"an independent online kurdish website

٣٥ ساڵ بەسەر تێرۆری دوکتور “عەبدوڕڕەحمانی قاسملوو”دا تێپەڕ دەبێ، بەداخەوە ئێستاش پەروەندەی ئەو تێرۆرە نەچووەتە دادگایەکی سەربەخۆی مونسیف‌ و بڕیارێکی دادپەروەرانەی لەسەر نەدراوە،

هەتا بۆ ڕای گشتیی جیهان ڕوون بێتەوە کە چی ڕووی داوە لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ـی هەتاوی‌دا و لایەنی تاوانبار بە چ سزایەک گەیشتووە. ئەم پووش بەسەرداکردنە جگە لەوەی هاوکاریی ڕاستەوخۆی تێرۆر و تێرۆریزم بێ، هەڵگری هیچ واتا و ناوێکی تر نییە. ڕاگەیەنە گشتییەکان، داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکان، بانگەشە و زاڵ‌کردنی ڕوانگەکان هەمووی لە پاوانی دەوڵەتان‌دایە و ئەوان بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دیاریی دەکەن، تێرۆر کامەیە و تێرۆریزم چییە و تێرۆریست کێیە.

لێرەدا با جارێکیش ئاوڕ لە ڕوانگەی دوکتور قاسملوو وەک یەکێک لە دیارترین قوربانییەکانی تێرۆریزم بدەینەوە وا لەسەر مێزی وتووێژدا تێرۆر کرا، دوکتور قاسملوو لە وتووێژ لەگەڵ “عاتفە گورگین”دا لەبارەی تێرۆریزمەوە دەڵێ: “ئێمە پێمان‌وایە تێرۆریزم هەنگاوێکە کە ژیان و ئازادیی خەڵکی بێ‌دفاع دەخاتە مەترسییەوە. دەوڵەتانی ڕۆژاوایی پێیان خۆشە تێرۆریزم لە بەبارمتەگرتن و بۆمب‌نانەوە لە شارە گەورەکان‌دا کورت کەنەوە. ئەڵبەت ئێمەش ئەمانە بە کردەوەیەکی تێرۆریستی دەزانین و ئیدانەشی دەکەین. ماوەی حەوت ساڵە لەدژی ڕێژیمێکی جەنایەت‌کاری وەک ڕێژیمی خومەینی لە شەڕداین، بەڵام هەمیشە خۆمان لەوە پاراستووە گیان و ئازادیی خەڵکی بێ‌دفاع بخەینە مەترسییەوە. نەتەنیا هەرگیز پەنامان نەبردووەتە بەر بەبارمتەگرتن، تەنانەت یارمەتیمان بە ئازادیی چەندین بارمتەی ئورووپایی بەتایبەت فەڕانسەیی کردووە. بە ڕای ئێمە بۆمب‌نانەوە و بەبارمتەگرتن لە کورت‌ماوەدا دەبێتە هۆی بانگەشە و تەبلیغاتێک بۆ ڕێکخراوەیەک، بەڵام لە درێژماوەدا زیان بەو بزووتنەوەیە دەگەیەنێ و لە ڕێی دروست و ئوسوولی لای دەدا و لە نێوەوە هەڵی‌دەتەکێنێ.

هەر لەم ڕووەوەیە کە حیزبی دێموکرات هەر لە بنەڕەت‌ڕا دژی بۆمب‌نانەوە و بەبارمتەگرتنە کە لەودا ژیان و ئازادیی کەسانێکی بێ‌دفاع کەوا هیچ بەرپرسیارەتییەک نییە بکەوێتە بەر هەڕەشە و مەترسی. بەڵام بە ڕای ئێمە دەوڵەتی “ئامریکا”ش هەر تێرۆریستە کە بەزۆر وڵاتی “گرانادا”ی داگیر کردووە و یارمەتی بە “کۆنتراکان” دەکات بۆ ئەوەی لە وڵاتی “نیکاراگووە” کردەوەی تێرۆریستی بکەن. دەوڵەتی “ئافریقای باشوور” کە خەباتکارانی دژی ئاپارتاید دەکوژێ هەر تێرۆریستە. ڕێژیمی خومەینی کەوا خەڵکی گوندەکانی کوردستان قەتڵوعام دەکات و تێرۆریزمی، بەکردەوە هەتا ئاستی سیاسەتی دەوڵەت هەڵکشاندووە، پێش لە هەمووان تێرۆریستە. لە ڕاستی‌دا ناساندنی وڵاتانی جیهانی سێیەم و بەتایبەت بزووتنەوە ڕزگاری‌خوازەلان وەک تێرۆریست، یەکێک لە شێوەکارەکانی سەرمایەدارییە. گەر فڵانە دەستەی “فەلەستین”ـی لە شارە گەورەکان‌دا بۆمب دادەنێتەوە، فڕۆکە دەڕفێنێ، تێرۆریستە، کەوایە دەبێ دەوڵەتی “ئیسرائیل”ـیش وا کەمپی پەنابەران بۆمباران دەکات، بە تێرۆریست بناسێنرێ. گەر بۆمب‌نانەوە لە “ستانبوڵ” کە بووەتە هۆی کوژرانی ٢٤ کەس، کردەوەیەکی تێرۆریستی دێتە ئەژمار و دەبێ ئیدانە بکرێت، دەبێ دەوڵەتی “تورکیە”ش بە تێرۆریست بزانن و ئیدانەی کەن کە بۆمبارانی خاکی باشووری کوردستان دەکات و دەبێتە هۆی کوژرانی ٢٥٠ کەسی بێ‌دفاع و بێ‌تاوان.

لەلایەکی تریشەوە نابێ ئەم ڕاستییە لەبەرچاو نەگیرێ کە تێرۆریزم لەنێو ناچێ هەتا ڕیشەکانی لەنێو نەچێ، تێرۆریزم مەعلوولە نەک عیللەت. هۆکارەکانیشی بۆ نادادپەروەری، قەیرانی کۆمەڵایەتی، ستەمی نەتەوەیی، هەڵاواردنی ئیتنیکی و… دەگەڕێتەوە. […] دەبێ بۆ خەبات لەدژی تێرۆریزم لە ئاستی نێودەوڵەتی‌دا، نەتەنیا لەگەڵ گرووپ و تاقمەکان‌دا، بەڵکوو زیاتر بەدژی ئەو دەوڵەتانەی کە هاندەری تێرۆریزمن درێژە بە خەبات و بەربەرەکانێ بدرێ؛ گومانێک لەوەدا نییە ڕێژیمی خومەینی لە سەرەوەی هەموو ئەم دەوڵەتانەیە.”

دوکتور قاسملوو لە ئاستێکی جیهانی‌دا خەمی لە نەبوونی ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەری دەخوارد، بۆیە بەلایەوە گرنگ بوو کە دژی هەر چەشنە تێرۆریزمێک دەنگ هەڵێنێ و ئیدانەی بکات و هەڵوێستی هەبێ و بۆ نەهێشتنی هەوڵ بدات. سیاسەت و باوەڕەکانی دوکتور قاسملوو بەپێی ئوسوول داڕێژرابوو و لە قازانجی هیچ کەس و لایەن و وڵاتێک‌دا لەو ئەسوولانە لای‌نەدەدا. لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەی بۆ بووە ئامانجی تێرۆری کۆماری ئیسلامی، دیسان دەبێ ئاوڕ لە هەڵوێست و کردەوەکانی ئەو سەردەمەی بدەینەوە؛ هەر لەو وتووێژەدا ئاماژە بە چەن خاڵی گرنگ دەکات کە بۆ ئێستاش جێی سەرنجن و دەرخەری مەبەستی چەپەڵی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی دوکتور قاسملوویان کردە ئامانجی تێرۆرەکەیان.

ولامەکەی دوکتور قاسملوو بەو پرسیارانە لێرەدا بەکورتی هاتووە کە دەڵێ: “من لەو سیاسییانە نیم کە لەپێش‌دا ڕێکەوتێکی دیاریکراو بۆ نەمانی کۆماری ئیسلامی‌ دابنێم، زۆر کەس کاتیان دیاری کرد و بە تێپەڕبوونی کات زانیمان هەڵەیان کردووە. من لەسەر واقعیەت سیاسەت دەکەم نەک لەسەر خەیاڵ و پێ‌خۆش‌بوون، لە ڕاستی‌دا ئەم ڕێژیمە بە دەرکردنی بەیاننامە لە دەرەوەی وڵات ناڕووخێ، بۆیە پێویستە و دەبێ بەرەیەک لە خەڵکی ئازادی‌خوازی ئێران پێک بێ، ئەوانەی کە دژی ڕێژیمی خومەینین و نایانەوێ هەوڵ بدەن بۆ هێنانەوەی سیستمی پاشایەتی، باوەڕیان بە سەربەخۆیی هەیە و نایانەوێ دڵ بە دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەوە خۆش بکەن کە دواتر ملکەچیان بن، هەروەها باوەڕیان بە نەهێشتنی ستەمی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی هەیە دەتوانن لەو بەرەیەدا بەشدار بن. ڕاستە ئێمە تەنیا حیزبی چالاکی مەیدانین و زیاترین گوشاریشمان بۆ ڕێژیم هێناوە، بەڵام دەبێ خەڵکانی تریش لە کاری سیاسییەوە بگلێن و مەرجیش نییە هەموو وەک ئێمە خەباتی چەکدارانە بەدژی ڕێژیم بکات، ئێمە تەنانەت لە شێوازی نەرێنیی خەباتیش پێشوازی دەکەین. ئەو ژنانەی ناچنە ژێر باری حیجابی زۆرەملییەوە، ئەو لاوانەی ئەو شێوازە لە ژیانیان پێ‌خۆش نیە وا ڕێژیم بۆی دیاری کردوون و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، تەنانەت ئەو بەشە لە خەڵکی کوردستان کە ناچن لە پش‌سەری پێش‌نوێژێکەوە کە حکوومەت دایناوە نوێژ بکەن، هەموو ئەمانە بە چەشنێک لە خەبات دەبینین و بە ئاکامی ئەم هەوڵانە گەشبینین.”

لە چاو و زەینی وردبینی دوکتور قاسملوو هیچ‌کام لەمانە دوور نەبوون، شرۆڤەی رووداوەکان و ڕێکخستنی جەماوەر تێوەگلاندنی چینی خۆڵەمێشیی کۆمەڵگە لە کاری سیاسی و دیپلۆماسی و نزیک‌کردنەوەی خەباتکاران لە دەوری یەکتر و لە هەموویان گرنگتر خەباتێکی پێداگرانە و بێ‌ڕاوەستان لەو تایبەتمەندییانە بوون کە دوکتور قاسملووی کردبووە گەورەترین لەمپەر بۆ گەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجەکانی، دەکرێ زۆر سادە بڵێین کۆماری ئیسلامی حیسابی بۆ دوکتور قاسملوو دەکرد و لە هێزی دەترسا، بۆیە کردییە ئامانج و تێرۆری کرد، کە بەداخەوە ئێستاش ئەو سیستمە جیهانییەی کە لە پشتەوە یا ڕاستەخۆ پاڵپشتی تێرۆریزمە یا بە بێ‌دەنگییەکەی پاڵپشتیەتی و هەنووکەش زیندانیی لەگەڵ دەگۆڕێتەوە و دوکتور بەحەق ڕەخنەی لێ دەگرت و خەبات بەدژیشی وەک ئەرکێک دەزانی، هێشتا نایەوێ دەستی سووری جەنایەت‌کارانی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ بۆ هەمووان ئاشکرا بکات.    

سەرچاوە: کوردستان میدیا

ڤیدیۆ وەرگیراو لە کوردکاناڵ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی