"an independent online kurdish website

بەر لەوەی بڕۆمە نێو باسەکەوە ، لەراستیدا و بە بڕوای من پێکهێنانی ژیانی هاوبەش و لێک جیابوونەوە بە مافی سەرەتایی تاکەکانی هەموو کۆمەڵگایەک دەزانم .dlsoz_yari12

ئەم بەشە لە مافی ژیانی تاک زیاتر لە نێو وڵاتانی دێموکرات و پێشکەوتوو دا دانی پێدانراوە و هەردوو حاڵەت وەک یەک چاوی لی دەکرێ بەبێ ئەوەی لە بەهای مرۆڤەکان و کەسایەتی ئەوان کەم بکات یان زیاد کات. بەڵام لە نێو کۆمەڵگا داخراو و گرێدراوەکان بە نەریتە کۆن و باوەرە ئاینییەکانەوە جیاوازە.

لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە گرینگرین قۆناغی ژیان وەک خاڵێکی سەرکەوتن بۆ تاک بە ئەژمار دێ و جیا بوونەوەش وەک خاڵی شکستی تاک و بە تایبەت شکستی ژنان حیسابی بۆ دەکرێ.

لە حاڵەتی یەکەم دا کاتێک دوو مڕۆڤ پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، گیر و گرفت لە نێوانیاندا سەرهەڵئەدات و دواتر ناتوانن پێکەوە بسازێن و درێژە بە ژیانی هاوبەش بدەن، بە پشت بەستن بە یاسا کە مافی هەردوو لا دەپارێزێ و ڕەچاو کردنی ڕێز و حورمەتی بەرانبەر و بەبێ کێشە لێک جیادەبنەوە، بەڵام لە حاڵەتی دووهەم دا ئەو باسە بەو شێوەیە نییە و زۆر جار بیندراوە کە نەتەنیا بە شێوازێکی زۆر توند و تیژ کۆتاییان بەو ژیانە هاتووە، بگرە دواتر زۆر کێشەیتری لێکەوتۆتەوە.

 

ئەو کێشانە چین کە لە نێو کۆمەڵگا داخراوەکاندا دەبنە کۆسپی سەر ڕێگەی ژیانی هاوبەش و لەبنەڕەتدا ژیان لە مرۆڤەکان تاڵ دەکات ، بەتایبەتیش لە هەندەران؟بۆ وڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویستە کۆمەڵگاکەمان بە جوانی شی بکەینەوە و لە هەموو قوژبنێکەوە لەی بروانین.

کۆمەڵگای کوردی وەک هەموو کۆمەڵگایەک خاوەنی دوو چەمکی” ئایین و کولتوورە”. زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی موسلمانن و کۆمەڵگایەکی موسلمانیش ، پیاو سالارە. واتە پیاو فەرمان دەر دەکات و ژن پیویستە جێبەجێی کات . لەم بەشەدا ژنان لە مافەکانیان بێ بەشن، پیاوان چارەنووسیان بۆ دیاری دەکەن. بە دوو ژن بە شایەتێک حیسابیان بۆ دەکرێ و بە دوو خوشکیش برابەشێکیان پێ دەبڕێ. لە ئایین ئیسلام دا ژنان مافی ئازاد بیرکردنەوەیان نییە، مافی ئەوەیان نییە کە ئازادانە لەگەڵ پیاوان بدوێن ، هەموو ئەمانەش ئاستەنگن بۆ ناسین و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانیان . پاش پێکهێنانی ژیانیش ، ژنان ئەرکێکی قورس دەخریتە سەرشانیان و ئەویش ماڵ و ماڵدارییە. بۆیە هەرگیز دەرفەتێکی ئەوتۆ وەگیریان ناکەوێ تا بتوانن چاویان بکەنەوە و بە باشی لە قۆناغەکانی ژیان بڕوانن . بەداخەوە لە باری کولتووریشەوە ، کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی داخراو و گرێدراو بە نەریتە پیاو ساڵارییەکانە، بۆیە تەنانەت ئەوانەی غەیرە موسلمانن یان باوەریان بە هیچ ئایینێکیش نییە، دیسانەوە بە جۆرێک ئەم نەریتەیان پەسەند کردووە . هەربۆیە ژیان لەوڵاتانی یاسامەند و ئازاد بۆ ئەم دەستەیە لە بنەماڵەی کوردی دژوارە. لێرەوەیە کاتێک بنەماڵەیەکی کورد سەفەری وڵاتێکی ئازاد و دێموکرات کە لەودا مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت مافی بنەماڵە پارێزراوە، دەکات ( وڵاتێکی ئەرووپی)،لەگەڵ کێشە و ململانێی ژیان بەرەوروو دەبەن و لە ئاکامدا پەنادەبەنە بەر جیابوونەوە( ئەم باسە رێژەییە). ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەرێتەوە کە گرنگترینیان لەبەرچاو نەگرتنی مافی ژنانە، ژنێک کە لەنێو خۆی وڵات بەبێ ویست و خواستی خۆی لەگەڵ کەسێک دا ژیانی پێکهێناوە کە هیچ جۆرە سۆز و خۆشەویستییەکی بۆی نەبووە، تەنانەت چەوسێندراوەتەوە و بە وەدەست هینانی ئەم دەرفەتەش زۆر ئاسان لە هاوسەرەکەی کە رۆژێکی خۆش لە بیرەوەرییەکانی ژیانی دا بوونی نییە، جیادەبێتەوە.

هۆکارێکیتری جیابوونەوەی هاوسەرەکانی کورد لە هەندەران ، شێوازی خراب هەڵس و کەوتکردنی پیاوان لەگەڵ ژنانە ، تەنانەت ئەگەر بە خۆشەویستی و رازی بوونی هەردووکیان بەیەک گەیشت بن. لەم حاڵەتەدا پیاو بە هەمان شێوازی کوردستان هەڵس و کەوت دەکات ، رێگری لە چوونەدەرەوە و بەشداری لە خولەکانی فێربوونی زمان و کار و خوێندن و پێگەیشتنی هاوسەرەکەی دەکات ، ژیانی لێ ناخۆش دەکات و بێ ئەوەی خۆیان بیانهەوێ کەلێن دەکەوێتە نێوانیان و دەرئەنجامی ئەم هەڵس و کەوتەش جیابوونەوەیە.

هۆکارێکیتر ئەم کێشەیە خراب کەڵک وەرگرتنی ژنان لەم دەرفەتانەیە، بە واتایەکیتر ژنان بەبێ ئەوەی حیساب بۆ هەست و شعووری پیاوەکەیان بکەن ، بە جۆرێکیتر ئەو ئازادییە دەقۆزنەوە کە لەگەڵ داب و نەریتی کوردەواری یەک ناگرێتەوە. ئەمان بەباشی نەیانتوانیوە لەو ئازادییە تێبگەن و بەرێگای خراب دا دەڕۆن . رەچاوی داب و نەریتی کۆمەڵگای کوردەواری ناکەن و جیابوونەوە بەدوای خۆیدا دێنێ.

بەدەر لەو هۆکارانەی سەرەوە کەباسمان لێوە کردن و کۆمەڵێک هۆکاری لاوەکیتر کە بۆ باس کردن نابن ، بەرچاوترین هۆکار لەڕوانگەی منەوە زەواجی پۆستییە.

زەواجی پۆستی بە زواجێک دەگوترێ کە کچ و کور بەبێ ئەوەی یەکتر ببینن و توانیبێتیان بەباشی یەکتر بناسن و لە موراڵی یەکتری تێگەیشتبن، تەنیا لە پێناو گەیشتن بە وڵاتانی پێشکەوتوو مل بەو زەواجە دەدەن . دیارە نامهەوێ هەموو ئەو کەسانە بەوە تاوانبار بکەم کە ئامانجی سەرەکیان گەیشتن بەم وڵاتانەیە ،بەڵام بە پێی ئەو حاڵەتانەی بەرۆژانە لەگەڵیان بەرەوروو دەبینەوە و بەچاوی خۆمان دەیان بینن، زۆرترین رێژەی ئەو کەسانەی بەم شێوازە بەیەک گەیشتوون، نەیانتوانیووە لە درێژەپێدان بە ژیانی هاوبەش سەرکەوتوو بن . ئەمان لە باشترین حاڵەتدا تا چەند ساڵ بەر لە ئێستا تەنیا وێنەیەکی هاوسەری ژیانیان دەبینی ، ئێستاش بە هۆی گەشە کردنی دونیای مەجازی ، جار و بار دەتوانن لەرێگای سکایپە و یان تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیتری وەک فەیسبۆک ،بۆ چەند خولەکێک پێکەوە بدوێن.

ئەمجۆرە ناسین و بەیەک گەیشتنە کێشەی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێ، بۆ نموونە ئەو کەسانەی لە ناوخۆی وڵاتن ، بە دیدێکیترەوە لەم وڵاتانە دەروانن، لای ئەوان ئێرە بەهەشتێکی تەواوە و مرۆڤەکان هیچ جۆرە کێشەیەکی ماڵی، ئەخلاقی ، کۆمەڵایەتی و … نییە . ئەوان بۆ گەیشتن بەم بەهەشتە تەنانەت گوێ بە جوانی ، جیاوازی تەمەن ، شایستەگی لە بەرێوەبردنی ژیان و زۆرشتیتری گرنگ و پێوەنددار بە دوو هاوسەرەوە نادەن. بەگەیشتنیان هەموو ئەو راستیانە بە چاوی خۆیان دەبینن، لەگەڵ گیر و گرفتی “زمان ، خوێندن، تەنگ و چەلەمەکانی نەداری و هەروەها داب و نەریتەکوردەوارییە نەمرەکانی ئێرە” بەرەوو روودەبنەوە و تازە بە تازە هەست بەوە دەکەن کە ئەو بەهەشتەی ئەوان بەشوێنیدا وێڵ و ئاوارە بوون، بوونی نییە و بۆیە وردە وردە لەو ژیانە سارد دەبنەوە و بۆ ئەڵترناتیڤێکیتر دەگەرێن کە لە باشترین حاڵەتدا جیابوونەوە و سەرلەنوێ ژیان پێکهێنانەوەیە کە دیارە ئەم رێگە چارەیەش ناتوانێ ئەو کەسانە بۆسەر راستای ژیانی راستەقینەی خۆیان بگێرێتەوە ، مەگەر ئەوەی بە هێمنی و ژیری خۆیان باسەکانی ژیان یەک بەیەک هەڵسەنگێنن، لێکدانەوەی دروستی بۆ بکەن و وەک مرۆڤێکی رئالیست لە کۆتایی دا بریارێکی دروست و سەرکەوتوانە بۆ ژیان بدەن.

بە هیوای خۆشی و بەختەوەری هەموو بنەماڵەکانی کوردی نیشتەجێی هەندەران و کوردستان

دڵسۆز یاری

26.12.2014

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی