"an independent online kurdish website

باشووری کوردستان وەک گەورەترین دەسکەوتی مێژوویی کورد وردە وردە خەریکە ڕووناکایی کرانەوە ڕووی تێدەکات و لە پاش شەڕی سەختی پێشمەرگە و گریلا لە گەڵ داعشreuf-gulbeden

کە لە بۆچوونەکانی پێشوومدا لە پەڕگەی فەیسبووکی خۆم بە ” شەڕی سنوور” ناودێرم کردبوو، ئەوە ڕاست کورد لە دوا قۆناخەکانی شەڕی سنووردایە و کورد بە خوێنی خۆی سنووری کوردستانی دیاری کرد و دیاری دەکات.

ئەوڕۆکە شەوە تاریک و پڕکارەساتەکانی کورد بە خۆشییەوە خەریکە دوایی بێت، کورد کەوتووەتە قۆناخی چارەسەری و لەم ڕۆ بە دوا ” قۆناخی چارەسەری” بووە بە گاڵاڵەی دەسەڵاتداران و سەرکردەکانی کورد بۆ داهاتووی کوردستان! لە باشوور پێشمەرگە پاشەکشەی بە داگیرکەرانی کوردستان واتە داعش کرد و ئێستە باشوور مەترسی داعش وەک پێشوو لە سەر نەماوە و داعشی تازەش واتە حەشد شەعبیش کە یەکێ لە کلکەکانی ئێرانە لەم قۆناخەدا بە هۆی ئەوەی کە دەست و پێوەندەکانی ئێران لە دۆخی هێرشەوە کەوتوونەتە دۆخی بەرگری و تەنانەت جاری وایە پاشەکشەش بەم هۆیەوە بە بڕوای من مەترسی جەیشی شەعبی لە سەر کورد وەک پێشتر نییە و لەوانەیە کاریگەری هێرشی عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حوسییەکان، ئێرانی خستە ناو هەڵوێستێکی تازە کە بۆیان پێشبینی نەکرابوو! ئێران و تورکییە وەک جاران ناتوانن لە ناوچەکەدا هاوهەڵوێست بن و لە گەڵ ئەوەی کە کێشەی کورد بۆ هەموو لایەک گرینگە بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە خەریکی داڕشتنەوەی نەخشەیەکی تازەیە کە وڵاتان سەر لە نوێ دابەش دەکرێنەوە و بە پێی ئەو دابەشکردنە لەوە دەچێت ئێران هەموو هێزی خۆی بە کار هێنا کە لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە زۆرترین دەسکەوت بۆ خۆی مسۆگەر بکات و بەم جۆرە ئێران ببێ بە یەکێ لە ئاکتەرە چالاکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واتە ببێتە کوێخای تازەی ناوچەکە، بەڵام بە کردەوە بە تێکشکانی داعش کە بە لێکدانەوەی خۆیان( مەبەست ئێرانە) پێیان وابوو هاتنی داعش دەبێت بە هەلی زێڕین بۆ ئێران.

وردە سەرنجەک لە بار و دۆخی دوای هاتنی داعش بدەن کە بوو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سپای عێراق لە مووسڵ و تکریت و زۆرشوێنی‌تر، شەڕنەکردنی سپای عێراق بە ئەمری ڕاستەوخۆی مالکی و ئەمری ناڕاستەوخۆی ئێران بوو( مالکی و سپای بەدر و ئەوانە هەر لە سەرەتاوە پەروەردەی دەستی ئێران بوون)، هەڵوەشاندنەوە سپای عێراق بە تایبەتی بەشە سوننەکەی بە مەبەست بوو بۆ ئەوەی سپایەکی یەک ڕەنگی وەک جەیش شەعبی بۆ قۆناخی دوای هەڵوەشاندەنەوەی عێراق دابمەزرێنن بە جۆرەک ئەگەر بۆیان کرا ببنە دەسەڵاتداری عێراقی داهاتوو و ئەگەریش عێراق دابەشکرا لانی کەم جەیش شەعبی و هاوبیرەکانی بتوانن بەشی زیاتر بۆ خۆیان لە عێراقی داهاتوو داببڕن!

ئەوەی کە زۆر بە هەند نەگیراوە ئەوەیە کە بوونی چل بۆ پەنجا ملوێن کوردە کە دیانویست لە ناو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشت گوێی بخەن کە بە خۆشییەوە بۆیان نەکرا! شەڕ لە دوای شەڕ لە ناوچەکە هەمووی بە ئەنقەست هەڵگیرساوە و بڕێ کەسیش کەوتنە دڵە ڕاوکە و جۆرە ڕاڕاییەک لە هەڵوێستەکانیان بەدی دەکرا.

دەست تێوەردانی بە ئاشکرای ئێران لە سوورییە و یەمەن بوو بە هۆی ئەوەی کە دژبەرەکانی ئێران بتوانن بە یەکەوە نزیک بن و دامەزراندنی هاوپەیمانی عەرەبی یەکێ لە بەرهەمەکانی دەست تێوەردانەکانی ئێران بوو لە ناوچەکدا!

تورکییە لە دوایی ئەوەی کە لە ساڵی 2003 دا ڕێگەی بە ئەمریکا نەدا کە لە بنکەی ئینجێرلیک بۆ لێدانی سەدام کەڵک وەربگرێت بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا وەک سەرۆکی ناتۆ ئیتر لە سەر تورکییە وەک ئەندامی ناتۆ بە جیاواز حەساب بکات و ئەمە هەڵوێستەی تورکییە لە سەر بە ماڵ ژمێردرا و ئیتر لەمەوە تورکییە خۆی لە بەرەی ئەمریکا و ناتۆ دوور خستەوە. زەق کردنەوە تورکییە وەک ڕێبەری ئیسلامییەکان بە تایبەت وڵاتە موسڵمانە سوننەکان، لەوەش تایبەتی‌تر پشتیوانی لە حەماس و ناردنی یارمەتی بە ناو مرۆڤی بۆ فەلەستین ( ئەوە لە کاتێکدایە کە خۆی کورد بە توندی سەرکوت دەکا)، هەر وەها دەستبەسەراگرتنی کەشتی یارمەتی لە لایەن ئیسڕاییلەوە و کوشتنی چەند کەس لە تورکەکان هەمووی ئەمانەی کرد بە پڕۆپاگاندەی  بەر تەسکی حێزبی ئاکەپەی ئەردۆغان و بەم هاتنە سەرکاری ئەخوانەکان لە میسر ئیتر تورکییە یەکسەر و بە بێ پەروا لە کەس پشتیوانی ڕەسمی خۆی لە مۆحەمەد مێرسی سەرۆک کۆماری میسر دەربڕی و بە کەوتن و ڕووخاندنی ئەخوانەکان لە میسر ئەوەندی ئێش بەر تورکییە و کەم تا کورتێکیش حێزبە کلکەکانی لە کوردستان کەوت ئەوەندە خودی میسەر ئێشی بەرنەکەوت!

کۆی ئەم هەڵوێست و کردارە نەشیاوانەی ئێران لە لایەک و تورکییە لە لایەک بە قازانجی کورد تەواو بووە و هەر ئێستاکە ئەمریکا وەک دەوڵەت لەگەڵ کورد دا هەڵس و کەوت دەکات و ناردنی چەک و تەقەمەنی ڕاستەوە ڕاست بە بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هیچ مانایەکی نییە جگە لەوە نەبێ کە کوردستان چیتر عێراق نییە و ئەوەی وا پێی دەڵێن دەسەڵاتدارانی عێراق، بەغداشیان بۆ ناپارێزرێ!

کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە و هیوادارم بەم زوانە بانگی سەربەخۆیی کوردستان جاڕ بدرێت و گوێی مناڵی کورد بەم ناوە جوان و گەشە بزرینگیتەوە!

 

بژی کورد بژی کوردستان

ڕەوف گوڵبەدن / فنلاند

1.5.2015 ز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی