"an independent online kurdish website

من بیرەوەری خۆم لە هاوسایەکی ئاڵمانی، بۆ تۆ گێڕایەوە، کە لە ناو ماڵەکەی وێنەی مستەفا بارزانی نیشان دام و گوتی،” ئەوە قارەمانی کوردە!”braym-fershi

تۆ لە وڵامدا کە زانیت من موکریانیم، ئەوەت گێڕایەوە:” پێشمەرگەکان بۆ ئازادکردنی هەر شارێکی کوردستان هەڵدەستانە سەرپێ.” کاتێ لە تۆ دەپرسن کە بۆ هەڵناستی؟ لە وڵامدا گوتبووت:”هەتا شارەکەی من ڕزگار نەبێ، هەڵناستم”، لێت دەپرسن کام شار؟ تۆ دەڵێی:”سابڵاخ”،  ئەو شوێنەی کە لێی لەدایکبووی!

 

کاتێ ئەو قسانەت دەکرد، لە ژوورەکەدا، دوو ڕۆژهەڵاتی، دوو باکووری و سێ ئاڵمانی، گوێیان بۆ قسەکانت شل کردبوو. لە مەڕ کێشەی ناوخۆ، تۆ لە سەلاحەددین و نەچیروان بارزانی، لە دهۆک، دڵنیاتان کردین کە شەڕی براکوژی ڕوونادات. کاتێک نیگەرانی خۆمان نیسبەت بە دەستتێوەردانی تورکیا و ئێران و عێراق  بە پێی زانیارییەکانمان، لە گەڵ ئێوە باس کرد، پێتان گوتین،کە ئێوە سەروەری سیاسی خۆتان و کوردستان دەپارێزن!

 

٢١ ساڵ لەم دیدارە تێپەڕیوە. هەفتەیەک دوای گەڕانەوەی ئێمە، شەڕی پارتی و یەکیەتی دەستی پێکرد، دواتر تانکی بەغدا و موستەشاری تاران و لەشکری ئانکارا لە سێ لاوە، سنوورەکانی سەروەری وڵاتی ئێوەیان بەزاند و لە پرۆسەیەکدا یەک بە یەک ئیلیتی سیاسی کوردیان کڕی.

 

شەڕی ئامریکا و بەغدا و سەرەونخوونبوونی سەدام، ئێوەی لە گەڵ بەغدا و واشنگتۆن و بروکسل و باقی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بازاڕەکانی سیاسی جیهان گرێدا، بە بێ ئەوەی ئیزنتان پێبدەن بچنە ناو بازنەی سیاسی و مافی بەرانبەرتان هەبێ! کوردستان کرا بە بازار و مەیدانی هەڵسووڕان و ململانی شەریکەی ترک و فارس و عاڕەب و ڕۆژئاوایی و ئەو کوردانەی، ببوونە بازرگان و دەڵاڵ، بە تایبەت دوای هەڵقوڵانی چاڵە نەوتەکان.

 سەرە پەتی سیاسەتی کوردستان لە عەمەلدا، لە دەست ئێوە دەرچوو، ئێوە و دۆستانتان بوون بە کۆمسیۆنوەرگری گرێبەستەکان و شیریکەکان. کاتێک شەریکەکان، شاروشەقامەکانیان بۆ ڕازاندنەوە،بورج و باڵەخانەی ناتەرزیان بەرەو ئاسمان هەڵکێشا، مێدیا و حکوومەت و حزبەکان جاڕی پێشکەوتنیان داو وێنەی بە کوویەت کردنی کوردستان لە خەیاڵی ئێوەدا کێشرا، غافڵ لەوەی کە بزانن، ئێوە ڕۆلەی ژنرالەکەی بارزان و ئەندامی بنەماڵەی ئەنفالکراوەکان و ڕابەری یەک لە چواری نەتەوەی کوردن. خەونی ئەوان کوردستانێکی ئازاد و سەربەست و بەختەوەر بوو، خەونی ئێوە، کوویەتی لە کەسایەتی داچۆڕدراو! هەر ئەو پرۆسەیەی کە داهاتووی کوردستانی ئێوەشە!

 

گەر لە بیرتان بێ، خۆتان باسی وەزعی نالەباری مەعیشەتی خەڵکتان کرد، ئێمە خۆشمان لە دهۆک، زاخۆ، هەولێر، سولەیمانی، هەڵەبجە و گوندەکان، گوێبیستی خەڵک بووین. بە تایبەت منداڵ لە هەموو شوێنێک بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان دەبیندران. لە ڕەوزەی سولەیمانی ژنێکی ئەرمەنی سەرەڕای خانەنشینی، گەڕابووە لای منداڵەکان، کەسانی تر بزە وشادیان بە منداڵەکان دەبەخشی و زۆربەی منداڵ لەبەر خاتری پرداخێک شیر کە دەیاندرایە، ڕوویان لە ڕەوزە دەکرد.

هەزاران خوێندکار هەر لە باخچەی منداڵانەوە هەتا زانستگا بە برسیەتی، جل وبەرگی شڕ، زانست و هونەر فێردەبوون. مامۆستا بە کەمتر لە نانەزگی کاریان دەکرد و مووچەی یەک مانگیان، کەمتر لە خەرجی گیرفانی هەفتانەی منداڵێکی ئاڵمانی بوو، کە ئەوانیش پارەکەی خۆیان بە ئێمە بەخشیبوو، بۆ ئەوەی لە گوندەکانی ئێوە قوتابخانە و خوێندنگە سازبکرێ.خۆتان داواتان لە ئێمەکرد بچینە ناوچەی بارزان و چاومان بەو بنەماڵانە بکەوێ کە لە ئێران گەڕابوونەوە و منداڵەکانیان لە ژێر دەڵق و نایلۆندا، دەرسیان دەخوێند.

دەبێ لەبیرتان بێ کە باسی ژێرخانی ئابووری کوردستان کرا و هاووڵاتیانی ئێوە خۆیان کەوتنە وێرانکردن و تاڵان وبڕۆی وڵاتەکە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کوردەکانی مووچەخۆری ئیدارەکانی خۆی بە چەمەدان پووڵەوە نارد، بۆ ئەوەی هەرچی بەکار دێت، بە هەراج ئاودیوی ئێرانی بکەن، تا بگاتە ئەو ڕادەیەی زانستگاکانتان دەزگایان نەبێ بۆ کۆپیکردن و خوێندکارەکان لە بەر شۆقی لەنتەر، لە ڕووی کتێبە کۆنەکان بنووسنەوە. ئێوە هەموو کۆسپەکانتان لە گەمارۆی ئابووری ڕۆژئاوادا، گردوکۆ دەکردەوە. ئەو پرۆسەیەتان باس نەدەکرد کە لە ناوەوە، کوردستانی دەپووکاند و هەمووشتێکی دەکردە، ماکێت و کارتۆن!

 دواتر کە دەرگای هەموو جیهان بە سەرتاندا کرایەوە، چیتان کرد؟ کشتوکاڵتان ژیاندەوە؟ کارخانەکانتان وەڕێخستەوە؟ دەیان کارخانەی نوێتان ساز کرد؟ جادە و ڕێگاوبان کێشرا، بەرهەمی زیادیی کوردستان ڕەوانەی وڵاتان کرا؟ کار و ژیان بۆ خەڵک، بە تایبەت لاوان دابین کرا؟ بەرنامەی ڕێکوپێکی ئیقتیسادی کورتخایەن و درێژخایەنتان بەڕێوە برد؟ کوردستانتان هێنایە ریزی کۆماری ئازەربایجان، کە هاوکات لە گەڵ ئێوە ڕزگار ببوون؟

 

  کاک مەسعوود،

وڵاتەکەی من لە ژێر حکوومەتی بەڕێزتدا لە چ بوارێکی سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی سەربەخۆیە؟  لە چ بوارێکدا پێشکەوتووە؟ خەڵکەکەی ئێوە، چەندە بەختەوەرن؟  ئێوە کە ماوەی ٢٤ ساڵ دوور لە ستراتێژی و بەرنامە، ڕۆژانە سیاسەتان گێڕاوە و گرفتەکانتان لەسەر یەک کەڵەکە کراون، چ بەرنامەیەکتان لە کیس چووە کە لە ماوەی ٢٤ ساڵدا جێ بەجێ نەکرابێ و لە دوو ساڵدا، بتانەوێ جێ بەجێی بکەن؟  ئێوە کە توانای ئەوەتان هەیە، کاری ٢٤ ساڵ لە دوو ساڵدا جێبەجێ بکەن، بۆچی ئەو ساڵانەتان بە فیڕۆ برد؟

 

کاک مەسعوود،

میللەتێکتان بارهێناوە کە مەیلی کارکردن تێدا مراندراوە، خەڵک لە هاسانترین شێوە بۆ پەیداکردنی پارە دەگەڕێن، ملیۆنێرتان هەیە نازانێ پارەکانی بژمێرێ، خوێندکارتان هەیە ڕقی لە کتێبە، پرۆفیسۆرتان هەیە سەربەرگی کتێبەکەی بە هەڵە دەنووسێ، وەزیر و وەکیلتان هەیە بە ساڵ چاوی بە کتێبێک ناکەوێ، داهێنانی نووسەروهونەرمەندەکانتان بە پێی پارەی حزب و حکوومەتە! میلەتێکتان بەرەو ئیفلاس هیدایەت کردووە، تەنانەت زەویتان نەزۆک کردووە، زەوی کە پیرۆزترین نرخی لای مرۆڤی کورد هەبوو!

 

ئێستا، پێویستتان بە پشتیوانی و ئیمزکۆکردنەوەیە بۆ دوو ساڵی تر؟  چۆنە ئیمزاکەران، ئاگاداری نهێنییەکان هەن و دەزانن کە گەمی کوردستان دوو ساڵی تر پێویستی بە ئێویە و خەڵک بێ خەبەرن؟  گەر ئێوە و ئەوان شتێک دەزانن  بۆ بە ئاشکرا بە هەموو خەڵکی نابێژن، با لە جیاتی دووهەزار، چل و پێنج ملیۆن پشتتان بگرن!

 

کاک مەسعوود،

لە بەر ئەوەی نامەکە درێژ نەبێتەوە، وازم لە بەڵگە هێناونەوە و ڕاپۆرتی درێژ و وردی خۆم و دەیان کەسی تر هێناوە. نامەکەم بە بەسەرهاتی هانس تەواو دەکەم کە دووجار بینیوتە، ئەو بۆیگێڕایەوە کە چۆن مارک بە مارک لە مەدرەسەکان پارەیان بۆ درووستکردنەوەی مەدرەسە لە کوردستان کۆ کردۆتەوە، ئەو باسی خۆشەویستی خۆی نیسبەت بە کوردستان بۆ کردی، ئەو دوای نەخۆشییەکی کوشەندە، گەڕاوەتەوە بۆ ژیان، هەرچەند خانەنشین کراوە، بەڵام هەر دەرس دەڵێتەوە و هەرچی زیاتر لە پارەی خانەنشینییەکەی بێت، دیڕژێنێتە ناو حیسابی کۆمەڵەی مەدرەسەیەک بۆ کوردستان. ئەو و ئەوانی تر کە ئەو ڕۆژە  گوێیان بۆ قسەکانی ئێوە شل کردبوو، جگە لە دوکتور کە نەماوە، ٢٤ ساڵە لە سەر بەڵێنی خۆیان نیسبەت بە کوردستان ماونەتەوە و ئەمجارە  بەرەو شەنگاڵ و کۆبانی دەڕۆن، بۆ ئەوەی مەدرەسە بۆ منداڵان سازکەنەوە. ئەوان کورد نیین و لە سەر بەڵێنی خۆیان ماونەتەوە، ئێوەچی؟؟

 

کاک مەسعود، 

ئەو کەسەی بارزانی بە قارەمانی کوردان دەزانی، خۆی و خێزانی نەماون و کەسیشیان لە پاش بەجێ نەماوە، بەڵام کوڕ و نەوەکانی بارزانی ماون. بۆ ئاگاداریتان سابڵاخ هێشتا ڕزگار نەبووە!

 

بێ وەی بن

 

برایم فەڕشی(بەهرام موکریانی)

گەڵاوێژی ٢٠١٥ – ئاڵمان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی