"an independent online kurdish website

شۆڕشەکان بەردەوام خاڵی گۆڕانکاری لە مێژوی گەلانن. جا ئەم گۆڕانکاریانە هەندێ جار پۆزەتیڤ و هەندێ جار نگاتیڤە. لە هەمان کاتیش دا بە دەرفەتێکی گرنگ هەژمار دەکرێ بۆ هەندێ گەل کە توانای شکست دانی دەوڵەتێکی ناوەندی بەهێزیان نیە کاتێک دەوڵەتی ناوەندی لاواز یا نامێنێ ئەم دەرفەتە دەقۆزرێتەوە بە تایبەت لە مێژوی کورد دا چەندین جار ئەوەمان بەرچاو کەوتووە تەنیا کاتێک مەسەلەی کورد بۆتە ڕۆژەڤی وڵات کە ناوەندێکی لاواز هەبێ. alborz_rointen14

 کوردیش لە شۆڕشی گەلانی ئێران ئەم دەرفەتەی باش قۆزیەوە توانی داواکاریەکانی بەرز بکاتەوە و خاکی خۆی تا ماوەیەک بە بەرگریەکی بێ وێنە لە کاتێکی زۆر کورت دا خاکی ڕزگار بکات. لێرە دا دەمهەوێ پەیامی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە دوای ۳٦ ساڵ لە قەدەر تواناییمان شی بکەینەوە بزانین تا چەند ئەو پەیامە گونجاو لە هەمان کاتیش لە ئاست پێداویستیەکانی ئەم سەردەمەن. بێ گومان بابەتێک یا تەوەرێک ناتوانی هەموی ئەم باسە لەبەر بگرێ بەڵام بەکورتیش بێ ئەبێ باسی هەندێ خاڵی جەوهەری بکرێت.

 بۆ ئەم مەبەستەش چاوێک بەمێژوش دا دەخشین لێک دانەوەی پەیامی ئەو کات و ئێستای ببزوتنەوەکەمان دەکەین. دەردەکەوێ کە چەندە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی پێش کەوتوە یا نە. خاڵێکی جەوهەری کە لە کاتی شۆڕش دا وەکو خاڵێکی سەرکەوتن دەبینم ئەوەیە کە لەماوەیەکی کورت دا بزوتنەوەکە توانی بەشێوەیەکی تۆکمە خۆی نیشان بدات و ڕێک بخات و بەشداریی هەڵبژاردن

 بکات و هەیئەتی دانوستاندن کە پێک هاتبو لە هەموو حیزبەکان کەسایەتیەکان دروست بکات دواتریش هێزێکی چەند هزار پێشمەرگەی بۆ پاراستنی خاک ئورگانیزە بکاتن. بێ گومان لێرە دا ڕۆلی سەرەکی وەکو دەتوانین بە ڕێبەرایەتی بزوتنەوەکەش ناوزەد بکەین حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ئەستۆ گرتبو کە نابێ ڕۆلی لایەنەکانی دیش لە بیر بکرێ. تەنیا چەند مانگێک پێش شۆڕش بەشێوەیەکی جدی چەند ئەندامی ڕێبەرایەتی حدکا بۆ کاری سیاسی چوبونەوە نێو خۆی وڵات دا تەنانەت هەندێ جار باسی ڕووخانی ڕێژیمی شا بەسەر بزوتنەوەی کوردیش دا ناو دەهێنرێت ئەگەر بێت و ئەو کارانەی کە کران لەو ماوە کورتە دا بە چاوێکی ئینسافەوە سەیر بکرێت کارێکی زۆر گەورە کراوە.

 بێ گومان لە کەم و کورتی بەدەر نەبوە هەر ئەو کەم و کورتیانەش بونە ئەگەرێک کە کورد هیچی دەست نەکەوێ. بەڵام بۆ لێک دانەوەی دروست دەبێ هەر دولایەنی ئەرێنی و نەرێنی بە هەند وەربگیرێ و باسی لێ بکرێ. لێرە دا ناتوانین ڕوڵی ڕێبەرێکی کاریزماتیک کە زۆر بە باشی بزوتنەوەی سیاسی لە ئێران و کوردستان دا دەناسی خاوەنی جیهان بینیەکی نوێ دیپلوماتێکی زیرەک وەکو دوکتۆر قاسملووش لە پەیوەندی بەو باسە لە بەرچاو نەگیرێ.

 ئەگەر بێینە سەر خاڵە لاوازەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی ئەو کاتی کورد ،ئێستا ئێمە چەندە توانیمانە ئەو خاڵە لاوازانە چارەسەر بکەین دەتوانی باشتر لێکدانەوە بۆ پەیامی ئێستای بزوتنەوەکەمان بکەین کە ئایا لە ئاستێکی پێویست دایە؟ یەکەم خاڵی لاوازی بزوتنەوە نەبونی یەکگرتووی نێوان هەموو ئەکتەرەکانی نێو بزوتنەوەیە کە نەبوونی ئەو یەکگرتویە پەڕش و بڵاوی دەخاتە نێو بزوتنەوەکە لە هێزێکی بەربڵاو بۆ چەند هێزی گەورەو چوکە دابەش دەکرێن کە کاری دوژمن زۆر ئاسان دەکەن نەبونی پەیامێکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن بۆ خەبات کردن بۆ دانوستاندن بۆ زۆر شتی تر.

 تەنانەت ئەگەر ناکۆکی بکەوێتە نێوان لایەنەکان بەشەڕ و برا کوژیش کۆتای پێ بێت. بزوتنەوەکە تا ڕادەیەک دڵساردی لە نێوان کۆمەڵانی خەڵک دروست دەکات . ئەوە شتێکی نوێش نیە لە مێژووی کورد دا کە دەبێ دەرسی لێوەربگیرێ تا بمێنی سەرکەوتن کارێکی سەختە. دووەم خاڵی لاوازی بزوتنەوە نەگواستنەوەی شۆڕش بۆ شارەکان و کەڵک وەرگرتن لە خەباتێکی مەدەنی بەربڵاو کە ئەمەیان لەوانەیە لەڕویەکەوە دڕەندەی دوژمن ڕێگر بێ بەڵام لایەنێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئامرازی ئەم کارە یا نەبونی سیاسەتی دروست لەلایەن ڕێبەرایەتی بزوتنەوە کە پەیامی خۆی بەرێتە نێو کۆمەڵانی خەڵک و بیکاتە پەیامی نەتەوەیەک نەک ببێ بە بزوتنەوەی حیزبێک و لایەنگرانی حیزب.

 هەرچەند حیزبێک زۆرینە پشتیوانی میلەتێکی هەبێ بەڵام کاتێک کاریگەر دەبێ کە میلەت واتە بە هەموو لایەنەکانیەوە لە یەک ڕێز دا خۆیان ببینەوە. سێیەم نەبونی هاوکاری کوردەکانی پارچەکانی دیکە تەنانەت شەڕو ناکۆکی کە پیلانی هەمیشەی دوژمن بوە ئەمەشیان بێ کاریگەر نەبوە دەبێ کوردی هەر پارچەیەک ئەگەر بێت و هاوکاریش نەبێ زیانیش نەگەیەنێ دەتوانێ خاڵێکی گرنگ بۆ پێشکەوتنی بزوتنەوەکەمان بێت.

زۆرخاڵی تری هەیە بەڵام وەک جەوهەر ئەم سێ خاڵە بە ناوەکی باسەکەمان بۆ لێکدانەوەی پەیامی ئێستای بزوتنەوەکەمان کەڵک وەردەگرین من دەمتوانی بۆ هەر یەک لە خاڵەکان نمونەش بهێنمەوە وەکو بەڵگە بەڵام خوم دور دەگرم لە ناوهێنانی روداوی تاڵ وابزانم بە کەم تا کورتێک مەبەستەکەم پێکاوە . ئێستا دوای ۳٦ ساڵ بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد لە ڕۆژهەڵات لە شوێنێکی پێویست دا نیە.

 یەکەم هۆکار نەمانتوانیە دوای ئەو هەموو کاتە یەکگرتووی لە نێوان هەموو ئەکتەرەکانی بزوتنەوەکە دروست بکەین زۆربەی سیاسیەکانی ئەو کات کە خویان شاهیدی ئەوە بوون کە کورد لە نەبوونی ئەو یەکگرتنە زیانیان پێ گەیشت دیسان خاوەنی پەیامێکی هاوبەش بۆ ڕوخاندن و بەڕێوەبردنی خەبات و دوای ڕوخاندنیش نین کە تەنانەت جیابونەوە دورکەوتنەوە دروست بوە کە لەوبارە دەتوانم بڵێم بەرەو پاش چوین. ڕاستە ئێستا شەڕی برا کوژی ناکەین هەرچەند شەڕی براکوژی تا ڕادەیەک لە ساڵانی دوای لە نێو کورد دا دەتوانین بڵێین نەماوە ئەمەشیان وای کردوە کە دوست بین بەڵام نەگەیشتووە ئەو ڕادەیەی کە خاوەن بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ ڕوخاندن و دوای ڕوخان بین کە هێزێکی بەربڵاو دروست بکەین یا ئەوەی کە بەناوی بەرە دەگوترێ وجودی نیە.لە خاڵی دووەم دا گوڕانکاریەکانی ئێستا لە گەڵ کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران لە کۆمەڵگای کورد و هەروەها لە جیهان یەکجار زۆرن.

 لە ڕوی ئابوری و لە ڕوی فەرهەنگی ڕادەی خوێندەوار بونی خەڵک و ئامرازی پەیوەندیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیاندن و زۆر شتی تر کە دەتوانرێت بۆ خەبات کردن کەڵکی لێوەربگیرێت کە پەیای بزوتنەوە بچێتە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا تەنانەت وەکو دەبینین ئامرازێکی بە هێزی شوڕش هەڵگیرساندن لەبەربەردەست دایە بەڵام بە حوکمی بیرێکی بەڕێوەبەری کلاسیکی نەمانتوانیوە کەڵکیان لێ وەرگرین.

 کاتێک دەبینی هەر لەو چەندساڵەی دوای چەندین ڕێژیمی دیکتاتۆر لەڕێگەی ئەم ئامرازانەوە لە ناو چون لەم ڕێگەیەوە خەباتێکی مەدەنی دروست بوە بە ئامانج گەیشتوە واتە لە جیاتی خەباتێکی پارتیزانی کە نرخێکی گرانی هەیە تەنانەت دەتوانین خەباتێکی مەدەنی بەربڵاو بەم شێوەیە دروست بکەین کە بە ئەنجام گەیشتنی خەباتی مەدەنی ئیحتمالی زۆرترە لە پارتیزانی و هتد.. زۆرجاریش لە لایەن زۆر کەسەوە کەڵک وەرنەگرتنی هەمووی ئامرازە پێشکەوتوانە ناهێنرێتە بەرچاو نەبونی خەباتی چەکداری بە گرێ کوێرەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی دادەنرێ. من لایەنگری هەبونی هێزی چەکداری بەهێزو ڕێکخراوم چونکو ئەویش پێویستە بەڵام کاری گەورەتر بە ڕێگەی ئاسانتردەتوانین بکەین.

 لەم خاڵەیەش دا بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی پەیامێکی نوێی پێی نیە بۆ گەلەکەمان.لە بارەی خاڵی سێیەمەوە کورد بەگشتی ئیتر شەڕی یەکتر ناکات ئەوەیان خاڵێکی گرنگە بۆ نزیک بوونەوە لە ئامانجەکانمان بەڵام زۆریش هاوکاری یەکتر نین لێرە دا ئەوە بە باش دەزانم بەر لەوەی چاوەڕوانی هاوکاری هەر لایەنێک کورد یا غەیری کوردبکەین خۆمان لە بوارانەی کە باسمان کرد بە هێز بکەین دەتوانین هاوکاری ئەوانیش مسۆگەر بکەین چونکو ئەوانیش ناتوانن هاوکاری بزوتنەوەی ڕوژهەڵاتیش نەبن ئەگەر ئێمە بەهێز بین .

 لێرەدا وەک هەمیشە وێڕای ڕێزم بۆ هەموو ئەوانەی کە لە خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی دا قوربانیان داوەو هەمووی ئەوانەی کە ئاڵای خەباتیان دانەناوە هەر بەدەستی ئەوان تائێستاش شەکاوەیە بەڵام پەیامی ئێستای بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ئاست چاوەڕوانیەکان و پێداویستیەکانی ئێستا دا نابینم کە هەمان خاڵە لاوازەکانمان لە ۳٦ ساڵی ڕابردو هەمان بوو کەم و زۆر هەمانە کە هەوڵی هەموولایەنەی ئێمەی دەوێ بەهیوای ئەوە کە بتوانین کار بکەین بۆ ئەوەی خەباتمان لە ئاستێکی سەرکەوتوو سەردەمیانە بێت بۆ ئێستای کۆمەڵگای کوردیمان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی