"an independent online kurdish website

 مانگرتنی سەندیکای بزوتنەوەی چینی کرێکارانی ” ئەمریکا” لە شاری ” شیکاگۆ”  لە ١ی مانگی ئایار ١٨٨٦ دەستی پێکرد. لە رێکەوتی ٤ ی مانگی ئایاری ١٨٨٦ لە شاری ” شیکاگۆ ” لە وڵاتی” ئەمریکا “،

 چینی کرێکاران دەستیان بە خۆپێشاندان کرد. داواکاریان ئەوە بوو کە زیاتر لە ٨ کاتژمێر رۆژانە کار نەکەن و لە یاسادا پەسەند بکرێ. زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیس هێرشیان بۆ کرێکارەکان برد، بۆ ئەوەی بڵاوەیان پێبکەن. لە قەراغ شەقامەوە بۆمبێکی دەستی بۆ ناو پۆلیسەکان هەڵدرا. دوایی تەقە لە بەینی پۆلیس و خۆپێشاندەران دەستی پێکرد. چەندین پۆلیس بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆریش لە خۆپێشاندەران کوژران و بریندار بوون. پۆلیس هەشت کەسی لە بەرێوەبەرانی خۆپێشاندانەکە گرت. ئەوان بەوەی تاوانبار کران کە دەستیان لە هاویشتنی بۆمبە دەستیەکە دا هەبووە. چوار کەس لەو بەندکراوانە لە سێدارە دران. یەکێکیش لە بەندکراوانە لە بەندیخانەدا خۆی کوشت. پاش چەندین ساڵ پێداچوونەوەی دادگا کرا و هیچ بەڵکەیەک دەست نەکەوت، کە ئەوانە کاری نایاسایان کردبێ. هەر بۆیە ئەو سێ بەندکراوەش کە لە زینداندا مابوون لە ساڵی ١٨٩٣ لە بەندیخانە ئازاد کران. ئەو پێچ کەسەی کە بە ناحەق لە سێدارە دران، وەک قارەمان لە بزوتنەوەی چینی کرێکارانی جیهان ناسراون.

لە “پاریس” لە وڵاتی “فرانسە” لە ساڵی ١٨٨٩ کۆنگرەی جیهانی بزوتنەوەی چینی کرێکاران گیرا. لەسەر پیشنیاری سەندیکای کرێکارانی ” ئەمریکا” لەو کۆنگرەیەدا  رێکەوتی ١ ی مانگی ئایار وەک جەژنی کرێکارانی جیهان پەسەند کرا.  لەو کاتەوە لە وڵاتە دێموکرات و ئازادەکان رۆژی جیهانی کرێکاران یاد دەکرێتەوە و سەندیکای بزوتنەوەی چینی کرێکاران و حیزبە سیاسیەکانی چەپ رەو خۆپێشاندان  دەکەن، بۆ گەیشتنی زیاتر بە مافی کرێکاران. لە وڵاتی ” نۆرویژ” ١ی مانگی ئایار رۆژی جیهانی کرێکاران لە ساڵی ١٨٩٠ لە یاسادا پەسەند کرا. سەندیکای کرێکاران “نۆرویژ” لە ساڵی ١٨٩٩ دامەزراوە. ئەمساڵ سەندیکای کرێکارانی ” نۆرویژ” ١٢٥ ساڵ بە سەر تەمەنیدا تێدەپەڕی. دروشمەکانی ئەمساڵی بریتی بوون لە، کار بۆ هەموو کەس، ژیانێکی خۆش و شایستە و ئاسایەش.  زۆربەی رێکخرا و بزوتنەوەکانی چینی کرێکاران و کارمەندانی  نۆرویژ ئەندامی ئەو سەندیکایەن و زیاتر لە یەک میلیۆن ئەندامی هەیە.

ئەمرۆ رێکەوتی ١ی مانگی یایاری ٢٠٢٤ لە سەرتاسەر وڵاتی” نۆرویژ ” جەژنی رۆژی کرێکارانی جیهان گیرا. هەوەها لە شاری ” هامار” کە من دانیشتوی ئەو شارەم، جەژنی رۆژی جیهانی کرێکاران گیرا. من لە لایەن حیزبی کرێکارانی شاری هامار بەشداری رێپێوانم کرد. زیاتر لە ٢٠٠٠ کەس لە ناوەندی شاری بەو بۆنەوە ئامادە بوون. وتاردەری سەرەکی خاتو” لوبنا جەفەری” وەزیری کولتور و یەکسانی سەر بە حیزبی کرێکارانی نۆرویژ بوو. رۆژی جیهانی کرێکاران پیرۆز بێت و هیوادارم کە کرێکاران بە ئاوات و ئامانجی خۆیان بگەن.

 پەیکەرە ی” شوهۆڵمن ” لە قەراغ دەریاچەی” میۆسا” لە شاری “هامار” بۆ یادی ٢٢/٧ /٢٠١١ دروست کراوە. هەموو سالێک لە رۆژی ١ ی ئایار تاجەگوڵینە بۆ رێزلێنان دادەنرێ و وتار پێشکەش دەکرێ. لەو شار و گوندانەی کە لە ٢٢/٧/٢٠١١ دا قوربانیان داوە، پەیکەری یاد کردنەوە درووست کراوە.

لە رێکەوتی ٢٢/٧/ ٢٠١١ گەنجێکی نۆرویژی بە ناوی ” ئەندێش بێهرینگ برەیڤیک” کارێکی ترۆریستی ئەنجام دا. ناوبراو بە بۆمب باڵاخانەی حکومەتی لە شاری ” ئۆسڵۆ ” یە تەقاندەوە. هەروەها بە چەک هێرشی بۆ سەر کۆبونەوەی یەکیەتی لاوانی حیزبی کرێکارانی نۆرویژ لە دروگەی ” ئوت ئۆیە ” برد. سەرجەم ٧٧ کەسی بێ تاوانی کوشت.   

نووسینی : عوسمان کەوکەبی شاد

شاری هامار ، ولاتی نۆرویژ

رێکەوتی ١/٥/٢٠٢٤ زاینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی