"an independent online kurdish website

کاتێک دوو مرۆڤ لە دوو ڕەگەزی جیاوازدان هەر دوو تەواوکەری یەکترین و پێکەوە بڕیاری هاورسەرگیری ئەدەن و ئەبنە دوو هاوسەر بۆ پێک هێنانی ژیانێکی هاوبەش و لەکۆمەڵگەشدا پێیان ئەوترێت (ژن و مێرد) gelawej_muhammadi14

کاتێک ژن و مێرد وەک سروشتی ژیان خێزان پێکەوە ئەنێن، دەبێ لەسەر بنەمایەکی دروست بێ، هەوڵ نەدەن ڕاستییەکان پشت گوێ بخەن، بەپێی پێویست لەکێشە و کەم وکورتییەکانی لەژیانیاندا هاوکار و پشتیوانی یەکتر ببن و ببنە ئاوێنەی باڵا نوێنی یەکتر و کەم و کورتییەکانیان نیشانی یەکتر بدەن، تا بتوانن چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزنەوە .

بەڵام بە داخەوە زۆرجار پێچەوانەی ئەم ڕاستیانە دەجوڵێنەوە و دەبنە دوو جەمسەری جیاواز لە چوارچێوەی خانەوادەیەکی هاوبەشدا و دەبنە دوو قوتبی زۆر خەتەر ناک لەماڵێکدا و بەردەوام لەنێو کێشە دەبن و کێشەکانیش دەگاتە ئەو ئاستەی کە لە ئاکامدا خانەوادەکە بەرەو سەقەتی و فەلەجی بەرێت.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە …
کێن ئەو کەسانەی کە ئەبنە قوربانی لە نێو ماڵێکی پڕ لە کێشە و دوو بەرەییدا؟
بێگومان مناڵەکان،
منداڵ لە کاتی هەرزەکاری و کامڵ نەبوونیدا و کاتێک هزر و بیر و عەقڵی جێگیر نەبووە، مێشکییان وەک کاغەزێکی سپی و سادەیە و هەرچییان لەسەر نووسرا بێت هەر ئەوە ئەبینن و چاوییان هیچیتر نابینێت، ئەو کاتە خەتەرترینە بۆ منداڵ.
هەندێك جار بەداخەوە بڕێک لەو دایک و باوکانە کە کێشەی ناو خێزانیان هەیە،هەر یەکە بۆ بەدەست هێنانی دڵی منداڵەکانیان خۆیان ئەبەنە پێش لێیان، بەتایبەت دایکان هەوڵ ئەدەن کچەکانیان بەلای خۆیاندا ڕاکێشن و باوکانیش کوڕان.
بەم شێوەیە هەر دوولا بۆ تۆڵەکردنەوە لەوی تر و قەرەبووکردنەوە و داپۆشینی خاڵی لاوازی خۆیان، پەنا ئەبەنە بەر پاکانە کردن و خۆ دزینەوە لە ڕاستییەکان و هەوڵ ئەدەن لای منداڵەکانیان هەمیشە خۆیان بەفریاد ڕەس و فریشتە پێناسە بکەن و بەرامبەرەکەیان بە فەوتێنەر و کەمتەرخەم لە ژیانی خێزانەکەیاندا تۆمەتبار ناو بەرن.

زۆر جارێک ئەم جۆرە کەسانە لە پێناو پاکانە کردنی خۆیان و خراپە کردنی بەرانبەرەکەیاندا، مناڵەکانیان بەکار دەهێنن وەک چەکێک بۆ دژایەتی کردنی بەرانبەر، ئەم شێوە کارانەش زیاتر لە پێناو ئاسودە بوونی ناخ و ڕاماڵینی ئازارەکانی ناودڵیان کە پێشتر بەدەستی بەرامبەرەکەیان چەشتوویانە، ئەنجام دەدرێت. ئەم شیوە ڕق و تووڕەییە وا دەکات تەنانەت لە بەکارهێنانی منداڵەکانیشیاندا هەنگاوی جدی هەڵگرن و بە کارێکی باش و ڕەوای بزانن کە لە بەردەم منداڵەکانیاندا خۆیانی پێ شیرین بکەن.

بەڵام بە پێی تەجروبەی ژیان و پسپۆڕانی باواری دەروونی،ئەو شێوە بیرکردنەوەیە کارێکی زۆر هەڵەیە و هەرکام لەو دایک و باوکانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەن و بەو شیوەیە بیر دەکەنەوە، نەک هەر قازانج ناکەن بگرە ئەو ڕیز و شەرمەی جارانی لای مناڵەکانیشیان نامێنێت و شیرازی خێزانیش لەدەست ئەدات.
خێزانی کێشەدار و خانەوادەی فەلەج ناتوانێ منداڵێکی تەندروست و بەهرەمەند بخاتە نێو کۆمەڵگاوە کە سوودی بۆ کۆمەڵگا هەبێت، بگرە مناڵێکی دەروون نەخۆش و نا تەندروست ڕادەستی کۆمەڵگا دەکات و تەنانەت ئەو مناڵانەش ئەبنە هەڵگری هەمان پیشەی دایک و باوکیان و ڕق و تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوە لەناخیاندا گەشە ئەکات و لێبوردن لەناخ و دەروونیاندا دەگمەن بەدی دەکرێت.

خێزان ئەگەر خێزانێکی تەندروست بێت یان نا تەندروست وەک یەکەم قوتابخانەیە بۆ منداڵ و دایک و باوکیش یەکەم مامۆستا دەبن بۆ منداڵ ونەوەکانیان، بۆیە خێزانی تەندروست و باوک و دایکی شارەزا تەئسیریان هەیە لەسەر پەروەردە کردنی منداڵی تەندروست.

لە کۆتایدا هیوادارم ئەگەر هاتوو ئێمەی دایکان و باوکان نەمان توانی کێشەی خێزانی خۆمان چارەسەر بکەین، بتوانین هەوڵی ئەوە بدەین کە مناڵەکانمان نەخەینە ئەو قۆناغەی کە ببنە قوربانی کێشە و نەگونجانمان لەگەڵ یەکدا.
بەهیوای سەرکەوتنی هەموولایەک لە بواری خێزانیدا .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی