"an independent online kurdish website

ئه‌و قاره‌مانانه‌ی که‌ حیزبه‌کان به‌ هی خۆیانی ده‌زانن و جه‌ماوه‌ری کوردستانیش به‌ هی خۆی، ئه‌وه‌ ئیتر ئه‌وانن که‌ بڕیار ده‌ده‌ن که‌ هی خه‌ڵکی کوردستان بن و حیزبه‌کانیش به‌شێکن له‌ خه‌ڵکی کوردستانseid-seydi

یان هی حیزبه‌کانن و، پاراستنی ئه‌وان به‌مانای پاراستنی خه‌ڵکی کوردستان نییه‌ به‌ڵام پاراستنی خه‌ڵکی کوردستان حیزبه‌کانیش ده‌گرێته‌وه‌.

 

   (1)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ند کراوم

   له‌کوێ ده‌ژین؟؟؟

  دره‌نگه‌!!

 

نابینی جه‌سته‌ی برینداری نیشتمانه‌که‌ت له‌ژێر پۆستاڵی پیسی پارێزه‌رانی سته‌م و سێداره‌ و ترس وتیرۆرۆداو له‌ژێرقامچی و شه‌لاقی شانۆکارانی ئایین دا بێ که‌س کوژکراوه‌؟؟ نابینی شه‌وپه‌رستانی رۆژگار وه‌ک شه‌وه‌ چۆکیان ناوه‌ته‌ سه‌رسنگی وده‌یانه‌وێت دڵی له‌ترپه‌ بخه‌ن؟؟نابینی؟ یان ناهێڵن بیبینی؟؟ که‌چۆن لێره‌سه‌وزایی ژیان پێشێل ده‌کرێ ونه‌مام و گوڵ وخونچه‌ی باخستانه‌که‌ی ده‌شکێننه‌وه‌ وبه‌سنگی پێڵاو روخساریان له‌قوڕ ده‌چه‌قێنن؟؟ 

ناته‌وێ بیبینی که‌ئێتر کۆڵان وشه‌قام وپارکه‌کان شوێنی چاندن وناشتنی سنه‌وبه‌رنییه‌ وبووه‌ به شوێنی دروێنه‌ی ژیان؟؟ ئه‌م نیشتمانه‌ پان وبه‌رینه‌ نابینی که‌چۆن ترسنۆکه‌کانی رۆژگارترسیان له‌دڵ ترنجاندووه‌؟؟ و نابینی که‌چۆن به‌ شمشێری دوو ده‌م له‌سه‌ره‌وه‌ و به‌ته‌ورزینی سه‌رزه‌وی وبه‌ساتووری سته‌م به‌لایه‌وه‌ وه‌ستاون؟؟ نابیبی که‌ چۆن هاواری هه‌ناسه‌ وهانابردن وهه‌وڵدان وهاوسێیه‌تی و هاوپه‌یوه‌ندی وهه‌ربژی و هه‌رمانیان له‌گه‌روودا کپ کردووه‌؟؟؟؟

 

   (2)

هه‌ڵۆدیله‌کانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوی ده‌ژین؟

  دره‌نگه‌!!

 

نابینی له ‌نیشتمانت ناسراوانی هه‌ڵگری ناسناوی تۆ وناسنامه‌ی نیشتمانت، ئه‌وانه‌ی ئازاری ناسۆری نسکۆی تۆیان ده‌نووسی به‌ندکراون؟ نابینی ، دیواری ژووره‌ پڕله‌ ژانه‌کانی به‌ندیخانه‌ بووه‌ به‌پاڵپشتی به‌ندکراون وبووه‌ به‌تابلۆی بیره‌وه‌ری وخه‌ون وخه‌یاڵیان و بووه‌ به‌ ئاوێنه‌ بۆدیتنی خۆیان وبۆ دیتنی تۆ و بۆ دیتنی ئێوه‌ وبۆ دیتنی خه‌م وخه‌بات وخۆڕاگری وخۆخۆری وخۆرزگاری وخوێڕیه‌تی و…؟؟؟

ئه‌و زنجیرانه‌ نابینی که ‌ئه‌ڵقه‌کانی بریتین له‌ باوه‌ڕی سواو ودرۆ و داماوی و دراو ومه‌چه‌کی ناسراوانی تۆ ده‌گوشێت؟؟

ئه‌و قامکانه‌ی نابینی که‌ له‌گه‌ل قه‌ڵه‌مه‌که‌یاندا که‌ ده‌یان ویست باسی تۆ و بێ تۆیی بکه‌ن، وه‌سفی هێلانه‌و هه‌ڵمه‌ت وهه‌نگاو وهه‌ورازی تۆ بۆ هه‌مووان بکه‌ن و باسی سته‌م و سێداره‌ بکه‌ن وده‌مامک له‌سه‌ر ده‌م وچاوی شه‌یتانی شووم و شه‌ڕ وشێواوی لا بده‌ن، شکان و ورد کران؟؟؟

 

 helo-gewre

  (3)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوێ ده‌ژین؟؟

   دره‌نگه‌!!

 

زریانی زوڵم وزۆرداری نابینی که‌ له‌ کۆشکه‌کانه‌وه‌ هه‌ڵده‌کا وده‌یه‌وێ بزماری مانه‌وه‌ی خۆی له‌ژیر پێی زه‌وی بداو وه‌ک سوپا سووتێنه‌ره‌کانی رۆژگار وسه‌ربازه‌ بێ به‌زه‌ییه‌کانی مێژووژیان وژینگه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌ تاڵان بکه‌ن؟؟ نا بینی ئه‌م زریانه‌ ده‌ستی ناوه‌ته‌ ناقی ژیانی گه‌نجان وداری هیوایانی رووخاندووه‌ و ده‌رگا وپه‌نجه‌ره‌ی له‌سه‌ر ژنان داخستووه‌؟؟ له‌م نیشتمانه‌ بێ که‌س کوژکراوه‌دا ئیتر که‌وێکی رزگار بوو له‌ دێوجامه‌ ده‌بینی که‌سروودی هه‌رمان بۆ هه‌رد وهه‌ڤاڵ بڵێ؟؟ له‌م ژینگه‌دا ئیتر شه‌پۆله‌کانی ده‌نگی بولبولیش ماچی خۆشه‌ویستی و پێکه‌وه‌ ژیان ناگوێزنه‌وه‌!!

ئه‌م زریانه‌ ده‌یه‌وێ وه‌ک ره‌شه‌باکه‌ی لای تۆ ئێسکی پۆڵاینی به‌رده‌کان بته‌زێنێ و ده‌یه‌وێ خونچه‌ی پڕ له‌هیوای دار گیلاسه‌کان بفه‌وتێنێ و وه‌ک دار گوێزه‌کانی لای تۆ زڕ وبێ سه‌مه‌ریان بکات!

نابینی؟ یان ناهێڵن بیبینی؟ که‌ ئیستا له‌ئاسمانی نیشتمانه‌که‌ی تۆ کیسه‌ڵه‌کان باڵنده‌و مراوییه‌کان ده‌گوێزنه‌وه‌ و چیرۆکی دۆستایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان گۆڕاوه‌ بۆ وه‌سفی زریان!!.

 

 

   (4) 

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوێ ده‌ژین ؟؟

  دره‌نگه‌!

 

رێگاکانی سه‌رسنووری رۆژهه‌ڵاتی نیشتمانت نابینی که‌ بووه‌ به‌شوێنی ژیانی شه‌وانه‌ی کۆڵبه‌رانی ماندوو وکۆڵنه‌ده‌ری ژیان؟ نابینی که‌ چۆن به‌کۆڵه‌کانیانه‌وه‌ نوقمی خوێنیان ده‌بن و رێگاکانی کۆڵبردنیان خوێن تاوده‌که‌ن؟ خوێنی ئه‌مانه‌ بینای ژیانی کێ ده‌ڕوخێنێ وداری ژیانی کێ ده‌ڕوێنێ؟؟ ژیان له‌لای ئێوه‌ش هه‌روایه‌؟ ژیانی دونیای ئاواتی ئێوه‌ش هه‌روایه‌؟ تۆبڵێی که‌شتی کۆشکداران و به‌له‌می باڵدارانیش له‌ دزه‌ رێ ئاوییه‌کانی ئێراندا به‌ئاسانی ئه‌م که‌سانه‌ نوقمی ئاو بن؟؟

 pm-jn

   (5)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

   له‌کوێ ده‌ژین؟

  دره‌نگه‌!

 

سه‌رشاخه‌کان نابینی به‌فر چۆکی پێداداون؟ دوندی کێوه‌کان نابینی ده‌میان چه‌قیوه‌ته‌ ته‌م وهه‌ناسه‌کانیان ترنجاوه‌ته‌ هه‌ناویان؟ هه‌ست به‌نزم بوونه‌وه‌ی ئاسمانی ژیان ومه‌ینه‌تی گه‌له‌که‌ت ناکه‌یت له‌سه‌ر سنگت؟ خۆر نابینی له ‌په‌نای ملی پڕ له‌چرچ و لۆچ وپۆخڵی هه‌وره‌وه‌ وه‌ک ژنی ناو زیندان ژیانی به‌ره‌و ئێواره‌ ده‌ڕوات؟ نابینی زه‌وی دڵمردوو و خاک خه‌مبار وخه‌مۆک و خه‌واڵو لێ وه‌ستاوه‌؟ نابینی؟ یان ناهێڵن بیبینی که‌چۆن کزه‌بای که‌وه ‌رۆژی ژێر ئه‌م ئاسمانه‌ نزمه‌ به‌رگی ژیان داده‌تاشێ؟

له‌م ژینگه‌ زستان لێدراوه‌دا ئیتر ئاو له‌بنه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵناکه‌ن، به‌ڵکوو ئاو له‌بنه‌وانه‌وه‌ لاده‌ده‌ن. دار و رووه‌که‌کانی که‌ناری رووباربێ تاقه‌تن بۆ سروود و گۆرانی ئاو و گه‌ڵاو گوڵیش بێ تاقه‌تن باران په‌نجه‌ بخاته‌ ناو پرچیان . دڵی تۆوی ناو دڵی ئه‌م خاکه‌ خه‌مۆکه‌ چاوه‌ڕوانی تیشکی رووناکی چاوی ئێوه‌ن تابه‌ده‌شتی بکات وبه‌به‌هه‌شتی بکات. ئێوه‌ که‌ شه‌یدای دواڕۆژن، شێتی شاخی ئه‌م به‌هه‌شته‌ نین؟؟؟

 

    (6)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوێ ده‌ژین؟

  دره‌نگه‌!

 

نابینی له‌م رۆژهه‌ڵاته‌ به‌ندکراوه‌دا پونگه‌ ئیتر بۆنی نان و که‌ره‌ی ناو کۆڵه‌پشتی پێشمه‌رگه‌ ناکا و پێشمه‌رگه‌ش کۆڵ هه‌ڵگری فه‌لا نییه‌ ؟ نابینی دڕک وداڵی ئه‌م خاکه‌ خاوه‌ن مردووه‌ رێی له‌ رێبواروکرێکارو جووتیاروخوێندکاروئیماندارو… ته‌نگ وبه‌رته‌سک کردووه‌ته‌وه‌؟

سه‌ری تۆ که‌به‌سه‌ر به‌رزی بۆ سه‌ربه‌رزایی خوێن ده‌خوات، چۆنه‌ ژیان ومانه‌وه‌ی ده‌شت وبن دار گوێزی بێ سه‌مه‌رت پێ بڕاوه‌ و سه‌رت به‌لای سه‌رینی په‌ڕته‌وه‌‌ ناوه‌و له‌ به‌رزی وبه‌رزایی وبزه‌ وبزاڤ وبه‌زه‌یی راماوی؟ رامان ئیشی تۆ نییه‌، رابوون ئه‌رکی تۆیه‌. رامان دانێ بۆ سێبه‌ر نشینان!! نابینی له‌سێبه‌ر داری ره‌نجی پێشمه‌رگه‌دا پشتێنیان لێ شل کردووه‌ وشانیان داداوه‌ وبه‌شنه‌ی شه‌ماڵی هه‌ستی پێشمه‌رگه‌ شکۆیان شل ده‌که‌نه‌وه‌ وشان به‌شانی یه‌کتر شایه‌تی ده‌که‌ن؟ زه‌وی زوقم گرتووی زستان لێدراوی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوت زامنی تۆی ، نه‌ک سێبه‌ر نشینان! سه‌رو سێبه‌ر ناهێڵێت ئه‌وان بڕۆنه‌ ناو به‌فر وبه‌ر خۆر، ئه‌وان چاوه‌رێی ته‌قه‌ی تفه‌نگ وده‌نگ ومه‌نگ وهه‌ل ومه‌ل وقه‌لن!!! ئه‌وان پیاوی دان وستانن !! له‌ئیستا وله‌زیندان دا دانێک نییه‌ تا ستانێک هه‌بێت! هه‌ڵبه‌ت دان هه‌یه‌ به‌شێوه‌ی دان وداو ده‌رمان که‌ یه‌که‌میان بۆ قه‌فه‌زڤانه‌وئه‌وی تریان بۆ ئێوه‌مانان. رابه‌، رابه‌، دره‌نگه‌! رابه‌و به‌ده‌نووکی تیژی هه‌ڵمه‌تت په‌تی سێداره‌ی ئاسمانی ئه‌وقه‌فه‌زه‌ له‌ت وکوت بکه‌ و به‌شان وباڵ وشاباڵی شکۆ و شه‌وق وشه‌ره‌فت شه‌ق بخه‌ دیواری ئه‌و زیندانه‌و به‌چنگی چه‌قبه‌ستووی ئیمان وباوه‌ڕ وره‌واییت سیرمه‌ی سته‌می سه‌رانسه‌رو چوارده‌وری هه‌ڵوه‌شێنه‌. رابه‌، رابه‌و دره‌نگه‌ پێش خۆر بکه‌وه‌. 

 

   (7)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوێ ده‌ژین؟

   دره‌نگه‌، رابن!

 

 تۆ که ‌پارتیزانی پارێزه‌ری په‌روه‌رده‌کراوی په‌رستگای باوه‌ڕ و ره‌واییت، بۆچی په‌نجه‌ت ناجووڵێنی و پێ هه‌ڵناگریت؟ تۆکه‌ باڵی به‌رینت به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاژه‌ڵانی بێ به‌زه‌یی وترسه‌ بۆ بزر بوون، چی ئه‌که‌ی له‌بن باڵی به‌زه‌یی؟

تۆکه‌ به‌بۆنی وه‌نه‌وشه‌ی نیشتمانت سه‌رمه‌ست ده‌بیت وچاوت بێزاره ‌له‌تاریکی شه‌و، چۆنه ‌راهاتووی به‌ پاسه‌وانی وه‌نه‌وشه‌ی جام ره‌شی ئه‌م و کوڕی ئه‌و؟ تۆکه‌ چیاو دارگوێزه‌کانی هه‌ورامان دۆشه‌کی هه‌رمانت بۆ ڕاده‌خات، چی ئه‌که‌ی له‌ده‌شتی دووپشکاویی کۆیه ‌و ئه‌وبه‌رعه‌ربه‌ت؟ رابه ‌و بفڕه‌وه‌ به‌ره‌و به‌رزایی. رابه‌! رابه‌ که‌متیارکه‌می هێناوه‌ له‌ئاستی ئه‌وانه‌ی که‌ بۆن به‌به‌رده‌ نوێژی خه‌باتی تۆ وه‌ ده‌که‌ن وچاوی خێری چه‌قه‌ڵ چاکتره‌ له‌زمانی چه‌وری ئه‌وانه‌ی که‌ چه‌رمه‌سه‌ری بۆ چاره‌نووسی جیهانی تۆ دروست ده‌که‌ن و ده‌یانه‌وێ نیشتمانت له‌ نیشانه‌و ناسنامه‌ چۆڵ بکه‌ن و هه‌رچی سامان و پیرۆزی تێدایه ‌به‌لا چاوێکه‌وه‌ چه‌پاوی بکه‌ن.

رابه‌، رابه‌، ئه‌وچه‌مانه‌ی له‌ چیاکانی رێبازته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن هێزی رۆشتنیان دابه‌زیوه‌ و زۆڵه‌ ره‌گی کۆڵه‌ بییه‌کان ده‌میان تێناوه ‌و زالوه‌کان لێی هه‌ڵئاوساون و ناگاته‌ داری سه‌مه‌ر وگه‌نمی جووتیار و گوڵستانی هه‌ژار و گوڵه‌به‌رۆژه‌ی بێ قه‌رار…

تۆکه‌ به‌فری سپی سه‌ر به‌رزترین به‌رزاییه‌کان سوژده‌ ده‌بات له‌به‌ر پێت وفریشته‌ ئاسا ده‌توانیت تا ئاسمانی حه‌وته‌م بفڕیت، تاکه‌ی سیمای سپی فریشته‌یت ده‌سپێری به ‌ره‌شه‌بای ده‌شتی کۆیه‌؟ تۆ که ‌قاره‌مانی شاخ وشار وزیندان وزه‌مه‌ن و سه‌رزمانیت، تاکه‌ی قورخکراوی وقه‌راخ نشینی قه‌راخت بخات؟؟

 

    (8)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

   له‌کوێ ده‌ژین؟

   دره‌نگه‌ رابن!

 

خه‌له‌ی خه‌رمانی عومری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی نابینی که‌ کرمی گه‌نده‌ڵی وگه‌مژه‌یی وگێژی وگیرۆده ‌بوون ناودڵی ده‌رهێناوه‌؟ ده‌نگی ئاخ وبراڕۆ وبێ که‌س خۆم- ی ئه‌وانه‌ی نابیسی که‌له‌به‌ر پێکه‌نین وتێگه‌یین به‌بن میچی زیندانه‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌؟ ئاوی سووری ژێرکورسی ئازاروئه‌شکه‌نجه‌ی ژنانی زیندانی نابینی که‌ زه‌ویش شه‌رم ده‌کا له‌ نۆشین وهه‌ڵمژینی؟

داربه‌ڕووه‌کان نابینی که‌به‌هۆی خۆراگری وله‌به‌ر به‌ریان ئاگر به‌رده‌ده‌نه‌ ره‌گ وقه‌دو لق وپۆوگه‌ڵاو ده‌وروبه‌ریان؟ باڵنده‌کان نابینی له‌به‌ر فڕین باڵیان ده‌بڕن؟ په‌روانه‌کان نابینی له‌به‌رلێدانی دڵیان بۆ مۆم، مه‌مکیان ده‌بڕن؟ پێشه‌وایانی پێشمه‌رگه‌ نابینی له‌به‌ر جووڵانی خوێنی ناوجه‌سته‌یان بۆ ئاشتی، ئاشی مه‌رگی میلله‌تێکی پێ هه‌ڵده‌سووڕێنن؟ ناته‌وێ بیبینی؟ یان جێگاکه‌ت چاڵه‌ نایبینی؟

رێگای شه‌هیدان نابینی تا چاو کار بکات تۆزی هیوای لێ هه‌ڵناسێت ودڕکی بێ تۆیی لێ روواوه‌؟ ئه‌م شه‌هیده‌ رێیه‌ به‌ره‌و خۆر ده‌ڕوات ، قیرتاو ناکرێت تا سه‌یاره ‌و ماشینی چی وچی پیابڕوات!!!

شانی شه‌که‌تی دایکی شه‌هید نابینی که‌شان وباڵ شکاوی تۆ شانازیشی لێگرتووه‌؟ نازانی سستی تۆ هه‌ستی ره‌نجه‌ڕۆیی لای ئه‌و دروسکردووه‌؟ نازانی که‌م ره‌نگی تۆ وبێ ده‌نگی تۆ و فره‌ده‌نگی ئێوه‌، ره‌ش پۆشی ویه‌ک ره‌نگی لای ئه‌و به‌هێزتر کردووه‌؟

ئه‌م ده‌نگ وهاوارانه‌ نابیسی؟ ‌ئه‌م دیمه‌نانه‌ نابینی؟ بۆ هه‌ڵنافڕیت؟ سڕکراویت؟؟

 

    (9)

هه‌ڵۆدیله‌کانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوێ ده‌ژین؟ 

 رابن!

 

تۆ که‌ نه ‌توانی تووڵه‌ چه‌ماوه‌کانی قه‌فه‌زی خۆت بشکێنی! ده‌توانی ده‌رگای پۆڵاین ودیواری بتوونی زیندانی نیشتمانت بڕووخێنی؟ ئه‌گه‌ر راست بێت رێگای تۆ بووبێت به‌ پردی په‌ڕینه‌وه‌، چۆن ده‌توانی گه‌ل بپارێزی له‌مردن و سڕینه‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر راست بێت ” تۆ” ئه‌وان بیت ، چۆن ده‌توانی ” ئێمه ‌”  له‌خۆ بگریت؟

ئه‌وانه‌ی چاویان ئه‌ولاتر له‌دیواری چاره‌نووسی خۆیان نا بینێت، یان له‌پشت په‌نجه‌ره ‌و به‌ر سێبه‌ره‌وه‌ بۆت ده‌ڕوانن تۆ بچووکتر له ‌خۆت وبچووکترله ‌خۆیان ده‌بینن. ئه‌وانه‌ی تۆ وشوێنی تۆ به‌قه‌ڵا ناو ده‌به‌ن، له‌بیری پاشایه‌تیدان و ئه‌وانه‌ی تۆ و شوێنی تۆ به‌چیاو شاخ و شار ناو ده‌به‌ن له‌بیری شکۆی تۆ دان. ئه‌وانه‌ی تۆ به‌ئاسمان وسه‌ری سه‌ریانه‌وه‌ ده‌بینن، تۆ وه‌ک خۆت و به‌رزترله ‌خۆیان ده‌بینن. تۆ که‌ له‌نزیکه‌وه‌ گه‌وره‌ترو مه‌زنتر دیاریت، بۆ دوور ئه‌گریت؟ تۆجێگات به‌رزییه‌.

ئه‌وانه‌ی له ‌ده‌شت راتده‌گرن ده‌یانه‌وێ ته‌نها له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان هه‌ڵفڕیت وله‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان بنیشیته‌وه‌. ئه‌وانه‌ ده‌یانه‌وێ تۆ بکه‌نه‌ پارێزه‌ر و پاشکۆی خۆیان. ئه‌وانه‌ی دۆڵی چۆڵ وهۆڵ به‌جێگای تۆ ده‌زانن، ده‌یانه‌وی له‌سه‌رڕا سه‌یرت بکه‌ن، داتبه‌زێنن، له‌سه‌ر پێ یه‌ک بت ته‌زێنن. تۆ که ‌هه‌ڵگری ناسنامه‌ی نیشتمانێکی پرله‌شاخ وکه‌ژو کێو و چیا و دۆڵ وده‌شتی به‌رز و ئاوه‌دانی، بۆ له ‌هێز و هه‌ڵمه‌ت و هه‌نگاو و هێلانه‌ت به‌گومانی؟ و بۆ له ‌فڕین په‌شیمانی؟؟

شکۆی تۆ له‌وه‌ دانییه‌، شانی تۆ ئه‌وه‌ هه‌ڵناگرێت، شینی تۆ بۆ ئه‌وه ‌نییه ‌و شوێنی تۆ له‌وێ نییه‌ که‌ تۆ به‌ فه‌قیرترله ‌خۆیان و خۆیان به‌ ژیرترله ‌تۆ و تۆ به ‌هه‌ژارتر له‌خۆیان وخۆیان به‌ژوورترله‌ تۆ بزانن. شوێنی شیاوی تۆ ئه‌و شاخ وشارو ئاوه‌دانییه‌یه‌ که‌ ئه‌وانه‌ی دڵیان بۆ سه‌ربه‌رزی لێده‌دا، بۆت ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ستن، بۆت ده‌پرسن، ده‌تپه‌ره‌ستن. تۆ که‌ رێبواری رێگای خۆری گه‌رمیان و کوێستانت پێناکرێت!! رابه‌، رابه و بفڕه‌ به‌ره‌و خۆر و ئاسمانی ئاوه‌دانی ، بفڕه‌ به‌ره‌و سه‌رزه‌وی ئه‌و زێد و دونیایه‌ی که‌ تۆ بۆ تا هه‌تایه‌ ژیانی.

 

 (10)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

   له‌کوێ ده‌ژین؟

 دره‌نگه‌ رابن!

 

دره‌نگه‌، ده‌ساڵ بوو به‌بیست وبیست بوو به‌سی ودوو سی ته‌واو بوو وچلیش تێپه‌ڕی که‌چی هێشتا ده‌نووکی تیژتان له‌به‌ردی ئه‌ڵحه‌دی ده‌سه‌ڵاتێک و داگیرکارێک نه‌خشاندووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند چلی تر به‌ئازادی هه‌وای خاوێنی ژینگه‌که‌تان هه‌ڵمژن. هێشتا نه‌تانتوانیوه‌ پشیله‌ی تێسمڕیاگ و ده‌سکرد و دابه‌سته‌ و داوێن پیس وخوێن خۆری سه‌رزه‌وی وزه‌ین وزمان وزه‌مه‌نی ژینگه‌که‌تان ده‌ربکه‌ن. پشیله‌یه‌کی پیسی په‌لامارده‌ر، که‌تاڵه‌ مووه‌کانی بووه‌ به‌شمشێری مێحرابه‌کان بۆ ترساندن وسه‌ربڕین وبووه ‌به‌ سه‌ره ‌نێزه‌ی سه‌رچه‌کی سه‌ربازه‌کان بۆ سنگ هه‌ڵدڕین وبووه‌ به‌ چه‌قۆی ده‌ستی چه‌قه‌ڵه‌ لاته‌ڵه‌کانی ئیمام زه‌مان بۆ بڕینی مه‌مکه‌کانی شیری شه‌ره‌ف وشانازی وبۆ بڕینی شاڕه‌گی لای ملی ئه‌وانه‌ی ملیان بۆیان که‌چ نه‌کرد. پێ کانی بووه‌ به‌چه‌کوشی سه‌ر مێزه‌کانی دادگاکان بۆ سته‌مکاری وسه‌گانه‌ سه‌پاندن و کلکی بووه‌ به‌ په‌تی سێداره‌ بۆ هه‌ڵواسین وبووه‌ به‌ قامچی ده‌ستی واو وا پێهاتووه‌کانی ساواک و واواک. ددانه‌کانی بووه‌ به‌ هی قازییه‌کانی دادگا سه‌ربازییه‌کان ودادگاکانی روو ره‌شی شۆڕش بۆ گازگرتن وجاوینه‌وه‌ی جیاوازییه‌کانی جیا له‌ جیهانی خۆیان، بۆ جاوینه‌وه‌ی جامانه‌ی جیا له‌مێزه‌ری خۆیان وجانمازی بێ به‌رده ‌مۆری جیا له ‌خۆیان. ئه‌م پشیله‌یه‌ی تینووی خوێنی من و تۆ وئێمه‌ که‌له‌وان نین، ئه‌م پشیله‌ سکه‌ڕۆ وبرسییه‌ی جه‌سته‌ی بوونی ئێمه‌، ده‌بێت بتۆپێت!! ده‌بێت که‌وڵه‌که‌ی کای تێبکرێت.

 

  (11)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

  له‌کوێ ده‌ژین ؟

  دره‌نگه‌ رابن!

دره‌نگه‌و زۆریش دره‌نگه‌، ئه‌وه‌تا ساوایانی ساڵ بوون به‌ پیرانی سه‌ده‌و که‌چی هێشتا مناڵانی خۆت ومناڵانی خاک وخه‌ونه‌کانی تۆ شه‌وانه‌ به‌سکی برسی بۆ ژیان سه‌رده‌نێنه ‌سه‌ررانی رۆژگاروله‌ کۆشی کۆڵانانی کۆڵه‌وار له‌پێداویستییه‌کانی رۆژدا، خه‌ویان لێده‌که‌وێت.!!

هێشتا مناڵانی قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌داگیرکراوه‌که‌ی تۆناتوانن ناوی تۆ بنووسن، قوتابخانه‌ بووه‌به‌ قه‌سابخانه‌ی زمانی دایکیان وده‌یانه‌وێ ئه‌مان وشه‌کانی ئه‌وان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن، ده‌یانه‌وێ وه‌ک ئه‌وان بیر بکه‌نه‌وه‌،به‌زمانی ئه‌وان وداوا و هانا بۆ ئه‌وان به‌رن. ده‌یانه‌ێ که‌گه‌وره‌ش بوون وه‌ک ئه‌وان بیربکه‌نه‌وه‌ به‌ڵام به‌زمانی خۆیان ده‌ری ببڕن.! ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌کوشتن به‌ڵام بێ خوێن رشتن. ئه‌مه‌ دزیه تیه‌و کۆیلایه‌تی‌ …، تۆ که‌ده‌ڵێیت ژیانت ده‌پارێزم وله‌کۆیلایه‌تی رزگارت ده‌که‌م، له‌کوێ ده‌ژیت؟ دره‌نگ نه‌بووه‌؟ کاته‌کان لای تۆ چۆن تێده‌په‌ڕن؟

نابینی گه‌له‌گورگێکی هارودڕنده‌و دره‌نگ هاتووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ژیانی ژینگه‌که‌ی تۆیان کردووه‌ به‌ ژه‌هروژان وبه‌ربوونه‌ته‌ ئه‌م گوڵستانه‌؟ نابینی شه‌وانه‌ پاش لووره‌ی خۆیان و به‌یانیانیش پێش سه‌ڵاکردن و خاوبوونه‌وه‌ی خه‌و په‌تی سێداره‌ بۆ گوڵه‌کان هه‌ڵده‌خه‌ن؟؟ ئه‌زانی بۆ ئه‌م کاته‌ هه‌ڵده‌بژێرن؟ بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن خه‌ونه‌کانتان لێ تێک ئه‌ده‌ین! ئێوه‌نابێت رۆژ ببینن، یان ده‌چنه‌ناو خه‌یاڵی پێش له‌خه‌وتن وبه‌لووره‌ی ئێمه‌ بێ ده‌نگ ده‌بن وتاریکی شه‌و هه‌ڵده‌بژێرن یان پێش سه‌ڵا و پێش هه‌ستان سه‌رتان ده‌بڕین! ئه‌مه‌ئیشی رۆژانه‌ی ئه‌مه‌ئیشی رۆژانه‌ی ئێمه‌یه‌و به‌مجۆره‌ به‌یانیتان تا ئێواره‌ پێده‌به‌ینه‌سه‌ر . به‌ڵام تۆ نابێت دانیشیت وئه‌مه‌ببینی، ده‌بێ هه‌ستیته‌ سه‌ر پێ وئه‌مه‌ بن بڕ بکه‌یت. دایکی نیشتمان ئه‌و ناوه‌ی به‌تۆ نه‌به‌خشیوه‌ بۆ ناولێنان وناوبردن. ئه‌وه‌ سیفه‌تێکه‌ بۆ هه‌ستان وهه‌ڵمه‌ت وهه‌نگاوی تۆ، وه‌سفێکه‌ بۆپه‌نجه‌وپه‌لامارو پلانی تۆ، وه‌سفێک نییه‌ بۆ میوان ودیوان و خان. سیفه‌تێکه‌ بۆپارێزه‌رانی پێشه‌وا، بۆگیان فیدایانی قاره‌مان نه‌ک بۆقین له‌دڵان وداهێنه‌رانی قه‌یران. وه‌سفێکه‌ بۆئه‌وانه‌ی شه‌ڕبۆئاشتی ده‌که‌ن وئاشتی پارێزن نه‌ک ئه‌وانه‌ی ئاژاوه‌چی وشه‌ڕئه‌نگێزن. ئه‌م ناوه‌ هه‌موو پاشگرێک په‌لکێشی به‌ربه‌ستی ده‌کا وبچووکی ده‌کاته‌وه‌ جگه‌له‌ناوی پیرۆزی دایکی نیشتمان نه‌بێت. دره‌نگه‌، رابه‌ وبفڕه‌ به‌م ناوه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگ وره‌نگ وبه‌ژن وباڵایه‌ک به‌ ئاسمانی ژیانیه‌وه‌ به‌ په‌ناگه‌وپارێزه‌ری ژیانت بزانێت.

 

 (12)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

له‌کوی ده‌ژین؟

 دره‌نگه‌ رابن! 

دره‌نگه‌، چاوی چیاکانی کوردستان بێ سێبه‌ری باڵتان هه‌ڵنایه‌ت وبه‌ژنی چه‌ماوه‌یان چاوه‌رێی گه‌ڕانه‌وه‌ن. چاوی خه‌ڵکی کوردستان چاوه‌ڕوانی چاره‌کردنی چاره‌نووسن وکانیاوه‌کانی هه‌ناوی خه‌ڵک تامه‌زرۆی فێنک کردنه‌وه‌ی روخساری رێبوارانی هێمن وهیلاکی رێگای خۆرن. چه‌م وبێشه‌ پڕ له‌کێشه‌کانی نیشتمان چاوه‌ڕێن له‌به‌رازه‌ چه‌مه‌رییه‌کانی ” مه‌زرای ئاژه‌ڵان” چۆڵ بکرێن! وئاوه‌کانیان ببێته‌ ئاوێنه‌ بۆ دیتنی ئاسمان وگوڵه‌لاولاوه‌کانیش وه‌ک رێبوارانی خۆر به‌دار چناره‌کاندا هه‌ڵزنێن وکچانی ژێر ئه‌و ئاسمانه‌ش بتوانن وه‌ک گوڵ، وه‌ک چنار، وه‌ک ئاو و وه‌ک پیاو بژین. دره‌نگه‌، وه‌ره‌وه‌، به‌ملیار ده‌نکه‌ گه‌نمی هیوای ناخی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌هیوای هاتنی به‌هار به‌رگه‌ی ناوقه‌برو ژێر سه‌رماوبه‌فری زستان ده‌گرێت، که‌چی له‌مێژه‌ به‌فری ژێر پێتان نابێته‌ ئاو بۆ ژیانیان وگوڵی هیواکانیان به‌ئاسمانه‌وه‌ ناچێنن که‌ببێته‌ مه‌به‌ست بۆ باران.

ئه‌وان چاوه‌ڕێن پێش له‌مه‌رگیان پێداویستی ژیانی ئه‌مڕۆیان بۆ مسۆگه‌ر بکه‌ن بۆیه‌ پێتان ده‌ڵێن پێشمه‌رگه‌.

بگه‌ڕێنه‌وه‌ دره‌نگه‌، نووسه‌ران چاوه‌ڕوانن که‌ به‌په‌ڕی باڵی ئازادی تۆ و خامه‌ی ده‌ستیان له‌ خوێنتان رۆمانی هه‌رمان بنووسن. جه‌سته‌ی هیلاک وماندووی کۆڵبه‌رانی کوژراو چاوه‌ڕین تاله‌لاشخۆره‌کان بیانپارێزن و به‌ئارامی له‌ئامێزی خاکدا ئارام بگرن، ئه‌وخاکه‌ی که‌ خه‌می به‌وان به‌خشی وسه‌رئه‌نجام خوێن یانی هه‌ڵمژی.

بگه‌ڕێنه‌وه‌ پارێزه‌رانی هاوسه‌نگی! ئه‌م ژینگه‌ تێکچووه‌! فه‌وتاوه‌!

 

 (13)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

له‌کوێ ده‌ژین؟

دره‌نگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌!

بگه‌ڕێنه‌وه‌، قوفڵه‌کانی زنجیری ده‌ست وپێی ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ندکراوه‌ ته‌نیا به‌قاره‌مانیه‌تی ئێوه‌ ده‌شکێ وکه‌له‌بچه‌ی کویله‌تی ئه‌م گه‌له‌ ته‌نیا به‌هێزی ئێوه‌ ده‌پسێ. بگه‌ڕێنه‌وه‌و بجووڵێن!! کوڵه‌کوێره‌وماره‌ژه‌هراوییه‌کانی بیابانه‌کانی بێبه‌ری له‌به‌ها مرۆییه‌کان زۆریان بۆ خاک وخه‌ڵک وخوا هێناوه‌وتانه‌جووڵێن چاوی ئه‌م مارانه‌ ناتان بینن وناخزێنه‌وه‌ کونه‌کانیان. بگه‌ڕێنه‌وه‌! چنگتان له‌چه‌قی ملیان بچه‌قێنن وله‌به‌رزایی سته‌م یانه‌وه‌ به‌ریان بده‌نه‌وه‌ بۆ ناو ئاگری سزایان .

نابینن، شه‌یتانه‌کانی نه‌فره‌ت وشه‌ڕوشێواوی شاخ وشاڕێ کانیان گرتووه‌و شاره‌کانیان کردووه‌ به‌ شوێنی شایه‌تی؟؟ بگه‌ڕێنه‌وه‌! شاخه‌کانیان لێ بکه‌ن به‌شوێنی شاردنه‌وه‌ی که‌لاکه‌کانیان وشاره‌کانیان لێ بکه‌ن به‌ شوێنی ره‌جم کردنیان.

 

 (14)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوێ ده‌ژین؟

دره‌نگه‌، بگه‌ڕێنه‌وه‌!

نابینن؟ پاسدارانی شه‌ڕوشه‌یتان و ره‌وشت شڕی سه‌نگه‌ری سووکایه‌تی وتێکدانیان له‌سه‌ر که‌ژی که‌رامه‌تی کورد هه‌ڵکه‌ندووه‌؟؟ نابینن ئه‌تک کردنی نامووسیان له‌قامووسی قیزه‌ونی لاپه‌ڕه‌ ره‌شه‌کانی دڵی که‌یل له‌نه‌فره‌ت وقین یاندا نووسیوه‌؟ ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵێک داعشی له‌مرۆڤ چووی شه‌یتانی شه‌وپه‌رستن، گوێیان لاری فه‌رمانه‌ونانی فه‌تیره‌ی فه‌توا کاوێژده‌که‌ن، ئه‌مانه‌ خێڵی هێپتاڵی مێشکی منالن ومه‌غۆله‌کانی تاڵان کردن وسووتاندنی کتێبخانه‌کانن و سه‌دامیه‌کانی ئه‌نفال وداعشیه‌کانی شه‌نگالن، ئه‌مانه‌ نازییه‌کانی هۆلۆکۆستی کوردن وناودارانی مه‌یدانی تیرۆروتۆقاندن وقه‌یران وجه‌نایه‌تن و لێره‌ مێخی زنجیریان داکوتراوه‌ و ناڕۆن وده‌یانه‌وێ له‌پردی کوردستانه‌وه‌ بۆبه‌هه‌شت بپه‌ڕینه‌وه‌. بگه‌ڕینه‌وه‌ با ئه‌مانه‌ زوو بڕۆن!!

 

 (15)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

 له‌کوێ ده‌ژین؟

دره‌نگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌!

له‌سه‌رماوسۆڵه‌ی زستانی ئه‌م نیشتمانه‌ زستان لێدراوه‌ مه‌ترسن، بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئامێزی دایکی شه‌هیدان له‌چله‌ی زستاندا بۆ ئێوه‌ له‌چله‌ی هاوینی ده‌شتی شاره‌زوور گه‌رمتره‌. بگه‌ڕێنه‌وه‌، شوان ده‌بێت به‌ چاوساقتان و شاخ ده‌بێت به‌ شایه‌تتان وسفره‌ی جووتیارده‌بێت به‌ شوێنی برسییه‌تیتان وشانی شه‌که‌تی به‌ندکراوانی هاوبیرتان ده‌بێت به‌ کۆڵ هه‌ڵگری کێوانتان وشارده‌بێت به‌ شوره‌ی پۆڵاینتان وشه‌قام ده‌بێت به‌شوێنی شوکرانه‌ی شکۆتان. بجووڵێن، ئازاری جه‌سته‌ی ئه‌م نیشتمانه‌ به‌جووڵه‌ی پێی ئێوه‌ ده‌شکێت!! بگه‌ڕێنه‌وه‌ هیوای هه‌ناسه‌تان بکه‌نه‌ ناخی چرۆکانی هیوای ئه‌م نیشتمانه‌ به‌ندکراوه‌!!! بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات وباڵه‌کانتان دڕیژ وراست بکه‌نه‌وه‌ له‌باکووره‌وه‌ بۆ باشووربۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی خه‌م وره‌نج ومه‌ینه‌تی ژێر ئه‌م ئاسمان وسه‌رزه‌وییه‌ هه‌یه‌ له‌خاچ بدرێت. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سێبه‌ری متمانه‌ی باڵه‌کانتانا خه‌ڵک وخوێندکاروخه‌باتکار زیاتر خۆڕاگری بکه‌ن. بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌ڵام نه‌ک وه‌ک رێبوار وجاروباروبۆ هه‌نذی کار. بگه‌ڕێنه‌وه‌ وبمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دڵی جوانی وه‌ک جارانی جه‌وان وجوتیار وجه‌ماوه‌ر بێته‌ جۆش، بۆ ئه‌وه‌ی خانه‌کانی خوێنی خه‌ڵک وخوێندکار وخه‌باتکار بێته‌ خرۆش. بگه‌ڕێنه‌وه‌ وبمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌وپه‌رستان وتیرۆریستان وکۆنه‌په‌رستان کوردستانیان لێ ببێت به‌ گۆڕستان . بگه‌ڕێنه‌وه‌ وبمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نایه‌تکاران وتاوانباران وموعتادکاران به‌ ئازادی به‌رده‌وام نه‌بن.

 (16)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

له‌کوێ ده‌ژین؟

دره‌نگه‌ بگه‌رێنه‌وه‌!

بگه‌ڕێنه‌وه‌وبمێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی رێگای کوبانێ وکه‌رکووک بۆ خه‌باتکارانی رۆژهه‌ڵات کورت بکه‌نه‌وه‌. له‌هه‌ر سێ لا کورده‌وبۆ پاراستنی ئاشتی ومان وپێکه‌وه‌ژیان که‌وتووه‌ته‌ به‌ر په‌لاماری تیرۆریستان. تیرۆریستان له‌وێ داعشی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێراق وشامن ولێره‌ پاسدارانی حکوومه‌تی ئیسلامی ئێرانن. هه‌ردوو لا فه‌رمانی فه‌توا جێبه‌جێ ده‌که‌ن وبه‌ ” حاجی” یه‌رێکاندا ده‌ڕۆن و چه‌قۆیان پێیه‌ بۆ سه‌ر بڕین، هه‌ردوولایان دڕنده‌وتینوون بۆ خوێنڕشتن وباوه‌ڕیان بته‌وه‌ به‌ژن فڕاندن وده‌سدرێژی وژنفرۆشتن. هه‌ردوولایان ده‌مامکیان هه‌یه‌و شانازی به‌ ریش وقوماشی ده‌ور شان وملیانه‌وه‌ ده‌که‌ن، هه‌ردوولایان کراسه‌کانیان ناخه‌نه‌ ناوپانتۆڵه‌کانیان وسنوورێک بۆکاروکوشتن وچالاکی وچه‌ته‌یی ناناسن، هه‌ردوولایان ئاسه‌واره‌کانی سه‌رزه‌وی وژێرزه‌وی ده‌دزن وده‌یانفرۆشن، هه‌ردوولایان تاڵان که‌ری مۆزه‌خانه‌و ئاوه‌دان که‌ره‌وه‌ی به‌ندیخانه‌ن، هه‌ردوولایان شه‌یتانی شه‌ڕوشێواوی وترس ونه‌فره‌تن، هه‌ردوولایان بێوڵه‌تن.

بگه‌ڕێنه‌وه‌ وبمێننه‌وه‌، پارێزه‌رانی ئاشتی وئارامی وئاسه‌وار وژینگه‌ وژن وژیان، به‌جێمان مه‌هێلن ئه‌مڕۆ جگه‌له‌ تیرۆریستان جیهان بووه‌ به‌پشتیوانی به‌ره‌نگاری وبه‌رخۆدانی ره‌واتان.

 

 

   (17)

هه‌ڵۆکانی رۆژهه‌ڵاتی به‌ندکراوم

   له‌کوێ ده‌ژین؟

   دره‌نگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌وبمێننه‌وه‌!

بمێننه‌وه‌ با وێنه‌کێشانی وڵات تابلۆی خۆت وخه‌بات وخۆڕاگرێت به‌خوێن له‌سه‌ر په‌رده‌ی زه‌ینی زه‌مان بکێشن. با ببنه‌رۆح بۆ ناوجه‌سته‌ی وشه‌ی شاعێران. شه‌وان شوانان به‌هیوای دیتنی رۆژانه‌ی ئێوه‌ هیلاکییان هێورده‌بێته‌وه‌. بمێننه‌وه‌با مامۆستایان بوێرن له‌سه‌رتابلۆی پۆله‌کان بنووسن” قوتابیان له‌بیرتان نه‌چێت کوردستان ده‌بێت رزگاروسه‌ربه‌خۆ بێت” .

بمێننه‌وه‌، ئه‌وانه‌ش هیچیان له‌ده‌ست نایه‌ت بیکه‌ن بۆتان، دۆعای خێروبێوه‌یی وسه‌رکه‌وتن وهه‌رمانتان بۆده‌که‌ن. بگه‌ڕێنه‌وه‌ با شه‌پۆله‌کانی باڵتان ده‌ریای جه‌ماوه‌ربه‌ زیندوویی بهێڵێته‌وه‌.

 

 

  له‌گه‌ل ئه‌وپه‌ڕی رێزو خۆشه‌ویستیمدا

   سعید سیدی – سه‌رماوه‌زی 1393

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی