"an independent online kurdish website

پاش روخانی‌ رژێمی‌ شاهه‌نشاهی‌، ئاخونده‌كانی‌ ئێران به‌سه‌ركردایه‌تی‌‌و رێنمایی ئیمام خومه‌ینی‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویان هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌رته‌شی‌ ئێران‌و سازمانی‌ سیخوڕی‌ (ساواك) بوو،omer-haji-enayet

له‌بری‌ ئه‌م دوو دامه‌زراوه‌ گرنگه‌ دوو دامه‌زراوه‌ی‌ تریان به‌ناوه‌كانی‌ (سوپای‌ پاسداران) له‌بری‌ ئه‌رته‌ش واته‌ له‌بری‌ سوپاو سازمانی‌ (ئتیلاعات)یان له‌بری‌ (ساواك) پێكهێناو سه‌رجه‌م ده‌ره‌جه‌دارو ئه‌فسه‌ره‌كانی‌ ئه‌رته‌ش‌و ساواك هه‌ڵهاتن بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئێران یان ئیعدام كران.

ساڵی‌ 2011 بابه‌تێكم نوسی كه‌ دواتر بووه‌ به‌شێك له‌كتێبه‌كه‌م به‌ناوی‌ (شۆڕشگێڕانی‌ شاخ‌و بازرگانه‌كانی‌ شار) بابه‌ته‌كه‌ به‌ناوی‌ (عێڕاقستان له‌سه‌ر وه‌زنی‌ خوزستان‌و بلوجستان) مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌كیم له‌م نوسینه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ عێراق چووه‌ته‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌و ئیداره‌ی‌ ئێرانه‌وه‌و ئێستا ئێران وه‌ك پارێزگایه‌كی‌ خۆی‌ سه‌یری‌ عێراقی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌كات‌و له‌رێگای‌ ئه‌ندازیاری‌ هه‌نارده‌كردنی‌ شۆڕشه‌وه‌ كه‌ ئیمام خومه‌ینی‌‌و دواتر ئایه‌توڵا خامنه‌ئییه‌، پلانه‌كه‌ی‌ بۆ داڕێژراوه‌ هه‌ردو وه‌زاره‌تی‌ سوپای‌ پاسداران‌و ئیتلاعات له‌ڕێگای‌ كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ وه‌ك قاسم سوله‌یمانی‌ پیاده‌ی‌ ده‌كه‌ن، پێش پاشه‌كشه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا به‌4 مانگ، بابه‌تێكی‌ ترم نوسی به‌ناوی‌ (عێراق له‌ده‌می‌ گورگه‌وه‌ بۆ ده‌می‌ شێر) من وای‌ بۆ چووم كه‌ عێراقیه‌كان (به‌تایبه‌ت ره‌وتی‌ سه‌درو مه‌جلیسی‌ ئه‌علاو حیزبی دعوه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی‌ مالیكی‌) له‌ژێر فشاری‌ ئێراندا فشاره‌كانیان زیادكرد له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا كه‌ پاشه‌كشه‌ بكات‌و ئه‌و راستیه‌یان له‌یادچوو كه‌ ئه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا بوو رژێمی‌ سه‌دامی‌ روخاند گۆڕه‌پانه‌كه‌ی‌ بۆ شیعه‌كان خۆشكرد، له‌كۆتایی ساڵی‌ 2011دا ئه‌مه‌ریكا پاشه‌كشه‌ی‌ كردو عێراق له‌ده‌می‌ گورگ به‌ربووه‌وه‌ چووه‌ ناو گه‌روی‌ شێره‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستم جمهوری‌ ئیسلامی‌ ئێران بوو، هه‌رواش ده‌رچوو، ئێستا ئێران به‌فیعلی‌ داڕێژه‌رو جێبه‌جێكه‌ری‌ پلانه‌ سیاسی‌‌و سه‌ربازی‌‌و ئابوریه‌كانی‌ عێراقه‌‌و توانیویه‌تی‌ كۆنتڕۆڵی‌ جومگه‌ ژیاریه‌كانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ به‌ناو عێراق بكات، لێدوانه‌كانی‌ عه‌لی‌ یونسی‌ (سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ باڵای‌ دادوه‌ری‌ سه‌ربازی‌ ئێران‌و وه‌زیری‌ پێشوی‌ ئیتیلاعات‌و گه‌وره‌ راوێژكاری‌ ئێستای‌ حه‌سه‌نی‌ روهانی‌ سه‌رۆك كۆمار) ئه‌م بۆچونه‌ی‌ ئێمه‌ پشتڕاستده‌كاته‌وه‌، ئه‌و به‌ئاشكرا عێراق به‌ به‌شێك له‌ئیمپراتۆریه‌تی‌ ئێران ده‌زانێ، ئێستا هه‌مان ئه‌و پلانه‌ی‌ كه‌ له‌پاش روخانی‌ رژێمی‌ شا جێبه‌جێكرا، له‌عێراق هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌می‌ بۆ نراوه‌، سیاسه‌تی‌ ئێران بوو كه‌ مالیكی‌ جێبه‌جێیكرد كه‌ كورد هه‌وڵی‌ سه‌ربه‌خۆیی بدات‌و دواجار ئه‌م قه‌یرانه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌و هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ش بوو دژ به‌سونه‌كان وایكرد كه‌ سونه‌كانی‌ موسڵ‌‌و رومادی‌‌و تكریت هه‌ست به‌چه‌وسانه‌وه‌و پشتگوێخستن بكه‌ن‌و ده‌رئه‌نجام ببنه‌ كۆمه‌ك‌و هاوكاری‌ داعش‌و عێراقی‌ به‌م ئاسته‌ گه‌یاند، پاش هێرشی‌ داعش بۆ سه‌ر موسڵ‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ شه‌ش فیرقه‌ی‌ سوپای‌ عێڕاق له‌ناوچه‌كانی‌ موسڵ‌و تكریت‌و هه‌ڵهاتنیان له‌به‌رده‌م هێزه‌كانی‌ داعشدا ئه‌م هه‌له‌ بۆ ئێران ئاسانتر بوو، كه‌ له‌روی‌ سه‌ربازیی‌و ئیستخباراتیه‌وه‌ زیاتر ده‌سبخاته‌ ناو كاروباری‌ سوپای‌ عێراق‌و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی‌ عێراق‌و هه‌دوو ده‌زگاكه‌ به‌ره‌و لاوازی‌ به‌رێت‌و له‌بری‌ ئه‌م دوو دامه‌زراوه‌یه‌ دامه‌زراوه‌ی‌ دی‌ دابمه‌زرێنێ‌و یه‌كه‌م هه‌نگاویشی‌ دامه‌زراندنی‌ هێزێك به‌ناوی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی كه‌ ده‌قاوده‌ق وه‌ك سوپای‌ پاسدارانه‌و ئاوێنه‌نمای‌ سوپاكه‌ی‌ پاسدارانی‌ ئێرانه‌و له‌روی‌ جل‌و به‌رگ‌و دروشم‌و لۆگۆو هه‌ڵسوكه‌وت‌و ئاڵاكانیانه‌وه‌ هه‌مان ره‌فتارو كرداری‌ سوپای‌ پاسدار پیاده‌ده‌كه‌ن‌و به‌هه‌مان بوغزو كینه‌و گیانی‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌سونه‌و كورد ده‌ڕوانن.

بۆیه‌ ئه‌توانین به‌راشكاوی‌ بڵێین كه‌ ئێستا سه‌ركردایه‌تی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازیه‌كانی‌ عێڕاق له‌لایه‌ن (حشدی‌ شعبی) یان (سوپای‌ پاسداران)ه‌وه‌ له‌بری‌ سوپای‌ عێڕاق به‌ڕیوه‌ده‌چێت‌و سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی كوردیش ده‌بێ باش ده‌رك به‌و راستیه‌ بكات كه‌ شه‌ڕێكی‌ نه‌خوازراو چاوه‌ڕێی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات ئه‌ویش شه‌ڕی‌ نێوان (حه‌شدی‌ شه‌عبی)و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ كه‌ مه‌ترسیدارتره‌ له‌و شه‌ڕه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ داعشدا به‌رده‌وامه‌.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ئه‌و سیاسه‌ته‌ی‌ كه‌ ئێران له‌سه‌ره‌تای‌ سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه‌و له‌ساڵی‌ 1979وه‌  گرتبویه‌به‌ر به‌هه‌نارده‌كردنی‌ شۆڕش، وا ئه‌نجامه‌كانی‌ دێته‌دی‌، ئێستا ده‌سه‌ڵاتی‌ ئێران له‌یه‌مه‌ن له‌رێگای‌ حوسیه‌كان‌و له‌لوبنان به‌هۆی‌ حیزبوالله‌و حه‌سه‌ن نه‌سرولله‌و له‌سوریا له‌رێگای‌ ئه‌سه‌دو سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران كه‌ به‌فیعلی‌ هاوكاری‌ به‌شار ئه‌سه‌دن‌و له‌عێراق به‌هۆی‌ زۆرینه‌ی‌ شیعه‌كان‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی جێبه‌جێده‌كات‌و به‌رونی‌ هه‌ستی‌ پێده‌كرێت‌و ئه‌توانین بڵێین له‌م چه‌ند وڵاته‌ ئه‌وه‌ ئێرانیه‌كانن كه‌ ده‌ڵێن: ده‌بێ چی بوترێ‌و چی‌ بكرێ، كێ لابدرێ‌و كێ دابنرێت، كێ  حاكم‌و كێ مه‌حكوم، كێ وه‌زیرو كێ گزیر،  كێ سه‌رۆك بێت‌و كێ لا ببرێت!

سەرچاوە: ئاوێنە


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی