"an independent online kurdish website

بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان

ولاتحسبن الذین قتلوا فی سبیل الله أمواتا بل أحیاء عند ڕبهم یرزقونcenabi_peshewa

دەی خاکەلێوە لە مێژوی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەماندا تاقانەیەو مەزنترینو بایخدارترین ڕێبەری ئەو ڕێبازە سەری لە پێناوی ڕزگاری گەلو نیشتمانەکەیدا لەو رۆژەدا داناوە. ڕەنگە هەر نەبن یان دەگمەن بن ڕێبەرانێک کە ئاوا سەر بەرزانە بچنە ژێر پەتی سێدارەو شێرانە دوایین وتەی ئەوەبێێ کە بەدوژمن بڵێی: ئێوە قازی محەممەدێک لە دار دەدەن ، بەڵام لەهەر دڵۆپە خوێنێکی هەزاران پێشەوا شین دەبێتەوەو لکو پۆپیان بەهەمو کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە. ئەو پەیامە نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە پێشەوای نەمر لەداهاتوی گەلەکەی نیگەران نەبوەو دڵنیا بوە کە خەباتی گەلەکەی تا دەگاتە لوتکەی سەرکەوتنو ڕزگاری هەر بەردەوام دەبێی . ئیمانی بەوە هەبوە کە ڕزگاری گەلو نیشتمان ویستو داوای تاکو حیزبو تاقمێک نیە بەڵکو ئامانجی نەوە لەدوای نەوەی ئەو گەلەیەو ئەو خەباتە ناوەستێو هەرەس ناهێنێ ، هەتا کوردێک لەو کوردستانەدا بمێنێ.

ئـەوەی دەبێی سرنـجێکی وردی بـدرێتێ وشەی شەهیدی فـی سبیل الله یـە . لێرەدا شرۆڤەیەکی وردی پێویستە تا بزاندرێی داخوا شەهیدی ڕێگای خوا کێن. ئەو کەسانەن کە دەیانەوێێ بەزەبری شمشیر خەڵک وادار بکەن کە بڵێی لا اله الاالله و بەس دەکوژرێین ؟ ! بێگومان نەخێر. کە خوا خۆشی ئەو دان پێداهێنانە بەزۆرەی قبوڵ نیە . شەهید بـەو کەسانە دەکوترێی کە لە ڕێگای پاراستنی زێدو نیشتمانێکی خـوا پێداو ، پاراستنی مافێکی لە قورعاندا ئیقرار پێکراو ، زیندو راگرتنی زمانو کلتورێکی شەرعیو حاشالێنەکراو، گەیشتن بەئامانجێکی ڕەوای مرۆڤانە و مافی نەتەوایەتی بە بەڵگەو ئایەی قورعانی سەلمێندراو ، کـە بـەرەنگاری زاڵـمانـو دەستدرێژ کەران دەبنەوەو لەو ڕێبازەدا خۆیان دەکەنە قوربانی . ڕێبەری هەمیشە زیندومان بە ئاگاهی تەواو زانستیانە لە ماناو ناوەرۆکی ئەو ئایەتە کە دەڵێی: {وامەزانن ئەوانەی لە ڕای خوادا گیانیان بەخت کردوە مردون ، ئەوانە زیندونو لە خواوە ڕۆزیان پێدەدرێی. } سەری کردۆتە قوربانی گەلەکەی . هەروەها شاعیری کورد بەزمانی شێعر تەعبیر لەو بابەتە دەکاو دەڵێی : [ پێی ناوێی بۆ شەهیدی وەتەن شێوەنو گرین نامرن ئەوانە وا لەدڵی میللەتا دەژین . ] ئەوەنیە پێشەوا دوای نیزیک بە حەفاتا ساڵ ناوو ڕێبازی هەروا بەردەوامە بەسەدان هەزار ڕۆڵەی کورد لە ژێر سێبەری ناوی ئەودا ڕێبازەکەیان گرتوەو بەرینادەن جۆگەلەی خوێنیان دەچێتەوە ناو دەریای خوێنی پێشەواو هاواڵانیو سەر جەم شەهیدانو بۆ ڕاماڵینی کۆشکی زۆرداران هەر شەپۆلان دەداو سەر ئەنجام ڕۆژێک هەڵدەچێو دەبێتە تۆفانو گەردەلولێک هەمو داگیر کەرانی کوردستان دەخاتە زبـڵدانی مێژوو کوردستانو گەلەکەی ڕزگار دەکا . زۆر بـەداخم کە ئێستاش مامۆستایانی ئایینی کورد بە پارێزەوە باس لە خوایی بونی مافی نـەتەوایەتی خـۆیان دەکەنـو ڕەنگە گومانیان لەوەدابێی کە کوردبونو بەکوردی قسەکردن مافێکی شەرعیەو دژایەتی دەگەڵ دین نیە ! یـان بـڕوایان بـەوەنیە کە خوای مـەزن لـە پێش ئەرکدار کردنی مەسایلی ئـایینی مـافی بەنەتەوە بـونـو قسە کردن بەزمانی زگماکیو ژیانی لە سەر زەویەکدا پێداوین کە ناوی کوردستانە . پاراستنی ئەو بەشە خوا پێداوانەش لە پێشەوەی هەمو ئەرکەکانە. ئەگەر ڕاستە ئیسلام دینێکی عالەمگیرە ، ئەوە ئێمەی کوردیش بەشێکین لەو عالەمە! ئەگەر ڕاستە ئیسلام لە خزمەتی مرۆڤایەتیدایە ، ئەوە ئێمەش بەشێکین لەومرۆڤانە. ! ئەگەر ڕاستە ئیسلام دینی عەداڵەتو داد پەروەریە، ئەوە دەبێی مافی ئێمەشی وەک هەمو گەلانی دیکە بەڕەسمی ناسیبێو بیپاریزێی. بەباوەری من هەمویان ڕاستن ، بۆ ئێمەش بەرگری لە ماف هەقێکی ڕەوایە . هەرچۆنێک بیی بەفەرمانی خوا هەرچی لەو زەویو عاسمانانەدا هـەن هەر هەمویان بـۆ مـرۆڤنو بـەسەریاندا دابـەشکراوە. کوردیش وەک بەشیک لەو مرۆڤانە کە خوا پێی دەڵێی (یاایهاالناس) بەشی خۆی پێبڕاوەو ئیزنی پاراستنو ڕێزلێگرتنو ئاوەدان کردنو تێیدا ژیانی پێداوە . بەختکردنی گیان لە پێناو ئەو مافە خوا پێداوانەدا دەتگەێێنێتە لوتکەی بەرزی کەڕامەتو شەڕافەت کە بە شەهید پێناسە کراوە. گومان لەوەدانیە خەباتی ڕزگاری خوازانەی گەلی کورد ئەرکێکی بـەرزی ئایینیەو بەدەقی قورعانی فەرمانی بە جێهێنانی دراوە ، بـۆیە پێشەوای مـەزنی ئـێمە کە خۆی زانایەکی بەرزی ئایینیش بوە ، لەو بوارەدا سڵی لێنەکردوەو پەنای بـۆ هـیچ کـەسو وڵاتێکیش نـەبردوە. بـەپێشکێش کردنی گیانی دەرسی فیداکاریو نەبەزیو سەردانە نـەواندنی فـێری ڕۆڵەکانی کردوە . بە گەلەکەی فـەرمـوە : ئـیمـان بە قسە نیەو بەعەمەلەو لە ڕۆژی سەڵاشدا هەر کردەوەیە حیسابی لەسەر دەکرێێ نەک وتە.

ڕاستی ئەوەیە بەرزی پلەی شەهید جێگای گومان نیە ، شتێکی کە دەبێێ سرنجی وردی بدرێیتێ ڕستەی (فی سبیل الله )یە بۆچونو لێکدانەوەکانی مـرۆڤەکان لەو بوارەدا لێک جیان ، کە ئەوە خۆی باسێکی گەلێک قوڵو گرینگە. بەڵام ئەوەی دەبێی بسەلمێندرێی ئەوەیە کە : ئیسلام دینی ئەقڵو مەنتیقو بەڵگە نیشاندانە ، دینی باسو وتووێژو جەدەلو تێڕامانە. مرۆی موسوڵمان دەبێی زۆر وردو ژیرانە و بەقوڵی بچێتە ناو ڕابردوو ئێستاو تەنانەت داهاتوش بێنێتە بەرچاو ، بۆ ئەوەی بزانێی لەم جیهانەدا چی گوزەراوە، پەیامبەرەکەی چـۆنی هەوڵ بـۆ پەرەپێدانی دینەکەی داوەو لە هەمانکاتدا چ بایخو ڕێزێکی بۆ مرۆڤو ژیانی ئەم جیهانەو پاراستنی زێدو نیشتمانو ئایینە دژەکانیش داناوە. هەروەها بە شێوەی زانستی بزانێی چی لە دینەکەی دەستکاری کراوەو ، کامە بڕیارو دەستورەکانی وەک خۆی ماوە. بەکێی کوتراوە شەهیدو چ نرخێکی بۆ دانراوە. ئەو شتانەی کەدەبێی گیانیان لەڕێدا بەخت بکەی چینو چۆن دیاری کراوەو ئیسلام چۆن بۆیان تێکۆشاوە. پێغەمبەر (ص) دەفەرموێی: [ وا بۆ ئەو دنیایە تێبکۆشن وابزانن نامرن ، واش بۆ قیامەت هەوڵ بدەن وەک پیتان وابێی سبەینێ دەمرن .] ڕاگرتنی باڵانسی ئەو درەنگو زویە تەنیا ئیمانو ئیرادەی بە هێزی دەوێی. کە پێشەوای ئێمە هەردوکیانی هەبو. هەروەها فەرمویە :[ هەر کەس لە ڕێگای دینەکەی ، پاراستنی ماڵو، ناموسو، خوێنو گیانو شوێنی ژیانەکەی دا بکوژرێی یان بمرێی، شەهیدی فی سبیل الله یە. ] هەوڵو تێکۆشان ماندو بـونـو کۆڵنەدان ، خۆبەختکردنو قوربانیدان بـۆ بەڕێوەبردنی هەرچی باشترو خاوێنتری ژیانی مرۆڤەکان ، بەجۆرێک کە مافە خوا پێداوەکانیان پارێزراوو ڕێز لێگیراوبێی ، ئەوە لە ڕای خوادایە . پاراستنی کەرامەتو شەڕافەتو کەسایەتی مرۆڤەکان ، ئەوە لە ڕای خوادایە. بەرەنگاری زاڵمانو زۆر دارانو بەرگری لە مافی ژێردەستانو هەژارانو بەربەرەکانی دەگەڵ نەخوێنەدەواریو ناسینی مافی مرۆڤانەی وەک یەکی ژنو پیاوەکان ئەوە تێکۆشان لە ڕای خوا دایە. بۆیە پێشەوای ئێمەش شەهیدی ڕێگای خوایە. ئێستا کە باوەرمان وایە بەگشتی تێکۆشان بۆ پاراستن یان وەدەست هێنانی ئەو مافو حقوقانەی کە خوا بۆ مرۆی دیاریکردونو ئێمەی کوردیش بەشێکین لەوان ، دڵنیاین کە هەمو قوربانیەکانمان لەو بوارەدا لەڕیزی ئەو شەهیدانەن کە خوا وەک شەهید ی ڕێگای خۆی حیسابیان دەکا. پێشەوای مەزنی ئێمە بە بەرچاوڕونی ئەو ئایەتو حەدیسانەو بە هەڵبژاردنی ئەو ڕێبازەو بە ئیمان بەحەقانیەتی خەباتەکەی داو تەڵەبانە بەبێی هیچ چاوەڕوانیەک سەری لە ڕێی گەلو نیشتمانی داناوەو ئەو ڕێبازەشی بۆ ئێمە بەمیرات بە جێماوە. ئێمە پێمان وایە شەهیدی ڕێگای خوایەو خواش لە سوڕەی (بەقەڕە: ١٥٤ )دا فەرمویە :{ بەو کەسانەی لە ڕای خوادا کوژراون مەڵێن مردون، ئەوانە زیندون بەڵام ئێوە نازانن}. هەروەها ئایەتی (١٥٧ ی سوڕەی ئالی عیمڕان ) دەڵێی: { ئەگەر لە ڕای خوادا مردن یان کوژران وەبەر ڕەحمەتی خوا دەکەونو ڕەحمەتی ئەویش باشترە لەو شتانەی کۆی دەکەنەوە}. ناوەرۆکی ئەم ئایەتانەو زۆریتریش ئەوەمان پێدەڵێن کە : بەرگڕیو گیانبەختکردن بۆ پاراستنی مافێکی خوا پێداو ڕەوایەو گیان بەختکردوان جێگەیان لە بەهەشتی خوا دایە.

دوایین قسە ئەوەیە : ئێمە پێمانوایە لە خەبات بۆ ڕزگاریدا بەڕێگەیەکدا دەرۆین کە پێغەر ڕێبواری بوە ، بەڵێنی خۆمان دەگەڵ خواو پێغەمبەرەکەمان بردۆتە سەر . ئەوەتا لە قورعاندا خوا فەرمویە : { لەناو خاوەن باوەڕاندا پیاوانی واهەن ئەو پەیمانەی دەگەڵ خوا بەستویانە بەجێیان هێناوە ، هێندێکیان گیانیان بەخت کردوەو هێندێکیشیان چاوەروانن و توزقاڵێک سۆزی خۆیان نەگۆڕیوە }. بەڵێێ! پێشەواو شەهیدەکانمان لـەو ڕێگایەدا گیانیان بەختکردوەو ئێمەش چـاوەڕوانـو ئامادەی قوربانیدانین. بەشێوەیەکی بنەڕەتی شەهید لە ئیسلامدا بەو کەسانە دەکوترێێ کە لە بەرەنگاری دەگەڵ دژمندا گیانیان بەخت دەکەن، جا ئەو بەڕەنگاریە بۆ پاراستنی وڵات ، بۆ پێشگیری لە هێرش بۆسەر ئیسلام ، بۆ بەرەنگار بونەوەی داگیر کەرانو پاراستنی کەسایەتیو کەرامەتی مرۆڤەکان بێی ، یان بۆ ڕزگاری گەلو نیشتمان بێی. دیارە دوای هەڵدانی ئەقڵو شعورو چونە سەری پلەی زانستو بۆنی ئامرازی بەهێزی پێوەندیو گەیاندنو ڕاگەیاندن ، تێکۆشانەکە دەبێێ بکەوێتە گۆڕەپانی قسەو نوسینو لێکدانەوەو هەڵسەنگاندنو جێگەیەک بۆ لێکدانو کوشتنو بڕینو وێران کردنو بەزۆر خۆسەپاندن نەماوە، لەو شوێنە ئەقڵو مەنتیق هەبێو کاریان پێبکرێی بێگومان زۆرداریـو شەڕاژۆیی جێگەی نـەماوە . بـەداخەوە ئەوەش کە ئێستا دەیبینین کە لە ژێر ناوی دین دەکوژنو دەسوتێنن وێران دەکەن بەدڵنیایەوە نەدینەو نەبۆ پەرەپێدانی دینەو بەڵکو ئامانجێکی شومی داگیرکاریو قەڵاچۆی گەلانە بەناوی دین پیادە کراوە . ئەوەی ئێستا لەعێڕاقیش دەگوزەرێێ بەباوەری من پیلانێکی دژە کوردەو هەوڵدەدا پـێش بـەڕەوتی ئـازادی کوردستانو گەلی کورد بە گشتی بگرێو لە باشورەوە دەستی پێکراوە . هەمو وڵاتانی داگیر کەری کوردستانو گەلانی داگیرکەر ڕاستەو خۆو ناڕاستەو خۆ ، بەئاشکراو بە نەهێنیو لە ژێر ناوی جۆراو جۆرو تەنانەت لە ژێر ناوی یارمەتیو دڵسۆزیش لەو پیلانە دا بەشدارن، بۆیە کورد دەبێێ لەو پەڕی وشیاریدابێی و تاقیکراوەکان تاقینەکاتەوەو دۆستو دوژمنی ڕاستەقینە نەک بەرژەوەندی لێک بکاتەوە . پەنا بەخوا . {فالله خیر حافظا وهو أرحم ألراحمین}. شەهیدکرانی پێشەواو هاواڵانی پێمان دەڵێێن بڕوا بەدوژمن هەڵەیەو لە زیان زیاتر چیتری نیە.. بڕوانن بەدوای شەهید پێشەوا دا قاسملو دێتە گۆڕەپانی خەباتەکەو ڕاست بەو جۆرە شەهید دەبێی کە پێشەوای پێی شەهید کرا . ئەو نەمرەش پێمان دەڵێی: ئێمە لە ڕۆژی شەهیداندا ناگرینو ڕەش ناپۆشین، بەڵام ڕێگەیان درێژە دەدەین، لەو ڕێگایەشدا یان سەردەکەوێن یان ئێمەش شەهید دەبین. لەو ڕۆژە ماتەمینەدا دەگەڵ ناردنی هەزاران چەپکە گوڵی وەفاو دڵسۆزی بۆ گیانی پاکی سەر قافلەی شەهیدان پێشەوای مەزنو سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری گەلو نیشتمان ئاواتە خوازم لە خەبات سڵ نەکەینو لە ڕیبازی شەهیدان لا نەدەین. ئێمەش یان سەدەکەوین یان لەو ڕێبازەدا گیان بەخت دەکەین . بەگەلیش دەڵێێن : دڵنیا بن لەوە کە شەهیدانمان لە ڕیزی شەهیدی فی سبیل الله دان .

براتان مەلابرایمی مەجیدپور ٣ /خاکەلێوەی ٢٧١٥ ی کاردی

٢٣ /٣ / ٢٠١٥ زایینی . هولەند     

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی