“ئەو درۆنانەى بەشى پلاندانانى کێڵگەى غازى کۆڕمۆڕى پێکاوە دورستکراوى چینو پەرەپێدراوى ئیرانن، بۆیە تیرەکان ڕوو لەئێران دەکەن بەوەى کێڵگەى غازى کۆڕمۆڕى لەڕێگەى میلیشیا شیعەکانەوە بەئامانج گرتبێت.
کاتژمێر ٦:٣٥ خولەکى ڕۆژى هەینى ٢٦ى نیسانى ٢٠٢٤، چەند درۆنێکى خۆکوژ دووبەشى سەرەکى بەرهەمهێنانو پلاندانانى کێڵگەى غازى کۆڕمۆڕیان بەئامانج گرت، چوار کرێکارى بیانى لەڕووداوەکەدا کوژران.
مەریوان قەرەنى. پەرلەمانتارى لیژنەى ئاسایشو بەرگرى پەرلەمانى عێراق لەبارەى دواهەمین لێکۆڵینەوەکانى عێراق سەبارەت بەو پرسە جەختى لەسەر ئەوەکردەوە، دەرئەنجامى لێکۆڵینەوەکانى تایبەت بەهێرشەکەى ٢٦ى مانگى نیسان بۆ سەر سەر کێڵگەى کۆڕمۆر بۆ لیژنەى ئاسایشو بەرگرى ئاشکرا نەکراون، ئەو وتى “لیژنەکەمان ئاگادار نەکراوەتەوە دەربارەى دەرئەنجامەکان”.
کێڵگەی کۆڕمۆڕ لەنزیکی چەمچەماڵە
کێڵگەى غازى کۆڕمۆر خاوەنى یەدەگێکى دڵنیایى ٤.٤ ترلیۆن پێ سێجا غازە، بەرهەمى ئەم کێڵگەیە گەیشتووەتە ٥٣٠ ملیۆن پێ سێجاو ٨٠% بۆ وێستەگەکانى کارەباو ناوچە پیشەسازییەکان دابین دەکرێت، ئەمە جگە لەوەى هەموو بەرهەمى غازى شلی ماڵان لەم کێڵگەیە بەرهەمدێت، بڕیارە تا ساڵى ٢٠٢٥ بەرهەمى ئەم کێڵگەیە بگاتە ٧٢٠ ملیۆن پێ سێجاو بەوەش پێداویستى کارەباى ٢٤ى سەعاتى کوردستان دابین بکات.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامى پێشووى لیژنەى سامانە سروشتیەکانى پەرلەمانى کوردستان زۆر بەگرنگیەوە باسى کێڵگەى کۆڕمۆ دەکاتو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کێڵگەى کۆڕمۆڕ یەکەم کێڵگەى غازى سروشتى هەرێمى کوردستانەو لەئاستى عێراقیش لەپێشترین کێڵگە غازییەکانە بۆیە کۆڕمۆ شوێنێکى ستراتیژیە، ئەو وتی “ئازاردانى کێڵگەى غازى کۆڕمۆ کارى ڕکابەرەکانى ئەم کێڵگەیەیە، ئەوەش هەم دەرهاویشتەى ئابورىو هەم سیاسى هەیە، ناردنى درۆن کارێکى ئاسایىو سادە نیەو مانادارە”.
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەئاستى لوتکەى ئەمنى وڵات لێکۆڵینەوە لەپرسى بەئامانج گرتنى کێڵگەى کۆڕمۆڕى غازى دەکات، هێشتا ئەنجامەکان ڕانەگیەنراون، بەڵام سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانى لەدواهەمین لێداونیدا وتى “سەردەوامان لەبارەی ڕووداوەکەوە دەستکەوتووە”.
شێرکۆ جەودەت وابیردەکاتەوە درۆنەکان لەگەڵ خۆیان نامەیەکى ڕکابەرانى غازى سروشتى هەرێمى کوردستانیان پێبووە نامەکەش ئەوەیە کە “نابێت پەرەپێدان لەکێڵگەکە بگاتە ئاستێک کە بەرەو هەناردەکردن بۆ ئەوروپا بەرزبێتەوە، ئەو بە”ئاوێنە”ی وت “ڕکابەرەکان لەرێگەى بۆردومانەکەوە ویستیان بڵێن، ئەگەر مەترسى دروست بکەیت کوێمان بووێت دەستمان پێىدەگات”.
کێڵگەى کۆڕمۆ تا ئەم ساتە ٨ جار بەئامانج گیراوە، ٣ جاریان لەلایەن داعشەوە بووە، ٥ جاریان لەلایەن چەکدارانى نادیارەوە بووە، ئێرانو میلیشیا چەکدارەکانى سەر بەو وڵاتە، سەرەکیترین لایەنن کە تۆمەتى بۆردومانکردنى کێڵگەى غازى کۆڕمۆیان ڕووبەڕو بکرێتەوە، چونکە هەم ئەو درۆنانەى بۆردومانیان کرد پەرەپێدراوى ئێرانى بوون، هەمیش پەیامى درۆنەکەکان لەئێرانەوە نزیکن.
د.سەنگەر سەید قادر، لێکۆڵەر لەناوەندى ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیژى زانیارى گرنگى بەئاوێنە دا، بەگوێرەى زانیارییەکانى ئەو لێکۆڵەرە، دوو هێرش لە ٢٦ى نیساندا ناوەندى کۆنترۆڵو پلاندانانى کێڵگەى غازى کۆڕمۆڕى بەئامانج گرتووە، هێرشەکان لەڕێگەى جۆرە درۆنێکەوە ئەنجامدراوە بەناوى “جیبسى” کە نیشتمانى درۆنەکە چینیەو پاشان ئێران پەرەى پێداون، دەتوانێت ٢٠٠ کلیۆمەتر ببڕێتو چوار کیلۆ بۆ ٨ کیلۆ تەقەمەنى هەڵبگرێت، دەتوانێت ئامانجەکەى خۆى بەووردى بپێکیت چونکە چواردە کامێراى پێوەیە.
ئەم توێژەرە بە”ئاوێنە”ی وت “هێرشکارەکە بەفڕۆکەى یەکەم بەشى پشتەوەى ناوەندى کۆنترۆڵینى بەئامانج گرتووە، دواتر ڕاستەوخۆ بەشى کۆنترۆڵینکى کێڵگەى کۆڕمۆڕى بەئامانج گرتووە کە پێکهاتووە لەبەشى کارگێڕىو پلاندانانى کێڵگەگەکە گرنگترین بەشى کێڵگەکەیەو زیانى زۆرى بەرکەوتووە”.
د.سەنگەر زانیارى زیاترى بۆ پەیامنێرى ئاوێنە ڕوونکردەوەو دڵنیای دا ئێران لەپشت هێرشەکەوە بووەو ئەوەشى هێرشەکەى ئەنجامداوە گروپێکى بچوکى سەر بە”حەرەکەى نوجەبا”ى نزیک لەئێرانەو زۆنى هێرشەکەش لەسنورى “دیالە یان موسڵ” بووە، فەرمانەکەش لەبەرزترین ئاستى سوپاى پاسدارانەوە هاتووە، ئەو وتی “پەیامى هێرشەکە دوو شتە، ئەویش ئەوەیە لەدوا سەردانى سودانىدا بۆ ئەمریکا، داوا لەسودانى کراوە هاوردەکردنى غازى ئێرانى سنوردار بکاتو پشت بەناوخۆ ببەستێت، هاوکات ویستیشى بەهەرێمى کوردستان بڵێت: بەبێ گڵۆپى سەوزى ئێران هەناردەکردنى غاز ناکرێت”.
هەرچەندە زۆرینەى ئاماژەکانى پشت هێرشەکە ڕوو لەئێرانن، بەڵام ئەو وڵاتەو گروپەکانى نزیکى زۆر خۆیان بەدوور دەگرن لەوەى بەرپرسیارییەتى هێرشەکە بگرنە ئەستۆ، تەنانەت لەئاستى ناوخۆیى ئێرانیش ئەو تۆمەتانەى ڕووبەڕویان دەکرێتەوە بەتۆمەتێکى بێ بەڵگەى وەسف دەکەن.
ئاکام ساڵحى، چالاکوانى نزیک لەدەسەڵاتدارانى ئێران لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەى کە ڕووبەڕوى ئێران دەکرێنەوە بڕواى وایە ئەو تۆمەتانە بێ بەڵگەنو بۆ پەیامنێرى ئاوێنە پرسیارێک دەرووژێنێت، ئەگەر ئێران هێرشەکەى ئەنجامداوە بۆچى سیستمى بەرگرى ئەمریکى کە لەهەرێم هەیە بەرگرى لەو هێرشە نەکرد؟
ساڵحی بە”ئاوێنە”ی وت “ئەگەر بەئامانجگرتنى ئەو کێڵکە غازیە دژى بەرژوەندییەکانى ئەوان بووە، دەبوو وەڵامی هێرشەکە بدەنەوە”.
ئەو چالاکوانەى نزیک لەدەسەڵاتدارانى ئێران، پێچەوانەى تۆمەتەکان ڕووبەڕوى ئێران دەکرێنەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئێران پێشوازى لەو پێشکەوتنانە دەکات لەوڵاتى دراوسێى دێنە پێشەوە، ساڵحی وتی “وڵاتەکەى پێچەوانەى ئەمریکاو بەریتانیاو وڵاتانى داگیرکەر، هاوکارى وڵاتانى دراوسێ دەکات بۆ ئەوەى لەسەر پێى خۆیان بوەستن، نایەوێت میللەتەکانى دیکە ژێردەستە بکات”.
کۆمپانیاى دانەغازى ئیماراتى کە خاوەن پشکى سەرەکى کێڵگەکەیە، لەدوا ڕاگەیەنراوى ٢٩ی نیسانى ٢٠٢٤ کارکردنى لەکێڵگەی کۆڕمۆر بەکاتى ڕاگرت، بەڵام تەنها دواى ٢٤ کاتژمێر دەستپێکردنەوەى بەرهەمهێنانى ڕاگەیاند، ئەوەش بەمەرجى سەلامەتبوونى کێڵگەکەو کارمەندەکانى.
سەرچاوە: ئاوێنە