ساڵی 2003ی زایینی دەسەڵاتی تاكڕەوانە و دیكتاتۆریی سەدام حوسێن بە هێرشی هاوپێمانان بۆ سەر عێراق رووخا و عێراقێكی نوێ
بە یاسایەكی دێموكراتیك هاتە كایەوە و دەسەڵاتێكی سیاسیی هاوبەش لە نێوان هەموو حیزب و پێكهاتەكان دروست كرا، بەشێوەیەك كە دەسەڵات و پۆستە باڵاكانی حكوومەتی لە نێوان سێ پێكهاتەی سەرەكیی عێراق، واتە شیعە و سوننە و كورد دابەش كران.
كوردی عێراق كە پاش شەڕی كوەیت لە ساڵی 1991ی زایینیدا توانیبووی بە راپەڕینێك دەسەڵاتی خۆجێیی بۆ خۆی مسۆگەر بكات و بە فەرمی دەسەڵاتی هەرێمیی لە كوردستان بەڕێوە دەبرد، پاش روخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن (2003ی زایینی) كورد ئەگەرچی توانیی بەشی هەرە زۆری خاكی كوردستانی عێراق بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام بە پەیوەستبوون بە پرۆسەی سیاسی و بەشداری لە داڕشتن و پەسەندكردنی یاسای بنەڕەتیی 2005دا وازی لە بەشێك لە مافەكانی خۆی هێنا، بەو هیوایە كە دەسەڵاتی فیدراڵ لە بەغدا پابەند بێت بە یاسا و بەندەكانی بخاتە بواری جێبەجیكردنەوە. بەداخەوە ئەگەرچی 9 ساڵ بە سەر پەسەندكرانی ئەو یاسایەدا تێ دەپەڕێ، حكوومەتی ناوەندیی عێراق و بە تایبەتی نووری مالكی، سەرۆك وەزیرانی ئەو حكوومەتە لە هەمبەر جێبەجێكردنی ئەو مادەیەی كە باس لە مافی كورد و بە تایبەتی گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكات (مادەی 140)، كەمتەرخەم بووە و پشتگوێی خستووە.
بە پێی سەرژمێریی ساڵی 2009ی زایینی، لە عێراقدا نەتەوەكانی عەرەب، كورد، توركمان و كلدانی و … هتد بوونیان هەیە و هەروەها لەم وڵاتەدا شوێنكەوتوانی ئایینەكانی ئیسلام (شیعە و سوننە)، مەسیحی، ئیزەدی و … هتد وە بەرچاو دەكەون، كە لەم نێوانەدا عەرەب بە 75% تا 80% نەتەوەی یەكەم و كورد بە 15% تا 20% نەتەوەی دووهەم و توركمانەكان بە 9% نەتەوەی سێهەم لەم وڵاتەدان. هەروەها عەرەبە موسڵمانەكان خۆیان دابەش دەبن بە سەر دوو ئایینزای شیعە و سوننەدا كە شوێنكەوتوانی ئایینزای شیعە لە عێراقدا زۆرینەن و 60% تا 65%ی حەشیمەتی عێراق پێك دەهێنن.
بە خوێندنەوە لە سەر ئەو فرەچەشنی و فرەڕەهەندییەی پێكهاتەی عێراق و بە مەبەستی پێكهێنانی بەڕێوەبەرییەكی هاوبەش و راگرتنی هاوسەنگیی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكان، ساڵی 2006ی زایینی جۆ بایدن (جێگری سەركۆماری ئامریكا و بەرپرسی ئەو كاتی كۆمیتەی پێوەندییەكانی دەرەوەی سینای ئەمریكا) گەڵاڵەی سێ هەرێمیی بۆ دەسەڵاتی سیاسیی عێراق (هەرێمی كورد ـ هەرێمی شیعە ـ هەرێمی سوننە) پێشنیاز كرد، ئەگەرچی ئەو گەڵاڵەیە گونجاوترین رێگا بوو تا عێراق بە یەكپارچەیی بهێڵێتەوە و دەسەڵاتی سیاسی دابەش بكات و هاوسەنگی لە نێوان هێز و دەسەڵاتەكان رابگرێت، بەڵام لە لایەن شیعەكان و عەرەبە شۆڤێنیەكان و هێندێك لە وڵاتانی دەوروبەرەوە دژایەتیی لە گەڵدا كرا و جێبەجێ نەكرا، بۆیە عێراق بوو بە دوو هەرێمی كورد و عەرەب و لەو كاتەوە دەسەڵاتێكی فیدراڵی لە عێراقدا لە نێوان كورد و عەرەبدا پێك هات و تا ساڵی 2014 بەردەوام بوو.
بەڵام بەڕێوەبەری ودەسەڵاتی ناوەندی نەك هەر نەیتوانی هاوسەنگیی هێز رابگرێت و عێراق بكاتە موڵكی هەموان، بەڵكوو زیاتر و زیاتر بەرەو لای ئێران و دەسەڵاتی ئێران رۆیشت و بوو بە بووكەڵەی دەستی ئێران. كوردی ساڵ بەدوای ساڵ پەراوێز خست و مافەكانی كە لە یاسای بنەڕەتیدا بەڵێنیان لە سەر درابوو، پشتگوێ خست و رەتی كردنەوە، نووری مالكی كە نوێنەرایەتیی شیعەكانی دەكرد و خۆی و حیزبەكەی زۆرترین پاڵپشتییان لە لایەن ئێرانەوە لێ دەكرا، بەرەو تاكڕەوی رۆیشت و لایەنەكانی دیكە و بە تایبەت سیاسەتمەداران و نوێنەرانی سوننەی ( وەك تارق هاشمی) دوور خستنەوە و بە شێوەیەك لە گۆڕەپانەكە وە دەری نان.
سوپای عێراق كە بەڵێن وابوو سوپایەكی نیشتمانیی هاوبەشی پێكهاتوو لە هەموو لایەن و پێكهاتەكان بێت ، خرایە ژێر دەسەڵاتی مالیكی و زۆربەی فەرماندە باڵاكان دران بە شیعەكان و فەرماندە و ئەفسەرە سوننەكان پاكتاو كران و وەدەر نران، تا ئەو جێگایەی كە باس لەوە دەكەن نزیك بە 80%ی سوپای عێراق لە شیعەكان پێك هاتووە.
دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی سیاسەتمەداران و ئەفسەرانی سوننە لە دەسەڵات و پشتگوێخستنی ویست و مافەكانیان، بێڕێزیی سوپای عێراق بە خەڵكی سوننە (سەركوتی خەڵكی ناڕازیی ئەنبار لە ژانویەی 2014) و هێرشكردنە سەر خەڵكی سڤیل بووە هۆكاری نارەزایەتیی ئەوان و بێهیوابوونیان بە دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق.
دەسەڵاتی مالیكی كە رۆژبەرۆژ بەرەو دیكتاتۆری دەڕۆیشت و شكستخواردنی دەسەڵاتی هاوبەشی نیشتمانی لە عێراق و دەستێوەردانەكانی ئێران لە كاروباری عێراق لە بەرژەوەندیی مالیكی، سوننەكانی تووڕە و كوردی بەتەواوی لە درێژەدان بە دەسەڵاتی هاوبەشی نیشتمانی لە بەغدا بێهیوا كردووە.
لە رێكەوتی 20ی جۆزەردانی 1393ی هەتاوی (10ی ژووەنی 2014ی زایینی) هێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام (داعش) كە لە سووریەوە بەرەو عێراق وەڕێ كەوتبوون، توانیان لە هێرشێكدا بۆ سەر پارێزگای موسڵ كۆنترۆڵی زۆرێك لە بەشەكانی مووسڵ وەك بینای پارێزگای نەینەوا و فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ و شوێنە حكوومەتی و نیزامیەكان بە دەستەوە بگرن و بە خێرایی بەرەو شوێنەكانی دیكە وەڕێ بكەون و داوای لە هێزەكانی كرد تا پاش دەستگرتن بە سەر شاری تكریت، بەرەو بەغدا پێتەختی دەسەڵاتی مالیكی و كەربەلا هێرش بەرن.
سوپای عێراق، ئەو سوپایەی كە مالیكی هەمیشە پشتی پێ دەبەست، زۆر ناباوەڕانە شكستی خوارد و هەموو ئەو چەكوچۆڵە پێشكەوتووەی بۆ هێزەكانی داعش بە جێ هێشت و رای كرد. ئێستا ئەو گرووپە و هاوپەیمانانی توانیویانە كونتروڵی زۆرێك لە شار و ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق بە دەستەوە بگرن.
