"an independent online kurdish website

پڕۆسەی دابەش بوونی عێراق بە هاتنی داعش بۆ ئەو وڵاتە قۆناغێكی نوێ‌ بەخۆیەوە بینی و رەوتی ئەو پڕۆسەیەی خێراتر كردheresh_kerimi

و داعش وەكوو پارامێترێكی تازە، باڵانسی دەسەڵات و هێزی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستان گۆڕی. لەدەستدانی هەیمەنەی دەوڵەتی مەركەزی سەبارەت بە كۆنترۆڵی بەشێكی گەورە لەعێراق، وای كردووە كە ئەو وتەیە ببێتە باسی رۆژ كە دەوڵەتی ناوەندی توانای دابین كردنی ئەمنیەتی نەماوە.

دیارە پێشتریش بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، سوننە و شیعە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریكاوە هاتۆتە بەرباس و بەتایبەت بیرۆكەی دەوڵەتی كوردی لە ئەوانی دیكە زۆر بەهێزتر بووە، حوزووری داعش لەعێراق تەنیا خێرایی ئەو پڕۆسەیەی زیاتر كرد. دیارە هەر چەندە هەرێمی كوردستان لەساڵی 2004وە هێندێ هەنگاوی وەكوو، دامەزراندنی پارڵەمانی سەربەخۆ، دامەزراندنی ئەرتەش(هێزی پێشمەرگە)، بونیادنانی ناوەندە ئیدارییەكان، دروست كردنی پێوەندیی بازرگانی و دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی بەمەبەستی رێگە خۆشكەر بۆ دەوڵەتی كوردی هەڵگرتووە.

دەوڵەتی ناوەندی(دەوڵەتی نووری مالكی) بە توندی بە دەستەبازی، شیعەگەرایی و لەبەرچاو نەگرتنی مافی كەمینەكان تاوانبار كراوە و هەروەها بێ‌ توانایی لە شكستدانی داعش بۆتە هۆی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ئەمنیەتی سنووری كوردستان بۆ خۆی بگرێتە دەست و مادەی 140یش بەشێوەی یاسای سروشتی چووە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، هەر چەندە مالكیی هەڕەشەی ئەوەی كردووە كە سوپای عێراق بەم زوانە دەگەڕێتەوە ناوچە جێ‌ ناكۆكەكان، بەڵام مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتوویەتی: عێراق بەفەرمیی دابەش كراوە و ئێمەش وەكوو كوردستان هیچ ناچار نین كە لەناو ئەو كارەساتەی كە عێراق تووشی بووە، بمێنینەوە.

سەربەخۆیی كوردستان، دووهەمین وڵاتی جیابووە( جوغرافیای عەرەبیدا) لەماوەی سێ‌ ساڵدا

پێش لەعێراق سوودان (خاوەنی زۆرترین رووبەری وڵاتانی عەرەبی) لەئەنجامی كێشەی تایفی و قەومی لەساڵی 2011‌دا بە سەر دوو بەشدا، باكووری سوودان ( پێتەختی خارتووم) و باشووری سوودان (پێتەختی جووبا) دابەش كرا. پڕۆسەی جیایی‌خوازی باشووری سوودان كە لەساڵی 1955وە بە بیرۆكەی باكوور و باشوور دەستی پێكرد، هاوكات بوو لەگەڵ گیان لەدەست دانی دوو میلیۆن كەس و سەرەنجام بە رێفراندۆمێك لەساڵی 2011‌دا ناوچەی باشوور ( مەسیحی نشین) بە سەربەخۆیی خۆی لە باكوور( موسڵمان نشین) دەنگی دا و جیابوونەوەی خۆی راگەیاند، دیارە ئەمە لەحاڵێكدا بوو كە ئەگەر خارتووم توانای نیزامی هەبوایە، رێفراندۆمی باشووری بە فەرمیی نەدەناسی. ئێستا هەرێمی كوردستان بەجۆرێك لەجۆرەكان دەیهەوێ‌ ئەو رێچكەیە بگرێتە بەر و بڕیاری بە یاسامەند كردنی سەربەخۆیی كوردستانی داوە و بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكی هەرێمی كوردستان پارڵەمانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی وەكوو ناوەندێكی یاسایی و یاسادانان بۆ ئەو مەبەستە و دیاری كردنی رۆژی رێفراندۆم راسپاردووە، بەڵام ئەو پرسە ناڕەزایەتی و دژایەتی فەرمیی هێندێ‌ وڵات بە تایبەتی حكوومەتی ئێرانی لێكەوتۆتەوە، ئەو حكوومەتەی كە چەندین ساڵە لە رواڵەتدا خۆی بەدۆستی كوردی ئەو بەشە دەزانێ‌.

وڵاتی ئیسرائیل یەكەم وڵات بوو كە بەشێوەی فەرمیی پشتیوانی خۆی لەهەر هەنگاوێكی بەرەوسەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستان دەبڕی و ئەمریكا و توركیەش بەشێوەی نافەرمیی ئەو پشتگیرییەیان دەربڕیوە و ئەو پشتیوانیەش لەقسەكانی بەرپرسانی هەرێمدا رەنگی داوەتەوە، بەڵام لەو نێوانەدا وڵاتی ئێران بەتوندی دژایەتی لەگەڵ پەرەگرتنی پرسی ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی كوردی لەناوچەكەدا دەبڕیوە و وێڕای هوشداری دان بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وتوویانە، پێویستە رێبەرانی كورد هەڵویستی لەناكاو و بێ‌ بەرنامە لەخۆیان دەرنەبڕن و نەكەونە داوی پیلانەكانی ئیسرائیلەوە. بەهێرشی داعش بۆ عێراق، ئێران سوننەكان بە گەورەترین دوژمنی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەزانێ‌ و لەسەرووی هەموویانەوە وڵاتی عەرەبستان بە پشتیوانی سەرەكیی ئەو گرووپە لەقەڵەم داوە. دیارە هەر چەندە حكوومەتی ئیسرائیل ئێران بەدوژمنی خۆی دەزانێ‌، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەو هەزینەیەی كە عەرەبستان و هاوپەیمانەكانی لەناوچەدا بەدژی ئێران بەكاری دێنن، شتێكی زۆر بەرچاو نیە.

دژایەتی عەرەبستان لەگەڵ ئێران كێشەی ئیدئۆلۆژی مەزهەبیی و نەتەوەییە و دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانی ئێران لەگرووپەكانی شیعە لەعەرەبستان و تەنانەت بەشێك لە گرووپە وەهابییەكانی دەرباری بنەماڵەی ئاڵی سعوود، شیعەكانیان بە كافر لەقەڵەم داوە. لەلایەكی دیكەوە ئێران پێكهێنانی حكوومەتی كوردی لەناوچەكەدا بە بەهێز بوونی پرسی مەزهەبی(سوننە) و هەروەها بەهێز بوونی پێگەی سیاسیی ( ئیسرائیل) دەزانێ‌ و لەو نێوەشدا مەسەڵەی سەربەخۆبوونی ئابووری هەرێمی كوردستان و پرسی نەوت جێگە و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و جیهاندا زۆر بەرز دەكاتەوە و ئەوەش دڵخوازی ئێران نیە و نایهەوێ‌ رەكابەری نەوتی بۆ خۆی دروست بكات، چونكە…

كوردستان خاوەنی پاشكەوتی 45 بیلیۆن بۆشكە نەوتە و لە كۆنفرانسی وزەی 2012‌دا سەرنجی كۆمپانیا نەوتییەكانی دونیای بۆ لای خۆی راكێشا و بەپێی لێكۆڵینەوەكی ناوەندی توێژینەوەی ئاشتی IPSC ، پاشكەوتی  نەوتی خاوەنی هەرێمی كوردستان بەرابەرە لەگەڵ وڵاتی لیبی و پاشكەوتی گازەكەشی بەرابەرە لەگەڵ وڵاتی قەزاقستان، تەنیا پاشكەوتی پاڵاوگەی نەوتی شێخان لەهەرێمی كوردستان 14 میلیارد بۆشكە خەمڵێندراوە.

لەحاڵی حازردا لە 17 ناوچەی هەرێمی كوردستان نەوت دەردهێندرێ‌ و كۆمپانیاكانی ئێكسۆن مۆبیل، شۆرون ئەمریكا، توتاڵی فەرانسە و گازپڕۆمی رووسیە سەرقاڵی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لەكوردستانن. بەرپرسانی هەرێمی كوردستان وتوویانە هەتا ساڵی 2019 رۆژانە دوو میلیۆن بۆشكە نەوت بەرهەم دهێنن و داهاتی ئەو بەرهەمە دەگاتە 76 بیلیۆن دۆلار. هەرێمی كوردستان لەحاڵی حازردا رۆژانە 250 هەزار هەتا 300 هەزار بۆشكە نەوت بەرهەم دەهێنێ‌.   

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی