هێرشی ٢/٨/٢٠١٤ی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی زۆر وڵاتی لە مەڕ ئەو شەڕە روون کردەوە.
دوای ئەوەی داعش، لە ٢/٨/٢٠١٤ لە شەنگارەوە هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان، خەڵک و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی هەڵوێستی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا و وڵاتانی دۆستی کورد بوون.
رۆژی چوارشەممە، ٦/٨/٢٠١٤ وتەبێژی کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: ئامریکا لە ئاست ئەو رووداوەدا بێهەڵوێست نابێ. دوای ئەو راگەیاندنە، رۆژی پێنجشەممە، هەڵوێستی کۆشکی سپی، لە دوو خاڵدا چڕ کرایەوە: ١ـ گەیاندنی یارمەتی مرۆیی وەک خواردن و خواردنەوە بۆ خەڵکی ئاوارە بە گشتی و خەڵکی شەنگار بە تایبەتی کە لە سەر چیای شەنگار گیریان خواردووە. ٢ـ هێرشی ئاسمانی بۆ سەر مۆڵگەی چەکدارانی داعش.
بە راگەیاندنی ئەم بڕیارەی کۆشکی سپی، دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی، ٧/٨/٢٠١٤ لە کاژێر٤٤.٢ هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی ئامریکا بۆ سەر مۆڵگەکانی داعش دەستی پێکرد. هەر دوای جێ بەجێ کردنی ئەو هەڵوێستەی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا، وڵاتانی فرانسە، بریتانیا، ئیتالیا، رووسیە و ئاڵمان پشتیوانییان لەو بڕیارەی کۆشکی سپی کرد. تا ئێستا تەنیا فرانسە وێڕای پێشکەش کردنی یارمەتی مرۆیی، وەزیری دەرەوەیشی سەردانی بەغدا و هەولێری کردووە. بریتانیا و باقی وڵاتانی دیکە، رایاننەگەیاندووە بە چ شێوەیەک پشتیوانی لە شەڕی دژی داعش دەکەن.
لە نێو وڵاتانی دەور و بەردا، تورکیەش هەڵوێستێکی دووفاقی لە مەڕ شەری دژە تێرۆر راگەیاندووە و وتوویەتی: لە بەر پاراستنی گیانی بارمتەکانیان کە لە دەستی داعش دان، بەشداری ئەو شەڕە ناکەن. بەرپرسێکی ئەو وڵاتە ئەوەیشی راگەیاندووە کە هێرشی فڕۆکەکانی ئامریکا بۆ سەر داعش، ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێ. ئەم بۆچوونە وا دەنوێنێ کە تورکیە ناخوازێ داعش لاواز بێ.
کۆماری ئیسلامی ئێران، لە گەڵ ئەوەی بە جۆرێک دەیهەوێ خۆی بە هاوبەشی بەرەی دژە تێرۆر بناسێنێ، هەر لەوکاتەدا رەخنە لە هێرشی فڕۆکەکانی ئامریکا دەگرێ و لە زاری سەرۆکی پارلەمانی ئەو رێژیمەوە دەبێژێ: “ناردنی فڕۆكە لە لایەن ئۆباماوە بۆ بۆردوومانكردنی چەكدارانی داعش، بۆ ئەوەیە كە سەرنجی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی فەلەستین بە لاڕێدا بەرێ”.
وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش یان بێدەنگن یان لانیکەم تا ئێستا هەڵوێستێکی روونیان دژی داعش نەنوواندووە.
ئەگەر هەڵوێستی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێ، کوردیش پێویستە ناوماڵی خۆی باشتر رێک بخاتەوە و بە دوور لە حیزبایەتی، کوردایەتی بکا و بەرامبەر بە بەغدا وەک تیمێک دەربکەوێ.
ئەگەرچی ئەم دەستدرێژییەی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کارەساتی شەنگار و ئاوارەبوونی شار و شارۆچکەکانی دەور و بەری لێکەوتەوە، وێڕای کۆکردنەوەی پێشمەرگەی هەر چوارپارچەی کوردستان لە یەک سەنگەردا دژی داعش، بۆ جارێکیتر ئەو دەرسەشی داداین: لە باتی پشت بەستن بە میراتگرانی عەجەم (ئێران) و ئالی عوسمان (تورکیە)، پشت بە خۆمان و خەڵکەکەمان ببەستین.
ئۆسلۆ،١٠/٨/٢٠١٤