"an independent online kurdish website

شەهید محمود کلاشی کە زۆربەی خەڵک ئەویان بە محمود دێموکرات دەناسییەوە ئەو شەهیدە لە بیرکراوەیە. شەهید مەحمود کوڕی حەمەتاهێر بەگ لە ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی مامناوەندی لە کڵاشی باخان سەر بە جوانڕۆ لە دایک بووە.mehmud-keleshi-shehid-0

هەموو شتێک سەرچاوەیەکی هەیە هەر بۆیە وا بەباش دەزانم کە ئاورێک لە هۆکارەکانی پاڵ پێوەنانی ئەو شەهیدە سەربەرزە بۆ تێکۆشانی ڕامیاریی بدەمەوە، شەهید مەحمود کوڕی حەمەتاهێر بەگی باوەجانی بوو و کە لە ساڵی ١٣١٠هەتاوی (١٩٣١م) بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە تاران بەندکرابوو بەڵام دوای ئازاد بوونی لە زیندان زۆربەی کات لە گەڵ ڕژیمی پادشایەتی کێشەیی هەبوو و چەند جار ناچارکرا کە ڕێگای هەندەران (عێراق) بگرێتە بەر، بۆ ئەوەی بابەتەکەم کورت بکەمەوە بەکورتی دەڵێم کە ژیانی بنەماڵەکەیان تێکەڵ ببوو لە گەڵ کاری ڕامیاریی و بۆچوونی حەمەتاهێر بەگ کلاشی کارتێکردنی لە سەر منداڵەکانی هەبوو و زۆربەی بنەماڵەکەیان بە هەمان ڕێگادا ڕۆیشتن، وەک نموونە حامید بەگی باوەجانی، محەممەد و شەهید مەحمود ناو دەبەم کە هەر لە تەمەنی لاویەتییەوە ڕوویان لە کاری سیاسیی و نەتەوەیی کرد و هەرکامەش بێ حەسانەوە بەشێوەیەک تێداچوون.

شەهید مەحمود توانی تا سەرەتای پۆلی یەکەمی دەبیرستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرس بخوێنێت بەڵام بەهۆی تێکوشانی سیاسیی دوو براکەیی دیکەی کە لە باشووری کوردستاندا (عێراق) لە ڕیزی حیزبە کوردییەکان یان نەیارنی شادابوون هەردەم لە ژێر چاودێری دابوو،  بەڵام ئەو چاودێریە بۆ شەهید مەحمود و بنەماڵەکەی ببووە کارێکی ئاسایی و شەهید مەحمودی زیاتر ڕوو لە خەبات و بیرکردنە دەبرد کە لە ئاکامدا بە سەرهەڵدانەوە باسی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یانی جوڵانەوەکەیی ٤٦ و ٤٧ی ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید مەحمود”یش” وەک زۆر گەنجی دیکە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە نێوان ساڵەکانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧دا ڕووی لە باشووری کوردستان کردو توانی بووی کە لە گەڵ ئەندامانی ئەوکاتی حیزبی دیموکرات لە باشووری کوردستاندا پێوەندی پەیدا بکات کە بەگوێرەی هێندێک زانیاری ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

شەهید مەحمود وێرای کەمی تەمەن توانی بووی بۆ چەند جار لە گەڵ ئەندامانی دیکەی حیزب سنوورە دەستکردەکەی نیوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان تێپەڕێنێت، بەڵام بە لاواز بوون و کورت کردنەوەی تێکۆشانی کادرەکانی حیزبی دیموکرات شەهید مەحمود”یش” وەک زۆر ئەندامی دیکەی ئەو حیزبە بە ناچاری بۆ ماوەی چەند ساڵ وەک پەنابەر لە عێراقدا کاری ڕامیاری دەکات یان دەمێنێتەوە و لەو وڵاتەدا ژیانی هەوبەش لە گەڵ کچێکی باوک کورد و دایک عەرب پێکدێنێت، هەروەها دەتوانێت لە تاراوگەدا پەرە بەخوێندن بدات تا سەرەتای ساڵی ١٣٥٧ و بەهێزبوونی جوڵانەوە گەلانی ئێران بۆ ڕوخانی حکوومەتی پاشایەتی و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ، بەڵاواز بوونی دەسەڵاتی حکوومەتی سەلتەنەتی لە ئێراندا هەر سێ منداڵەکانی حەمەتاهێر بەگ گەڕانەوە ناوچەکە و هێشتاکە دەسەڵاتی حکوومەتی پادشایەتی بەتەواویی ڕادەستی مێژوو نەکرابوو کە ئەوان باسی مافی نەتەوایەتیان لە مەڵبەندی هەورامان و جوانڕۆدا هێنایە نێو کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە، شەهید مەحمود کە وەک ئەندامێکی (کادر) حیزب دیموکرات گەڕابووەوە لە باری چۆنیەتی کاری تەشکیلاتییەوە بەشێوە و پرینسیپی دیاریکراو دەجووڵایەوە بەڵام حامید بەگ و محەممەدی برای پێوەندی تەشکیلاتیان لە گەڵ حیزب پچڕابوو یان نەبوو ئەم بوون و نەبوونە هۆکارێک بوو تا نەتوانن پێکەوە کاربکەن و لە زۆر بواردا ناتەبا بن کە ئاکامەکەی بوو بە لەیەک دورکەوتنەوەیان.

هێشتاکە لە هێندێک شوێن هەر جاوید شابوو، شەڕی کورد و ڕێژیم لە هیچ لایەک دەستی پێ نەکردبوو بەڵام مەرکەزیەتی کرماشان (شاری کرماشان) کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامییەوە کە ئوستانداری ئەو سەردەمەیی کرماشان چەند کەسیان لە خزمانی ئەو سێ برا بانگهێشتنی ئوستانداری کرماشان کرد کە منیش یەکێک لەو کەسانە بووم، پێشنیاری ئوستانداری ئەوکاتی کرماشان بۆ شەهید محمود ئەوە بوو کە وەک مڕۆڤێکی سیاسیی کە مێژویەکی لە خەباتی ڕامیاریی دا هەیە ڕێزی بۆ دادەنێن و ئەگەر خۆی پێی خۆش بێت حازر ماڵێکی لە هەر شوێنێک کە بۆ خۆی پێی باشە پێ بدەن و بیکەن بە بەرپرس یەکەم لە وەزارەتی ڕاهێنان و فێرکردن لە هەوراماندا، هێشتاکە شەڕی سنە و مانگرتنی قوڕی قەڵای دەستی پێ نەکردبوو کە ئێمە چەند کەس پەیامەکەی ئوستانداری کرماشانمان بەو سێ برایە گەیاند کە لە گەڵ دژکردەوەی ئەوان ڕووبەڕوو بووینەوە و شەهید مەحمود گۆتی ئەگەر هەموو دونیام پێ بدەن بە چارەسەری کێشەکەیی نەتەوەکەم نابێت و…

شەهید محمود وێرای زۆر کەندوو کۆسپی سەر ڕێگای کەسێک بوو کە بەهەمان هەست و بیروبۆچوونی سەردەمی لاویەتییەوە خەباتی دەکردو وەک هۆگرێکی ماندوو نەناسی نەتەوەکەی لە هیچ چەشنە تێکۆشانێک کۆتایی نەدەکردو ئیمکانی گۆڕانەوەی خەباتی ڕزگاریخوازی لە گەڵ ژیانی تایبەتی بۆ ئەو مانای نەبوو.

ئەو شەهیدە ماندوو نەناسە لە سەرەتاوە لە هەموو شەڕەکانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشداری کرد و لە شەڕی پاوە دا گەورترین دەوری هەبوو، لە شەڕی پاوەدا شەهید محمود بوو کە بەتەواوی توانەوە هەوڵی دەدا تا گەلی کورد ئەو شەڕە داسەپێندراوە نەدۆڕێنی و ماندوو نەناسانە لە هەوڵی کۆکردنەوەی هێزی بەرگری (هێزی یارمەتیدەر) لە ناوچەکانی دەوروبەری پاوە وەک جوانڕۆ، باوەجانی، قوایی، تاوگۆزی، زەهاو، هەروەها ناوچەکانی یارسان بوو کە بە سەدان کەسی لەو ناوچانە هێنا بۆ شەڕی پاوە و لەکاتی گەڕانەوەش دا لە زۆر بواردا دەبا یارمەتی بەگەڕانەوەی هێندێک لەوان کردبا.

دوای شەڕی پاوە لە پێوەندی لە گەڵ سەقامگیر بوونی بنکەو بنایی حێزبی لەو ناوچانەدا بە شەو و ڕۆژ کاری دەکردو هەوڵی دەدا تا بەڵکو بتوانێت ڕێکخستنێکی لەبار لە ناوچەکەدا جیگیر بێت و ڕژیم یان حکوومەتی عێراق نەتوانن دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرن کە لەم پێناوەدا وەک تاکە سواری گۆڕەپانی خەبات بێ وچان و بەردەوام هەوڵی دەدا و پەنایی بۆ داروبەرد دەبرد تا بەڵکو بتوانێت بە قازانجی نەتەوەکەیی دەست بەسەر ئەو وەزعە شپرزەیەدا کە مەڵبەندەکەی گرتبووەوە بگرێت، دەتوانم بڵێم کە شەهید مەحمود یەکێک لە فاکتەرەکانی هاندانی حامید بەگی برای بوو بۆ ڕۆیشتن بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکرات بۆ مەهاباد و ئامانج لەو هاندانە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کۆمەڵایەتی و سەربازی حامید بەگ بوو لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەیدا، بە دەیان و بگرە سەدان بابەت لەم پێوەندییەدا هەن بۆ باسکردن بەڵام لە بەر کورتکردنەوەی بابەتەکە بە سەریاندا باز دەدەم.

دوای لە دەست چوونی پرۆژەی بەرنگاربوونەوەی ڕژیم ئێران و عێراق لە ناوچەکەدا زیاتر وەک کادرێک لە ژێر ڕێبەرایەتی هێزی شاهۆدا کاری دەکرد بەڵام دیسان چاوپۆشی لە تێکۆشان لە ناوچەکەدا نەکردو بەردەوام لە هاتووچۆدابوو تا کاتی گەڕانەوە وەک کادری بەرپرسی تەشکیلاتی سەلاس، دوای گەڕانەوەی بۆ تەشکیلاتی سەڵاس توانی بەشێوەیەکی باش کارتێکردنی لە سەر ئەو تەشکیلاتە کە بنەکەکەیی لە بەمۆدا بوو هەبێت و زۆر کەس ڕوو لەو ناوەندە بکات و بەشێوەیەک فاکتەری بوژانەوەی تەشکیلاتی سەلاس بێت و وەک هەمیشە بە دڵسۆزی لێبوردوویی و هەڵسوڕ کار بکات.

وێرای چالاکی لە پێکهێنانی ئایدە و ناوەندی دیکە دەتوانن شەهید مەحمود وەک تاکی سەرەکیی پێکهێنانی هێزی داڵەهۆ پێناسە بکەین، هەوڵ و تێکۆشانی ئەو شەهید بوو کە بە کۆکردنەوەی هێزی فیکری و مڕۆڤی ئیمکانی پێکهاتنی هێزی داڵەهۆی دەستەبەرکرد، بەکورتی دەتوان بڵێم کە شەهید مەحمود یەکێک لە فاکتەرە کاراکان بوو لە ناساندی حیزبی دیموکرات بە زۆر شوێن و تاک لەو ناوچە ڕنگاوڕەنگ و بەرینەدا.

ئەو شەهیدە سەربەرزە کاتیک کە وەک کادری کومیتە شارستان دیاری کرا بە مەبەستی کاری ڕێکخستن بۆ ئەوەی کە بتوانیت زیاتر لە گەڵ خەڵکی ناوچەکە لە ناوخۆ پێوەندی ڕاستەوخۆ بەردەوام بکات ڕۆیشتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیم کە بەداخەوە دوای گرتنی چەند کۆڕ و کۆبوونەوە لە سەلاس و جوانڕۆدا لە لایەن چڵکاوخۆرێکی خۆفرۆشەوە یان خۆفرۆشانی چلکاوخۆرەوە شناسایی کراو بوو بە دیلی دەستی زاڵم و ئەو حکوومەتە تاوانکار و تاوانبارە توانی بە ئاواتی لە مێژینەی خۆی بگات.

شەهید مەحمود وێرای ئەوەی کە بە شێوەهای جۆراجۆر ئەشکەنجە کرابوو و کاتی لە سێدارەدانی کێشێکی ئەوتۆیی نەمابوو یانی دەتوانن بڵێن کە ئێسک و پێستێکیان لە سێدارە دابوو بەڵام ناوی هیچ کەسێکی لە زار دەرنەچوو بوو و هەر کەسیان پیشاندا بوو وتبووی نایناسم و بە سەربەرزیی و بە گۆتنی سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دواین کاتەکانی ژیانی پڕ لە شەهامەت و فیداکاری تێپەڕاندو خۆی فیدای سەربەستی نەتەوە و نێشتیمانەکەی کرد، ڕۆحی شاد و ڕێگای سەرکەوتووبێت.

لە کۆتایی دا دەمهەوێت بڵێم کە بەداخەوە کە بە پێکهاتنی ئاڵوگۆڕ لە ئایدیا لە هێندێک بواردا لە ڕێبازەکەیدا (حیزبەکەیدا) ئەو هەموو فێداکاری ماندوو بوونەی مەحمود دیموکرات بە هاسانی وەک ژیانی هەتیوی چاوەڕووانی دەستی سەرمایەدار لە بیرکرا هەر بۆیە من وام بەباش زانینی کە هێندێک کاتی خۆم بۆ نووسینی ئەو کورتە ژیاننامەیە تەرخان بکەم، هەمووی ئەوانە کە بەڕاستی خەباتیان کرد بۆ ئازادی و مافی خۆیان لە بیر و مێشکی هەموو ئازادیخوازێکدا زیندوون و بە زیندوویی ڕادەگیرێن!.

 ڕۆحی شەهیدە لە بیرکراوەکان و هەموو شەهیدانی ڕاستی ڕێگای ئازادی و سەربەستی شاد بێت.

mehumud-keleshi-shehidqamlu-shehid-mehmud-keleshiqasmlu-hasan-sherefi-shehid-mehmud-keleshiqasmlu-shehid-mehmud.keleshi-hawreyani-1


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی