ماوەیەک لەوە پێش، وتارێکم لە ژێرناوی”لە کۆیە بەڵا دەبارێ” بڵاوکردەوە و پیشبینیم کرد، پێوەندی بێسنووری یەکیەتی و ئێران لەوانەیە سەربکێشێتە لای ئەو کارەساتەوە کە یەکیەتی ڕێگا بە ئێران بدا،
هێرش بکاتە سەر دێموکرات! بە داخەوە وەک سەرەتا ئەم بۆچوونە وەڕاست گەڕا! دوو رۆژ لەمەوبەر نزیک ١٥٠کەسی دژە تێرۆر! بە چەکەوە، و گۆیا بە ناوی ڕاپێچکردنی تۆمەتبار یان تاوانبارێک بۆ دادگا، هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران! لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە” بۆ دەسگیرکردنی کەسێکی وەها، ١٥٠چەکدار پێویستە؟!” ئەگەر ناوچەکە جەنگەڵی و کوێستانییە و نیازی بە گرتنی ناوچە و کەلێن و قۆژبنی جۆراوجۆرە تا تاکە تاوانبار، خۆی دەرباز نەکا، ئەمە ژیربێژییەکی تێدایە، بەڵام بنکەی دێموکرات لەو دەشتە کاکی بەکاکییەدا، چ نیازێکی بە ئەوەندە هێز هەیە؟! دادگا، دەتوانێ بە کەسی خۆیا و بە نامەیەک، داوا بکا ئەو کەسە بچێتە دادگا. ئیتر پێویست ناکا، هێزی دژە تێرۆر بنێرێ، مەگەر ئەوە هێزێکی داعش لەوێ خۆی حەشار دابێ. لەوکاتەشدا، ئەوە ئەرکی دادگا نییە و فەرماندەری گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێم یان فەرماندەی ئەو دەڤەرە، ئەتوانێ، ئەو ئەرکە ئەنجام بدا. با لە بیرمان نەچێ، کاتێک تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکراو و تەنانەت لە بەرچاو خەڵکەوە و بە هاریکاری هەندێک خۆفرۆش و لە ژێرچاوەدێری یەکیەتیدا و تەنانەت بە دروستکردنی باندی تیرۆر لە ئاسایشی سلێمانی نزیکەی ٢٥٠کەسی پێشمەرگە و ژن ومناڵ و پەنابەری خەڵکی رۆژهەڵاتیان تێرۆرکرد، چۆن بوو، یەکیەتی هێزی دژی تێرۆری پێک نەهێنا و تاکە تێرۆریستێکیشی سزا نەدا؟! بێگۆمان ئەم هێرشە تەنیا بۆ بێ رێزیکردن و هاندانی رۆڵەکانی دێموکرات بووە بۆ ئەوە دژکردەوە نیشان بدەن و ئەوجار بیانوو وەدەست بێنن بۆ لێدانی راستەوخۆیان!
بە پێی راگەیندراوی حیزبی دێموکرات، ئەو چەکدارانە بە ژن و مناڵ و کادر و پێشمەرگەی ئەو حیزبە، ئەوپەڕی بێ رێزییان نیشان داوە! دیارە ئەو شێوە رەفتارە بەری تێکڵاوی هێزی ئاسایشی کۆیە و سوپای پاسدارانە و وێنەی دەم بەستراوەکان و ڕیشی هەندێک لەوان، ئەمە پشتڕاست دەکا، دەنا چلۆن لە پیشمەرگەی کورد ئەو رەفتار روودەدا؟! بەڵام بە داخەوە ئەم کارانە، لەودەڤەرە، رابۆردوویەکی تاڵیان هەیە! وەبیرئانیان، تاڵترە.
لە وەڵامی رەخنەی ئەو حیزبە بەندکراوەدا، ئاسایشی کۆیە دەبیژی” ئەگەر بێ رێزی کراوە، ئەوە دادگا هەیە با سکاڵا بکەن”! پێم وایە ئەو حیزبە، سەبارەت بە سکاڵا لە باشوور، خاوەن تاقیکاری بە نرخە، باسی رفاندنی ماشینەکەی پیشمەرگەی ئازەری زمانی دێموکرات بە ناوی ئەحەدئاغا بکات کە فەرماندەیەکی یەکیەتی کوشتی و ماشینەکەی برد، باسی رووداوی دەروازەی کۆیە بکا کە بە فیتی سوپای پاسدارانی ئیران لە ناوچەکە، چەند پیشمەرگە بە دەسرێژی ئاسایشی کۆیە، بوونە قوربانی ئەو پێوەندییە دزێۆە! باسی دادوەری دادگا و ئاسایشی کۆیە بکا لە سەر ئەو دەسدریژییە ئاشکرا! باسی… باسی…
ئەو شێوە وەڵامدانەوەی ئاسایشی کۆیە، رووداوێکی پەنجا ساڵ پیشی دەورەی حەمە رەزاشای وەبیر هێنامەوە. سەرۆک ژاندار پرسگەیەکی ناوچەی کامیاران لە گوندیک بە ناوی”فەقی سڵێمان” وەک ژانداری رژیم، خاوەن دەسەڵات ئەبێ. ناوبراو بە زۆر، دەسدرێژی ئەکاتە سەر ژنێکی گوندی! ژنەش سکاڵادەکا ونامەیەک بۆ شاژنی ئێران دەنێرێ، وشاژنیش ئەونامە بە فەرمانێکەوە دەنێری بۆ هەنگی ژاندارمری واتا ئاسایشی گشتی ستانی کوردستان. ئەوانیش نامە و فەرمانی لیکۆلینەوە لە سەر ئەو دەسدرێژییە و ئەنجامدەری و ناساندنی بە دادگا دەنێرن بۆ ئەو کەسە کە سەرۆکی ئەو بنکەیە و خۆی کارەکەی ئەنجامداوە!!! خۆتان بیری لێبکەنەوە ئەنجامی سکاڵاکە بە کۆی گەیوە؟ ئەمەم وەک نموونە هێنایەوە، هیوادارم، کاری ئەوانە نەگاتە ئەنجامدانی رەفتاری دزێوی لەو چەشنە.
ئەوەی ماوەتەوە بێژم، ئەوەیە کە سەرکردەکانی دێموکرات، نابێ پێیان وابێ، بە ڕاگەیندراو و سکاڵای گشتی، کارەساتەکان کۆتاییان پێدێ. ئەمە شیرینی خورانە و هێشتا زەماوەند نەکراوە! بە ڕاستی لەو بارەوە ئێوە دەبێ چلۆن خۆتان بپارێزن، من بیرم کۆڵە و ئێوە لە مەیدانەکە دان. تکایە بۆ خۆ دەربازکردن لەو شەڕفرۆشییە کە بێگومان، رۆژێک یەخەتان دەگرێ و کارەساتی سامناک دەئافڕینێ! هەوڵێکی جیدی بدەن.
خەلێقی9ی مارسی٢٠١٥
بابەتەکانی پەیوەندی دار