ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی لە٢٠ی مارسی ٢٠١٥ی زایینی، بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یادی نەورۆز جێژنی لە مێژییەی گەلی کورد و سەری ساڵی نوێی کوردی، لە ئۆفیسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لە ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوید و بە بەشداری نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی و سویدی و هەروەها باڵوێزخانەی عێراق کۆڕێکی هاوبەش بەڕێوە چوو.
لە کۆڕ یادەدا شاندێکی کومیتەی سویدی ” حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ” بەسەرپەرەستی ” محەممەد ئەحمەدی ” بەرپرسی پێوەندییە کوردستانییەکانی کومیتە، لەسەر بانگهێشتی فەرمی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری کرد.
شایانی باسە نوێنەرانی بەشدار بووی ئەم ڕێوڕەسمە پێکەوە ئەم یادەیان بەرز و پیرۆز نرخاند و پاش پیرۆزبایی لە یەکتری پێکەوە جێژنی نەورۆز و ساڵی ٢٧١٥ی کوردییان لە سەرجەم گەلی کورد پیرۆز کرد.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا هەموو بەشداربووان هیواداربوون کە ساڵی نوێی کوردی ساڵێکی پڕ لە خێر و خۆش، ساڵی ئاشتی و تەبایی و پێکەوە ژیان، ساڵی ئازاد بوونی خاکی پیرۆزی کوردستان و سەر بە خۆ بوونی گەلی کورد بێت.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ کومیتەی سوید
٢١ی مارسی ٢٠١٥