پێشمەرگەکان : مێژووی بزووتنەوەی کورد پڕە لە کەسایەتیی خاوەن باندۆر، لێهاتوو و بلیمەت لە زۆر بوار دا. مێژووی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش لە نێو ڵاپەڕەکانی مێژووی گشتیی نەتەوەی کورد دا ڵاپەڕی هەرە زێڕین و نەخشاوە بە وێنەی ئەو گەورە خەباتکار و تێکۆشەرانەیە.
یەکێک لە تێکۆشەرە دیار، بە باندۆر، لێهاتوو و لە هەمانکاتیشدا بلیمەت لە تێکۆشانی نەتەوەیی دا مامۆستا حەسەن شێوەسەڵی کادری زانا و فەرماندەری شەڕی پارتیزانی بوو لە قوتابخانەی دێمۆکرات دا بە جۆرێک قاڵ ببوو کە ئیدی تەحەمول کردنی بۆ دوژمنان ونەیارانی کورد و حیزبی دێمۆکراتی کوردستان مومکین نەبوو. بۆیە دوژمنی داگیرکەر دوای دەیان پیلانی جۆراوجۆر ، سەرەنجام لەڕێگای خۆفرۆشێک کە بەجۆرێک لە جۆرەکان جێی متمانەی حیزب و مامۆستا شێوەسەڵی بوو ، پیلانی تێرۆری ئەو خەباتکارە ناودار و بە باندۆرەی کورد جێ بە جێ کرا.
٢٧ ساڵ بەرلە ئێستا و لە ١٦ ی سەرماوەزی ١٣٦٦ی هەتاوی بە هۆی کتێبێکی بۆمب ڕێژ کراو(کتێبی سپید دندان(دان چەرموو) مامۆستا شێوەسەڵی بە سەختی بریندار کرا . ئەوکات نە حیزبی دێمۆکرات و هاوڕێیانی مامۆستا چاوەڕوانیی ئەوەیان دەکرد کە جارێکی دیکە لانی کەم مامۆستا لە ڕێگای ڕێنوێنی، وتارە بەنرخەکانی و ئەزموونەکەیەوە خزمەت بە حیزب و گەل بکا، نە دوژمنان پێیانوابوو کە ئیدی مامۆستا لە ژیان دا دەمێنێ و دەبێتەوە چقڵی چاویان و لە هەمانکات دا بەڵگەیی حاشا هەڵنەگری تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئاخوندی.
مامۆستا بە ورەی بەرز و ئیرادەی پۆڵاینی خۆی،بە باوەڕی قووڵی بە سەرکەوتنی نەتەوەکەی و بە هەوڵ و هیمەتی حیزب و ڕێبەری شەهید دوکتۆر قاسملوو گەیاندرایە دەرەوەی وڵات و مامۆستا وەک ئەوەی دووبارە لە دایک بێتەوە ، لە مەیدانی سیاسەت دا مایەوە و هەتا ئەم ساتە وەختەش کۆڵی نەداوە و کەسایەتییەکی خاوەن باندۆری حیزب و نەتەوەکەمانە.
لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە دوای ئەو وەزعەش بە هۆی خۆبەخشیی کچێکی ڕووسووری کورد، بە هۆی شێرە ژنێکی فیداکار کە پیویستە لە ڕۆژگارێک دا کە کورد بەختەوەر بێ ناوی ئەوژنە وەک ژنی قارەمان، فیداکار و ڕووسور لە مێژووی ژنانی کورد داتۆمار بکرێ و پەیکەری ئاڵتوونی بۆ دروست بکرێ، مامۆستا دەچێتەوە نێو ژیانی هاوبەش و پۆلێک مناڵی ڕووگەش ئاکامی ئەو ژیانە هاوبەشەن کە هەمیشە چقڵی چاوی دوژمن و نەیارانی کورد، حیزبی دێمۆکرات و کەسایەتیی مامۆستان.
کولسووم خانم مەگەر ژیان و فیداکارییەکەی بکرێتەوە کتێب، فیلم، یان سریاڵێکی دەیان پەردەیی و لە تی ڤی پێشانی جیلەکانی داهاتوو بدرێ، دەنا باس لە گەورەیی ، فیداکاری و لە خۆبردووی ئەو خانمە مومکین نیە لە چەند دێرێکدا بنووسرێ.
بەڵێ دوژمن بە خەیاڵی خاوی خۆی ویستی مامۆستا لە حیزب و نەتەوەکەی بستێنێ، بە جۆرێک توانی زەبر بوەشێنێ، بەڵام بە شاهیدیی هەموومان نە ورەی پۆڵایینی مامۆستا دابەزی، نە کەسایەتیی ئەو بێ باندۆر بوو، نە حیزب و نەتەوەی کورد لە زانیاری و ئەزموونی مامۆستا بێ پشک و پار بوون. ئەوە مامۆستایە لە زۆر بۆنە دا بە پەیامێکی کورت، بەڵام دوژمن تۆقێن دا دڵی سەدان ڕۆڵەی کورد پڕ لە خەبات و بەرخودان دەکا و دوژمنیش ڕیسوا و بێ ئابڕوو.
ئێمە ناتوانین مشتێک لە خەرواری گەورەیی مامۆستا زیاد بکەین، ناتوانین دڵۆپێک لە دەریای خۆشەویستی و عەزەمەتی مامۆستا لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی نەتەوەکەمان زیاد بکەین، جگەلە دەربڕینی هەستێک و وەبیر هێنانەوەیەکی کورت لەو جینایەتەی دوژمنی داگیرکەر .
ئەوندەمان پێ دەکرێ عەرزی مامۆستا بکەین کە : پەیڤی مامۆستا پڕ بە بەژن و باڵای بەرزی تۆیە. نە تەبلیغاتە، نە پێهەڵگوتن ، بەڵکوو دەربڕینی ئەو ڕاستی یەیە کە لە کەسایەتیی بەرزی تۆ دا خۆی دەنوێنێ. ناوی تۆمان بە گەورەیی بیست، کەسایەتیی تۆمان بە گەورەیی بینی، خەباتی تۆ سەرمەشقمان بوو، ڕێنوێنییەکانت وانەی ئیستا و داهاتوومانن.
سڵا ولە ئیرادەی بەرزی مامۆستا
سلاو لە هاوڕێ کولسووم کێوی سەربەرز و خۆڕاگری پشت سەری مامۆستا
سەربەرزی بۆ ڕۆڵەکانی مامۆستا وکولسووم خانم
..
ئەوەی خوارەوە وتوێژێکی مامۆستایە لەگەل کاک سالە نەڵۆسی بەرپرسی پێشمەرگەکان (ساڵی ٢٠٠١٣)