"an independent online kurdish website

ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە کۆمەڵاگای کوردی سەدان ساڵە خەونی پێوە دەبینێت، کە ڕۆژی هەڵوەشانەوەی سنوورەکان و دووبارە داڕێشتنەوەی سنووری نوێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە ڕابردوودا بەهۆی کێشانی ئەم سنوورانەوە گەورەترین زووڵمی مێژووی لە نەتەوەی کورد کراوە و پێویستە کۆتایی بەم داگیرکاریە بهێنرێت.jemil_ahmedi

لە ساڵی ١٥١٤ بەهۆی ڕوودانی شەڕی چاڵدران لە نێوان سوڵتان سەلیمی یەکەمی عوسمانی و شاه عیسمایلی یەکەمی سەفەوی و سەرکەوتنی بەرچاوی عوسمانیەکان بە سەر سەفەویەکانەوە، کوردستان بوو بە دوو لەتەوە لە نێوان سەفەوی و عوسمانیەکان و هەتا سەرەتاکانی سەدەی بیست کوردستان یەکی نەگرتەوە.

لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا و بەهۆی پەیمانی سایکس بیکۆ و هەڵوەشانەوە و دووبارە داڕێشتنەوەی سنوورەکانی ناوچەکە، کورد نەک نەیتوانی کوردستان یەک بخاتەوە، بەڵکوو دووبارە کوردستان دابەش کرایەوە بەسەر چەند وڵاتی تردا و کوردستان بوو بە ٥ پارچەوە.
یەکەم دابەشبوونی کوردستان لە شەڕی چاڵدران و دووەم دابەشبوونی کوردستان لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا، بێگومان هیندە داگیرکەران و زلهێزەکان تاوانباربوون، هیندەش کورد خۆی تاوانبار بووە کە بەهۆی دووبەرەکی ناوخۆی و لاوازیەوە نەیتوانیوە وەک نەتەوەکانی تر دەوڵەت نەتەوەی خۆی بنیات بنێت.
گۆڕانکاریەکانی سەرەتای سەدەی ٢١ی ناوچەکە هاوشێوەی گۆڕانکاریەکانی سەرەتای سەدەی ٢٠بیستە، و مێژوو دووبارە دەبێتەوە و سەرلەنوێ هەڵوەشانەوە و داڕێشتنەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی لێدەکەوێتەوە، کە بەشێکی زۆری ئەو سنوورانە لە سەر خاکی داگیرکراوی کوردستانە، و پێویستە کورد هەوڵی پاکردنەوەی ئەو سنوورانە بدا و سنووری کوردستان دیاری بکات و هەلەکە بقۆزێتەوە، کە ڕەنگە ئەم هەلە زێڕینەی سەدەی ٢١، دواین هەل بێت بۆ یەکگرتنەوەی خاکی دابەشکراوی کوردستان کە سەدان ساڵە بووە بە مەیدانی ڕمبازێنی داگیرکەران.
کورد نابێت ئەم هەلە زێڕینە بۆ بنیاتنانی (دەوڵەت–نەتەوە) لەدەست خۆی بدات، چوون ئەمە یەکەم جارە لە مێژوودا کە کورد هەلی وای بۆ بڕەخسێت ، ئەگینا ئەگەری هەیە بۆ هەتا هەتایە کورد نەتوانێت وڵاتی خۆی هەبێت و وەک قەرەجەکان بێ وڵات و لانە بمێنێتەوە.

کاتێک دەڵێین ئێستا کاتی هەڵوەشانەوە و داڕێشتنەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و کورد دەبێ هەلەکە بقۆزێتەوە، بۆ تەیدی قسەکانمان دەتوانین وەک نموونە ئیشارە بکەین بە نەمانی سنووری نێوان سوریە و عێراق و دابەشبوونی ئەو دوو وڵاتە بە سەر چەند ناوچەیەکی ئتنیکی و نەتەوەیدا کە هەدوو وڵات لە سەدەی ٢٠، و لە ئاکامی پەیمانی سایکس بیکۆدا لە دایک بوون.

لێرەدا تاک و کۆمەڵگای کوردستان دەبێ لە خۆی بپرسێت: ئایا ئاستی هوشیاری سیاسی و نەتەوەی تاک و کۆمەڵگای کوردی گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بتوانێت بە سەر کۆسپەکاندا زاڵبێت و دەوڵەت-نەتەوەی خۆی بنیات بنێت!؟ یان نا کورد دەرفەت دەدات تا سایکس بیکۆیەکی تر دووبارە ببێتەوە و کوردستان بوونی نەمێنێت!؟

 

 

جەمیل ئەحمەدی: ئیرلەندا

٦ی١٠ی٢٠١٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی