"an independent online kurdish website

پرسی هەستیار وهەڵپەسێراو، پێکەوە لکانی”دێمۆکرات”ەکان،وەخۆهاتنەوە، خۆخەمڵاندن، گردکردنەوەی وزە و هێزیان گوروتینی دەرهەست بە بزاوتی نیوەگیانی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێ. بابەتی یەکبوونەوەیان هەنووکە وەک واقعێکی ئەرێنی لێی دەرواندرێ.

raza_amini_nu

وێدەچێ لەمپەروبەرگرەکانی هاوخەباتی هیوابەخش لاکەوتبێ و بە ئەنجامی خۆی گەیشتبێ و ئەو رێرەوە روونەی خستبێتە بەردەم کە سەرەڕای کۆگایەک گیروگرفتی تکنیکی – تەشکیلاتی و سایکۆلۆژیکی کاراکتێرە شوێندارە پێکەوە نەحاواو، پێکناکۆک و وێکهەڵنەکردووەکانی رابردوو هەمدیسان دوو رێکخستنی بە جیا هەڵسوراو،لێکدابراو و خاوەن قەیرانی رەنگاڵە لە پەرژینی حیزبێکی “یەک” دا چالاک بکەنەوە.

شپرزەیی دێمۆکرات و قەیرانی داوێنگیری بە یەکبوونەوەی هەر چەند دەتوانێ بەرەو ئاقاری سەرهەڵدان و روو لە قۆناخێکی ئەرێنی ترهەنگاوی توندوتۆڵ باوێ و لانی کەم باڵانسی هێزوهاوسەنگی سیاسی لە بەرژەوەندی بزوتنەوەی کورد گۆرانکاری بە سەردابێ وخولیایەکی نەتەوەیی تیف تیفە بدرێ یان گیانێکی کیانی سەربزێو لە دایک بێ،بەڵام ئەو یەکبوونەوە شرۆڤە و دیسکۆرسی رەخنەگریش هەڵدەگرێ.

بە زۆر هۆ یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێمۆکرات ناتوانێ بەتاڵ لە رەخنە بێ تا ئەنگوست نەخرێتە سەر کەم و کۆرییەکان و رێکاری گونجاو دیاری نەکرێ ناتوانین بەو هەڵوێستە دڵخۆش بین. دڵەراوكێ ئەوەیە بە بارستایی مێژووی هاوچەرخی حیزب دوای هەر پێکەوەلکانێکی بێ هێز لێکدابرانێکی بە هێز هاتووەتە ئاراوەو هەڵسورانی حیزبی کاڵتر کردووەتەوە دواجاریش باس لە پێکەوەلکانێکی تر کراوەتەوە کە چی ئەنجامی ئەرێنی و دڵخواز و حیزبی دێمۆکراتی یەکگرتوو و بێ بەری لە قەیرانی لاوەکی هەر رێکنەخراوەتەوە!

بە مشورو خەمهەڵگرانی دۆزی کورد لە گەڵ کەیفخۆشیان لەو پەیوەندییە دا پرسیار دەکەن : رێبەرانی دێمۆکرات ئەمجارە دەتوانن کۆتایی بە ململانە تاکی ، ناسیاسی و دەسەڵاتخوازییەکانیان بێنن ؟ ئەگەر توانیان بە سەر ئەنگیزە شەخسییەکانیان دا زاڵ بن و بەرژەوەندی نیشتمانیان کردە ئامانج پرۆژەی بە کردەوەییان چۆن کانالیزە دەکەن ؟ کە مکانیزمە سەرەکییەکانی خەبات و بەرخۆدانیان دۆزییەوە کاری ئاکتیڤتر چۆن پێناسە دەکەنەوە؟ بە راستی چون بە سەر قەیرانە تەشکیلاتی و سەلیقەییەکانیان دا باز دەدەن ؟کەرتی بنەرەتی و هەرمی بریارواتە تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب کاری عەمەلی خۆی چۆن تئۆریزە دەکاتەوە؟ تەشکیلاتی ئاشکرای حیزب بە تەمایە هەر لە کەمپ دا پاڵداتەوەو سەرقاڵی جناحبازی، باندپەرەستی،ناوچەگەری، شارولادێو گەرەک گەری،خۆگەری و… بێ ؟

کلیلی چارەسەری بەشێکی زۆری کێشەکانی حیزبی دێمۆکرات وازهێنان لە کەمپ نشینی و خۆ قوتارکردن لە نەزمە ویشک وپرلە کەم و کۆرییەکانی ئیدارەی خۆ بەرێوەبەری بارەگاکانی حیزب لە باشوری کوردستانە،بابەتێک کە سکرتێری گشتی حیزبی دێمۆکرات ئاماژەی پێداوە و بریاری گواستنەوەی ئەو خەباتەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان داوە.

لە ئەگەرێکی ئەوتۆ دا دێمۆکرات تووشی لێکترازانێکی دیکە نابێتەوە و ماڵئاوایی لە بەشێکی زۆری ئەو قەیرانانە دەکا کە گیانی دێمۆکراتی کرمۆل کردووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی