"an independent online kurdish website

هەڵگەڕانەوەی چارەنووسی کورد لە پلەی ژێرەەوە بۆ پلەی سەرەوە   

بیرۆکەی سەدام:” کەمەربەن’ حیزامی عەرەبی’ و  ئەنجامەکەی! ”    mejid-kakeweisi-2014

ڕژیمی سەدام شەڕی هەشت ساڵە و کوشت و کوشتارەی کورد و وێرانکاری تینوویی نەشکاند؛ لە خۆ بایی ببوو..!  سەدام بە بانگهێشتن کردنی، ( مەلیک حسینی پاشای ئوردون، حوسنی موبارەکی سەرۆککۆماری میسر، و  عەلی عبدللە سالح سەرۆککۆماری یەمەن) و بۆ خۆی لە بەغدا ویستی ” حیزامی عەرەبی” دروست بکات و پیشانی جیهانی بدا کە سەرکردەیەکی ئومەی عەرەبییە و دەیەوێ حوکمی زیاتری وڵاتانی عەرەبی بکەوێتە چوارچێوەی بیرۆکەی قاعیدی گشتی و ڕاماڵێنی هەموو ئەوانەی دەبوونە کۆسپ لە ڕێگایان.!!!

خوا کردی، پلانەکانی بۆ نەچوونە سەر و هەر ئەو لە خۆ باییەی وای کرد هەر دوای ئەو کۆبوونەوە و بیرۆکەیە، پەلاماری کووەیتی بچووکە وڵاتی بندەستی خۆی بدا و لە چاو تروکانێکدا لە ساڵی ١٩٩٠ز. داگیری کرد و چەسپاندی بە عێراقەوە و ناوی نا پارێزگای نۆزدە.!

ئەوە بوو پاش ماوەیەکی کورت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر داوای دەوڵەتی ئەو کاتی ئامریکا و مەترسییەک کە هەستیان پێدەکرد،  لە دەورانی جۆرج بوشی گەورە، ئەو پەلامار و داگیر کارییەی سەدام مەحکوم کرا و هەر دوای ئەوە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا و دواتر زۆربەی ولاتانی جیهان و بە تایبەت وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین هاودەنگ بوون دژ بە سەدام و دەستدرێژییەکانی و مەحکومیان کرد… دوای چەندین بڕیار و قەتعنامە و سزای ئابووری و سەربازی، لە بەرامبەر بەرهەڵستکاری و ملهوری و سەرپێچییەکانی سەدام ڕیگا درا بە ئامریکا و هاوپەیمانانی کە هێرش بکەنە سەر سوپای ڕژیمی بەعس لە کوویت و وەدەریان بنێن.. ئەوە بوو کە هەر زۆر زوو ” زەرب ولعەجەل” بە سەدام و ڕژیم و سوپاکەی درا کە بکشینەوە و کوویت چۆڵ بکەن. بەڵام سەدام سەرپێچی کرد و بە گاڵتەی لێهات!!. هێرش بە توندی دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کورت، بە هێرشی ئاسمانی و دواتر زەمینی، ماشینی شەڕەنگێزی و دڕندەیی سەدام و سوپاکەی تێکڕۆخا و ئامریکا و هاوپەیمانان بەو دەردەیان برد کە تا مێژووی مرۆڤایەتی بمێنێت باسی لێوە دەکات.

ڕاپەڕینە گەورە و گشتگیرەکەی عێراق لە ساڵی ١٩٩١ز

سەدام و ڕژیمەکەی لە دوای ئەو شکستە گەورەیی کە بە شکان و دەرکردنی لە کوویت لە لایەن ئامریکا و هاوپەتمانان توشیان هات، خرانەوە ناو پێستی خۆیانەوە و لوتیان شکا. گەلی تینوویی ئازادی کوردی باشووری کوردستان- عێراق و شیعەی خواروو، هەلیان بۆ هەڵکەوت و لەو بۆشایی و تێکڕووخانەی سوپای بەعس، هەلی زێڕینیان بۆ هەڵکەوت و هاتنەوە ناو گۆڕەپانی خەباتی شارەوە و بە یەکدەنگ پەلاماری پاشماوەی دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعسیان دا کە دەیانساڵ بوو بەو پەڕی بێشەرمی و دڕندوییەوە مێژوویی پڕ قێزونی خۆیان تۆمار ئەکرد و خەڵکیان ئەچەوساندەوە، و دەم و گوێ و قاچ و باڵی وڵات و زۆربەی دانیشتوانیان ئەبڕی ئەبەستەوە!!..

هەرچەند هاوپەیمانان و سیاسەتی ڕۆژئاوا نەیویست ئەو کات سەدام لە ناو بچێت، بەڵام بۆشاییەکی گەورە دروست بوو بۆ دەنگی ئازادیخوازان و ئەوە بوو کورد لەو بەشە پاش نەهامەتییەکی زۆر، بە خۆشیەوە بوونە خاوەنی خۆیان و بوونە سەنگ و پارسەنگێک، کە حکومەتی بەغدا ناچار بوو حیسابیان بۆ بکات.. کوردستان هەر هەمووی بە کەرکوکیشەوە لە نەورۆزی ساڵی ١٩٩١ز. سەرپاک ئازاد کرا..

دواتر سەدام کە هندێک هاتەوە سەرخۆ بە لەشکرە شکاوەکەیەوە دیسان پەلاماری کوردستانی دایەوە.. بە شەڕی تانک و تۆپ و تەیارە و شەڕی ڕەوانی گوایە دیسان کیمیاوی دەڕژێنێتەوە!!. گەلی کورد لەو بەشەدا زۆربەی لە ترسا کوردستانیان بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیە جێهێشتەوە و کۆڕەوە ملیونیەکەی ٩١ز. لێکەوتەوە کە بە داخەوە لەو کۆڕەوە ملیونییەدا کورد ئەوجا هەستی کرد کە بێ پشت و پەنایە و تەنیا شاخەکانن دۆست و پارێزەری کوردن!!.

بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە سەدام پەلاماری دایەوە، و تا سنوورەکان کورد دیسان ڕەویان کرد و ماڵ و حاڵ و سامانی گیانی و ماڵییان لە دەست دا.!! لەو ڕووداوە تاڵەدا بە هەزاران ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە جێمان و بوونە ژێر پێلەقەی دوژمنای دڵ بە قین و فەوتان و بێحورمەتی پیکران!! بە سەدان هەزاران لە ڕێگا و شاخ و چۆمەکان کوژران، خنکان و لە برسان و لە سەرمانا مردن و لە ناو چوون!!!

 – ئەو کارەساتە و باسکردنی بە چەندین کتێبیش تەواو نابن.. بەم باسە کورتە و بەم ئاسانییە چۆنین دەتوانم من باسیان بکەم!؟.. هەر ئەوانەی کە لەو ڕووداوانەو لەو ئازارو ژانانە تێدەگەن کە لە جەرگەی ڕووداوەکاندا بوون و بە سەریان هاتووە و بینەری بوون..!!

بە هەرحاڵ دوای ماوەیەک لە ڕێگای خێرخوازان و ڕۆژنامەوانانی ئازادی خوازی جیهانیەوە و مرۆڤدۆستانی ناو دەسەڵاتە گەورەکانی جیهانەوە ئەو کۆڕەو و رووداوە تاڵانەیان ڕۆژانە دەگواستەوە بۆ ناو کۆڕ و کۆبونەوەکانی خۆیان و ناو دام دەزگا دەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە تا وای لێهات پشتیوانەیەکی گەورە بۆ کورد لەو بەشە هاتە ئاراوەو و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاری دۆستانی گەلی کورد بڕیارنامەی دژە فڕین و دەسەڵاتی سەدامیان سنووردار کرد و کورد کەوتە ژێر چەتری ڕێکخراوە مرۆڤدۆستە جیهانیەکان و پاشان حەوایەوە..

با بۆ مێژوو ئەوەش باسبکەین؛ دوو بڕیارنامەی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دژی پەلامارەکانی سوپای سەدام بۆ سەر شیعە لە خوارووی عێراقو و کورد لە باشووری کوردستان، بە ناوی هێڵی ” ٣٢ و ٣٦ ” دانران. هێڵی ٣٦ کە بۆ پاراستنی کوردەکان لە دەرەوەی سلێمان و هەولێرەوە دانران و زیاتر ناوچە شاخاویەکانی کوردستانی دەگرتەوە، کە ئەوەش بۆ خۆی جێی مش و مڕ و پرسیاری زۆرن لە ڕوانگەی سیاسیەوە، بەڵام دەستی سەدام و سوپاکەی لەو ناوچە دژە فڕینانە بڕی و سیاسەتی کوردی لە ژێر ئەو سێبەرەدا هنێک گەشەی بە خۆیەوە دی و کورد ڕێکارێکیتری بۆ هەڵکەوتەوە…

لەو لاشەوە ئەو شۆڕشەی شیعەی خوارووی عێراق کە ماوەک بوو دژی سەدام بە هاوکاری ئێران دەستی پێکردبوو و دواتر و دوای شەڕی کوویت ئەوانیش خەباتی جەماوەرییان وەڕی خست و پەلاماری دام و دەزگاکانی ڕژیمی بەعسیان دا و لە ناوچە و شارە شیعەنشینەکانی جنوبی عێراق وەدەریان نان، ویستیان ئەوانیش ببنە خاوەن دەسەڵات و خۆ بەڕێوەبەری لەو بەشە گەورەی عێراق کە زۆربەی شیعەن، دامەزرینن… بەڵام سەدام هەر زۆر زوو کەوتە گیانیان و پەلاماری هەمەلایەنەی کردە سەریان، بە هۆی ئەوەی کە ناوچەکانی خوارووی عیراق دەشت و سەحرای بێ بڕانەوەن و کاری سەربازی ئاسانترە، کۆمەلکۆژی ئەنجام دا و توانی زوو کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکاتەوە و شۆڕشی شیعە کە بۆ خۆشیان تاوانبار بوون و ئێران دەست و پشتی سەرەکی بوو، بڕۆخێ و بکەونەوە ژێر دەستی ڕژیمی بەعس و بە ئارەزووی خۆی بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەوەی پێی کرا بە شیعەی عێراق کرد!.

دەسەڵاتی کورد، پاڕلمان و حکومەتی ئیقلیمی و ڕژیمی سەدام،..

کات ڕۆیشت و گۆڕانکاریەکان بە جۆرێکیتر بۆ هێور کردنەوە بایان دایەوە، دوای ئەوەی هیچکام نەیانتوانی لایەنی بەرامبەر لە ناو بەرن، و سیاسەتی ڕۆژئاواش هێشتا نەیدەویست سەدام بە تەواوی بڕووخێنێ، لایەنی کوردی و سەدامی کەوتنە پێوەندی و وت و وێژ کردن بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ یەک..

وەفدی کوردی دوای ئەوەی هاوپەیمانیەکیان پێکهێنا بوو، لە ڕێگای ناوبژیوانەوە و بە زەمانەت سەرانی پارتە کوردیەکانی باشوور چوونەوە بەغدا، ماچ و مۆچی سەدامیان کرد و ملکەچ بوونەوە بە دانی مافێک کە سەدام دەیویست بیناداتێ…!!! بە هەر حاڵ ئەوەش چیرۆکی خۆی هەیە و چەندە سەرانی کورد ڕیسوا یان سەرکەوتوو بوون، وە یا خۆ چەندە سیاسەتی دەرەکی هاندەر و پشتیوان یا خۆ پێچەوانە بووە… مێژوو باسیان ئەکات.. من ناچمە سەر وردەکارییەکانی.

لەماوەی ١٠ ساڵی نێوان ١٩٩٢-٢٠٠٣ ز.  کورد لە هات و چۆی بەغدا لە گەڵ سەدام، و وت و وێژ و نیمچە خۆ بەڕێوەبەری، لە کوردستان، چەندین کێشە و شەڕی گەورە سەریان هەڵدا و هەرکام بە جۆریک ئەسپی خۆیان تیا تاودا. کورد لەو مابەینەدا توانی تا ڕادەیەک دەسەڵاتی نیمچە خۆجەیی دامەزرینێت، هەڵبژاردن بکات و پارڵمان دامەزرێنێ و وەزیر و کابینەی وەزەرا و حکومەتی ئیقلیمی دروست بکات. ئەوە بوو لەو ماوەدا زۆر کاری گرنگ و بە نرخیان ئەنجام دا و کورد گەلێک بووژایەوە.

بەڵام ئەوەشمان لەبیر نەچێت پارتەکان لە ململانێی سیاسی کە دواتر لە پوختەیەکدا باسیان لیوەدەکەم بوون بە هۆی زۆر ئاڵۆزی و شەڕ و کێشە و قیرانی ئابووری فەرهەنگی و بەرژەوەندی تەسکی سیاسی و حیزبی، کوردیان لێک تووڕەو دڕدۆنگ کرد و لە ئامانجی خۆیان وە پاشیان خستن.

لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا ئەوەندە کاری باشیان ئەنجام دابێت زیاتر بە خۆیان و بەرژەوەندی تاک و شەخسی و بنەماڵەیی خەریک بوون… تەنانەت بۆ ئەو کارانەیان هەرکام دەسەڵاتی بیانی و دوژمنانیان بۆ کوردستان ڕاکێش کردووە و بۆ یەکتر شکاندن و لە ناو بردن، بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی پاراستنی دەسەڵاتی حیزبی، خۆیان خستە ژێر چمک و دامەنی دوژمنانی گەل و نەتەوەوە!!…

بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و یەکتر بڕینەوە و شەڕی براکوژی

لەو ماوەیەدا ئەوەندە خەریکی یەکتر بڕینەوە و ڕاماڵینی یەکتر، و کێشە و ململانێی حیزبی و پەڕۆی زەرد و سەوز، بوون؛..، ئەوەندە دەستەو دامانی ڕژیمەکانی ئاخوندی و سەدامی بوون،؛..  نیو ئەوەندە لە بەرژەوەندی کورد و ئاسایشی گەل و نەتەوەو نیشتماندا نەبوون!!. دزی و گزی و فێڵ و تەڵەکە لە هەڵبژاردن، دواتر ( فیفتی فیفتی)، کە چی نەیانتوانی پێک بێن. پاش ماوەیەکی کورت پاڕلمانیان داگیر کرد و لایەنێکیان لە مەیدان وەدەرنا.. و ئەوانیش بە هاوکاری سوپای بەعس دیسانەوە ئەویتریان ڕاونایەوەو لە سنوور وەدەریان نان.!! شەڕێکی هەمەگیر و ماڵوێرانی هەموو کوردستانی گرتەوەو ناهۆمیدی زۆری لە ناو کۆمەڵگای کوردی دروست کرد و باوەڕی جیهانی لە مەڕ ناتوانی کورد لە سیاسەت و حکومەتداری وەڕاست گێڕا!!

شەڕی براکوژی زەرەر و زیانێکی وای لە کورد و کوردستان و پەیکەری هەردوو حیزبدا کە بە دەیانساڵیتر قەرەبوو ناکرێنەوە!!.. بە هەر حاڵ ئەو ڕووداوانە زۆر کوردیان وەپاش خست و دۆستانیان لە مەڕ حکومەتداری کوردی دڕدۆنگ و ناهۆمید کرد.. بەڵام بە هاوکاری و بە زەبر و جەبری زەمانە و هاوپەیمانانی سەدام ڕۆخێن و بەرژەوەندیخوازی ڕۆژئاوا، ناچاریان کردن کە پێکەوە مدارا بکەن، دڵخۆشیان کردن بە هندێک هاوکاری سیاسی و ئابووری و بۆیە ناچار کران واز لە شەڕی برا کوژی بهێنن و دەسەڵاتی خۆجەیی کورد لە باشوری کوردستان بپارێزن. چونکی سیاسەتونانی ڕۆژئاوا دەیانزانی گۆڕانکاریتر دێنە ئاراوە..

–  ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئامریکا لە سەروویی هەموویانەوە، بە ڕێبەرایەتی جۆرج بوشی کوڕ کە هاتە سەرکار، ساڵی ٢٠٠٣ز. پاش ئەوەی زانییان سەدام ئیتر کارتێکی سوتاوەو بە کەڵکیان نایەت، پلانیان داڕشت و سەدامیان لە کۆڵ عێراق کردەوە و ڕژیمی بەعسیان ڕووخاند. ئەوەش پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ لە هێشتنەوەی سەدام و مامەڵە و بازرگانیەکانی خۆیان لە تەک سەدام، و تاڵانکردنی نەوت و کانگا ژێر زەوییەکان و وەرگرتنەوەی چەندین بەرابەری ئەو قەرز و هاوکارییانەی کە بە عێراق و حکومەتی بەعس کرابوو وەر گرتەوە…

وەرچەرخانی مێژوویی لە عێراق.

ساڵی ٢٠٠٣ز. وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بۆ هەموو گەلانی عێراق و بە تایبەت کورد لەو بەشە. کورد تا ٢٠٠٣ز هەر بە تەنیا لە کوردستان و بە لەرزۆکی لە دەسەڵاتی خۆیان دەڕوانی،  بەڵام هەر دوای ڕووخانی ڕژیم و لابردن و دواتر گرتنی سەدام و زیندانی کردنی لە لایەن سوپای ئامریکاوە لە عێراق، کوردەکان و بە تایبەت ”  پارتی و یەکێتی” ترسیان ڕەوییەوە و کەوتنە پەل و پۆ هاوێشتن بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و حکومڕانی لە عێراق و کوردستان.

پاش ماوەیەکی کوررت کوردەکان جێگای سەرۆککۆمارییان گرت و مام جەلال تاڵەبانی کە تا ئەو کات سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو بە سەرۆک کۆماری عێراقی ئاڵۆز و پڕ کێشە و قەیران، لەو لاشەوە کە هەر دوولا هەر بەڕێککەوتن بوو سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی پڕ قەیرانی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی درا بە مەسعود بەرزانی. هەچەند هەردوو لە کەم کۆڕی و هەڵە بەدەر نەبوون و نین، بەڵام ” الحق و الانساف” هەر دوولا نەخشی گرنگ و کاریگەریان هەبوو لە هەردوو بەشی گشتی و ناوچەیی و توانییان بە هاوکاری دۆستانی دەرەوەو ناوەوە تا ڕادەیەک ئاسایش و سەرۆکایەتی خۆیان بپارێزن و تۆمارێکی گرنگ بخەنە سەر خەرمانی مێژویی گەلەکەیان.

هەر وەک لە سەرەتاوە مەبەستی من زۆرتر هەڵسەنگاندن و لێکچوونەکان بووە لە هەموو مێژوویی سیاسی شۆڕشە کوردیەکاندا، بەڵام جێگای بوو کە ئەو چەند خاڵە بخەمە بەر چاوی خوێنەران. هەروەها خزمەتتان بکەم کە ئەو ئاڵ و گۆڕانەی لە عێراقی دوای سەدام پێکهاتن بەشێکی لە سەرشانی کورد هاتنە ئاراوە. هەر چەندە لە چاو هندێک کەس و تاکی کوردەوە نابەجێ بوو مانەوەی عێراقێکی واحید و بەردەوامی، بەڵام لە سەر دەستی کورد و کوتلەی کوردی و سەرۆکی کورد بتەو کرا، و یەکگرتوویی و حکومەتی ناوەندی دامەزرا و هەماهەنگی دروست بوو.. دەزانم هێشتا لە لای بەشێکی ڕووناکبیری کوردەوە کارێکی خراب و کورد قازانجی ئەوتۆی لێ نەکرد، بەڵام مێژوو تۆماری کردوون کە کورد لە ئارام کردنەوەی ئەو هەموو ئاڵۆزیانە دەستێکی گرنگی هەبوو و توانییەتی ناوبژیوانی بێگانە بکات، کە چی بۆ خۆی تا ئیستاش نەیتوانیوە ناوماڵی خۆی ڕێک بخات!.

درێژەی هەیە…

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی