"an independent online kurdish website

کاتێک کە هێزەکانی  رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شەڕ بەرانبەر بە هێزەکانی ئەو کاتی سپای عێراق لە بەرەکانی باشوور و  ناوەڕاستدا توانای رووبەڕووبوونەوەیان نەما و بەزین و  هاوکێشەکان بە قازانجی هێزەکانی عێراق گۆڕدراhama-nezif-qaderi-

و  گوشارێکی زۆریان کەوتە سەر، رێژیمی ئێران لە بەر دوو هۆکاری کاریگەر، سیاسەتی پەرەپێدانی شەڕی لە باشووری کوردستانی گرتە پێش:

 یەکەم کەڵک وەرگرتن لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان کە بنکە و  بارەگاکانیان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو و  هێزێکی شەڕکەر و  چالاکیان هەبوو، دووهەم کەڵک وەرگرتن لە بارو دۆخی جوغرافیایی و  شاخاوی بوونی ناوچەکە کە بۆ درێژەدانی شەڕ لەگەڵ تاکتیک و  سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکی دەگرتەوە و  شارەزایی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی باشوور فاکتەرێکی کاریگەر بۆ گەیشتنی هێزەکانی رێژیمی ئێران بە ئامانجە سەربازییەکانیان بوو.

بەم تێڕوانینەوە بوو کە رێبەران و  فەرماندەرانی هێزەکانی رێژیم هێرشەکانیان بە ئامانجێکی دیاریکراو لە کوردستانەوە بۆ سەر هێزەکانی عێراق دەست پێ کرد. بەڵام سەرەڕای ئەم هێرشانە، بە پێچەوانەی لێکدانەوەکانیان نەیانتوانی بە ئامانجەکانیان بگەن و  هێزەکانیان تەفروتوونا کران. نموونەی هەرەزیندووش ئەو هێرشە بوو کە بە مەبەستی گرتنی ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، لە سنووری بانە بەرەو قەڵاچۆلان و  بەرزاییەکانی ئەزمەڕ کردیان کە هەر وەک بینیمان لە دژە هێرشی سوپای عێراقدا بۆ سەریان بە تەواوی تێک شکان و  کردنیانەوە بە خاکی ئێراندا و  بە هەزاران کەسیشیان تەرمەکانیان بە جێ ما. دوای ئەم تێکشکانەیان کەوتنە بیری هێرش بۆ سەر شاری هەڵەبجە و  دەڤەری شارەزوور. بۆ بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیەش بە هاوکاریی هێزێ پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی و  لە شارەکانی کرماشان، پاوە، جوانڕۆ و  مەریوان، لە سەرەتای ساڵی 1366ی هەتاوی و  کۆتایی مانگی رەشەمەی ئەو ساڵەدا لە کرماشان دوای گرتنی زەنجیرە کۆبوونەوەیەک لە سەر هێرش بۆ هەڵەبجە ساغ بوونەوە و  بڕیاری ئەو هێرشە درا. بۆ تاوتۆێکردنی لایەنی کردەکیی ئەو گەڵاڵەیە، بەرەبەرە فەرماندەکانی سپای پاسداران کەوتنە جووڵە و  سەردانی بنکەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئاواییەکانی “گریانە” و  “هاوارە کۆن”.

لە لایەکی دیکەوە، ئەندامان و  لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شارە سنوورییەکانی کوردستان و  هەڵەبجە و  دەڤەری شارەزوور ئەو نهێنییەیان درکاند و  دوای پێوەندیگرتنی هاوڕێیانی کۆمیتەی شارستانی هەورامان لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی لەو ناوچەیە، هەواڵی ئەو هێرشەیان پشتڕاست کردەوە و  بە هاوڕێیانی ئێمەیان گوتبوو ئێوە کارێک بکەن بنەماڵەکانتان لێرە دوور بخەنەوە و  پێشمەرگەکانیشتان لەم شەڕە دوور راگرن، هاوڕێیانی ئێمەش بە راشکاوی پێیان گوتبوون هەر جووڵەیەک لەم ناوچەیە بکرێ، هێرش بۆ سەر حیزبی دێموکراتە و  بەرپەرچی دەدەینەوە و  هیچ شوێنێکیش نیە ئەوەندە بنەماڵەی لێ نیشتەجێ بکەین.

دوای ئەم دانیشتنە بەرپرسانی کۆمیتەی هەورامانی حیزب دەفتەری سیاسیی حیزبیان لەم گەڵاڵە عەمەڵیاتییە ئاگادار کردەوە و  کۆمەڵێک رێنوێنییان لە رێبەرایەتیی حیزب وەرگرت. هەر لەو ماوەیەدا رێژیمی ئێران لە سنووری ئاواییەکانی ناوچەی باینگان و  جوانڕۆ، بۆ ئەوەی کە زانیارییەکانی بە ئەرتەشی رێژیمی عێراق نەگاتەوە شەوانە بە نهێنی هێزی هێنابووە شوێنە مەبەستەکانی و  کەرەستەی سەربازیشی بۆ ئەو عەمەلیاتە هێنابوو و  دایپۆشیبوو بۆ کاتی پێویست. هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکانی فەرماندەرانی سپای پاسدارانی ئێران، لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانیش لەگەڵ ئەندامان و  دۆستانی خۆیان و  چەکدارە کوردەکان کە لەگەڵ  رێژیمی عێراق بوون، بە نهێنی پێوەندییان گرتبوو و  داوای هاوکارییان لێ کردبوون. شتێکی دیکەش کە جێی سەرنج بوو، ئەوە بوو کە چەند کەسێک لە بەرپرسانی نیزامی و  ئەمنیەتیی عێراقیش لە هەڵەبجە پێوەندییان بە لایەنە ئیسلامییەکانی نەیاری رێژیمی عێراق و  نیشتەجێ لە ئێران کە بەشدار لە گەڵاڵەی ئەو شەڕەدا بوون، بە تایبەتی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ( قەرارگای 9ی بەدر) گرتبوو و  ئەوانیش ئاگاداری ئەو هێرشە بوون و  خۆیانیان لێی تێ نەگەیاندبوو و  ئامادەکارییان بۆ پێشگرتن بەو هێرشە نەکردبوو.

ئەوە بوو کە شەوی 23-24رەشەمەی 1366 لەم شوێنانەوە هێرشێکی لە ناکاو و بەربڵاو کرایە سەر هەڵەبجە و  دەڤەری شارەزوور و  شەڕێک رووی دا و  تاوانێک خولقا کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی هەژاند و  زیاتر لە 5 هەزار کەس لە خەڵکی هەڵەبجە و  شارەزووری کردە قوربانیی سیاسەتەکانی دووژمنانی کورد. لەم عەمەلیاتەدا لەم شەڕگانەوە هێرشەکانی رێژیمی ئێران بۆ سەر یەکەکانی ئەرتەشی عێراق دەستی پێ کرد.

یەکەم: هێزەکانی رێژیم لە چۆمی سیروان پەڕینەوە و  لە ئاواییەکانی “سازان”، “ریشاو” و “بۆیین” بەرەو بەرزاییەکانی ملەهومڵە” و  “بەفری میری” و  “شنروێ” سەرکەوتن.

دووهەم: لە رێگەی ئاوایی “دڕۆڵە”وە لە چۆمی سیروان پەڕینەوە لە ئاواییەکانی “نەیجەڵە” و  “چنار” و  “مۆردێن” بەرەو بەرزاییەکانی “مەگرۆ” و “باڵامبۆ” سەرکەوتن.

سیهەم: لە ئاواییەکانی ناوچەی “تاوگۆزی” و  “ئیمامی” بەرەو “قەڵای شەمێران” و  بەرزاییەکانی زاڵ بە سەر ناوچەی “دەربەندیخان”دا وەڕێ کەوتن.

چوارەم: لە دڕۆڵەوە، هێزێکی قەرارگای بەدر و  سپای پاسداران بەرەو “ئیمامی زامن” و  ئاواییەکانی ناوچەی “نەورۆڵی” وەڕێ کەوتن.

پێنجەم: لە بەرەی مەریوانیشەوە لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی “بیارە” و  “ئەحمەدئاوا” و  چیای “سورێن” وەڕێ کەوتن و  “پردی زەڵم” کە گەرووی ناوچەی شارەزوور بوو، گیرا.

شەڕگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەڕگەی بەرگری و  بەرخۆدان.

بێجگە لەو شوێنانەی کە ئاماژەمان پێ کردن، شەڕگەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو کە لە “ئاواییەکانی شێخان” و  بەرزاییەکانی “شاخی گاکوژە” و  “پەروینی” دەستی پێ کرد. لەم بەرەیەدا بە پێچەوانەی شەڕگەکانی دیکە، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زوو لە هێزەکانی دوژمن هاتنە دەست و  چەند هێرشی یەک لە دوای یەکیان تێک شکاند و  پاشەکشەیان پێ کرد و  کەلاکی زیاتر لە چوار سەد کەس لەو هێزانە لە بەرەکانی شەڕدا کەوت و  چەکوچۆڵێکی زۆریشیان لێ بە جێ ما، بەڵام لە شەڕگەکانی دیکەدا هێزەکانی رێژیم پێشڕەوییان کرد، بە تایبەتی دوای گیرانی پردی زەڵم و  پچڕانی پێوەندیی هێزەکانی عێراق و  نەگەیشتنی هێزی یارمەتیدەر، هێزەکانی عێراق بەرگرییەکی ئەوتۆیان پێ نەکرا و  لەکارخستنی تۆپخانەی ئەرتەشی عێراق لە ئاوایی “دەڵەمەڕ”یش بە تەواوی ئەو بەرگرییەی لاواز کرد و  ورەی یەکینە شەڕکەرەکانی عێراقی دابەزاند و  ناوچەکە بە تەواوەتی کەوتنە ژێر دەستی هێزەکانی بەرەی کوردستانی و  سپای پاسدارانی ئێران. لەو بارو دۆخەدا بوو کە رێژیمی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی ئێران هیوابڕاو بوو و دەستی دایە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و  لەو دەڤەرە رۆمەڵخەزایەکی پێک هێنا.

دوای ئەوەی کە هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش پشتی بەرەی شەریان لێ گیرا و  رەوشی شەڕ لە بەرەکانی دیکە بە زەرەری هێزی پێشمەرگەی حیزب گۆڕا، بەرەو  ئاوایی “سەرکەن” و  بەرزاییەکانی “دەرەشێش” پاشەکشەیان کرد و  سەر لە نۆێ خۆیانیان بە ئامانجی دەربازبوون لەو شەڕە و  بەرگریکردن لە ئەگەری هەر هێرشێکی هێزەکانی ئێراندا رێک خستەوە. دوای نیشتەجێبوونی هێزەکانی حیزب لەو شوێنانەی کە ئاماژەیان پێ کرا، پێوەندی لەگەڵ لایەنەکانی بەرەی کوردستانی رێک خرا و  لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی بەرەی کوردستانی لە هەڵەبجە و  ناوچەی خورماڵ پێوەندییەکی خێرا لە سەر رەوشی بەرەکانی شەڕ و  بە تایبەتی ئەو شوێنانەی کە دەرەتانی دەربازبوونی هێزەکانی لێ بوو، گیرا و  زانیاری وەرگیرا و  دوای تاوتۆێکردنی ئەو زانیارییە، تێمێکی شارەزا بە کاروباری نیزامی و  جوغرافیایی ناوچەکە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە دیاری کرا، بە تایبەتی هاوڕێیانی بەرپرسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و  حیزبی سۆسیالیستی کوردستان رۆڵێکی زۆر نەتەوەیی و  نیشتمانییان گێڕا و  هەماهەنگییەکی باشیان لەگەڵ کردین و  چاوساغ و  یارمەتیدەرێکی باشمان بوون.

دوای دەربازبوونی هێزەکانی حیزب کۆمەڵێک بنەماڵە، کادر و  پێشمەرگە کەم ئەندامەکانی حیزب لەو ناوچەیە گەڕانەوە بۆ ناوچەی هەورامان و  جوانڕۆ، چەند بنەماڵەیەکی ناسراویشیان کە پێوەندیی رێکخراوەیی و  سیاسییان بە حیزبەوە هەبوو، گیران و  رەوانەی زیندانەکانی کرماشان و  ورمێ کران و  کەوتنە بەر ئازار و  ئەشکەنجەی پیاوکوژانی رێژیم. بەڵام رێژیم بە ئەو ئازار و  ئەشکەنجەدانەش نەیتوانی بە مەبەستەکانی بگات و  کەمترین شوێندانەریی نەرێنیی لە سەر ئیرادەی سیاسی و  وەفادارییان بە حیزبی دێموکرات دانەنا. بۆیە دوای ماوەیەک زیندانیکردنیان سەربەرزانە گەڕانەوە نێو بنەماڵە شۆڕشگێڕەکانیان. ئەو پۆلە پێشمەرگە کەم ئەندامەش کە خرانە بەندیخانەی کرماشان، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر چەند کەسیان ئیعدام کران و  گیانی شیرینیان لە رێگەی ئامانجەکانی گەلەکەیاندا بەخت کرد. ئەوانەی دیکەش حوکمی زیندانی درێژخایەنیان بۆ بڕایەوە، جگە لەو ئازار و  مەینەتە کە تووشی ئەندامان و  بنەماڵەکان و  کادر و  پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، لەو شەڕەدا کۆمەڵەش زۆر زیانبار بوو و  زیاتر لە 70 کەس لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە هۆی ناشارەزایی بە بارو دۆخی ناوچەکە و  هەڵبژاردنی رێگەیەکی مەترسیدار بۆ دەربازبوون لە ناوچەی “نەورۆڵی” و  لای “پیرمحەممەد” کەوتنە شەڕ و  بە داخەوە شەهید کران، ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە ئێمە زۆر هەوڵمان دا ئەو هێزەی ئەوانیش لەگەڵ هێزەکانی حیزبی دێموکرات بکەوێ و  پێکەوە بین، بەڵام مخابن لە سەر ئەو رێگایە کە هەڵیانبژاردبوو، سوور بوون و  لە کۆتاییدا تووشی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە بوون. لەو شەڕە نابەرانبەرەدا کە لە شەڕگەی “نەوسوود” لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  هێزەکانی رێژیم رووی دا، فەرماندە لکی بەوەجی هێزی شاهۆ، کاک “عێزەت ئەحمەدی” ناسراو بە عێزەتە کوێر شەهید بوو. لە کاتی دەربازبوونی هێزی پێشمەرگەش لە شارەزوور چەند پێشمەرگەیەک بریندار بوون.

دوای ئەو هەموو قوربانیدانەی دەڤەری شارەزوور و  ئەو کارەساتە دڵتەزێنەی کە خەڵک و  هێزی پێشمەرگە تووشی بوون، ئیستاش بۆ چاوەدێرانی سیاسی و  مێژوونووسان و  رێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ ئەو پرسیارە ئاراستەی بڕیاردەران و  بەڕێوەبەرانی ئەو شەڕە دەکرێ کە ئامانجی ئەو هێرشە و  دەسکەوتەکانی جگە لە مەینەتی و  ماڵوێرانی بۆ گەلێ کورد چ بوو؟ بێگۆمان ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئێش و  ئازارەکانی ئەو خەڵکەیان دیوە، وەڵامی ئەو پرسیارە ئاوا دەدەنەوە کە ئەوە خەڵکی ئەو دەڤەرە و  ژن و  منداڵی هەناسەساردی هەڵەبجە و  شارەزوور بوون کرانە قوربانیی سیاسەتەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام بەداخەوە سیاسەتێک ئیستا لە پێوەندییەکانی نێوان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بەردەوامە و  بە بێ کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی کارەساتباری رابردوو بە شێوەیەکى دیکە و  لە شێوازێکی دیکەدا دووپات دەبێتەوە و  کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی تووشی دڵەڕاوکێ بە نیسبەت داهاتووی سیاسیی خۆیان کردووە و  هەنووکەش نیگەرانی ئەوەن کە سیاسەتی دەستێوەردانی کۆماری ئیسلامی لە بەرەکانی شەڕ دژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تووشی رووداوێکی ناخۆشی دیکەیان لە چەشنی شەڕی هەڵەبجە بکات.

ئامانجەکانی شەڕی هەڵەبجە

یەکەم: ئامانجی رێژیم بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەی هەڵەبجە و  شارەزوور بەو لێکدانەوە هەڵەیانەی ئەوە بوو کە ناوچەیەک لە باکووری عێراق بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی عێراق لە باشووری کوردستان رزگار بکات و  هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە نێوخۆی عێراقدا چالاکییەکانیان پەرە پێ بدەن. ئەوەش لە دانیشتنەکانی بەرپرسانی بەرەی کوردستانی و  رێژیمی ئێران لە کۆبوونەوەی هاوبەشیان لە کرماشان بڕیاری لە سەر درابوو.

دووهەم: لە بارودۆخێکدا کە هێزەکانی رێژیمی ئێران لە بەرەکانی شەڕی باشوور و  نێوەڕاستدا لە بەرانبەر هێرشە پەیتاپەیتاکانی ئەرتەشی عێراق تووشی تێکشکان و  داماوی بوون، رێژیم لە هەوڵی کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بە مەبەستی پاشەکشەپێکردنی بەشێک لە هێزەکانی عێراق و  سەرقاڵکردنیان بە شەڕی کوردستان و  سووککردنی ئەو گوشارە بوو کە لە بەرەکانی باشوور و  ناوەڕاستدا لە سەر هێزەکانی بوو.

سێهەم: هەوڵی رێژیمی ئێران بۆ پچڕاندنی رێگای سەرەکیی سلێمانی ـ بەغدا و  پێشڕەویی هێزەکانی بۆ گرتنی شاخی قەرەداغ و گرتن و  زیان پێگەیاندنی چاڵە نەوتییەکانی کەرکووک بوو. هێرشی هێزەکانی رێژیم لە شەڕِی هەلەَبجەدا بۆ گرتنی بەنداوی دەربەندیخان و  پەڕینەوەی هێزەکانیان لە چۆمی سیروان بەرەو ئاواییەکانی “ئەحمەد بڕنەو” … کە دواتر  لە لایەن هێزەکانی عێراقەوە تەفروتوونا کران، هەر بۆ ئەم ئامانجە بوو.

چوارەم: خاڵێکی گرینگ و  نهێنی و  رانەگەیەندراوی گەڵاڵەی هێرش بۆ سەر هەڵەبجە، پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بوو. لە سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا ئەو کاتە ناوچەی هەورامان، جوانڕۆ، نەوسوود و  ئاواییەکانی “دەرەتفێ” و  “هاوار” و  “هاوارەکۆن” ببوون بە ناوچەیەکی ئازاد و  حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ راپەڕاندنی کارو باری ئاواییەکانی ئەو ناوچە ئازادە سیستمێکی خۆبەڕێوەبەریی پێک هێنابوو، قوتابخانەی بە زمانی کوردی بۆ قوتابییەکانی ئەو ناوچەیە دامەزراند و  پۆلێک مامۆستای بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکە نەتەوەییە پەروەردە کرد، دەرمانگە و  خزمەتگوزاریی لەشساغیی بۆ دابین کردن و  بازاڕێکی هەناردە و  هاوردەی لەگەڵ بازارەکانی هەڵەبجە و … رێک خستبوو و  بەرنامەی وەرگرتنی گۆمڕکی دانابوو و  ئەمنیەتی ناوچەکە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە دابین کرابوو، گرینگییەکی زۆر بە پاراستنی ژینگەی ناوچەکە و  شوێنی نیشتەجێبوونی بنکە و  بارەگەکانی حیزب درابوو، سەرەڕای ئەو هەنگاوە خزمەتگوزارییانە، ئەو ناوچە ببوو بە ناوەندی پێوەندیگرتنی حیزب لە باری رێکخراوەییەوە لەگەڵ شارەکانی پارێزگاکانی، سنە، کرماشان، ئیلام و  سەرتاسەری ئێران. بەگشتی ئەو ناوچەیە لەو کاتەدا تەنیا ناوچە لە سەرتاسەری کوردستان بوو کە بە دەستی حیزبی دێموکرات و  هێزی پێشمەرگەوە بوو، هەر بۆیە ببوو بە جێی سەرنجی راگەیەنە گشتییەکان و  بەردەوام هەواڵنێران و  رۆژنامەنووسانی بیانی و  ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سەردانی ئەو ناوچانەیان دەکرد و  باسی تایبەتمەندییە دێموکراتیکەکانی حیزبی دێموکرات و  شێوەی ئەو بەڕێوەبەرییە پێشکەوتووەیان دەکرد. ئەم تەبلیغاتە کە لە راگەیەنەکاندا بڵاو دەکرایەوە، سەرەڕای چالاکیە نیزامییەکانی هێزی پێشمەرگە دژی هێزەکانی رێژیم، بە تەواوی سەرانی رێژیمیان تەنگەتاو کردبوو و  توانیان لەم دەرفەتە کە هێزەکانی بەرەی کوردستانیشیان لە هێرشەکەیاندا بۆ سەر هەڵەبجە لەگەڵ کەوتبوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەو دەڤەرەدا کەڵک وەرگرن و  ئەو هیرشە بکەن و  ناوچەکە بگرن، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش بە ناچاری لەو قۆناغەدا بەرەو شوێنەکانی دیکە بنکە و  بارەگاکانی بگوازێتەوە و  ببێتە لایەنێکی زەرەرمەند لەو شەڕەدا. بە گشتی ئەوانەی کە لەو چەند خاڵەدا ئاماژەمان پێ کردن، لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەو شەڕە بوون و  لە ئاستی کوردستانیشدا ئەوە یەکەم بەرنامەی هاوبەشی هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دوای پێکهاتنی بەرەی کوردستانی بوو.

 شتێک کە بە پێویستی دەزانم باسی بکەم، قسەکانی هاشمیی رەفسەنجانی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران لە سەر شەڕی هەڵەبجەیە. کاتێک کە هێزەکانی ئێران هەڵەبجەیان گرت، رەفسەنجانی وتی گەورەترین ناوچەی گرینگی باکووری عێراق و  کوردستانمان گرتووە، دەشتی بە پیت و  بەرەکەتی شارەزوور و  پردی ئیستراتژیکی “زەڵم”مان گرتووە کە لە بواری سیاسی و  نیزامی و  ئابوورییەوە گەورەترین دەسکەوتی ئەو شەڕەیە، بێجگە لەوە کە تەواوی هێزەکانی عێراق لەو شەڕەدا لە نێو چوون و  بە دیل گیران، بەڵام دوای چەند مانگێک و پاش گیرانەوەی شاری هەڵەبجە لە لایەن هێزەکانی ئەرتەشی عێراقەوە کە بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچەیە هێرشێکی چڕو پڕیان کردبووە سەر هێزەکانی ئێران و  هەر بەو جۆرەی کە چەند مانگ پێشتر هێزەکانیان لە پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگە و  سپای پاسداراندا تەفروتوونا کران، ئەو جارە هێزەکانی ئێران بەو چارەنووسە گیرۆدە بوون و  تووشی گەورەترین تێکشکان لە ئەرتەشی عێراق بوون و  ناوچەکە بە تەواوی کەوتەوە دەستی ئەرتەشی  عێراق، لەم شکانەیاندا هاشمی رەفسەنجانی وتی ئەو ناوچەیە نە شوێنی کشتو کاڵ بووە و  نە هێچ بەرهەمێکی بۆ ئێمە هەیە و  نە گرینگیی جوغرافیایی هەیە، لە بیستنی قسەکانی ئەم زاتەدا مرۆڤ ئەو پەندەی وە بیر دێتەوە کە: “درۆزن کەم حافیزەیە”.

سەرەڕای ئەوەی کە لە شەڕی هەڵەبجەدا خەڵک و  خاکی ئەو دەڤەرە بوونە قوربانی و  سووتەمەنیی ئەو شەڕە، خاڵێکی ئەرێنی ئەوە بوو کە دەنگی مەزڵوومیەتی گەلی کوردی بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی گەیاند و  تاوانبارانی ئەو جینایەتە سامناکەی بە رای گشتی ناساند و  قوربانییەکانی هەڵەبجە بوونە شوناسی نەتەوەیەکی بێبەری لە مافە رەواکانی. ئیستا دوای تێپەڕینی 27 ساڵ بە سەر ئەم هێرشە دژی ئینسانییە و  ئەم کۆمەڵکوژییەدا دەبینین کە هەڵەبجە، شاری خوێن و  خەبات دەبێتە یەکێک لە 5 پارێزگای هەرێمی کوردستان و  لە هۆڵی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەدا لە کۆبوونەوەیەکی فەرمیی ئەندامانی پارلەمانی هەرێمی کوردستان و  نوێنەرانی پارلەمانی عێراقی فیدراڵ بڕیاری بە پارێزگا بوونی ئەم شارە و  ئەو دەڤەرە خوێناوییە ئەدرێ، جێی خۆیەتی ئەم دەسکەوتە سیاسییە لە بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە و لە خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو دەڤەرە پیرۆزبایی بکەم و  سڵاویش بنێرم بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و  هەموو ئەو رۆڵە ئازا و  نیشتمانپەروەرانەی کە لە سەنگەری پاراستنی کورد و  کوردستاندا گیانیان پێشکەش بە ئامانجەکانی گەڵو  نیشتمان کردووە. هەر وەها سەری رێز و  نەوازش بۆ هەڵۆ بەرزەفڕەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  پێشمەرگە قارەمانەکانی هێزی شاهۆ دادەنەوێنم کە بە قارەمانەتیی خۆیان ئەو مێژووە پڕ لە سەروەرییەیان بۆ گەلەکەیان تۆمار کرد. لەم شەڕە حەماسییەدا جگە لەو چەند پێشمەرگە قارەمانە کە شەهید بوون، 3 پێشمەرگەش لە هێزی شاهۆ بێ‌سەرو شوێن بوون کە ناوەکانیان بریتی بوون لە “میرئەحمەد ئەحمەدی” خەڵکی ئاوایی مەزیدی و  “محەممەد سەلیمی ناسراو بە حەمەی نازە” خەڵکی باینگان کە ئیستا هەر دوویان شەهید بوون. ئەوان کە لەو کاتەدا کەوتبوونە دەستی هێزەکانی عێراق، دوای چەند مانگ مانەوە لە زیندانەکانی عێراق ئازاد کران. پێشمەرگەیەکی قارەمانی دیکە بە ناوی “ئەنوەر دەرەبەیانی” ئێستاش بی سەرو شوێنە و  بووە بە سەربازی ونی ئەو شەڕە.

خاڵێکی جێی سەرنج لەو بارودۆخە ئاڵۆزەدا ئەوە بوو کە رێبەرانی نەمر د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و  د. سەعید شەرەفکەندی لە ماوەی شەڕەکەدا لەگەڵ فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزب و  بەرپرسانی پلەبەرزی حیزب لەو شەڕەدا لە پێوەندیدا بوون و  زۆر بە پەرۆشی چارەنووسی ئەو هێزە بوون، هەر ئەوەش بوو کە سەرلەبەیانیی رۆژی 1/1/1367ی هەتاوی کاتێک کە هێزەکەمان لە شەڕی هەڵەبجە و  لەو گەمارۆ نیزامییە دەرباز بوو، رێبەری مەزن د. قاسملوو بە پیری هێزەکەوە هات و  لە کەمپی کوردە ئاوارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باریکە، کۆبوونەوەیەکی گەورە و  مێژوویی بۆ هێزەکە گرت و  پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی کە هاوکات بوو لەگەڵ جێژنی نەورۆز لە خەڵکەکە کردو  خۆشحاڵ بوونی خۆی و  رێبەرایەتیی حیزبی بۆ ئەو سەرکەوتنە دەربڕی. هەر لەو کۆبوونەوەیەدا هاودەردی و  بەداخ بوونی خۆی لە کیمیابارانی هەڵەبجە و  شەهید بوونی زیاتر لە 5000 کەس لە رۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی کورد کە بێ‌بەزەییانە لە لایەن دوژمنانی کوردەوە شەهید کرابوون دەربڕی، هەر لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە شەهیدبوونی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کرد کە لەو شەڕەدا کەوتنە کەمینی هێزەکانی رێژیمی ئێران و  گیانیان بەخت کرد و بە بۆنەی ئەم رووداوە زیانبارەشەوە سەرەخۆشی و  هاودەردیی لە کۆمەڵە کرد.

هەر لەو رۆژەدا شتێکی زۆر ناخۆش کە رووی دا، راگەیاندنی بەیاننامەی جیابوونەوەی ئەو کادر و  پێشمەرگانە بوو کە دژی ئاکامی کۆنگرەی هەشتەمی حیزب بوون، ئەو هاوڕێیانە بەو کردەوەیە ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیان کە لە شەڕی هەڵەبجەدا پێشمەرگەکانی حیزب لە مێژووی پڕشانازیی حیزبدا تۆماریان کردبوو، بە جۆرێک داپۆشی و  خەڵکی کوردستان چەندە بەو سەرکەوتنە دڵخۆش بوون، هەر ئەوەندە بە جیابوونەوەش تووشی نیگەرانی و  دڵەڕاوکێ بوون، دوای بڵاوبوونەوەى بەیاننامەی جیابوونەوەکەیان د. قاسملوو وتی ئەو جۆرە کارانە ناتوانێ هەنگاوی تێکۆشەرانی دێموکرات لە خەباتدا شڵ بکا و  کادر و  پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات هەر وەک لە تاقیکارییەکاندا سەربەرز و  سەرکەوتوو بوون، لەم بوارەشدا دەیسەلمێنن کە ئاڵاهەڵگری راستەقینەی رێبازی دێموکراتن.

هەر وەها لە بیست و حەوتەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە ئەرکێکی سیاسی و  نەتەوەیی دەزانم سپاس و  پێزانینی خۆمان پێشکەش بە ئەم پۆلە تێکۆشەرەی گەلەکەمان بەڕێزان کاک محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیستی کوردستان، کاک حامید حاجی غالی فەرماندەی عەمەلیاتی هەڵەبجە و  تێکۆشەری دێرینی کورد، کاک مەلا فایق و  عومەری برای بکەم کە تا دوایین ساتەکانی دەربازبوونی ئێمە هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

هەر وەها یادی شەهیدی نەمر بەڕێز کاک شەوکەتی حاجی موشیر بەرز رادەگرم کە وتە جوانەکەی هەمیشە لە گوێماندا دەزرنگێتەوە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشماندا لە “چاوگی باواکۆچەک” کە رووی کردە فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و و تی: “چیمان پێ دەکرێ با بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بیکەین و  شەرمەندەی مێژوو و  حیزبی دێموکرات و  کوردی رۆژهەڵات نەبین، تەنانەت ئەگەر هەڵەبجەش بە نرخی دەربازبوونی حیزبی دێموکرات لە دەست بدەین، بۆ ئێمە سەرکەوتنە”.

لە چوار چێوەی پلانی دەربازبوونی ئێمەدا ناکرێ ئاماژە بە رۆڵی کادری بەوەجی یەکێتیی نێشتمانی کاک محەممەد محەممەد ئەمین ناسراو بە “حەمە سیاسی” نەکەین کە یەکێک لەو کەسانە بوو کە تەواوی کاتی بۆ هاوکاریی ئێمە تەرخان کرد.

قوربانیدانێکی دیکەی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکی نەتەوەیی و  نیشتمانییەدا ئەوە بوو کە بە هۆی پێداگریی تێکۆشەری دێرینی گەلەکەمان کاک حەمەی حاجی مەحموود، لە کاتی گەڕانەوەیان لە  بەڕێکردن و  حەوانەوەی کادرو  پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا لە داوێنی چیای سوورێن لە دەڤەری شارەزوور، دوو پێشمەرگەی قارەمان و  بە هەڵمەتی حیزبی سۆسیالیست بە ناوەکانی کاک حاجی عەبدوڵلا سیامێوە، ئامر هەرێمی (21)ی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان و  کاک عوسمان قاینەیجە پێشمەرگەی قارەمانی ئەو حیزبە شەهید بوون کە لە رێگای هاوکاری و  هاوخەباتی لەگەڵ تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و  ئامانجەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا گیانی شیرینیان بەخت کرد.

خالێکی دیکە کە بۆ یەکەم جارە ئاماژەیی پێ دەکەین، دەستبەسەرکردنی سیاسەتمەداری گەورەی کورد کاک د. مەحموود عوسمان بە هۆی هاوکارییەکانی حیزبی سوسیالیست لەگەڵ ئێمە بۆ ماوەی زیاتر لە 5 رۆژ لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانەوە بوو کە پێیان راگەیاندبوو حیزبی ئێوە لە هەڵەبجە یارمەتیی حیزبی دێموکراتی داوە، ئەویش بە هۆی سروشتی نەتەوەیی و  نیشتمانپەروەری و  پێوەندیی لەمێژینەی لەگەڵ کاک د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و  حیزبی دێموکرات، پێی وتبوون من ئاگاداری ئەو مەسەلەیە نیم و  ئەگەر شتی واش بووبێ، ئەرکێکی نەتەوەییان ئەنجام داوە. هەر لەو پێوەندییەدا کاتێک کاک د. مەحموود چاوی بە کاک حەمەی حاجی مەحموود دەکەوێ، پرسیاری لێ دەکا، ئەویش هەواڵەکە پشتڕاست دەکاتەوە و د. مەحموودیش دەستخۆشییان لێ دەکات.

پێوەندیی سیاسیی هێزەکانی بەرەی کوردستانی و  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەو ئەزموونە بەنرخەی لەو شەڕەدا بە دیاری هێنا، بە دوژمنان و  نەیارانی بزووتنەوەی کوردی نیشان دا کە ئەوە هەر ئێوە نین دژی ئێمە یەک دەگرن، ئەگەر کوردیش یەکگرتوو بێ، کە زەروورەتی مێژووییش ئەوەمان لێ دەخوازێ، دەتوانێ پیلانی نەیارانی پووچەڵ بکات و  ئێرادەی نەتەوەیی خۆی بنوێنێ، ئەم هاوکارییە و  دەیان هاوکاریی دیکە ئەم راستییەى سەلماندووە.

بەڕێز بێت یادی شەهیدانی هەڵەبجە و یەکگرتووتر بن حیزب و  لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

 

 

………

سەرچاوە: پێشمەرگەکان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی