"an independent online kurdish website

لە درێژەی یادەکان بە بۆنەی بیست وحەوتەمین ساڵرۆژی گیان بەختکردنی زیندە یاد  کاک سالار ئیبراهیمی فەرماندەری قارەمانی دێمۆکرات، ئەم جارەیان کاک عومەر شەریفزادە بەم بۆنەوە بە نووسینی نامەیەک هەستی خۆی بۆ کاک سالار دەربڕیوە  و پێمان وایە کەمتر کەسێک هەیە کە بخوێنێ و فرمێسک بە چاوانیدا نەهێنەخوار.salar_omer_1

وێنەی شەهید سالار

نامەیەکى سەر ئاوەڵا بۆ شەهید کاک سالارى ئیبراهیمى!

کاک سالارى خۆشەویست بە بۆنەى ساڵیادى شەهید بوونت بە پێویستم زانى نامەیەکت بۆ بنووسم ، تێدا بڕێک دەردى دڵى دۆستانەت لە گەڵ بکەم هیوادارم ڕووحى پاکت ئازار نەدەم.

کاک سالارى ئازیز! دەمیکە لێ مان ونى و بۆ هەمیشە بە جێت هێشتووین ، سەفەرى بێ گەڕانەوەت کردووە و ئیتر ناشگەریتەوە . بەڵام باوەر بکە هەم من و هەم بڕیک لە هاوسەنگەرەکانى دیکەت بە دڵەوە تاسەمان کردوویی، یادت دەکەین، باست دەکەین لە بیرمان نەکردوویی. جا بۆ ئەوەى بزانى کە فەرامووشمان نەکردوویی تا ئەم ساتە کە ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم ٢٦ ساڵ و ١١مانگ و ٢١ رۆژ و ٧ ساعەت ١٢دەقیقەیە لێمان دوورى. لە بیرمان نەکردوویی لە بەر ئەوەى قارەمان بوویی، پاک و بە ئیخلاق بوویی دۆست و جێ متمانە بوویی، شورشگێر و خەبات گیر بوویی ، بە کورتى سومبولى پێشمەرگەیەکى راستەقینەى رێی ڕزگاریى کورد و کوردستان بوویی.

کاک سالارى ئازیز! لە بیرم ناچێتەوە ئەو کاتەى کە بە هۆى بریندارى لە بنکەى دەفتەرى سیاسى حیزب مابوومەوە . رۆژێک کاک حەسەنى شەرەفى هات بۆ لام و گوتى هەر چەند دەزانم لە شەرایەتێک دا نیت کە هەواڵى ناخۆشت پێ بدەین بەڵام ، لە بەر ئەوەى دەفتەرى سیاسى پرسیارێكیان لێت هەیە بە ناچار دەبێ هەواڵێکى ناخؤشێت پێ بدەین . لە دەستى دا نووسراویەکى چکۆلەى در هێنا کە تێیدا نووسرابوو ” بۆ خۆتان لە گەڵ سڵاو. بە داخەوە کاک سالار ئیبراهیمى شەهید بوو دواتر ئاگاداریى زیاترتان بۆ دەنیرین .

ئیمزا هێزى زاگرۆس “.

salar_omer_4

کا ک سالارى قارەمان! لەو دەمەوە کە تو رۆێشتوویی دونیا گەلێک گۆڕانکارى بە سەر دا هاتووە . دۆنیاى واقیعى نەماوە و بەشێکى زۆرمان لە دۆنیاى مەجازى دەژین. دونیاى مەجازى واتە دونیاى درۆدان و فڕێودان . باوەر بفەرموو لە دونیاى مەجازى ( ئینتیرنیت ، فیس بووک ..) موسابیقەى دڕۆدانە بڕێک فس فس پاڵەوان پەیدا بوون هەر جار کە دەیان بینم سەد جار خۆزگە بە خۆت دەخوازم کە نێت تا بیان بینیی. هەموو رۆژێک رەحمەت بە “چەگوارا “دەنێرم کە گوتوویە : شورش مرۆڤە باش و پاکە کان دەیکەن بەڵام ، مرۆڤە هەلپەرەست و قازانج خوازەکان دەستى بە سەر دا دەگرن ” .

کاکى خۆم ! بە دواى سەفەرى هەتا هەتاییت بڕێک مان لە خەبات کردن ماندوو ببووین، دەستمان بە بیانوو گرتن لە کاک دوکتور قاسملوو کرد بە ناوى ڕێبەرایەتى شورشگیر لە حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئیران جودا بووینەوە . باوەر بفەرموو جگە لە ماندوویەتى لە خەبات کردن نە بێت، هیچ هۆیەکى دیکە نەبوو . بەڵام روومان نە دەهات بە راشکاوی باسى بکەین .دواى چەند ساڵ پرش و پڵاو بووین و هەر یەکەى بۆ لایەک رۆیشتین . یەکیک لە کارە چەپەڵەکانى رێبەرایەتى شورشگێر کە قەد ناسرێتەوە ، تێرۆر کردنى فەرماندەرى هێزى بیستون کاک شاپوورى فیرووزى بوو. کارەسات ئەوەیە کە تێرۆریستەکان دیارن بەڵام کەس باسیان ناکات . تەنانەت پەیچى بیستونیش کە بە پێی قاعیدە دەبێ میراتگرى هێزى بێستوون بێت ناوێرێ باسى تێرۆریستەکان واتە قاتڵەکانى کاک شاپوور بکات !؟

کاک سالار ! خۆ ئیستا هێزى بێستوون نەماوە ، لە جێی هێزى بێستوون پەیچى بێستون هەیە و منیش بە گاڵتە پێیان دەڵێم حیزبى بێستوون .خۆ ئیستە ئیتر جەولەى بێڵەوار، بان لەیلاغ و بن لەیلاغ، ژاوەرۆ … نە ماوە ،لە شاخەکانى شاهۆ و کۆساڵان شۆینەوارێک لە پێشمەرگە نەماوە .خۆ ئیتر لە عەمەڵیاتى نیزامى هێزى پێشمەرگە باسێک نابیستی . هەر بەم دەلیلەش چىدیکە شەرى ناوخۆیی نەماوە تا کۆمەڵە بلى : جاریکى تریش ناوەندى ئاژوانى حیزبى دێموکراتمان گرت!

کاک سالاری بەڕێز! من و تو ئاخرین نەسڵى پێشمەرگایەتى بووین، ئاخرین نەسڵێک بووین کە لە کەمین دەکەوتین یان کەمینمان دادەناوە، ئاخرین نەسڵیک بووین کە تاقمى زەربەتمان بۆ دەهات، ئاخرین نەسڵێک بووین کە شووراى ئاوایەکان لە سەر ماڵان دابەشى دەکردین، ئاخرین نەسڵێک بوون کە شەوە درێژەکانى پاییزمان بە قسەى خۆش دەبردە سەر، من و تو ئاخرین نەسڵێک بووین کە سرنج بدەن سەرنج بدەن بە دەنگى کاک ئەحمەدى شیربەگی مان لە رادیو دەنگى کوردستانى ئیرانەوە دەبیست، من و تو ئاخرین نەسڵىێک بووین کە بە تاكی واکى قسەمان دەکرد، ئاخرین نەسڵێک بووین کە نامەکانمان بە چەسب دەپیچانەوە، ئاخرین نەسڵى دۆکڵیو ، لۆبیاو و فاسۆلیاى مەقەرەکانى حیزبى بووین…`

salar_omer_2

کاک سالارى خۆشەویست ! ئیستە ئەو حیزبەى کە تو گیانت لە پیناوى دا بەخشى ، دوو حیزبە، نازانم ئەگەر ئیستە تو ماباى لە کام هەوارگەى حیزبى دێموکرات دەبوویی . بەڵام دڵنیام ئەگەر ماباى ئیستاش هەر لە بەرەى کوردایەتى دا دەبوویی و لە پیناوى بەختەوەرى گەلى زوڵم لێکراوى کورد هەر وەک ڕابردوو ئازایانە خەباتت دەکرد.

کاکى خۆم ! ئیستا بڕێک دەعباى عەجیب و غەریب دروست بوون پێان دەڵین ” داعش ” هەر وەک چەقەڵە برسیەکانى لاى خۆمان دەست لە هییچ شتێک ناپارێزن . داخەکەم سەد جار داخەکەم ئەتو نیت تا پێکەوە کڵاشینکۆفەکە تاشۆکەى جاران هەڵگرین و چووباین بڕیک لەو دەعبانەمان کۆشتبا . ئاخر نازانى چەندە حەزم لە کۆشتنى ئەۆ ریش درێژ و ریش پیسانەیە.

براى خۆم ! دەزانم توش وەک من زۆر حەوسەڵەى خۆیندنەوەى نامەى درێژت نیە . بەم جۆرە نامەکەم کوتایی پێ دێنم . تەنیا لە کۆتایی دا ئەوە دەڵیم کە : دڵنیا بە وەزعى کورد زۆر باشە و بە سورعەتیش بەرەۆ باشتر بوون دەروات . کۆرمانجەکانى باکوورى کوردستان سوارى شۆرشێکى مەزن بوون کە دابەزینیان بۆ نیە ، لە رۆژئاواى کوردستانیش ئەو کوردە لە بیر کراوانە کە ببونە ژێر تۆزى مێژوەوە ، وا خۆیان ناسیوەتەوە کە پاشاش بە نۆکەرى خۆیان ناگرن . خۆ باوەرم پێ بکە لە باشوورى کوردستانیش بە دایم بۆ کورد شانس دە بارێت.

تا نامەیەکى دیکە برات بەرپرسى پێشوویی مەڵبەندى یەکى جنووبى کوردستان

ع ـ شریف زادە ـ ٣٠ى ژوئینى ٢٠١٤ى زاینى ـ ئاڵمان

پێشمەرگەکان: ئەم بیرەوەریە لە فەیسبۆکی کاک عومەر وەرگیراوە

salar_omer_3

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی