حەسەن ڕوحانی ڕۆژی یەكشەممە 14ی بەفرانباری 1393 لە یەكەمین كونفرانسی ئابووری ئێران، ئەگەری گەڕانەوە بە دەنگی خەڵكی بە یەكێك لە ئەسڵەكانی یاسایی بنەڕەتی زانی
كە هەر بە وتەی خۆی لە ڕۆژی یەكەمەوە تا ئێستا بەڕێوە نەبراوە. هەروەها ڕوحانی لەم لێدواندەریەدا وتی:” من وەك بەرپرسی بەڕێوەبردنی یاسایی بنەڕەتی زۆر ئۆگری ئەوەم كە هەڵومەرجێك بخوڵقێ كە بۆ یەك جاریش بووبێت، ئەو ئەسڵە بەكردەوە ئەنجام بدرێ و پرسێكی گرینگی ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە چوارچێوەی ماددەی یاسایی بخرێتە ڕیفراندۆمەوە”.
باسی پرسی ڕیفراندۆم لەم كات و ساتەی بارودۆخی ئێران ئەویش لە لایەن ڕوحانییەوە بووەتە هۆی موناقشە و هەڵینجانێكی زۆر لە نێو لایەنە جۆراوجۆرەكانی كۆماری ئیسلامی و بەشێكی بەرچاو لە دژبەرانی كۆماری ئیسلامی.
ئەگەر بمانهەوێ بە كورتی پێناسەیەك بۆ ڕیفراندۆم بكەین، ڕیفراندۆم لە مانا گشتییەكەیدا گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵك و گرینگیدان بە دەنگ و بۆچوونی خەڵكە. بەڵام وەك مێژووی سێ دەیە دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی نیشانی داوە، پێناسەی خەڵك لە كۆماری ئیسلامیدا هەمیشە بریتی بووە لە كەسانێك كە لایەنگری سیستمی دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی بن و ئەو كەسانەی ئەم سیستمەیان قەبووڵ نییە و دژی بەشێكی بەرچاو لە سیاسیەتە ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی ئەم ڕێژیمەن، بە خەڵك بەئەژمار ناێن و بەردەوام لە لایەن دەزگا سەركوتكەرەكانی ئەم ڕێژیمە سەركوت كراون و لە مافە بنەڕەتییەكانی خۆیان وەك هاووڵاتیی و نەتەوە جیاوازەكانی ئێران بێبەش كراون.
پرسی ڕیفراندۆم هەرچەند لە یاسایی بنەڕەتی كۆماری ئیسلامیدا هێمای بۆ كراوە و یەكێك لە ئەسڵەكانی ئەم یاساییە بەڵام لە هەمانكاتدا چەندین بەربەست لە سەر جێبەجێكردنی ئەم ئەسڵە لە خودی یاساكەدا بوونی هەیە كە ئەگەری جێبەجێكردنی كەم دەكاتەوە. یەكێك لە گرفتەكانی سەر ڕێگای بەكردەوەكردنی ئەم پرسە ئەوەیە كە دەبێ 2 و لە سەر سێی نوێنەرانی مەجلیسی ئێران دەنگ بدەن بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم كە وەك دەبینین مەجلیس لە ئێستادا بەدەست پاوانخوازەكانەوەیە و هیچكات ئامادە نابن دەنگ بەوەها بڕیارێك بدەن و ئەگەریش ئەوان ڕازی بن شۆرای نیگابان و كۆری دیاریكردنی بەرژەوەندی نیزام ئیزنی بەڕێوەچوونی وەها ڕیفراندۆمێك نادەن. بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە بۆچی ڕوحانی ئەم پرسەی وروژاندووە و مەبەستی لەم كارە چییە؟
مەبەستی ڕوحانی لە پلەی یەكەمدا كەمكردنەوەی ئەو گوشارانەیە كە ڕەوتی پاوانخواز و توندڕەوی كۆماری ئیسلامی چڕیان كردووەتەوە بۆ سەر دەوڵەت، بە تایبەت لە ڕەوتی وتووێژەكانی 5+1 و ئەمە بە جۆرێك وەك هەڕەشەیەك دێتە بەرچاو بۆ دەسەڵاتدارە سەرەكییەكانی ئەم ڕێژیمە، چوونكە مێژوویی سەرۆكۆماری لە كۆماری ئیسلامیدا بە تایبەت دوو سەردەمی سەرۆك كۆماری خاتەمی و ئەحمەدی نیژاد دەریان خستووە كە سەركۆمار لە نیزامی كۆماری ئیسلامیدا پلە و پۆستێكی تەشریفاتی هەیە و ئەوەی كە بڕیاری كۆتایی دەدا شەخسی ڕێبەر و دەست و پێوەندییەكانی ئەو وەك سپای پاسدارانە.
لە كۆماری ئیسلامی دا دوو جار ڕاپرسی كراوە و هەر دوو ڕاپرسیەكە ئاماژەیەكی ڕوون بوون بۆ دیكتاتۆربوونی سیستمی كۆماری ئیسلامی و بەڵام ئەم ڕێژیمە بەردەوام هەڵبژاردنەكانی سەركۆماری و شۆرای شار و دێ و هەڵبژاردنەكانی مەجلیس بە پێوەر و بنەمای ڕەواییدانی خۆی دەزانێ و هێندێكجار ئەوە بە ڕیفراندۆمی سەر لە نوێ ڕەواییدان بە ڕێژیمەكەیان دەشوپهێنێ.
بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسیش هێنانە بەرباسی پرسی ڕیفراندۆم لە لایەن حەسەن ڕوحانییەوە بەجۆرێك لە داماوی و بە چۆكداهاتنی كۆماری ئیسلامی پێناسە دەكەن و پیان وایە كە كۆماری ئیسلامی پرۆژە و پلانی پاشەكشێی هەیە و بەمشێوەیە دەیهەوێ خەڵك بكاتە سپەری ئەم پاشكشێیە.
بەلام مەبەستی ڕوحانی هەر شتێك بێ، كۆماری ئیسلامی وەك سیستمیكی ئیدۆلۆژیك و سەدە نێوەڕاستی توانا و پوتانسێلی گۆڕان و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵكی نییە و ئەم دروشمانە تەنیا و تەنیا بۆ لابردنی گوشار بۆ سەر نیزامەكەیەتی. خەڵك لە كۆماری ئیسلامیدا هەمیشە وەك سیاهی لەشكەر چاوی لێكراوە، سیاهی لەشكەرێك كە ئەمڕۆكە لە دۆخێكی ئێجگار خراپی ئابووری و خوش گوزەرانیدا دەژین، ڕێژەی بێكاری و تووش بوو بە مادە سڕكەرەكان لە لوتكەی خۆیدایە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ناوەرۆك و ڕۆاڵەتی نیزام بۆ خەڵك زیاتر ڕوون دەبێتەوە و زیاتر لە جاران بۆیان دەردەكەوێ كە سەرۆك كۆمار و دەسەڵاتدارانی دیكەی ئەم نیزامە تەنیا پرۆژەگەلێكن بۆ ڕزگاركردنی ئەم ڕێژیمە لە داڕمان و لە ناو چوون و لە فەزای نێودەوڵەتیشدا ئیتر دەست و پیلانەكانی ڕێژیم لە پشتیوانی كردن لە تیرۆر و ڕەوتە توندڕەوە ئیسلامییەكان ئاشكرا بووە و متمانەیەكی نێودەوڵەتی بەم ڕێژیمە نەماوە و تراویلكەی ڕیفراندۆم پرۆژەیەكی نێوەچڵە بۆ سەرلەنوێ ڕزگاركردنەوەی ڕێژیم لە قەیران و ڕووخان.