"an independent online kurdish website

رۆژی ٩ی گەلاوێژمان لە ناو باخەکانی تەنگیسەر بردە سەر و تا دڵ توانای چێژ وەرگرتنی هەبوو، چاومان لە دیمەنە جوانەکانی ئەو مەڵبەندە تێر کرد.

 ئێوارەکەی، ماڵئاواییمان لەو هاوڕێیانەمان کرد کە قەرار بوو بگەڕێنەوە بۆ ئەوبەری سنوور و لە باخەکان وەدەر کەوتین. پاش تێکشکاندنی گەمارۆ چوار رۆژییەکەی دۆڵی دەرە، ئێستا زۆرینەی هەردوو تیمەکەمان وا بە یەکەوە گەشتێکی ترمان دەست پێکردەوە. ئەندامانی کومیتەی شارستانی کرماشانیشمان دووبارە لە گەڵ کەوتنەوە. قەرار بوو گەشتێک بە ناوچەی بێڵەواری کامیاراندا بکەین. ڕوومان کردە لای نییەر و دوای چەند کاتژمێرێک، گەیشتینە نزیک ئەو قەڵایەی کوردایەتی کە زۆرێک لە نیشتمانپەروەران ئاواتیانە گەر بۆ چەند خولەکێکیش بووە، زیارەتی ئەو مەڵبەندە بکەن. لە نێو باخێکی دڵڕفێن و بچووک ماینەوە و بڕیار درا بۆ رۆژەکەی لەوێ پشوو بدەین.

پێشمەرگەکان دەستیان کرد بە پشوودان و بۆی خەوتین، دیارە پاش ئەوەی نیگابان دانرا.

سبەینێ کە خەبەرمان بۆوە، کاک حەسەن منبەری هات و لێمان نزیک بۆوە و پێی وتین ” کەستان دەست نەبەن بۆ ئەم دارە و سێو لێ مەکەنەوە، چوونکە ئەم ماڵە تەنها ئەم چەند دارەی هەیە” زۆربەمان وتمان، سێو خواردنیشمان فت.

ئێمە پێشمەرگەکانی هێزی بیستوون، زۆربەمان لە بن دارە سێوێکدا بووین و دەوروبەری نیوەڕۆکەی بوو، بەو گەرما لە سێبەری دارەکاندا، خەومان لێکەوتبوو و ئاگامان لە دەوروبەرمان نەمابوو. لە خەوێکی زۆر خۆشدا بووین، ئەوەندەمان زانی، بومباران کراین و هیچ مەجاڵیش نەبوو خۆمان بپارێزین بۆ ئەوەی پارچەمان بەر نەکەوێ. وێدەچوو، تۆپهاوێژەکە لەو نزیکانە بووبێ! نەخێر لەوەی کە پارچەکان هەر لە سەرەتاوە بەر سەر و لاشەمان کەوتن، دەبوو خەدەمەکە لە نێو پێشمەرگەکاندا بووبێ! هەموومان لە خەو راچلەکاین، ” ئەوە چی بوو، ئەوە کێ بوو”؟ هەر یەکەو هاواری دەکرد. لەو نێوەدا تەنها کەسێ کە خۆی نەشڵەژاند و بارودۆخەکەی بە ئاسایی وەرگرتبوو، خاڵۆ ح. ڕ. بوو. ” کەم هاتوو هاوار بکەن! ” بە تووڕەییەکی پێکەناوییەوە بە سەرماندا هاواری کرد. پاشان بە چرپەوە وتی: سێوەکان کۆبکەنەوە و بیخەنە ناو کۆلەپشتییەکانتانەوە! لە کاتی خەوتنمان، هەموو کەس سەرمان لە بن دارسێوەکە کردبوو، تەنها ناوبرا نەبێ بە پێچەوانە، قاچەکانی بەرەو لای دارەکە درێژ کردبوو. وادیار بوو کە هەموو کەس خەوتبوو، چەند جارێک قاچی کێشابوو بە دارەکە دا و لەراندبوویەوە. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی ئەو سێوبارانە کراین کە هەر لە تۆپباران دەچوو بۆ ئێمەی پێشمەرگە کە لە ناو شیرینی خەودا بووین و سێوەکان کەوتن بە سەر لەش و سەرماندا. بە خاڵۆ ح. ڕ مان وت بۆ ئەو کارەت کرت، ئێمە بەڵێنمان بە کاک حەسەن دابوو کە دەست لە سێوەکان نەدەین. وتی: ئێوە بەڵێنتان دابوو، من هیچ بەڵێنییەکی ئەوتۆم نەدابوو. هیچ کەس زەمانەتی ئەوە دەکات کە من تا سبەی زیندوو بم؟ خەڵکی نییەر ئەو هەموو شەهیدانەی پێشکەش بە بارەگای رزگاریی کورد کردوە، ئێستا بەو چەند سێوە لە ئێمە دڵگران دەبن؟

راستە ئێمەش بەڵێنیمان دابوو بەڵام پێشمان خۆش بوو کە زۆر جار بەو شێوەیە بێ ئەوەی دەستمان بۆ چەکەکانمان بەرین، بومباران کراباین.

ئەو رۆژەمان لە ناو ئەو باخەکەدا بەڕێ کرد و ئێوارەکەی بەرەو لای باخەکانی حەمە رەش کەوتینە ڕێ.

١١ی گەلاوێژ، لە کاتێکدا خەریکی پشوودان بووین، کاک حەسەن بەستەیەک باقڵاوای بۆ هاتبوو، بە نێو پێشمەرگەکاندا گەڕاندی و هەر یەکەو لەتێک شیرینیمان بەر کەوت. لەو باخەدا تا ئیوارە ماینەوە. بۆ عەسرەکەی رادێو ئیسرائیل لە هەواڵەکانیدا رایگەیاند کە ئێراق هیرشی کردۆتە سەر وڵاتی کوەیت و شەڕ لە نیزیک کوەیت واتە پێتەختی ئەو ولاتە بەردەوامە. ئەم هەواڵە جێگای دڵخۆشی بوو. سەدام کە لە شەڕ لە گەڵ ئێران ببووە، بە هەموو شێوەیەک بزووتنەوەی کوردی باشووری کوردستانی سەرکوت کردبوو، هەزاران گوندی سووتاند بوو، بە هەزاران کوردی ئەنفال کردبوو. هێرشی سەدام بۆ سەر کوەیت، دەیتوانی دەرفەتی زیاتر بۆ کورد لە باشوور بڕەخسێنی و ئەمەش بۆ کوردی رۆژهەڵاتیش جێگای هیوا و دڵخۆشی بوو.

لە نێو گوندی گواز، پایگایەکی رێژیم هەبوو. بڕیار درا، لە بەر هەڵسوکەوتە خراپەکانی لە گەڵ پێشمەرگە و خەڵکی گوندەکەش، سزا بدرێ. بۆ رۆژی ١٢ی گەلاوێژ لە نێو زەلوزوولێک لە نزیک گوندەکە ماینەوە. زەلوزولەکە بە لاپاڵێکەوە و رووبەڕووی خۆرەتاوی ئێواران بوو. گەرما بە حەدێک گوشاری بۆ هێناین، کە زۆر جار دەمانوت، تا چەند خولەکێکیتر دەخنکێین. ئوکسیجن لە ناو ئەو زەلوزولە ئەوەندە کەم بووبووە، کە بە ئاستەم هەناسەمان بۆ دەدرا. ناخۆشترین رۆژمان لەو شوێنە تێپەڕ کرد.

ئێوارەکەی لە کاتێکدا کە دڵخۆش بووین کە لەو بارودۆخە رزگارمان بووە، بەرەو گواز هەڵکشاین. کە خۆر ئاوابوو، خۆمان کرد بە ناو گوازدا. سازماندەیی کرا و ئێمە پێنج کەس کە فەرماندەکەمان هاوڕێی سەرپەلمان بە ناوی ع.م. بوو. قەرار بوو لە لای چەپەوە خۆمان بگەیەنینە پایگاکە و هاوڕێیانی دیکەش لە لای راستەوە. پایگاکە لە سەرووی گوندەکە هەڵکەوتبوو، لە بەر ئەوەی هەڵکەوتەی گوندەکە لە لاپاڵێکەوە بوو، ژێرەوەی پایگاکە دەبووە ماڵی هاوولاتییەکی گوندەکە. یانی وەک ئەوە وابوو کە قاتی سەرەوەی ئەو ماڵە پایگاکە بێ.

خەریک بوو بەرەو سەرەوە بە تەنگەبەرییەکدا هەڵدەکشاین، هەناسەمان سوار ببوو. لە پڕ هاوڕێیانمان تەقەیان دەست پێ کرد و ئێمە دەبوو خێراتر سەرکەوین. کاتێ بینیمان کە گەیشتبووینە چەند میتری پایگاکە. دیارە ئێمە شارەزای ئەو گوندە نەبووین هەر دەبوو بە بینینی ئاوربارانەکە بزانین کامە پایگاکەیە. شوێنەکە زۆر لێژ بوو، لە پڕ خۆمان لە بەر دەم چەکدارێکی پایگاکە بینییەوە. ئێمە خلۆر بووینەوە و کابراش بێ ئەوەی تەقەمان لێ بکات بۆی هەڵات. تەنها دەستی بە پلاپیتکەی تفەنگەکەیدا هێنابا، هەر پێنجمانی دەشێلا. بە هەرحاڵ، پایگاکە لە سێ لاوە دەورە درابوو. ئێمە رۆیشتینە ئەو ماڵەی ژێرەوەی پایگاکە. لەوێوە تەنها ٤ میترێک لە پەنجەرەی پایگاکەوە دوور بووین، لە پەنجەرەیەکەوە نارنجۆکێکیان بۆ خستینە خوار کە باش بوو، تەنها بە پاساری ماڵەکەدا رۆیشتە خوارەوە. پاش ئەوەی زانیمان لە کوێوە نارنجۆکەکە هاتە خوارەوە، ئیدی ئەو شوێنەشمان بۆیان ئاستەم کرد. زۆری پێ نەچوو، پایگاکە کەوتە دەستی پێشمەرگەکان و دەستی بە سەردا گیرا.

سەربازێک خۆی تەسلیم کرد و هاوسەربازییەکەی دیکەی لە نێو پایگاکە مابۆوە. کابرا ئەسغەری ناوبوو، هاوڕێکەی بانگی دەکرد ئەسغەر جان بیا بیرون، برادەران پێشمرگ بە ما کاری ندارند کە سربازیم. دیارە هێشتا ئەسغەر باوەڕی نەدەکرد و حازر نەبوو بێتە دەر، بە دەنگێکی گریاناوی دەیگووت، درۆ دەکەن دەمکوژن.. دواتر هاوڕێکەیمان نارد و هێنایە دەرەوە. پاش ئەوەی بۆیان روون کردنەوە کە ئێمە بۆ خەبات دەکەین، سیاسەتی کۆماری ئیسلامیشیان بۆ روون کرایەوە کە ئێمەی بە دوژمنی ئەوان ناساندوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو خەباتەی ئێمە بەشێکی گرینگیشی بۆ رزگارکردنی هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێرانە لە دیکتاتۆریی. پاشان هەر لەوێ، دیلە سەربازەکان ئازاد کران. پێشمەرگەکان هەموو سڵامەت بوون، چەکوچۆڵی نێو پایگاکە بار کران و بۆ پشوودان ناکۆکی دروست بوو بچینە لای نییەر یان تەنگیسەر،. کاک حەسەن وەک فەرماندەری تیمەکە پێی باش بوو بچینە لای نییەر و چەند هاوڕێیەکی دیکەش پێیان گونجاوتر بوو بچینە لای تەنگیسەر و ئەوێمان بەرەو لای نییەر بە جێ هێشت.   دوو لە کادرەکانی کومیتەی کرماشان و سەرپەلێک بە ناوی م.م. لەوێوە لێمان جیابوونەوە. ئێمەش رۆیشتین و لە نێو باخێکدا لە ناوچەی نییەر ماینەوە.

درێژەی هەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی