"an independent online kurdish website

ماوەیەکە  کتێبێک لە لایەن بەڕێز کاک موستەفا هیجری سکرتێر “حدکا”وە، دەرچووە و هێندێک ڕوونکردنەوەی تێدا بەڵاو  کردۆتەوە، کە ئەم ڕوونکردنەوە مێژوویەی حیزبی دیموکرات،mejid_palani_001

لە لایەن هیندێک لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی “حدک”وە، پێیان وایە هەم سوکایەتی بە ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەری “حدک” تێدایە و هەم نەدەبوو ئێستە ئەو کتێبە بەڵاو ببوایەتەوە و هەم پێشیان وایە،  بەڵاو بوونەوەی ئەو کتێبە پێش بە یەکگرتنەوەی حدک و حدکا دەگرێت.

لەملا و لاوەش لە ئەندامانی “حدک”وە، دەبیسرێ، کە ئەم نووسراوەیە بەبێ “گێژاندن”، واتە بیرلێکردنەوەی قوڵ و ورد، نووسراوە و بەڵاو کراوەتەوە. کەوایە، پێویست بە گێژان بوو، ئەوسا “بیبێژایە” واتە، دەبوا بژاری نووسراوەکەی بکردایە، و پاشان “بیوێژایە” ـ چاپ و بەڵاو بکردایەتۆ.

هەر بەدوای بەڵاو بوونەوەی ئەم کتێبەدا “نسکۆ و دابڕان” هەریەک لە بەڕێزان مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادە و کاک جەلیل گادانی، وەخۆ کەوتن و ئەوانیش وڵامی نووسراوەکەی بەڕێز کاک موستەفایان دایەوە. بەداخەوە، من وای دەبینم، کە هەرکام لە نووسراوەکان لە هێندێک لە نووسراوەکانیاندا هەوڵیان داوە کەسێتی بەرامبەرەکانیان لەکەدار بکەن. بەبێ ئەوەی بیری وردی لێ بکەنەوە، کە هەرکام لەوانە بە دەیان ساڵ لە یەک سەنگەردا بە دژی داگیرکەری خاکی کوردستان خەبات و تێکۆشانیان هەبووە و بگرە چەندین جاریش لە مەرگی حەتمی گەڕابوونەتەوە.

ئەوەی ئێمە مانان زۆر بۆی بەداخین، ئەوەیە، کە لەوانەیە لە داهاتووی نزیک یان دووردا، ئەندام، لایەنگر، دۆست و هەواداری هەردوولای دیموکراتەکان هەم زۆر شتی دوور لە ڕاستی بەڵاو بکەنەوە و هەم چنگ بخەنە کەلاوەی یەکتر و بگرە لە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکانی یەتریشدا بەشداری نەکەن.

ئێستە وایان پێوە دەبینین، هیچ دوور نییە، شەڕی خۆ کوژیش هەروەک باشووری کوردستان لای ئێمەش ڕوو بداتەوە. لەوانەیە، بێژن، نا، نا، ئێمە ئەزمونی ئەو مێژووە تاڵەمان دیوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو دۆخە ڕوو نادات. منیش هیوادارم، وا بێت، بەڵام وای نابینم.

هیوادارم ئەندامان و لایەنگرانی حدک و حدکا، بەخۆدا بێنەوە و چێو نەکەن بە شارەزەردەواڵەدا. واتە، تەڕ و وشک پێکەوە نەسوتێنن.کارێک نەکەن هێندەی دیکەش دڵی دوژمنەکانمانی پێ خۆش ببێت.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

 

….

بابەتی پەیوەندی دار



نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی