"an independent online kurdish website

دوای هێرشی هێزەکانی داعش بۆ سەر عێراق و داگیریکردنی پارێزگای موسڵ و داوابەدوای ئەوە دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لەو شارە، هەڵاتنی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لەلایەک و خۆڕاگری پێشمەرگەکانی کوردستان لەلایەکی دیکەوە بووە هۆی ئەوەی ناوی “پێشمەرگە” ببێتە مانشێتی زۆربەی میدیا بەناوبانگە جیهانییەکان.arselan_yar_ahmedi15

 

دەرکەوتنی ناوی پێشمەرگە لە میدیا جیهانییەکان وەکوو هێزێکی بەرگریکار و خۆڕاگر لەهەمبەر تیرۆریستەکانی داعش بووە هۆی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی بەشێوەیەکی راستەوخۆ یارمەتی لۆجێستیکی و سەربازی بدەن بەهێزەکانی پێشمەرگە و تەنانەت هێندێک لەوڵاتانیش وەکوو ئاڵمان راهێنان بە پێشمەرگەکان بکەن و ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە کە یەکێتی ئەورووپا لەباشووری کوردستان بنکەی نوێنەرایەتی بکاتەوە، کە لەبواری سیاسییەوە دەتوانێ دەستکەوتێکی گەورە بۆ کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان بێت.

 

بێ گومان پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوایی لە هێزی پێشمەرگە و نەتەوەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ خۆڕاگری و داکۆکی لە مافەکانی نەتەوەی کورد و هەروەها هەموو پێکهاتە ئایینی و تەنانەت نەتەوەکانی دیکەی وەکوو عەرەب و تورکمەن بەبێ فەرق و جیاوازی لەو ماوەیەدا لەلایەن هیزی پێشمەرگەی کوردستانەوە.

 

هێزێک کە بەهەموو تواناوە بەرەنگاری خوێنمژترین ترۆریستانی سەدە کە سەربڕین و ئاوخواردن وەکوو یەک وایە لایانەوە و لەژێر ناوی ئیسلام خەڵک سەر دەبڕن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان و لەبازاڕەکان وەکوو کۆیلە دەیانفرۆشن، بووەتەوە.

 

بەداخەوە لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرین لەماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئەو داعشیانەی کە بەدەستی پێشمەرگە کوژراون و لاقی لەسەر سینگیان دانراوە و یان تەرمەکانیان بەردباران شوێندراوە و بەردباران کراوە و تەنانەت لەحاڵەتێکیشدا تەرمی یەکێکیان بەستراوەتەوە بە ئۆتۆمبیلێک و لەسەر شەقام رایدەکێشن ، بڵاو بووەتەوە!

 

ئەمە راست ئەو داوەیە کە دوابەدوای پشتگیری بەرینی رۆژئاوا لەهێزی پێشمەرگە و نەتەوەی کورد دوژمنانی ناوچەیی کورد لەسەرووی هەمووشیانەوە ئێران بۆ کوردیان داناوە و بەداخەوە خەریکە سەرکەوتوو دەبن.

 

داوێک کە کاڵ کردنەوە و لە ئاکامدا کۆتایی هێنانی پشتگیری وڵاتانی رۆژئاوایی لە هێزی پێشمەرگە و سەر لەنوێ تەنیا مانەوەی کورد و ملکەچ و چاولەدەستبوونی لە دوژمنانی خۆی کردووەتە ئامانج .

 

کێن ئەوانەی کە ئەو جۆرە وێنانە بڵاو دەکەنەوە؟

بە بروای من ئەو کەسانە دوو دەستەن؛ دەستەیەکیان ئەوانەن کە دەیانهەوێ شکستە حیزبییەکانی خۆیان بشارنەوە و بەشێوەیەکی نائاگاهانە و نەزانانە بەبڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە دەیانهەوێ ورەی هاوبیر و هاو حیزبییەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە!

 

بەڵام دەستەی دووهەم کە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەباتی رەوای گەلی کورد بەئەژمار دێن، ئەوانەن کە بەشێوەیەکی تەواو ئاگاهانە و پلان بۆداڕێژراو و لەژێر کاریگەری وڵاتانی دراوسێی کورد خەریکە خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بنکۆڵ و ناشیرین دەکەن.

 

بەداخەوە ئەوەی کە جێگای سەرەنجە ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر کە بەشێکیان کەسانی ناسراون لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەبێ بیر کردنەوە کە ئاکامەکانی بڵاو کردنەوەی ئەو جۆرە وێنانە، بەشێوەیەکی بەرین دەستیان داوە بە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە کە لەراستیدا هیچیان لەهەڵس و کەوتەکانی داعش کەمتر نییە.

راستە ئێمەی کورد زامارین، راستە کچان و ژنانمان دەستدرێژیان کرایە سەر و وەکوو کۆیلە فرۆشران، راستە دەیان پێشمەرگە و رۆڵەی بە ئەمەگی ئەم خاک و ئاوە بەدەستی ئەو هێزە سەدە نێوەڕاستییە سەر بڕدراون ، بەڵام ئاخۆ کردەوەی هاوشێوەی ئەوان برینەکانی ئێمەی کورد ساڕێژ دەکات؟ ئایا “حۆجام سورچی” یەکان دەگەڕێنەوە؟ ئازار و مەینەتی ١٠ منداڵەکەی کەم دەبنەوە؟ بە دڵنیاییەوە وڵامی ئەو پرسیارانە نەیە.

 

کەوا بوو ئەرکی تاکی کورد ئەوەیە بە هەست کردن بە بەرپرسایەتی و رەچاوکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، نەک هەر ئەو جۆرە وێنانە کە بەداخەوە زۆر جار جلی کوردی و ئاڵای کوردستانیش وەک دوو هێمای نەتەوەی ئێمەی کورد تێیدا دەبیندرێت بڵاو نەکەینەوە ، بەڵکوو پێش ئەو جۆرە کردەوانە بگرین و داوای بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئەو کەسانە بکەین کە ئەو جۆرە وێنانە دەکێشن و بڵاویان دەکەنەوە.

لەکۆتاییدا دەبێ بڵێم جێگای خۆیەتی کە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەرووی هەموویانەوە بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێم پێویستە لەسەر ئەو کردەوە قیزەونانە هەڵوێستی لێبڕاوانەیان هەبێت و ئیزن نەدەن لەژێر ناوی پێشمەرگە و هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد کردەوەی هاوشێوەی کردەوەکانی داعشی بێزراو و تەکیک کەوتوو لە کۆمەڵگەی جیهانی ئەنجام بدرێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی