دابەشبوونی کوردستان بە سەر چەند وڵاتدا، بۆ بەرخۆدانی رۆڵەکانی نەتەوەکەمان بۆ ئازادی، گرفتی زۆری دروستکردووە و ڕابوونی هەر بەشە بە پێ هەلومەرجی ئەو بەشە بەڕێوە دەچێ.
ئەمە لە لایەک و پاوانخوازی هەندێک لە رێکخراوە کوردییەکان و هەست نەکردنیان بە بەرژەوەندی نەتەوەیی لە لایەکی دی، بۆتە هۆی ئەوە هەندێکیان کەمتر لە بیری پاراستنی برایەتی و بیری نەتەوایەتی دابن. هەر بۆیە هەر ئەوانە لە دەرفتێک بۆ گرێبەست لەگەڵ داگیرکەرێک، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ناوچە و ڕێکخراوەکەیان، با بە زیانی رێکخراوێکی هاوچارە نووسی بەشێکی دیش بێ، کەڵک وەردەگرن!
ئەم ڕەوتە چەوتە و بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە پڕ لە هەڵە و پەڵە وایکردووە ببنە چاوساقی داگیرکەرێک و پەلکێشی بکەن بۆ سەر هاوچارەنووسەکانی بەشێکی دیکە لە شوڕشگێڕانی هەرێمێکی دن تا لە خاکی ئەوان و تەنانەت لە خاکی خۆیشیاندا، دایانپڵۆسێنن، خوێنیان بڕێژن و ئەگەرکرا یارمەتیان بدەن سەرکردەکانیان باوێژنە نێو ماشینی ئاژەڵهەڵگر و بە شاراندا بیانگێڕن و بە بۆچوونی خۆیان، بیانکەنە پەندی زەمانە!
بە لەبەرچاوگرتنی بیرئانی مێژوویی، ئێستا کە بە بیانووی بەرەو رووبوون لەگەڵ تێرۆریستەکانی داعش، ئێران بە سوپایەکی زۆرەوە، لە هەرێمی کوردستان، فرتوفاتیەتی، و بە لەبەرچاوگرتنی بەڕێوە چوونی ئەو سیاسەتەی دوستە خۆشفەرمانەکانی ئێران، ئەگەری ئەوە لە بناگۆێدایە کە رێگای بەو سوپایە بدرێ، دەستەویەخە، لە نەکاو، هێڕش بکەنە سەر دێموکرات وکۆمەڵەکان، و رووداوی مێژوویی بئافڕینن و گویا دوستەکانیشمان، بە دەربڕینی کەسەری نابەدڵی خۆیان، بە سەر ئەو ئەنفالەشدا تیپەڕن!!!
هەر بۆیە پێویستە، شوڕشگێڕانی رۆژهەڵات هەم هۆشیار بن و هەم بیر لە رێگا چارەیەکی گونجاو بکەنەوە. دەنا دوای ئەو رووداوە چاوەروانکراوە!، ئاخ و داخ دەربڕین هیچ دادێک نادا. ئەو ئازیزە لە قەفەسکراوانە، نابێ بە خۆش بیینییەوە سەیری رەوتەکە بکەن، دۆخەکە زۆر هەستیارە و ویژدانەکە یان هەرنییە یان ئەگەریش هەبێ، زۆر لاوازە! بەو هیوایە بەرلەوە رووداوی لەو چەشنە، گەروومان بگرێ، ئێمە بە مشوور خواردن، گەرووی بگرین و خۆ لەو بەڵا پیسە بپاریزین.
خەلیقی، ٢٢-١٢-٢٠١٥