خەڵکی رۆژهەڵات بە هۆی نەزانین و ناشارەزا بوون لە شێواز و ئەدەبیاتی بەرێز ئوجەلان لە روانگەی خۆیانەوە لێکدانەوەیان کردو بوونە ئاپۆچی! لە راستیشدا خراپ تێگەیشتن لە زمانێک، دەتوانێ ببێتە کەمایەسییەکی جیددی
و تەنانەت لە دۆخێکی وەهادا مەترسیداریش بێت. کەمایسی و خراپ تێگەیشتن لە زمانێک، دەتوانێت مرۆڤ بەرەو بەرتەسک بوون لە بیرکردنەوە و بۆچووندا بەرێت، وەکوو ئەوەی کە هەر ئەم خەڵکی رۆژهەڵاتە کاتی خۆی دەستە دەستە بوون بە کۆمۆنیستێکی لە لێنین کۆمۆنیستتر و راستگۆیانە باوڕیان بەوە هێنابوو کە کۆمۆنیست ئازادیان بۆ دەستەبەر دەکات و سۆڤیەت بۆ وان هەموو شت بوو بێ ئەوەی لێ حاڵی بن ئینجا کە ئاشکرابوونی راستیەکان سەبارەت بە ستالین و گەندەڵی دەسەڵاتداران لە دەم ودەزگا کۆمۆنیستیەکاندا کەخرۆشچۆڤ لە ساڵی١٩٥٦راپۆرتەکەی لە بیستەمین کۆنگرەی حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتی پێشکەش کرد و پاشان بە هۆی چاکسازیەکانی گۆرباچۆڤ دەرکەوتنی زوڵم سەرەڕۆیە لە رادەبەدەرەکانی کۆمۆنیستەکان بە نیسبەت نەتەوە غەیرە رووسەکان، چەپەکانی رۆژهەڵاتی حەپەساند بە جورێک کە پێیان وابوو خەیانەتیان لێ کراوەو راستیەکانیان پێ نەگوتراوە خافڵ لەوەی کە کێشەکە تێنەگەیشتنی وان لە زمان و ئەدەبیاتی ناخۆماڵی بووە ئەمان بەس لە چاویلکەی خۆیانەوە سەیری رووداو بەسەرهاتەکانیان کردووە.
بەڵام مەخابن مێژوو دووپات بووەوە ئەمجاریش خەڵکی رۆژهەڵات هەمان رەوتیان پێواو ئوجالانی نەتەوەپەرەست و یەکخەرەوەی کوردستان و ئەندازیاری چێکردنی خەونی لە مێژینەی کوردان واتە دەوڵەتی کوردی لە مێشکی خۆیاندا حەک کرد،کەچی بەرێز ئوجالان وەکوو کەسێکی چەپ و ئەنترناسیۆناڵ قەت باوڕی بەو هزرە نەبووە قەتیش هەڵگری ئەو گوتارە نەبووە، بۆیە هەنووکەش کە لە پەیامی نەورۆزانە یەک جاریش باسی کوردستان ناکات یان دروست بوونی دەوڵەتی کوردی رەت دەکاتەوە یان خەباتی پارتەکەی بەس لە چوارچێوەی تورکیە پێناسە دەکات و ئاواتی ئازادی هەموو گەلانی دونیایە و بەس !حەقی خۆیەتی و هیچ کێشە نیە.بەڵام ئەوەی گرنگە کە با ئێمەی رۆژهەڵاتی بێ چاویلکەی خەون و خەیاڵ سەیری کەسایەتی و رووداوەکان بکەین و بە عەتفەوە سیاسەت نەکەین بەڵکوو بە عەقڵەوە سیاسی بین با چیدی ئەو کلتوورەی رۆژهەڵاتی کورسستانە وەلا بنێین کە تا ئەمرۆش هەروا فێرکراوین بە دوایی وەهم و تراویلکەدا بە پێخاوسی و چاونووقاوی رابکەین و گوێ لە هیچ نەگرین،دەبێ چەندین جار سەرمان لە دیوار بدات ئینجا بڕوا بکەین دیوارێک لە سەر رێگەکەمان بووە.
ئێمەی رۆژهەڵاتی بۆ هەموو کەس و لایەنێک داکۆکیکار و خەم خۆر و سینگ قەڵغانین بەڵام کەس بۆ ئێمە وا نیە و ئێمەش خۆمان لە نێو خۆماندا وانین