ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی دیموكرات: ئێران به‌و كاره سوكایه‌تی به‌كورد به‌گشتی ده‌كات.
هاووڵاتی :
محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌رحرارودی، یه‌كێك له”بكوژه‌كانی” عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ، به‌وته‌ی به‌رپرسانی حزبی دیموكرات وه‌كو نوێنه‌رانی ئێران له‌باشوری كوردستان ئازادانه هاتوچۆ ده‌كات‌و چاوی به‌به‌رپرسانی سیاسی ده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا 25 ساڵه كورد چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یه تۆمه‌تبارانی روداوی تیرۆركردنه به‌سزای خۆیان بگه‌ن.
ئێواره‌ی 13/7/1989، دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان قاسملۆ سكرتێری پێشوتری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، له‌باڵه‌خانه‌یه‌كی ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا له‌لایه‌ن وه‌فدێكی دانوستكاری ئێرانه‌وه درایه به‌رده‌ستڕێژی گولله‌و تیرۆركرا هه‌رچه‌نده بڕیاربوو پێكه‌وه گفتوگۆبكه‌ن.
ئه‌و روداوه له‌كاتی خولی سێیه‌می دانوستانی قاسملۆ‌و هاوڕێكانیدا بوو بۆ چاره‌سه‌ری پرسی كورد له‌ئێران، به‌ڵام وه‌فده‌كه له‌بری گفتوگۆ ته‌قه‌یان لێكرد‌و هه‌ر له‌وێشدا هه‌ریه‌ك له‌عه‌بدوڵا قادر‌و فازڵ ره‌سوڵ كه له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بوون كوژران.
محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌رحرارودی، گه‌وره راوێژكار‌و یه‌كێك له‌نوێنه‌رانی رابه‌ری ئێران، له‌و دانیشتنه‌دا ته‌قه‌ی له‌قاسملۆ‌و هاوڕێیانی كردوه، به‌ڵام سه‌رباری روبه‌ڕوكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌ته‌ش به‌ڕه‌سمی، له‌ماوه‌ی رابردوداو به‌تایبه‌ت ئه‌مساڵ چه‌ندینجار وه‌كو ئه‌ندامی وه‌فدی ئێران سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردوه.
كه‌ریم په‌رویزی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت له‌كاتی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی كۆماری ئیسلامیه‌وه زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك دیبلۆماتكار له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌نێردرێنه وڵاتان یان وه‌ك نوێنه‌ر له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شدارییان پێده‌كرێت سه‌ر به‌ده‌زگا ئه‌منی‌و سه‌ربازییه‌كانن.
به‌رویزی به‌هاوڵاتی وت “ئامانجی ئێران ئه‌وه‌یه به‌وكاره‌ی جۆرێك سوكایه‌تیكردن به‌كورد به‌گشتی بكات، چونكه له‌كه‌س شاراوه نییه دیاریكردنی بكوژی دكتۆر قاسملۆ وه‌ك نوێنه‌ر بۆ دانیشتن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم چ واتایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت”.
به‌پێی زانیاری سه‌رچاوه حزبیه‌كان، ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئێران له‌زۆربه‌ی گفتوگۆكانی وه‌فدی وڵاته‌كه‌ی به‌شداربوه تایبه‌ت به‌پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم‌و پرسه‌كانی تری تایبه‌ت به‌دۆخی عێراق‌و راوبۆچونی حزبه سیاسیه‌كانی باشور.
ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی دیموكرات ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ئه‌وان به‌رده‌وام وتویانه ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك دیبلۆماتكار روو له‌هه‌رێم یان هه‌ر وڵاتێكی تری ئه‌وروپی ده‌كه‌ن خاوه‌ن چ كه‌سایه‌تییه‌كن‌و سه‌ر به‌كام ده‌زگای ئه‌منی‌و سه‌ربازی ئێرانن به‌ڵام “له‌عورفی دیبلۆماتیدا هیچ لایه‌نێك ناتونێ بۆ لایه‌نێكی تر ده‌ستنیشانیبكات پێكهاته‌ی نوێنه‌ره‌كانی به‌رانبه‌ری ده‌بێ كێ بن“.
وتیشی “سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه ئێمه دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستیان له‌تیرۆر‌و سه‌ركوتی خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا هه‌یه ناڕه‌زایه‌تی خۆمانمان به‌هه‌موو لایه‌نێك‌و به‌تایبه‌تی وڵاتانی ئه‌وروپی راگه‌یاندوه“.
محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر سه‌حرارودی له‌گه‌ڵ مسته‌فا ئه‌جوادی‌و ئه‌میر مه‌نسور وه‌كو سێ تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی تیرۆركردنی قاسملۆ له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی نه‌مساوه ناسێنراون.
كه‌ریم په‌رویزی وتی “نازانین بكوژی دكتۆر قاسملۆ ئێستا وه‌ك دیبلۆماتكاری ئێران هاتوچۆی وڵاتان ده‌كات ناوی له‌لیستی پۆلیسی ئینته‌رپۆل هه‌یه یان نا، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی له‌ڤه‌ییه‌نا دكتۆر قاسملۆ‌و هاوڕێیانی تیرۆركران، ناوی محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری سه‌رحرارودی له‌ناو لیستی كه‌سانی داوكاری پۆلیسی نه‌مسا هه‌بوو“.
تائێستا نه‌مسا رێگه‌ی نه‌داوه دۆسیه‌ی ئه‌و روداوه بخرێته به‌رده‌م دادگا‌و له‌لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی نوێ‌دا ورده‌كاریه‌كه‌ی ئاشكرابكرێت.
به‌بڕوای په‌رویزی “به‌هۆی فشاره‌كانی ئێران بۆ سه‌ر نه‌مسا‌و ئاڵوگۆڕه بازرگانییه‌كانی نێوانیان، لێكۆڵینه‌وه له‌دۆسیه‌كه راگیراوه“.
قاسملۆ، ساڵی 1930 له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری ناوچه‌ی ورمێی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایك بووه‌و چالاكیه‌كانی له 15 ساڵیه‌وه ده‌ستیپێكردوه، له‌ساڵی 1951 هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ هێلین كرۆلیچ ناسراو به‌نه‌سرین قاسملۆ پێكهێناوه.
ناوبراو ساڵی 1984 بۆ خوێندن چۆته ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و له‌زانكۆی شاری پراگ له‌ساڵی 1962 بڕوانامه‌ی دكتۆرا له‌بواری زانستی ئابوری سیاسی به‌ده‌ستده‌هێنێت‌و دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق، له‌ساڵی 1973دا له‌كۆنگره‌ی سێیه‌می حزبه‌كه‌ی به‌سكرتێری حیزبی دیموكرات هه‌ڵده‌بژیردرێت.
شه‌ریف هه‌ژاری، مامۆستای زانكۆ له‌سلێمانی، به‌هاوڵاتی وت “ئێران له‌دیاریكردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی وه‌ك دیبلۆماتكار زۆر زیره‌كانه مامه‌ڵه ده‌كات به‌تایبه‌تی بۆ هه‌رێم چونكه مه‌به‌ستیه‌تی به‌وكاره دووبه‌ره‌كی‌و ئاژاوه له‌لایه‌ك‌و جۆرێك بێڕێزی به‌هه‌ست‌و سۆزی كورد له‌لایه‌كی دیكه‌وه بكات“.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه، هه‌ژاری ده‌ڵێت “ئه‌و جۆره دیبلۆماسییه‌ته‌ی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم یان هه‌ندێك له‌لایه‌نه سیاسیه‌كانی باشور له‌راستییدا دیبلۆماسییه‌ت نییه، به‌ڵكو دانیشتن له‌گه‌ڵ بكوژی قاسملۆ وه‌ك په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش له‌مێژووی په‌یوه‌ندیه‌كانی باشوری كورستان تۆمار ده‌كرێت“.
جه‌ختیشیكرده‌وه كه “لانیكه‌م ده‌بوایه به‌شێك له‌لایه‌نه سیاسیه‌كانی باشور هاتنی بكوژی قاسملۆ بۆ هه‌رێمیان شه‌رمه‌زار بكردایه، چونكه قاسملۆ موڵكی ته‌نیا حزبی دیموكرات یان پارچه‌یه‌كی كوردستان نیه به‌ڵكو مۆڵكی هه‌موو كورده“.
هاوڵاتی په‌یوه‌ندیكرد به‌ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی حزبی‌و حكومی هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوون له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه قسه بكه‌ن.
قاسملۆ له‌پاڵ خه‌باتی چه‌كداری، رۆڵی به‌رچاوی له‌چالاكی دیبلۆماسیدا گێراوه‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵاتی ئه‌وروپی‌و حزب‌و كه‌سایه‌تی ناسراوی دنیادا هه‌بوه.
ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی حیزبی دیموكراتی كوردستان، رونیكرده‌وه كه له‌به‌رئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌یان له‌نه‌مسا وه‌ك لایه‌نێكی سیاسی چالاكی ناكات بۆیه ناتوانێت سكاڵا له‌دادگای ئه‌و وڵاته تۆماربكات.
خانه‌واده‌ی قامسلۆ داوای یاساییان له‌نه‌مسا تۆماركردوه به‌ڵام تائێستاش به‌پاساوی نه‌بوونی به‌ڵگه‌ی پێویست له‌باره‌ی دۆسیه‌كه‌وه لێكۆڵینه‌وه ناكه‌ن.
كه‌ریم په‌رویزی وتی “هه‌موان ده‌زانن ئه‌و پاساوه‌ی نه‌مسا بێبنه‌مایه، چونكه له‌چه‌ند ساڵی رابردودا یه‌كێك له‌به‌رپرسانی ده‌زگای ئیتڵاعاتی ئێران پاش ئه‌وه‌ی له‌ئێران رایكرد، كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی به‌هێز له‌ئه‌نجامده‌رانی تیرۆره‌كه‌ی بۆ پۆلیسی نه‌مسا خسته‌رو“.