"an independent online kurdish website

ئۆسلۆ،١٦/١/٢٠١٥

قادرئەلیاسیqader_eliasi

لەم رۆژانەدا بە خۆشییەوە دەنگ و باسی یەکگرتنەوە و وەسەرخستنەوەی ریزە لێک ترازاوەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە گەڵ یەک، تا دێ گەرم و گوڕتر دەبێ. ئەم ئامانجە لە ناوەرۆکدا، ئاواتی هەموو کوردێکی دڵسۆزە و ئەرکی گشت ئەو مرۆڤانەیە کە بە تەنگ کێشەی کوردەوەن.

کەس نکووڵی لەوە ناکا کە یەکگرتن و یەکڕیزی نەتەوەیەک و لە نێو نەتەوەکەشدا، هێزە خاوەن رابردووەکانی ئەو نەتەوەیە، کلیلی چارەسەری زۆربەی کێشە ناوخۆییەکانن. کورد ئەگەر یەکدەنگ بێ، دوژمنیش ناتوانێ درزی تێ بخا. لەم ساتە وەختە هەستیارەدا کە کوردستان بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پێیدا تێدەپەڕێ، بەرەی دۆست و دوژمن لە هەموو کاتێک زەقتر خۆی دەنوێنێ.

بۆ ئەوەی لە سەر پرسە هەنووکییەکە بدوێم، باسی پەرچە کردارەکانی دیکەی پەیوەست بە کوردستان و داگیرکەرانی کوردستانەوە ناکەم. بۆیە یەکڕاست دەچمە سەر بابەتەکە:

لە شیعری شاعیران و پێش لەوانیش لە پەندی پێشیناندا گەلێک جار خوێندوومانەتەوە یان گوێمان لێ بووە کە وتراوە: گەل و وڵات بە یەکەوە و لە کەش و هەوایەکی پێکەوە بووندا، دەتوانن زووتر بە ئامانجەکانیان بگەن. بۆ وێنە، پێشینان وتوویانە:

ئەر بـــــــــرا لە پشتی برا بێ

مەگین قەزا لە لای خودا بێ

یان ئەحمەدی خانی(١٦٥١١٧٠٧) شاعیر و ڕۆشنبیری گەورەی کورد پتر لە ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر، هاوار لە دەستی خۆخۆری و دووبەرەکی کورد دەکا و دەڵێ:

گەر دێ ھەبوا مە ئیتیفاقەک         ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک

روم و عەرەب و عەجەم تەمامی       ھەمیا ژ مە تا دکر غولامی

تەکمیل دکر مە دین و دەولەت          تەحلیل دکر مە عیلم و حیکمەت

کەوابوو، یەکگرتن و پێکەوە بوونی رۆڵەکانی نەتەوەیەک لە ریزی حیزبێکی سیاسی وەک “حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران”دا، ئاواتی هەموو کەسێکی نیشتمانپەروەرە.

ئەگەر رۆڵەکانی دیموکرات و کۆمەڵە، دوای پتەوکردنی ریزەکانی تەشکیلاتی خۆیان، توانییان لە گەڵ لایەن و کەسایەتییە دڵسۆز و خاوەن هەڵوێستەکانی دیکەی گەلەکەمان لە سەر پلاتفۆرمێکی هاوبەش رێک بکەون، ئەوکات کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە جاران زیاتر بڕوایان بە شۆڕش دەبێ و هیوایان پتر لە دڵ و هزر و بیردا دەژێتەوە.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش، ئەویش ئەوەیە ئەگەر یەکڕیزی و پێکەوە بوون، ئەوەندە گرینگە، ئەی بۆ لێک ترازان رووی دا؟ بۆچی کۆمەڵە بوو بە دوو بەش؟ بۆچی لایەکی دیموکرات دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆنگرەیەکی هاوبەش بە ناوی کۆنگرەی ١٣ و پەسندکردنی ئەنجامەکانی ئەو کۆنگرەیە، دوای ساڵ و نیوێک جۆێ بۆوە؟ من نامەوێ وەک دەڵێن: کای کۆن بەبا بکەم. بەڵام ئەم پرسیارەم لە خۆڕا نییە. تۆ بڵێی ئاکامی یەکگرتنەوەی ئەمجارەش بە مەرەدی یەکگرتنەوەی ساڵی ١٩٩٧ ناچێ؟

مادام کۆمەڵانی خەڵک بەم یەکگرتنەوەیە دڵخۆش دەبن، دەبێ ئاکامەکەشی وا بێ کە شایی پەشیمانیان نەکاتەوە. بۆیە بە دڵێکی پڕ لە هیوا بە ئاسۆی رووناکی سەرکەوتنی گەلەکەم و بە باوەڕی قووڵم بە رۆڵە گیان لە سەر دەستەکانی نەتەوەکەم، بە مافی خۆمی دەزانم بپرسم: میکانیزمی ئەم یەکگرتنەوەیە چییە؟  ئەندامانی حیزب کە بەدەنە و هەیکەلی ئەو حیزبە پێک دێنن، لەو پرۆسەیەدا چ رۆڵێکیان دەبێ؟ گەلۆ بەر لەوەی رێبەری حیزب لە گەڵ رێبەری هاوڕێیانی جوێ بۆوە رێک بکەوێ، لە گەڵ تەشکیلاتی ئاشکرای خۆی کۆ دەبێتەوە؟

ئەمە نموونەی کۆمەڵێک پرسیاری هەنووکەیین کە مافی هەموو ئەندامێکی ئەو حیزبەیە، رووبەڕووی رێبەریی حیزبی بکاتەوە. وەڵام دانەوەی رێبەری بەو پرسیارانە، پێوەندیی ئۆرگانی نێوان رێبەری و ئەندام بە هێزتر دەکا. بە هێزبوونی ئەو پێوەندییەش، کار دەکاتە سەر رۆڵی یەکگرتنەوە و دۆزینەوەی کلیلی چارەسەری کێشەکان. واتە لە لایەکەوە گرینگی بە بەدەنە دراوە و لە رەوتی پرۆسەکە ئاگادار کراوەتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە رێبەریی حیزب ناکەوێتە بەر رەخنەی ئەوەی کە کارەکەی بە نهێنی و تاکڕەوانە ئەنجام دابێ.

بەم کورتە نووسراوە هیوادەخوازم، حیزبی دیموکرات ریزەکانی خۆی یەکخاتەوە. چوونکە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدان و سەرجەم ئەو کەسانەی دڵیان بۆ کورد و کوردستان و رۆژی رزگاری ئەو گەلە لێدەدا، ئەمەیان دەوێ. هەر لەو کاتەشدا لە رێبەریی حیزبی دیموکرات دەخوازم باوەشی بۆ هەموو تاکێکی جودابیر بکاتەوە و دەرگای لێکترازان بۆ هەمیشە دابخا. لەو کەسانەش کە بە قسەی خۆیان حیزبیان دوو لەت کرد، داواکارم ئەو ئەزموونە تاڵە بە هیچ شێوەیەک دووپات نەکەنەوە. چوونکە جگە لە سازکردنی درز لە ریزەکانی حیزب و سەرقاڵ کردنی حیزب بە کێشەکانی دوای ئەو جیابوونەوەیە، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی بە دوای خۆید نەهێنا.

لە گەڵ ئەوەی هیچ ئاگادارییەکی دوور و نزیکم لە مەڕ پێکهێنانی کەمپەینی ١ی بەرفرانبار  نەبووە و تا راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەیان لێیان بێخەور بووم، وێڕای دەستخۆشی و ماندوونەبوونی، هیوادارم لە پێناوی یەکخستنی ریزەکانی حیزبی دیموکرات دا سەرکەوتوو بن و ئەو کاروانە پێکەوە بە مەنزڵی ئارامی و دڵنیایی بگەیەنن.

وەک دەنگبێژێکی خەمخۆر کە گۆرانی بۆ هەر چوارپارچەی کوردستانە بە زۆر دابەشکراوەکەم دەچڕم، ئاواتەخوازم ئەم رەوتە ریزەکانی کۆمەڵەش بگرێتەوە و ئەوانیش ببنەوە کۆمەڵەکەی جاران، بەڵام بە هزر و بیری پێکەوە کار کردن لە گەڵ حیزبی دیموکرات و هێزەکانی دیکەی نێو گۆڕەپانی کوردایەتی. 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی