Hoppa till innehåll
Hem » ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان لە.، بەشی 18، مجید کاکەوەیسی

ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان لە.، بەشی 18، مجید کاکەوەیسی

ناکامی ڕاپەڕینەکان تا ئیستا، لە ( بیلادی شام) و دەوروبەری!.”

درێژە و پریشکی شۆڕشی بە ناو بەهاری عەرەبی، هەر زۆر زوو سوریەشی گرتەوە.mejid_kakeweysi-0

وەک لە باسی پێشترا ئاماژەمان پێدا، بەهاری عەرەبی یەکەم جرەقەی لە وڵاتی تونسەوە داگیرسا و دواتر چەند وڵاتێکیتری عەرەبی و ناوچەکانی دەوروبەری گرتەوە. سەرەتای ساڵی ٢٠١١ز. و دوای شۆڕش و ڕاپەڕینە گەورەکەی وڵاتی میسر، دەوڵەتی بەشار و دیکتاتۆری بنەماڵەی ئەسەد و حیزبی بەعس کەوتنە بەر پەلامار و قین و خرۆشی پەنگخواردوویی دەیانساڵەی کیم و زوخاوی خەڵکی وەزاڵە هاتوویی ئەو دەڤەرە و کەوتنە ڕێپێوان و داوای ڕووخانی حیزبی بەعس و لادانی دەسەڵاتی ئەسەدییان کرد…

-”* پێش ئەوەی هەر سوریە بمێنینەوە و باسەکان درێژە پێ بدەین، بە باشمزانی لە پێوەندی لە تەک ئەو ڕاپەڕین ە ڕەوتانەدا کە بە ناو بەهاری عەرەبی، کوردستانی باشووریشی گرتەوە، سووکە باسێکی وەبیر خوێنەران بهێنمەوە:”

-** خۆ پیشاندان و لاسایی کردنەوە لە کوردستانی باشوور!

((- * هەر دوابەدوای شۆڕشی جەماوەری میسرو کۆبوونەوەی ملیونی گەل لە گۆڕەپانی ئازادی قاهیرە ” میدان التحریر”، بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی سەرۆکۆمار حوسنی موبارەک و دارودەستەکەی لەو وڵاتە، هەر لەو سەروبنەدابوو لە کوردستانی باشوور- یش، بە هەزاران کەس وەک لاسایی کردنەوە لە گۆڕەپانی سەرای ئازادی شاری سلێمانی کە بە خۆپیشاندانەکەی ١٧ شوبات ناسرا، بە ناڕەزایەتی لە دەسەڵاتی دەوڵەتی و حیزبی کۆبوونەوە و کردیانە شوێنی هوتاف و شوعاردان و بەرنامەی ڕۆژانەی خۆیان بڵاو ئەکردەوە و داخاوزیەکانیان لە ڕێگای میدیاکانەوە بە ناوەوە و دەرەوە ئەگەیاند….

هەر چەند ئەو ڕاپەڕینە دەکرێ جێگای خۆی بوو بێ، و هەر کۆمەڵ و گەل و دەستەیەکە کە بۆ جێبەجێکردنی داخوازیە ڕەواکانیان بە هەر جۆرێکی گونجاو و لەبار مافی خۆیان بخەنە ڕوو، بەڵام نەک بێ بەرنامە و لاسایی کردنەوە…!!

لەو خۆپیشاندانەدا کە چەند مانگێکی خایاند و باجی قورسیشیاندا، و چەند کەسێک بوونە قوربانی و بریندار و وێرانکاری لێکەوتەوە، بەڵام چونکی کارەکە بە بەرنامەو خۆرسک نەبوو دەوامی نەهێنا و زوو کپکرا!! دیارە حاشامان لە زەبر زۆری ئاسایش و دەسەڵاتی سەربازی حیزبەکان نیە کە بۆ مانەوەی خۆیان و حکومەتەکانیان هەر بیانەوەێ دەیکەن و گەل فیدای بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و حکومەتی ئەکەن. بەڵام دەکرا ئەو ڕەوتە بە جۆرێکی ڕێک و پێکتر پەلەی لێ نەکرابایە و بەو خێراییە نەبوایە کە وایان زانی هەر سبەی هەموو زۆردار و دەسەڵاتدارێک بە خۆپیشاندان و هەرا و کۆبوونەوەی بچوک و ناوچەیی دەڕوخێ! وایانزانی ئەگەر زوو ئە کارە نەکەن وە دوا ئەکەون!!… زۆر کەس و هیچ کەس خاوەنی ڕاستەقینەی ئەو خۆپیشاندانەی ١٧ شوباتی سلێمانی نەبوو!! هەر لە ئیسلامی و عیلمانی نەرم توندەوە بگرە، تا بازاڕی و خەڵکی ئاسای، بەشدار بوون و کەسیش خاوەنی ئەسڵی نەبوو!! … دەسەڵاتی کوردیش وەک نە بایان دیبێ نە بۆران، لە ترسا و لە بەر خاتری ئەم و ئەو گورج کەوتنە گیانی خەڵک و کۆمەڵێک لەو ڕەوتەدا زەرەر مەند بوون و تا ئیستاش خوێنی کوژراوان بێ ئاکام ماوەتەوە و بنەماڵەکانیان تا ئەو جێیی من بزانم قەرەبوو نەکراونەتەوە…!

ئەو خۆپیشاندانە کە دەیان کەس لە بە ناو ڕووناکبیران و کەسایەتی سیاسی و نەتەوەیی و ئایینی تێدا بەشدار بوون، ئاکامەکەی بە کوێ گەیشت و بۆ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا هەر بە هێرشی ئاسایش بۆ ئەو شوێنەی لێی کۆببوونەوە، ئاسەوارێکیان نەما و تا ئیستاش وەک خەون و خەیاڵ باسی ئەکەن..!!! بۆیە بە باوەڕی من ئەویش جۆرێک لاسایی کردنەوە بوو بۆیە بە ئامانج و ئاکامی خۆی نەگەیشت!……))-

ئاڵۆزیەکانی سوریە و گروپ و دەستە و تاقمە دژ بە یەکەکان

چونکی سوریە هەردەم شاڕەگی کێشە و ململانێکانی ئیتنیکی، قەومی، سیاسی بووە و لە مێژوودا بە ناوی بیلادی شام چیرۆک و ڕۆمانی پڕ کارەساتی لێ دەگێڕنەوە و لەو هەرێمە پڕ ئاڵۆزە ڕوویانداوە، ئەمجارەش دیسان ژیڵەمۆی ئەو خۆڵەمێشانە بە شنەبایەک گەشانەوە و ئازا بڵێسەیان سەند..

هەر زوو چەندین گروپ و دەستەو تاقمی ئیسلامی، قەومی، عیلمانی، بەڵام هەموویان بە جۆرێک توندڕەوی و ئینگە و لەنگەیەکیان تێدا بوو؛ نەیانتوانی پێکەوە هەماهەنگ و یەکگرتوو بن بۆ ڕووخانی ڕژیمی بەعسی سوریە. هەرکام بە باو بار و ئیدۆلۆژی خۆیان هەنگاویان هەڵگرتوو و ویستیان ببنە تاقە هێز و حاکمی دەسەڵاتدار، و مێژوو بۆ خۆیان تۆمار بکەن، کە چی؛ هەم لە ” عەلی بوون و هەم لە عومەر”!!.

بە هەر حاڵ؛ هەر چەند لە سەرەتاوە تا چەند مانگیش هەموو لایەک و بە تایبەت سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی سوننی مەزەب لە لایەکەوە پێیان وابوو تەمەنی دەوڵەتی سوریە ڕوو بە نەمانە و زوو دەڕوخێ؛ لە لایەکیترەوە هەڕەشەو گوڕەشەیان لە دەوڵەتەكەی بەشاری کەم ئەزموون لە سیاسەت و حاکمیەت ئەکرد، کە واز لە دەسەڵات بهێنێ و خۆی بداتە کەنارەوە… سەرەتا وا مەزەندە ئەکرا کە ئەوە چەند ڕۆژێکیتر نابات ڕژیم ئەڕوخێت و دەسەڵات ئەدرێتە دەستی شۆڕشگێڕان، بەڵام هەر ئەو رژیمە بە هەموو جۆرێک کەوتە کۆمەڵکوژی و بەرپەرچدانەوەی هەموو دژبەرانی، هەموو جۆرە چەکێکی زەوینی و ئاسمانی بردە کار بۆ سەرکوتکردنیان، و لە کردەوەدا ئەوەی پێکرا و بۆی ڕەخسا ئەنجامیدا؛ بەو پەڕی دڕندەیی و بێبەزییانە کەوتە قڕ کردنی شار و دێ و کوچەو کۆڵانی شارەکانی سوریە و دەستی لە هیچ نەپاراست!.

سەرهەڵداوانی سوریە و خەڵکی ئاسایی و سیاسی، چەکدار و بێچەک، لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتە بە دەست و چەک و گیان و ڕۆح، فیداکارییان کرد و بەرنگاری هێرشەکانی ڕژیم و سوپای سوریە بوونەوە.. ساڵ ڕۆیشت و هات و ڕۆیشت؛ کە چی ڕژیمی لاوازی سوریە نە، ڕووخا، و و نە، خۆی بە دەستەوەدا!! بگرە بە پێچەوانە بە پشتیوانی ڕژیمی ئاخوندی شیعە لە ئێران و سیاسەتی دوو فاقی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، یان باشترە بێژین”  ڕووسیە و ئامریکا” و بەرژەوەندیەکانیان، بوونە هۆکاری مانەوەی ڕژیمی بەشار و سەرکوتکردنی سەرهەلداوان لەو وڵاتە.!!

لە لایەکیترەوە؛ ” کێشەی بە ناو توندڕەوی ئیسلامی و زەخت و زۆری گروپە ئیسلامیەکان لە سوریە، و هەروەها نامۆیی و ترس و تۆقانی ڕۆژئاوا لەو جۆرە سەرهەڵداوانە، و تەراتێن و ڕمبازێنی دەیان ڕێکخراوی جۆراوجۆری بێ بەرنامە و پلانی ڕوون و ناسراو، هەروەها دژ بە یەک و داپلۆسێنەر و هەڕەشەکەر لە سوریە، بوونە هۆکاری دووری گرتن و تەماشاگەری سیاسەتی نێودەوڵەتی لە ڕووداوەکان!!. دەستە و تاقمە مەزهەبی، ئیتنیکی، ئاینی، قەومیەکان لە لایەکەوە لە گەل ڕژیمی بەشار شەڕیان ئەکرد و لەولاشەوە بەر ببوونە خۆیان و یەکتریان دەبڕیەوە.!! ڕژیمی بەشار و هاوبیرانی لەو بۆشایی و شەڕە ئایدۆلۆژیانەی سەرهەڵداوان، هەلیان دەسکەوت و کەڵکیان وەرگرت، و تا ئیستاش کە ٢٠١٥ز.  هێشتا مانەوەی خۆیان مسۆگەرە و دژبەرانیش بە خۆیانەوە خەریکن!.

ڕژیمێکی لاواز و بچوکی وەک دەوڵەتی بەعسی سوریە بۆ چی ئەوەندە مایەوە!؟

–  هەر وەک باسم کرد؛ هەم پشتیوانی دەرەکی، بە تایبەت ئێران و ڕوسیە، لە لایەک و لەو لاشەوە تاقمە توندڕەوەکان زیاتر بوونە هۆکاری هەڵوێستەی ڕۆژئاواییەکان و دووری گرتن لێیان و داخرانی دەروازەی دەرەوە بە ڕووی خۆیاندا!. شەڕەکان بەشی زۆری چوونە چوار چێوەی شەڕی مەزەبی، و ئاینی؛ ”  سوننی و شیعە، کورد و توند ئاژۆیی ئیسلامی، و ڕەگەز پەرەستی، شەڕی بە ناو حەق و باتڵ، کوفر و ئیمان”، و لە باتی ڕووخانی بەشار و ڕژیمەکەی، خۆیان کەوتنە گیانی یەکتری و ڕەوتەکەیان گۆڕی و خوێنمژان و بازرگانە زەبەلاحە سیاسی و ئابووریەکان هەلیان قۆستەوە بۆ زیاتر شێوانی بازاڕەکە بۆوەی زۆرتر دزی فزی خۆیانی تێدا ئەنجام بدەن بە ئاکامی گڵاوی خۆیان بگەن!!…

ئەو شەڕە ماڵوێرانکارانەی ناوخۆی سوریە، نەک هەر زەرەر و زیانی هەبوو بۆ جوڵانەوەکانی ڕزگاریخوازی ئەو وڵاتە، بەڵکوو بە ملیونان خەڵک ئاوارە، بە سەدان هەزار کوژراو، بە سەدانهەزار بریندار و کەمئەندام، بە ملیاردها خەساری ماڵی و گیانی، زۆربەی شار و ناچەکانی ئەو وڵاتە وێران و رووخاوە و ئەمن ئاسایشی تێدانەماوە، و ژیان لەو دەڤەرانە زۆر دژوارە و بگرە ژیانی هەر، لێ نەماوە!!!

هەرکام بە ناوێک و بۆ ماوەیەکی دیاری کراو ماوەیەک سەریان بەرز ئەکردەوە و خۆیان بە سەر وڵات و گەلانی هەژاردا هەڵئکێشاو دواتر دادەکشانەوە، یان دایان دەکشاندنەوە!!..

–* بەرەی ئازادی بەخشی سوری و سوپای ئازاد و بەرەی یەکگرتووی عیلمانی و ئیسلامی ماوەیەک کوشتیان و کوژران،؛ القاعیدە، النوسرە، و دواتر، دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام، ” داعش”، خۆیان ڕاگەیاند و کەوتنە پەلاماری هەمەگیر و بەرفراوان…. بە ناوی خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامی زۆر زوو بە دەیان هەزار چەکدارەوە کەوتنە شەڕەوە لە تەک هەموو لایەک و دەتوانم بێژم شەڕیان بە دژی هەموو لایەکی ئیسلامی و عیلمانی ڕاگەیاند!… لە ماوەیەکی کورتدا سنوورەکانی سوریەیان تێپەڕاند و بە هەزاران کیلۆمتر لە خاکی عێراقیان داگیر کرد… بە پلان و پیلانێک،” موسڵ” کە دووەم گەورەترین شاری عێراقە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ز. بە بێ تەقە کەوتە دەستیان و داگیریان کرد!!، هەرچی چەک و چۆڵی سەربازی و ئامرازی پێشکەوتووی شەڕ بوو کەوتە دەسیان و بوونە خاوەن پاشخانێکی هێزی دەسنەخواردوو و ئامادە، و لەولاشەوە ناوچە بەرفراوان و گەورەکەی پارێزگای ” الانبار ” کە بەربڵاوترین ناوچەیە لە عێراق و زۆربەی هەرە زۆری موسڵمانی سوننین، بەشێکی زۆری کەوتە ژێر دەست و کۆنترۆڵیان و حکومەت و دەسەڵات و خەلافەتی خۆیان لە موسڵەوە تا ڕۆمادی و سنوورەکانی سوریە و ئوردوون و تورکیە شۆڕ کردووەتەوە و حوکمی تێدا بەڕێوە دەبەن…

دیارە هەر بەوەشە نەوەستاون و لە گشت ئەو وڵاتانی کە پریشکی بە ناو بەهاری عەرەبی گرتونییەتیەوە و توند ئاژۆی ئیسلامی تێیاندا سەریان هەڵداوە، زۆربەیان پێوەندی و بەیعەتیان بە خەلیفەی ” خودخواندە” ناسراو بە ابوبکر بغدادی، و دەوڵەتەکەیان کردووە و خەریکن بەرنامەکانی داعش بەڕێوە ئەبەن!!.

درێژەی هەیە…