەجید هەم گەل و نیشتیمانی خۆی خۆشەدەویستن و هەمیش باوەڕی بە چاکە و خێر لە سروشتی مرۆڤ دا هەبوو. پیاوێک بوو هەمیشە لە پێناو کەسانی تردا ، ژیان و ئیمکاناتی خۆی بەکاردەهێنا و بۆ یارمەتیدان و پشتگیریکردنی ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستیان پێی بوو، حازر و ئامادەبوو.
ئەمڕۆ لێرە لە کاتی ماڵاوایی لە مامۆستادا، دەمانەوێت بڵێین سوپاس مامۆستا گیان، سوپاس بۆ تێکۆشانتان، بۆ حیکمەتەکانتان، بۆ خۆشەویستیتان و بۆ سەرکردایەتیتان لە کۆمەڵگای ئێمەدا. ئێمە بۆ هەمیشە سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو کارانەی کە بۆ ئێمەت کردوون، ئێمەش بەردەوام دەبین لە خەباتکردن بۆ ئەو ئامانجانە و ئەو نۆڕم و ئیدەئاڵانەی کە باوەڕتان پێیان هەبوو و ژیان و تەمەنی خۆتت بۆ تەرخان کردبوون.
گیانت شاد، لە ئارامی و ئاسودەیی دا بخەوە مامۆستا.
ئیبڕاهیم لاخانی
١٣. ٦.٢٠٢٤
ئۆسلۆ