رۆژی 9ی پووشپەڕی 1393ی هەتاوی( 3ی ژانویەی 2014ی زایینی) داعش خیلافەتی ئیسلامیی لە عێراق و سووریە راگەیاند و شاری “رەقە”ی سووریەی كردە پێتەختی خیلافەتەكەی و لە گرتەیەكی ڤیدیوییدا “ئەبووبەكر ئەلبەغدادی”ی وەك یەكەمین خەلیفە ناساند و داوای لە هەموو موسڵمانانی سوننەی جیهان كرد كە لە گەڵ خەلیفە پەیمان ببەستن. هەر وەها پاش راگەیاندنی خیلافەتی ئیسلامی، یەكێك لە ئەندامانی داعش رایگەیاند ئەو سنووربەندییەی كە پاش شەڕی یەكەمی جیهانی بەپێی رێكەوتننامەی سایكس ـ پیكو لە نێوان دوو وڵاتی فەرانسە و بریتانیا كراوە، هەڵدەوەشێتەوە و سنوورەكان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش شەڕی یەكەمی جیهانی.
بە هاتنی داعش بۆ ناو خاكی عێراق و شاری موسڵ، هەموو ئەو هێزانەی كە لە سیاسەتەكانی مالیكی ناڕازی بوون، هەلەكەیان بە گونجاو زانی و هاتنە مەیدان و یارمەتیی داعشیان دا بۆ گرتن و كۆنترۆڵكردنی شارەكان و راوەدوونان و وەدەرنانی سوپای عێراق كە دەكرێ لەو نێوانەدا ئاماژە بە هێندێك لەو هێزانە بكەین:
ـ گرووپی “ئەنسارولئیسلام” كە خۆی لە داعش بە كەمتر نازانێت و هەروەك داعش بیرۆكەی خیلافەتی ئیسلامیی لە سەردایە.
ـ بەعسییەكان (شوێنكەوتوانی نەقشبەندییە) روانگەكانی ئەم گرووپە هەر هەمان جیهانبینی حیزبی بەعسی سەدام حوسێن، واتە نەتەوەخوازیی سێكۆلار و پانعەرەبیزم بە روانگەیەكی سۆفیانەیە. ئەم گرووپە بۆ كۆكردنەوەی هەموو سوننەكانی عەرەب لە دەوری خۆی “ئەنجومەنی سوپای گشتیی شۆڕشگێرانی عێراق”ی دامەزراندووە.
ـ گرووپی ئیسلامگەرای “جیشالمجاهدین”، لە 2003دا دامەزراوە و روانگەیەكی دژەشیعەیان هەیە.
ـ سوپای ئیسلامیی عێراق و چەندین گرووپی بچووكی دیكەی وەك تیپی شۆڕشی 1920 و گوردانی مەدینە كە بە تازەیی دروست كراون.
هەرێمی كوردستان دوابەدوای یەكەم هێرشەكانی داعش و شكستی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگەی ناردە ناوچە كوردستانییەكانی وەك كەركووك و خانەقین و خورماتوو و … تاكوو پێش بە هاتنی داعش بۆ خاكی كوردستان بگرن و خاك و خەڵكی كوردستان بپارێزن. لەو پێوەندییەدا تا بە ئەمڕۆ چەندین پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریدا شەهید كراون و چەندین كەسیش بریندار بوون.
هەرێمی كوردستان ئەگەرچی ماوەیەكە لە لایەن ناوەندەوە پەراوێز كەوتووە و چەندین جار مووچەی فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگەی لێ بڕاوە، بەڵام هەردەم هەوڵی داوە تا لە رێگای سیاسییەوە و بە تەعامول لەگەڵ بەغدا كێشەكان چارەسەر بكات، تەنانەت ئەم جارەش وەك بەڕێز سەرۆكی هەرێم باس دەكات، چەندین مانگ پێش ئەو رووداوانە مالیكییان لە بارودۆخی گوماناوی و جموجوڵی ناو مووسڵ ئاگادار كردبووەوە، بەڵام مالیكی هیچ ئاوڕێكی لە دۆخەكە نەدابووەوە.
ئێستا كە مەسەلەكە رووی داوە، لە لایەكەوە مالیكی و لە لایەكی دیكەوە ئێران، داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەن تا هێزی پێشمەرگە هێرش بكاتە سەر ئەو ناوچانە و بە هاوكاریی سوپای عێراق ئەو هێز و لایەنانە سەركوت بكەن، بەڵام كورد رایگەیاندووە هەموو ئەو لایەنانەی كە بەرانبەر بە حكوومەتی مالیكی راوەستاون، تیروریست نین و زۆربەیان هۆز و عەشیرەت و خەڵكی سوننەی ئەو شوێنانەن و داوای مافی خۆیان دەكەن و كورد بەشداری شەڕی تایفی نابێت و تەنیا بەرگری لە خاك و خەڵكی كوردستان دەكات.
بە روودانی پرسی موسڵ و هاتنی داعش بۆ عێراق و شكستی سوپای عێراق، هێزی پێشمەرگە توانیویەتی چەندین شوێنی وەك كەركووك، خانەقین و خورماتوو بخاتەوە ژێر كونتروڵی خۆی، واتە هێندێك لەو شوێنانەی كە كوردستانین و لە مادەی 140ی یاسای بنەڕەتیدا (رێفراندومی ساڵی 2005ی زایینی) بڕیار درابوو كە بگەڕێنەوە بۆ سەر كوردستان. ئێستا وەك خۆیان دەڵین مادەی 140 جێبەجێ بووە و چیدیكە پێشمەرگە لەو شوێنانە ناكشێتەوە.
عەرەبە سوننەكان چیدیكە هیوایان بە دەسەڵاتی ناوەندی نەماوە و باوەڕیان بە دەسەڵاتی هاوبەش لە ناوەند بە شێوەی پێشوو نیە، روودانی شەڕ و كوشتار و بە تایبەتی، فتوای جیهادی دوو مەرجەعی شیعە واتە مەكارمی شیرازی و سیستانی دژبە خەڵكی سوننەی عێراق، وای كردووە كە عێراق چیدیكە نەبێتەوە عێراقەكەی پێشوو، چیدیكە سوننەی عێراق ناچێتەوە دۆخی جارانی و دەسەڵاتی ناوەندی بە شێوەی پێشوو قبووڵ ناكات، بۆیە كورد بە خوێندنەوەی هەموو ئەو راستیانە و بارودۆخی ناوچەیی و ناوخۆیی بڕیاری داوە تا هەنگاوێكی گرینگ بهاوێ كە هەردەم ئاوات و ئارەزووی هەموو كورد بووە و خۆی بۆ سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی ئامادە و تەیار بكات. لەو پێوەندییەدا رۆژی پێنجشەممە 12ی پووشپەڕی 1393ی هەتاوی (3ی جولای 2014ی زایینی) بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان باسێكی پێشكەش كرد و پارلەمانی راسپارد تا ئامادەكاریی تەواو بكەن بۆ ئەوەی كە لە زووترین كاتدا راپرسییی گشتی بكرێت بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
حكوومەتی ناوەندیی عێراق لە لایەن ئێرانەوە گوشارێكی زۆری لە سەرە تاكوو بە هەر شێوەیەك بووە ئەو پرسە چارەسەر بكات و دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا بپارێزێ، دیارە لەو پێوەندییەدا هەرچی لە دەستی بێت دەیكات، لە هێزی سوپای قودس بگرە تا ناردنی چەكوچۆڵی شەڕ و تەنانەت گۆڕینی مالیكی بە مۆرەیەكی دیكەی جێی پەسندی خۆی.
ترسەكانی ئێران بێهۆ نین، دەسەڵات و دەستڕۆیشتووییەك كە پاش رووخانی سەدام حوسێن لە عێراقدا بۆ خۆی پێكی هێنابوو، ئێستا لاواز بووە و سیاسەتەكانی خەریكە لەو وڵاتە شكست دێنن، خەونەكانی بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەستراونەتەوە بەوەی كە چۆن هیلالی شیعی بپارێزێ و چۆن هیژمۆنی و هێزی خۆی لەو وڵاتانەی كە شیعەیان تێدایە، نیشان بدات.
بە دەستپێكی شەڕەكەوە ئێران هەموو هەوڵی ئەوە بوو كە كوردەكان بكاتە لایەنێك لە شەڕەكە و بە قوربانیكردنی كورد دەسەڵاتی مالیكی بپارێزێ، كاتێك كە بۆی دەركەوت كورد نابێت بە بووكەڵەی دەستی سیاسەتەكانی و هەڵویستێكی دیكەی هەیە و رایگەیاندووە كە پێویستە كورد بڕیاری سەربەخۆیی بدات و چارەنووسی خۆی بە دەستەوە بگرێت، هەوڵی زۆری داوە و دەدات تا یەكڕیزیی كورد تێك بدات، كۆسپ و گرفت بخاتە سەر رێگای كورد تاكوو لە هەڵویستەكەی پاشگەزی بكاتەوە و شكستی پێ بێنیت. یان لە لایەكی دیكەوە، داوا لە ئامریكا دەكات تا پێكەوە ببنە هاوپەیمان و ناوچە سوننەكانی عێراق لە ژێر ناوی شەڕی تیرۆردا سەركوت بكات.
چ كوردستان سەربەخۆیی بگرێ و ببێتە وڵاتێكی سەربەخۆ، چ سوننەكان بتوانن لە رێگای سیاسییەوە هەرێمێك بۆ خۆیان دروست بكەن و لە كردەوەدا وەكوو گەڵاڵەكەی جۆ بایدن عێراق ببێتە سێ هەرێمی كورد و شیعە و سوننە، ئێران تووشی شكستێكی گەورە لە عێراقدا دەبێت و سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی كز و لاواز دەبن و چیدیكە وەكوو ساڵانی پێشوو ناتوانێ فەرمانڕەوایی عێراق بكات.
بەڵام ئایا سوننەكانی عێراق دەتوانن ببنە هەرێمێكی جیا لە شیعە؟
پرسێك كە لێرە و لە دوارۆژی ئەو رووداوانەدا گرینگیی هەیە، چۆنیەتیی دەسەڵاتی ئەو ناوچانەیە. واتە دەسەڵاتی داعش بە بیرۆكەی خیلافەتی ئیسلامی، وەك ئەوەی كە لە 3ی جوولای رایگەیاند، بە بیرۆكەی داگیركردنی وڵاتانی دیكە و گەڕانەوە بۆ سنوورەكانی پێش شەڕی یەكەمی جیهانی و پێش پەیمانی سایكسپیكو، یان دەسەڵاتێكی شارستانیی خەڵك و حیزبە سوننەكان، بە مەبەستی بەدیهێنانی ماف و ویستە سیاسی و مرۆییەكانی خۆیان لە چوارچێوەی عێراقدا.
ئەوە روون و ئاشكرایە كە وڵاتانی ناوچەیی و سیاسەتی جیهانی ناتوانێت بیرۆكەی داعش قبووڵ بكات و ئەگەر حیزب و لایەنە سوننەكان نەتوانن داعش پەراوێز بخەن و دووری بخەنەوە ئەوا تووشی كێشە دەبن و لە ئەنجامدا لەوانەیە بە هێرشێكی هەمەلایەنە ئەو پرسە شكست بخوات، هەروەها ئەگەر كێشەی نێوان شیعەو سوننە لە رێگای سیاسی و بە لەبەرچاو گرتنی ماف و ویستەكانی دوولایەنە چارەسەر نەكرێت ئەوا پرۆسەی دێموكراسی و دەسەڵاتی نیشتمانی زیاترو زیاتر لە عێراقدا تووشی شكست دەبێت، ئەوكات چ شیعە سوننە سەركوت بكات و چ سوننە شیعە شكست بدات، دەسەڵاتێكی دیكتاتوری لە عێراقدا دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بە پێچەوانە، داعش وەك هێزێكی سێبەر بچێتە كەنار و حیزب و لایەنە سوننەكان بتوانن دەسەڵات و رێكخستنی خۆیان بۆ دروستكردنی هەرێمێكی سوننە لە عێراق پێك بهێنن، سەركەوتن بە دەست دێنن و هەم وڵاتانی ناوچەیی و هەم سیاسەتی جیهانی ئەو مافەیان پێ دەدات و لە ئەنجامدا ئەگەر هەموان بتوانن لە عێراقدا دەسەڵاتێكی هاوبەشی نیشتمانی دروست بكەن، پێش بە دابەشبوون و لەنێوچوونی ئەو وڵاتە دەگیرێت.
سەربەخۆبوونی كورد و دروستبوونی هەرێمی سوننە هیچیان نابنە هۆی دابەشبوونی عێراق، بەڵام سیاسەتی پاوانخوازانە و دەسەڵاتی تاكڕەوانەی یەك كەس (مالیكی یان هەر كەسێكی دیكە) و یەك لایەن عێراق بەرەو لێواری رووخان و لەنێوچوون دەبات.