پاش رووداوەکانی مووسل و چڕ بوونەوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنی شەنگاڵ و گوندەکانی دەوروبەر و ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لە کوردانی دەڤەرەکە و کوشتن و رفاندن و دەسترێژی بۆسەر گیان و ماڵیان و تەقاندنەوەی شوێنەپیرۆز و مێژووییەکانی کوردستان ، زۆربەی پارت و رێکخراوەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەربری .
لە نێو پارتە کوردییەکانیشدا ، یەکینەکانی پاراستنی گەل” یەپەگە” بە فەرمی بەشداری شەری شەنگالیان کرد و ڕایانگەیاند کە لەسەر داوای هێزی پێشمەرگە بە هانایانەوە چوون . هەرچەند لە لێدوانەکانیاندا هێزی پیشمەرگەیان بە شکستخواردوو ناوبرد و گوتیان کە زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگە هانایان بۆ گریلاکانی پەیەدە بردووە و ئەو شکستەشیان بە پلانێکی پارتی دێموکراتی کوردستان ناوبرد .
موراد قەرەیلان ئەندامی بەرێوەبەری پەکەکەش شەوی رابردوو لە لیدوانێکدا بۆ تەلەفزیۆنی ستێرک تیڤی وێرای ئەوەی رەخنەی توندی لە پارتی دێموکراتی کوردستانی عێراق گرت ، ڕایگەیاند کە هەر ئەمشەو گریلا بۆ شەنگاڵ دەنێڕێ و لەوێش دەمێننەوە . قەرەیلان گوتی :”شهنگال ناوهندى رۆحى کوردانه ، ئێمه ناتوانین ناوهندێکى بهو شێوهیه که دیارى دهروێشى عهبدییه بۆ گروپه چهتهکان بهجێ بهێڵین . ئهمه بههیچ شێوهیهک قبول ناکرێت . گهلهکهمان لهوێ رووبهرووى زهحمهتیهکى زۆر بووهوه ، رووبهرووى شکستێکى مهزن بوونهتهوه و ئهمه قابیلى ئهوان نیه ، ویژدانى مرۆڤهکان ئهمه قبول ناکات”.
بە گوتەی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان نزیک بە ٣٠٠ گریلای پەکەکە رەوانەی بەرەکانی شەڕ لە شنگاڵ کراون .
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تایبەت بە پاراستنی هەرێمی کوردستان و یارمەتی خوشک و براکانیان لەو بەشەی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربری و ئامادەیی خۆی بۆ هەرجۆرە هاوکارییەک پیشان دا .
لەبەشێکی بەیاننامەکەی حیزبی دێموکرات دا هاتووە :” حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و قوربانییانی ئەو کارەساتە و رێزدانان بۆ فیداکارییەکانی هێزی پێشمەرگە لە بنەماڵەی شەهیدانی ئەم رووداوانە سەرەخۆشی دەکا و ئاواتەخوازە بریندارەکان هەرچی زووتر برینەکانیان ساڕێژ بێتەوە، هەروەها پشتیوانیی خۆی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پارێزگاریکردن لە کورد و لە خاکی کوردستان دەردەبڕێ و ئامادەیی خۆی بۆ هەر جۆرە یارمەتییەک بەپێی توانا رادەگەیەنێت”.
هەر لە درێژەی دەربرینی ئامادەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان ، حەسەن شەرەفی “وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ئاوێنەنیوزی ڕاگەیاند کە :” بەهەمووو شێوەیەك ئامادەن هاوكاری پێشمەرگەی كوردستان بكەن لە ڕوبەڕوو بوونەوەی ڕیكخراوی تیرۆیستی داعشو لەئێستادا چاوەروانی وەڵامی حكومەتی هەرێمی كوردستانین”.
ووتیشی:”هەركاتێك حكومەت هەرێم داوامان لێبكات ئامادەین بۆ رۆیشتن بەرەو پێشەوەی سەنگەرەكانی پاراستنی كوردستان شانبەشانی سەرجەم هێزە كوردستانییەكانی تر بەرگری لەكوردستان بكەین”.
بەرێز شەرەفی ئاشكراشی كرد”پێویستە هەموو هێزە كوردستانیەكان یەكگرتوبن، بەیەكەوە روبەڕوی داعش ببنەوە، كوردستان بپارێزن ،ئێمەش بەهەموو شێوەیەك لە ئامادەباشیداین و ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێك”.
شایانی وەبیر هێنانەوەیە کە حیزبی دێموکرات لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵیشدا و هەرتایبەت بە هێرشەکانی داعش ، لە ڕاگەینراوێکدا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەربریبوو . لەو ڕاگەینراوەشدا هاتبوو:” حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو هەلومەرجە ناسکەدا وێڕای پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی کردن لە پاراستنی هەرێم و بەرژەوەندیەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی خۆی دەزانێ و لە هەر هەلومەرجیکدا خۆی لە پەنا خوشک و برایانی لە هەرێمی کوردستاندا دەبینێ.
دیارە لە هەلومەجێکی وەها ناسک و هەستیاردا پاراستنی یەکیەتی و یەکدەنگی هەموو خەڵک و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لەویش زیاتر هاودنگی و پاڵپشتی رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان شوێندانەرترین ئامراز لە پێناو پاراستنی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی کورد دێتە ئەژمار کە هیوادارین هەموو لایەک هەست بە پێویستیی بوونی بکەن و کردەوەی شیاوی بۆ بگرنە بەر“.
تایبەت بە هاوکاری کردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ، پارتی ئازادی کوردستانیش رایگەیاندووە کە ٢٠٠ پێشمەرگەی رەوانەی بەرەی مووسل کردووە هەرچەند تا ئێستا ئەو دەنگۆیە لە لایەن بەرپرسانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتراست نەکراوەتەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان”حدک ” و سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەلەی دێموکراتیکی گەلان ” کۆدار” هەرکام بە دەرکردنی راگەینراو پشتیوانی خۆیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەربریوە .
سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی هێزەکانی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان دەربریوە، بەلام وەزارەتی پیشمەرگە ڕایگەیاندووە کە ناتوانن پیشمەرگە لەو بەشانە وەر بگرن .
وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری وەرنەگرتنی پێشمەرگەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوە گێراوەتەوە کە لە باری یاساییەوە نامومکینە و ئیمکانی ئەوەشی هەیە کە لە باری سیاسیەوە کار بکاتە سەر هەرێمی کوردستان .
شارەزایانی سیاسی پێیان وایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران رێگری دەکات لە بەشداری کردنی هیزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی لە خوشک و براکانیان لە باشوور و بەشداری یەپەگە و پەکەکە لەو شەڕەدا وەک بەڵگەی زیندوو بۆ ئەو پرسە دەهێننەوە و دەپرسن: ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگە ناتوانێ لە بەشەکانیتری کوردستان پێشمەرگە وەرگرێ ، بە پێی چ پێوەرێک هاوکارییەکانی یەپەگە و پەکەکە قبوول کراون و بەکردەوە لەبەرەکانی شەڕدا بەشداریان پێ دەکرێ ؟.
ئا: ر- ز
سەرچاوەکان :ماڵپەرەکانی کوردستان میدیا ، رووداو ، ئاوێنە نیوز و فورات نیوز