"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان:  تا ئێستا حیزبەکان ی باشووری کوردستان لە سەر درێژ کردنەوە 2 ساڵەی کاک مەسعود بارزانی رێک نەکەوتوونmesud-bazani-dany-feri-0

و  هەرکاتێک کێشەی نێوان حیزبەکان و حەتتا جاری وا هەیە لە نێو یەک حیزبیشدا  کە کیشە دروست دەبێ، فەوری هەیئەتی ئێرانی یەک لە دوای یەک دەست دەخەنە ناو کێشەکە و بەداخەوە زۆربەی کاتەکانیش قسەی یەکەم ئەوان دەیکەن و زۆربەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان ئەوان وەک فرشتەی نەجات چاو لێ دەکەن.  ئێمە وای دەبینین کە سەرۆکایەتی بەڕێز کاک مەسعود بۆ 2 ساڵی تریش درێژ دەکرێتەوە و  ئێران  پشتیوانی خۆی دەربرێوە و بەڵام کێشەکە لێرەدا کۆتایی نایەت، ئایا دوای ئەم 2 ساڵە چی رو دەدا ئایا  کەسی تر پەیدا دەبێ کە جێگەی موتمانەی پارتی و حیزبەکانی تری باشور و کۆماری ئیسلامی ئێران بێ؟ ئایا حیزبەکانی باشوور خۆیان لە داوی مەلاکانی ئێران رزگار دەکەن، ئایا حیزبەکانی دژ بە ئێران تا کەی دەتوانن لە باشووری کوردستان بن ، دوای ئەوەی کەم کەم هێزەکانیان بەرەو ئێران جۆڵاندوە.  

با لێرەدا بڵێن ئێمە دژی درێژ کردنەوە 2 ساڵەی کاک مەسعود نین، ئەوەی جێگەی نیگەرانی ئێمەیە ، سەربەخۆ نەبوونی حیزبەکانە و دوای ئەم هەمووە ساڵە لە دەسەڵات و خەبات و قوربانی دانە ناتوانن خۆیان رێک کەون و پەنا بۆ دوژمنی دێرینەی کورد دەبەن.

ئەحمەد میرە سەرنووسەری گۆڤاری لڤین قسەیەکی جوانی کردوە

Ahmad-Mira

دوای پشتگیری قاسمی سلێمانی بۆ بارزانی، هەر حیزبێك پەشیمان بێتەوە پیاوی ئێرانە” ئەحمەد میرە سەرنوسەری گۆڤاری لڤین لەم بارەیەوە دەڵێت” ئێستا دوای ئەوەی كە دەوڵەتی ئێران پشتگیری مانەوەی بارزانی دەكات كاتی دەركەوتنی قولی رەش و سپییە لە یەكتری، بۆئەوەی بیسەلمێنن كە پرۆژەكەیان خۆرسكییە دەبێت لەم كاتەدا كە قاسمی سلێمانی پشتگیری بارزانی دەكات ئەوان سوربن لەسەر پرۆژەكەیان و تەنازول نەكەن”

میرە دەڵێت” دوای هاتنە سەرخەتی قاسمی سلێمانی هەر حیزبێك پەشیمان ببێتەوە لە پرۆژەكەی و تەناززول بكات دەیسەلمێنێت حیزبێكی بودەڵەیە و پیاوی ئێرانە و بە فەرمانی ئەوان ئاراستە دەكرێت”

 

بۆ نموونە چەند هەواڵێک

qasm-suleimani-mesud-barzani

روداو: شاندێکی ئێران بەسەرۆکایەتی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودس-ی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی شاری سلێمانی کرد و سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەکان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: “قاسم سولەیمانی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ هەریەکە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت رەسووڵ و بەرهەم ساڵح، هەروەها لەگەڵ نەوشیروان مستەفاش کۆبووەوە و پێیڕاگەیاندن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ مانەوەی بارزانیدایە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان”.

..

ali-bapir-amir-abdulahi

روداو: عەلی باپیر، ئەمیر کۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان رۆژی چوارشەممە 5-8-2015 لە تاران، لەگەڵ ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقایی کۆبووتەوە و دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کردوون.

..

mesud-bazani-dany-feri

روداو: بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 5ـی 8ـی 2015 لە سەڵاحەدین ، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری لە سەڵاحەددین کۆبووەوە.

newchirwan-danay-fer

روداو: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ” ئامادەین پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران زیاتر پتەوبکەین. هاوکات ئێران-یش خوازیارە ئەو پەیوەندییانە فراوان بکات”.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5/8/2015 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی حەسەن دانایی فەڕ، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و شاندێكی دیبلۆماسیی یاوەری كرد.

..

ferhad-mela-saleh

روداو 2015-08-07 فەرهاد مەلا ساڵح ئاشكرایكرد كە قاسم سولیمانی لە شوێنكی هەولێر لەگەڵ محەممەد فەرەج، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو كۆبووەتەوە. گوتیشی ” ئەمینداری یەكگرتوو لەگەڵ حاجی قاسم لە هەولێر كۆبووەتەوە، لە ماوەی رابردوو سێ‌ شاندی ئێرانی سەردانیان كردووین بە ئیعتیباری ئەوەی یەكگرتوو خاوەنی دەستپێشخەرییەكە بوو”.

…..

خەندان: زانا رۆستایی سه‌ركرده‌ی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ سۆمه‌ریه‌نیوز، وتی‌: “له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا باڵیۆزی‌ ئێران له‌ عیراق له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبۆوه‌ و هانی‌ دان له‌سه‌ر پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم رێكبكه‌ون”.

وتیشی‌: “ئێران له‌گه‌ڵ‌ مانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌-دایه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵی‌ تر، ئیتر سیستمه‌كه‌ په‌رله‌مانی‌ بێت یاخود سه‌رۆكایه‌تی‌”.

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ باڵیۆزی‌ ئێران له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمدا، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئێران خراوه‌ته‌ڕوو.

..

 

دەقی  سەرجەم وتووێژەکەی  نێچیرڤان بارزانی

نێچیرڤان بارزانی: نەخشەی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت (تێکست و ڤیدیۆ)

فیدیۆ

رووداو – هەولێر

نێچیرڤان بارزانی: زۆر بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم. بەخێربێن کە بانگهێشتی ئێمەتان قبوڵکرد. دانیشتنی ئەمڕۆی ئێمە قسەکردنە لەسەر بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان. ئەو شتانەی کە گەرمن لە هەرێمی کوردستان و قسەیان لەسەر دەکرێت لە هەموو روویەکەوە. چ مەسەلەی بابەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چ مەسەلەی خزمەتگوزاری، مەسەلەی نەوت یان هەر شتێک کە ئێوە دەتانەوێ پرسیاری لەبارەوە بکەن. ئەوە بەندە لەخزمەتدام و زۆر بەخێربێن.

 

  ئامادەین بسازێین، بەڵام سەپاندنی ئیرادە قبوڵ ناکەین

 

 پرسیار: ئێستا لە هەرێمی کوردستان زیاتر قسە لەسەر دوو قەیران دەکرێت:  قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دووەمیش قەیرانەکانی نێوخۆ لە ئاو و کارەبا و مووچە. ئەگەر لە قەیرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێبکەین، ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێزتان قسەی لەسەر دەکەن مەسەلەی سازانە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بەڵام سازان لەسەر چی دەکرێت، کە ئێوە بڕیارتانداوە دەبێت جەنابی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ دوو خولی دیکەش ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی یاسای ژمارە ١٩ ی حوزەیرانی ٢٠١٣، کە پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی ئیمزایکردووە، ناتوانرێت درێژبکرێتەوە. ئەمە حاڵەتێکی نایاسایی دروست ناکات؟ بەپێی یاسای ژمارە ١ ی ٢٠٠٥ بارزانی دوو خولی خۆی تەواوکردووە. سازان لەسەر چی دەکەن کە پێشتر بڕیارتانداوە بارزانی دەبێ بۆ دوو خولی دیکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێت، لەکاتێکدا هێزەکانی دیکە: یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزووتنەوەی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا دەکەن لە تونێلی یاسایی خۆیەوە تێپەرێت کە پەرلەمانی کوردستانە. بۆچی ناتانەوێت لە پەرلەمانەوە چارە بکرێت؟ ئەگەرچی پرسەکە سیاسی بێ، بەڵام دواجار هەر بە یاسایی چارە دەکرێت. دەربارەی نەبوونی ئاو، ئەم هەموو قەیرانە چی دەگەیەنێت؟ ئەمە شکستی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە؟ ئەگەر کارەبا نەبێ، ئاو نەبێ، مووچە نەبێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان شکستی نەهێناوە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان؟ بەهۆی سیاسەتی نەوتیی هەرێمەوە بودجەی هەرێم بڕدرا لەلایەن بەغداوە، ئێستاش کە هەرێمی کوردستان بە سەربەخۆیی نەوت هەناردە دەکات، مووچە نییە، ئەمە شکستی سیاسەتی نەوتیی هەرێم نییە؟ بۆچی بەم دۆخە گەیشت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: لەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکەم. جارێ ئێمە داوامان نەکردووە بۆ دوو خولی دیکە بارزانی وەکو سەرۆک بمێنێتەوە. بەڵكو داوامانکردووە ئەو دوو ساڵە تاوەکو کۆتایی خولەکە بکرێتە تەکمیلە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە کوردستان بە بارودۆخێکی زۆر تایبەتدا تێدەپەڕێت. هەزار و سەت کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ داعش هەیە. زیاتر لە یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ئاوارەمان هەیە. بە بۆچوونی ئێمە وەکو پارتی، ئەم دەستوورە بۆ یەک نەفەر نییە. ئەمڕۆ مەسعوود بارزانییە، سبەی ئەو نییە. ئەمڕۆ ئەو سەرۆکە، سبەی ئەو سەرۆک نییە. ئەمڕۆ پارتی هەیە، سبەی نابێ. حیزبەکان دەڕۆن، بەڵام ئەم خاکە دەمێنێتەوە.  ئێمە لە روانگەی شەخسییەوە سەیری ئەم بابەتە ناکەین، بەڵکو لە روانگەی پێویستیی ئێستای کوردستان سەیری ئەم بابەتە دەکەین. ئایا لەکاتێکدا ئەو هەموو کێشەیەمان هەن، پێویست دەکات ئەمەشی بخەینەسەر؟

 

جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی یەکەمەوە، پێش دوو ساڵ، داوای لە پەرلەمان کردووە کە دانیشن و چارەسەرێک بدۆزنەوە. ئەو ویستی کە لە ماوەی ساڵێکدا نەک دوو ساڵ سازان بکرێت و تەوافوق بکرێت لەسەر ئەم پرسە. تەنانەت گوتی ئەو ئامادەیە ئەو ئەمانەتە تەسلیمی هەر کەسێ بکات کە ئەم مەسئولیەتە وەربگرێت. ئەو ئەم نامەیەی لە ٢٠١٣ دا نووسیوە و ئەوەی لەسەرشانیەتی جێبەجێی کردووە

 

با بزانین کێشەکە لەکوێیە؟ ئێمە سەرەتای ئەم بارودۆخەی کوردستانمان بە سازان کردووە، بە سازان حکومەتمان داناوە، ئەگەر نا سەرۆکی پەرلەمان لە فڵان حیزب و سەرۆکی حکومەت لە فڵان حیزب نەدەبوون، بەڵام بە تەوافوق رازی بووین بە دابەشكردنی پۆستەکان.

 

ئەوەی ئێمە لێی نیگەرانین ئەوەیە کە ئەوەی لە رۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ روویدا، بنەمای تەوافووقی تێکدا لەم وڵاتەدا. کێشەکە لەوەوە دەستپێدەکات کە رۆژی ٢٣ ی حوزەیران بووە هەوڵێک بۆ سەپاندنی ئیرادە. ئەو رۆژە بەرلەوەی حیزبەکان پڕۆژەکان پێشکەش بکەن، چەند کاژێرێک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو حیزبانە قسەمکرد تاوەکو کەمێک دوایبخەن، بۆئەوەی بتوانین قسە و گفتوگۆی لەسەر بکەین. گوتم ئەوەی ئێوە دەیکەن سەپاندنی ئیرادەیە و لەم وڵاتەدا حیزب بچووک بێ یان گەورە، سەپاندنی ئیرادە قبوڵ ناکات. باسەکە باسی پارتی نییە، حیزب چەند بچووک بێ، بەوە رازی نییە.

 

پرسیار: بەڵام دەگوترێت پارتی دەیەوێ ئیرادەی خۆی بسەپێنێت. پارتی لایەنێکە و ئەوانی دیکە چوار لایەنن..

 

نێچیرڤان بارزانی: مەسەلە چوار حیزب و یەک حیزب نییە. دەبوو بوار بە دیالۆگ بدرێت. سەیرکەن، زۆرجار لە بەغدا ئەم جۆرە کێشانە لەنێو هێزە سیاسییەکاندا دروست دەبن، بەڵام کێشەکان نابردرێنە نێو پەرلەمان و لە دەرەوەی پەرلەمان بە تەوافوق چارەسەر دەکرێن. تەنانەت ئێمە وەک کورد، کە زۆر کورسیمان نییە لەوێ، پێماندەڵێن وەرنە دەرەوەی پەرلەمان تا بگەینە رێککەوتن. ئێمە لە کوردستانیش دەمانتوانی بگەینە رێککەوتن و شتێکی ئاسان بوو، چونکە شتێکی وا گەورە رووینەدابوو تاوەکو ئەوان لە رۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ئەوە بکەن کە کردیان. شەڕەکە لەسەر چییە؟ ئایا شەڕەکە ئەوەیە کە ئەم سیستمە پەرلەمانی بێ یان سەرۆکایەتی؟ ئەگەر ئەوەیە دەمانتوانی بەهێمنانە دانیشین و چارەسەری بکەین. من ئێستاش دەڵێم سیستمی کوردستان سیستمی سەرۆکایەتی نییە. لە هەموو وڵاتان، سەرۆک ئەگەر سێ دەسەڵاتی نەبوو، ناتوانێت ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆکایەتی ناوبهێنیت: سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناتوانێ ڤیتۆی هیچ یاسایەک بکات، ناتوانێ هێز بنێرێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی پەرلەمان و ناشتوانێ پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.

 

ساڵی ٢٠٠٩ یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموارکرایەوە، لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش کەمکرایەوە، بەڵام چونکە پەیوەندییەکە ئاسایی بوو، زۆر بەئاسانی لە پەرلەمان رۆیشت و دەسەڵاتەکانیشی کەمکرایەوە و بەبێ موشکیلەش رۆیشت. کێشەکە سیستم نییە، کێشەکە ئەوە نییە کە سیستم پەرلەمانییە یان سەرۆکایەتییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئەوەی لە رۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ روویدا سەپاندنی ئیرادە بوو.

 

پرسیار: بەڵام ئەوەی لە پەرلەمان روویداوە حاڵەتە ئاساییەکەیە، داواکراوە لە پارتیش پڕۆژەی یاسایی خۆی هەبێت بەڵام نییەتی، مەگەر دواجار نابێت هەر بڕواتەوە نێو پەرلەمان و لەوێ بڕیاری لێبدرێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی ئێمە داواماندەکرد ئەوەیە کە پێش پەسندکردنی لەنێو پەرلەمان، حیزبەکان گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.

 

پرسیار: بەڵام خۆ ئەوەتا لە دەرەوەی پەرلەمانیش کۆبوونەوە دەکرێت و ئەنجامی نییە. پارتیش ویستی خۆی دەسەپێنیت. ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو دەڵیت چوار لایەنەکە رازین بە تەواوکردنی ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە، بەڵام بەو مەرجەی لە پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت و پارتی رازی نییە کە لە پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: خۆ لە ٢٠٠٥ هەڵبژاردن لەنێو پەرلەمان کرا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا. خۆ ئەوکات هەر ئەوانە ئەنواعی مەقالەیان لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسی و دەیانگوت شەرعیەتت نییە، چونکە لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە و لەنێو خەڵک هەڵنەبژێردراوە. کار گەیشتە ئەوەی کە دەیانگوت تۆ سەرۆکی ئێمە نیت. سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوکات داوایکرد و گوتی: مادەم ئێوە دەڵێن شەرعیەتت نییە، با ئەمجارە بکەوێتە نێو خەڵک و بڕیاریدا بە دەنگدانی خەڵک بکرێت. مەبەستم ئەوەیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەرگیز کێشەی ئەوەی نەبووە کە لەکوێ هەڵدەبژێردرێت. ئێمە ئامادەین دابنیشین، بەلام بۆ شەڕ نا. بۆ ئەوە نا ئیرادە لەسەر یەک فەڕز بکەین و یەکدی بشکێنین. کاکە وەرن با دابنیشین و بزانین سەرۆکی هەرێمی کوردستان کام دەسەڵاتانەی هەیە. واز لە مەسعوود بارزانی بهێنن. ئێستا ئەو سەرۆکە، سبەی سەرۆک نابێت.

 

پرسیار: ئایا ویستی پارتی ئەوەیە کە ئەم دوو ساڵە بۆ مەسعوود بارزانی بکرێتە تەکمیلە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ.

 

پرسیار: باشە مادام وابێت بۆچی کاک مەسعوود خۆی نایەتە سەر خەت، تاوەکو ئەگەر ویستێکی هەبێت خۆی داوای بکات و بەڵین بدات کە چی دەکات و چی ناکات. بۆ بێدەنگە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: با من جارێ یەکەم شت ئەوە بڵێم کە دڵنیابە ئێستا کە دەڵێین جەنابی کاک مەسعوود دەبێ ئەم دەورە تەکمیلە بکات، هەر کەسێکی دیکەش لە هەرلایەنێکی دیکە بووایە، هەمان شتمان دەگوت.

 

پرسیار: ئێ خۆ دەبێ بڵێت چی دەکات؟

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئەو ئامادەیە بڵێت چی دەکات. کاک مەسعوود ئەوە نییە خۆی فەرز بکات و بڵێ من سەرۆکی ئەم هەرێمەم. مەسڵەحەتی ئێستای کوردستان ئەوەیە ئێمە لە شەڕداین و لە قەیرانداین. بۆیە دەمانەوێ ئەم خولە بکرێتە تەکمیلی بۆئەوەی خۆمان بۆ دواتر ئامادەبکەین. هەر لایەنە و بۆچوونی خۆی هەیە، ئەمە بۆچوونی ئێمەیە وەک پارتی، دەبێ موناقەشەی بکەین، بەڵام لە پەرلەمان نا.

 

پرسیار: دانیشتنی زۆر کراوە و ئەنجامی نەبووە.

 

نێچیرڤان بارزانی: لەسەر ئەم رەوشە هیچ دانیشتنێک نەکراوە، بەڵام هیچ جارێک لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا قسە لەسەر ئەم بابەتە نەکراوە، تاوەکو رۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥.

 

 پرسیار: لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ەوە تەوافوقی پەرلەمانی و سیاسی تێکچوو، ئایا تەوافوقی حکومەتیش تێکچووە؟ 

 

نێچیرڤان بارزانی: ناڵێین بەتەواوی تێكچووە. دەڵێین ئەو بنەمایەی ئەم حکومەتەی لەسەر دامەزراوە ئێستا ئەوەی جاران نییە. کاتێک کابینەی هەشتمان دانا، گوتمان لە داڕشتنی سیاسەت و بڕیاردا پێکەوە دەبین. هەموو لایەنەکان، پێشئەوەی بچمە ناو پەرلەمان، ئەمەیان دیتووە. گوتمان هاوبەش دەبین لە بڕیار و جێبەجێکردن. لە رۆژی ٢٣ی حوزەیرانەوە ئەمە نەماوە و تێکیانداوە. ٢٣ی حوزەیران ئەو بنەمایەی تێکداوە کە ئەم حکومەت و پەرلەمانەی لەسەر دامەزراوە

 

پرسیار: ئاسۆی چارەسەر چییە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: چارەسەر ئەوەیە دەبێ هێزە سیاسییەکان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی سیاسیی هەرێمی کوردستان کاربکەن و بەو دیدەوە چارەسەری بکەن.

 

پرسیار: بەرلەوەی ئەم قەیرانە بەو ئاقارەدا بچێت، لیژنەی ٢١ کەسیی نووسینەوەی رەشنووسی دەستوورتان دروستکرد، نەدەکرا ئەم بابەتانەش بەو لیژنەی دەستوورە بسپێردرایە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەو پڕۆژەی دەستوورە پێش ئەمە لە خولی پێشووی پەرلەمان بە ٩٦ دەنگ بڕیاری لەسەردرا و بڕیاروابوو بخرێتە ریفراندۆمەوە. ئێمە وەک پارتی تەنازولمانکرد کە بگەڕێتەوە تاوەکو ئەوکاتەی سازانی لەسەر بکەین. لەبەر سازان ئەوەمانکرد و دەمانتوانی نەیکەین. گوتمان بە تەوافوق تێکنەچێت و بنەمای کابینەی هەشت تێکنەچێت و تێکیشماننەدا. بۆیە تەنازولمان کرد لەو مافەی خۆمان. لێژنەی ٢١ کەسیمان دانا بۆ دووبارە پێداچوونەوە بەو دەستوورە و ئەوەمان بە خواستی خۆمانکرد و بۆ سازان کردمان. خیلافی ئێمە ئەوەیە کە دەکرا ئەو بابەتە نەبێتە بابەتی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکان لە دەرەوەی پەرلەمان دابنیشن و بگەشتنایە چارەسەرێک.  

 

پرسیار: بڕیاردرا دەستوور نەخرێتە ریفراندۆمەوە، بەڵام لەبەرامبەریدا ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ دوو ساڵ درێژکرایەوە و یەکێتی گەورەترین قوربانیی دا. بۆچی پێش ٢٣ ی حوزەیران سەردانی حیزبەکانتان نەدەکرد؟ ئێستا کە خۆت باسیدەکەی “قەیران دروست بووە”، ئایا خەڵک دەبێ مەترسیی لە پەیدابوونەوەی دوو ئیدارەیی هەبێت؟ چونکە بەشێک لە لێپرسراوان  قسەیەک دەخەنە ناوەوە و دەڵێن ئەگەر سەرۆک دانەنرێتەوە، دوو ئیدارەیی دروست دەبێتەوە. ئێستا کە خەڵکی کوردستان مووچەی نییە و ئاوی نییە و مەینەتیی زۆرە، ژمارەیەک هاووڵاتی نیشتمان جێدەهێڵن و کۆچدەکەن.

 

نێچیرڤان بارزانی: من عەرزمکردی، جەنابی کاک مەسعوود ئەو نامەیەی نووسی بۆ پەرلەمان و داوایکرد لایەنەکان کۆببنەوە. ئەو ئیشی خۆی کردووە. ئیشی قانوونیی خۆی کردووە. دەبوو هێزە سیاسییەکان دانیشن و ئەوە بکەن. جەنابی سەرۆک پێشئەوەی بچێتە ئەمریکا داوایکرد لایەنە سیاسییەکان پڕۆژە ئامادە بکەن بۆئەوەی بزانین چۆن چارەی بکەین، بەڵام وەڵام نەبوو. ئەوەی بەلای ئێمەوە روونە ئەوەیە کە ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئیرادەسەپاندن قبوڵ ناکەین. با ئەمە وەک هەڕەشە وەرنەگرین، عەرزمکردن، هیچ لایەنێک گەورە بێ یان بچووک، سەپاندنی ئیرادە قبوڵ ناکات.  

 

پرسیار: ئەی ئەگەر بە یاسا لە پەرلەمان ئەنجامبدرێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: دەبێ لایەنەکان  رێککەون.

 

پرسیار: بەڵام ئەی ئەگەر بردرایە پەرلەمان و بڕیاری لێدرا؟

 

نێچیرڤان بارزانی: واقیعێک هەیە، من دەڵێم چ شتێک لەم وڵاتەدا ئاوا رۆیشتووە تاوەکو ئەمە وا بڕوات؟ واتە شتێک بە دڵی ئێمە بێت بڵێین سازان دەکەین و ئەگەر فڵان شت بەدڵمان نەبێت بڵێین بە سازان نایکەین. ئەم پێوەرە یان دەبێ بۆ هەمووی بێ یان نابێ تەنیا بۆ یەک حاڵەت بێت.  

 

پرسیار: لە رۆژی ٣٠ی حوزەیران لایەنەکانی دیکە هاتنە دەرەوە و هیچیش رووینەدا. پۆستەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بە سازانەوە نییە. کاک مەسعوود دوو خولی تەواوکردووە و دوو ساڵیشی بۆ درێژکرایەوە. لە ١٠ ساڵی رابردوودا ئەو دەستکەوتانە چین کە وادەکات ئەگەر ئەو بڕوات زەرەر دەکەین؟ بەپێی مادەی یەکەمی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسی یەکەمی دەسەڵاتی راپەڕاندنە، بەڵام ئەو هەموو قەیرانە هەیە، بەپێی ماددەی دووەم ئەو کەسی بەرپرسی پەیوەندییەکانە، بەڵام پەیوەندییەکانی هەرێم

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەی تۆ دەیڵێی گەورەترین بێویژدانییە. لە مەسەلەی پەیوەندییەکاندا بە هیچ شێوەیەک وانییە

 

پرسیار: پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و باکوور خراپن

 

نێچیرڤان بارزانی: ئێ وا نییە! لەکوێ خراپە؟ ئەمەت لەکوێ هێناوە؟! پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ رۆژئاوا و باکوور خراپ نییە. دەکرێ ناکۆکی و جیاوازیمان هەبێ، بەڵام پەیوەندیمان خراپ نییە. کێ پرۆسەی چارەسەری لەنێوان تورکیا و پەکەکە بردەپێش؟ جەنابی سەرۆک  بۆخۆی نەیکرد، بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کردی.

 

پرسیار: بەڵام ئێستا خوێنی هاووڵاتییانی کورد دەڕێژرێ

 

   ئەوەی کە هێزی پێشمەرگە یەکنەخراوە خەتای کاک مەسعوود نییە

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەو رۆژەی دەستیپێکرد، بۆ ئەوە بوو کە کەس نەبێتە قوربانی. بۆ ئەوە بوو کە خوێن نەڕێژرێ. بۆ ئەوە بوو کە تفەنگەکان بێدەنگ بن.

 

دەربارەی پەیوەندییەکانیش، پەیوەندیی ئێمە ئەوەندە خراپ نییە. ئێستاش ئێمە گەورەترین یارمەتیدەری ئابوورین بۆ رۆژئاڤا. خۆ ئەوە بە قسە نابێ! ئێمە گەورەترین یارمەتیی ئابووریی رۆژئاڤا دەدەین لەسەر سنوورەکان.

 

جەنابت باسی ئەوە دەکەیت کە هێزی پێشمەرگە یەکنەخراوە، بەڵا ئایا ئەوە خەتای کاک مەسعوودە؟ فەرموو ئەوە ئێستا وەزیر لە گۆڕانە، نامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانتان دیوە کە دەڵێت بە تەوافوق یەکی بخەنەوە، بەڵام ئەگەر بە تەوافوق نەبێت، بە زۆر فەرز ناکرێت. ئەمە پرۆسەیەکی چاکسازییە، دەبێ بەردەوام بێت. ئێمە لە فەترەیەکی ئینتیقالیداین. بە دامەزراوەکردنی حکومەت باسدەکەین. کام حیزب لێرە بە دامەزراوە کراوە تاوەکو حکومەت وابێت؟!

 

پرسیار: هەندێ کادیری پارتی باسی ئەوە دەکەن کە تەوافوق هەڵوەشاوەتەوە و  تەنانەت گوێمان لە زیندووبوونەوەی دوو ئیدارەیی بووە

 

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە نەبووین باسی دوو ئیدارەییمان کردووە. خەڵكی دیکە بووە و خەڵكی دیکە دەهۆڵ بۆ دوو ئیدارەیی لێدەدەن. رای فەرمیی پارتی نە لە فەیسبووک دەردەبڕرێت نە لە شوێنی دیکەی وا. ئەو حیزبانە بوونەتە حیزبی فەیسبووک. ئەگەر چوار لایەنەکە بەرژەوەندیی نیشتمانیان دەوێ، ئەوە ئێمە سەپاندنی ئیرادە قبوڵناکەین.

 

پرسیار: هەندێک یاسا هەبوون خەڵک و ئۆپۆزیسیۆن دژی بوون، بەڵام تێپەڕین، بۆچی ئەوکاتە مەترسی نەبوو، ئێستا مەترسی هەیە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: با باسی لایەنەکان بکەین. رازینەبوون بە یاسای خۆپیشاندان، یاساکەمان هەموارکردەوە. رازی نەبوون بە یاسای کۆمیسیۆن، یاساکەمان هەموارنەکرد و جێبەجێماننەکرد. ئێمە ئەوانەمان لەپێناوی تەوافوق و سازان کرد. ئەگەر ساڵی ٢٠٠٩ یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەموارکرا  و دەسەڵاتەکانی کەمکرایەوە، سەرۆکی هەرێم قسەی نەبوو، چونکە پەیوەندییەکە ئاسایی بوو. پەیوەندییەکە ئەوە نەبوو کە ئیرادەی خۆم بسەپێنم و بتشکێنم. چونکە پەیوەندییەکە ئاسایی بوو، تێمانپەڕاند و دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەمکرایەوە.

 

پرسیار: ئەگەر بە زۆرینە کرا لە پەرلەمان چی دەبێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: کەواتە ئەو لایەنانە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیان ناوێت.

 

پرسیار: نەوشیروان مستەفا رایگەیاند کە ئەم چوار ساڵە چوار ساڵی ئارامی دەبن، کەچی نەفەسی موعارەزەبوون لە کوردستان زاڵە، بۆچی؟

 

نێچیرڤان بارزانی: هۆیەکەی زۆر روونە. جارێ ئەوەی هەموو لایەک، بە گۆڕانەوە، بە کاک نەوشیروانەوە باسیانکرد کە ئەم ٤ ساڵە دەبێ ٤ ساڵی ئارامی بن بۆئەوەی پێکەوە ئیش بکەین، یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەم حکومەتە ئەوەیە کە ئەوانەی بڕیاریان بەدەستە لەنێو حکومەتدا نین و لەنێو پەرلەمانیش نین. ئەوانە لە دەرەوەی حکومەت و پەرلەمانن و لە شوێنی دیکەن. ئەمە گەورەترین کێشەیە. لە هەموو دنیادا ئەوانەی لەنێو حیزبدا پۆستی باڵایان هەیە دەچنە نێو حکومەت، بەڵام لەم هەرێمەی ئێمەدا ئەوانەی بڕیاریان بەدەستە لە پەرلەمان و حکومەتدا نین. بۆیە پابەندی بڕیاری پەرلەمان و حکومەت نابن. ئەمە گرفتێکی سەرەکییە. ئێمە حکومەتێکی هاوبەشمان هەیە و پێکەوە کاردەکەین. تەحەدا دەکەم بەبێ ئەوان شتێکمان کردبێت.

 

پرسیار: لە مەلەفی نەوتیش؟

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەوەڵجار مەلەفی نەوت! سەیری قسەی یەکێتی بکە. کاک عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکومەت بووە، کاک قوباد جێگرە. فەرموون بزانن ئەوان چیدەڵێن. قسەی کاک قوباد گرنگە، قسەی کاک عیماد گرنگە، چونکە ئەوانە جێگری سەرۆکی حکومەتن و بوون. ئەمانە ئەو کەسانە بوون کە پێکەوە کارمانکردووە. ئەگەر خەڵکانێک لە حیزبێک ئاگاداری ئەوە نەبن، ئەوە خەتای من نییە. دەبێ پرسیار لە نوێنەری خۆیان بکەن کە ئەمە مەلەفی نەوتە و ئێوە ئاگادار بوون یان نا؟

 

پرسیار: دەڵێن کێشەی مەلەفی نەوت لەگەڵ بەغدا خەتای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بڕیاری فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەکی سەربەخۆ موجازەفەیە.. 

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەو قسەی کە باس لەوە دەکات کە خۆ بودجە دەهات و ئێمە دەستپێشخەربووین لە فرۆشتنی نەوت و دەرفەتمان نەداوە. ئەمە قسەیەکی راست نییە. ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧، بەڕوونی تێگەیشتین کە ئەوەی لە بەغدا هەیە دەیەوێت ئێمە هەمیشە مەجبوور بین بچینە بەغدا، جا ئیتر بۆ دوو سەعات کارەباش بێت مەجبووری بەغدا بین.  لەبیرمە بە بەرچاوی خۆمەوە جەنابی مام جەلال تەلەفۆنی دەکرد بۆ شەهرستانی و لێی دەپاڕایەوە. تەلەفۆنی دەکرد بۆ وەزیری کارەبا و لێیدەپاڕایەوە دوو سەعات کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.

 

ئەوەی ئێمە دەیکەین دەستوورییە. بەپێی ئەم دەستوورە، هەندێک ماف بە ئێمە دراوە. ئێمە لە بواری نەوتدا، لە دەستووردا دەسەڵاتێکمان پێدراوە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە هێنانی کۆمپانیاکان. ئێمە بەپێی دەستوور کردوومانە. ئێستاش و لەڕابردووشدا سیاسەتی ئێمە هەر ئەوە بووە کە لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەر. ئێمە کە چووینە بەغدا، رێککەوتنێکی باشمان لەگەڵ بەغدا کرد و کێشەمان ئەوە بوو کە “موعەدەلی هەنارەکردن” مانای چییە. ئێمە لە مانگی یەک و دوو پێمان وابوو ژێرخانی هەناردەکردنی نەوتمان ناتوانێت لە رۆژێکدا ٥٥٠ هەزار بەرمیل بنێرێت. پێمانوابوو لە مانگی چوار دەتوانین ئەو رێژەیە رادەستی بەغدا بکەین. لە مانگی یەک و دوو بارمان قورسە، ئەوان دەتوانن یارمەتیمان بدەن. گرنگ ئەوەیە دواجار تواندرا موعەدەل ٥٥٠ هەزار بەرمیل بنێردرێت. ئەمە تەنها قسەی من نییە، بەڵکو بۆچوونی هەندێکیشە لە بەغدا.  بەڵام ئەوان لە فڕۆکەخانەی بەغدا، پێشئەوەی بودجە بێتە کوردستان، ١٠ لەسەدی بودجەی کوردستانیان بڕی. کێشەکە ئەوەیە کە کێ کۆنترۆڵی ئەم مەسەلەیە دەکات.

 

پرسیار: بەڵام بۆچی دەبێت هاووڵاتییان باجی ئەم کێشانە بدەن. ئەگەر بەغدا نەوت بنێرێت یان ئێوە، ئەنجامەکەی هەر یەکێکە. من لە هەرچی بەرپرسی باڵای یەکێتی و گۆڕانە پرسیارمکردووە، ئەوان دەڵێن ئاگاداری مەلەفی نەوت نین. ئەو هەموو تەنکەرە کەس نازانێت بۆ کوێ دەچێت

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە راست نییە. یەک دانە لەمانە راست نییە. من تەحەدا دەکەم. قوباد گوتوویەتی و ئاگاداریشە. خۆشی دە جار زیاتر گوتوویەتی کە ئەو جێگرە و ئاگادارە، بەڵام ئەمە چەواشەکردنی خەڵکە و بۆ بەلاڕێدابردنی خەڵکە.

 

پرسیار: بۆچی چەواشەکارییە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: تۆ قسەی خۆت کرد، ئیجازە بدە جوابت بدەمەوە. باسی تەنکەر دەکەیت، تەنکەرەکان هەمووی شەفافن. ئەسڵەن نەوت شتێک نییە بتوانرێت ناشەفافانە بەرخوردی لەگەڵ بکرێت. چونکە روونە چەند دەڕوات و چەند دەفرۆشرێت.

 

پرسیار: واتە ئێوە ئاگادارن؟

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ ئاگاداری هەمووین. چۆن تەنکەر بڕوا و ئاگادارنەبین؟

 

پرسیار: دەزانن تەنکەرەکان هی کێن؟

 

نێچیرڤان بارزانی: من نازانم هی کێن، بەڵام بێگومان حکومەت ئاگادارە و شتەکە بە تەندەر دەکرێت و بە تەندەر دەڕوات. ئەوە ئەو نەوتەیە کە ناتوانرێت بخرێتە بۆڕییەوە. چونکە بە نەوتی قورس ناودەبرێت. بە تەنکەر ئەو نەوتە دەبردرێت و لە بەرامبەری ئەوەدا گازوایل دێت. باسی کارەبا دەکرێت. هاووڵاتییان هەقی خۆیانە. هاووڵاتیانی کوردستان زۆر پشوودرێژ بوون و سوپاسیان دەکەین بۆ تەحەممولیان، بەڵام با بەراوردێک بکەین: ٢٩ لەسەد رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیادیکردووە. ئەمە کاریگەریی لەسەر کەرتی تەندروستی هەیە، کاریگەری لەسەر کەرتی کارەبا هەیە.  ئەمە شتێک بووە کە ئێمە چاوەڕوانمان نەکردووە. کە پلانی هەرێممان داناوە، چاوەڕێ نەبووین لە ٢٠١٥ زیاد لە ملیۆنێک ئاوارە بێت.

 

پرسیار: بەڵام پێش ئەوەش کە بێن هەر وابوو

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵام ئەگەر ئەو ئاوارانە نەهاتبانایە، بارودۆخەکە باشتر دەبوو. هەندێک شت هەن کە چاوەڕواننەکراو بوون. بۆنموونە مەسەلەی نرخی نەوت، ئەو رۆژەی دەستمان بە پلانەکەمان کرد، نرخی بەرمیلێک نەوت بە ١١٠ دۆلار بوو. ئەم کێشانە لەئەنجامی ئیشی رۆژانە دێتە بەردەممان. ئەو نەوتەی لەبەردەستمانە و دەیفرۆشین بایی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار دەیفرۆشین. بەڵام ئەوەی بەغدا لە بەرامبەر ئەو برە نەوتە بە ئێمەی دەدات ٤٠٠ ملیۆن دۆلار بوو. ئێمە ئێستا لە مانگی رابردووەوە دەستمانپێکردوە، جگە لەوەی کە پەکەکە لە جزیرە لە تورکیا بۆری نەوتی کوردستانی تەقاندەوە و تا دوێنێ هەناردەی نەوت راگیرابوو.

 

پرسیار: مەبەستت بۆڕیی نەوتی کوردستانە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، دروست مەبەستم  بۆڕیی هەرێمی کوردستانە کە تەقێندراوەتەوە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بگەینە ئاستێک کە کێشەی پێدانی مووچەمان نەمێنیت. دەڵێن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پارەی بەدەستەوەیە. ئەوە پێشتر وابوو، بەڵام بە بڕیاری حکومەت، کە شەخسی خۆم ئیمزامکردووە، ئەو مەسەلەیە دراوەتە وەزارەتی دارایی، کە ئەو نەوتە دەفرۆشرێت، پارەکە دێتە وەزارەتی دارایی. وەزیری دارایی ئەو دەسەڵاتەم پێداوە، سەفەری تورکیا دەکات و ئەو پارەیەی دێتە حیسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئیمزای جەنابی وەزیر ئەو پارەیە سەرف دەکرێت

 

پرسیار: دەتوانن مووچەی پێبدەن؟

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ دەتوانین، بەڵام ئەوە بزانن کە کاتێک نرخی نەوت لە ١١٠ دۆلار دێتە ٤٠ دۆلار، دێتە سەر ٥٠ دۆلار، ئەوە کاریگەریی لەسەر رەوشی ئێمەش هەیە. من پێتاندەڵێم رۆژانە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکەین. جگە لەو کێشانەی ئێستا هەمانە و بەپێی راپۆرتەکان کە بەدەستم گەیشتوون، ئەمڕۆ دەبێ نۆژەنکردنەوەی ئەو بۆڕییە تەواوبووبێت کە پەکەکە تەقاندییەوە و لەمرۆوە ٦٠٠ هەزار بەرمیل دەنێرین.

 

 

 پرسیار: گوتت مام جەلال تەلەفۆنی بۆ وەزیرانی عێراق کردووە، ئەوە شانازییەکە بۆئەوەی منداڵی کورد برسی نەبێ و بێ کارەبا نەبێت،  بەڵام کە مام جەلال لەوێ بوو، باسی دەستوور و مادەی ١٤٠ بوو. دوای ئەو بودجە نەما. ئەوە هۆکارەکەی چییە؟ لایەنی عێراقی نایەوێ یان نەمانی جەنابی مام جەلال ئەو کەلێنەی دروستکردووە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: کە من باسی ئەو تەلەفۆنانەم کرد، مام جەلال لە گەورەیی خۆی ئەو تەلەفۆنانەی دەکرد، بەڵام بۆ من ناخۆش بوو کە سەرۆککۆمار، پیاوێکی وا گەورەی وەک جەنابی مام جەلال، تەلەفۆن بکات. ئەو بۆ کوردستان ئەو ئیشەی دەکرد، بۆ خۆی نەبوو. ئەمەی کە لە غیابی مام جەلالدا کەلێنێکی تا بڵێی گەورە لە کوردستان و لە عێراق دروست بووە، جێگەی پرسیار نییە و حەقیقەتە. ئەگەر مام جەلال ئێستا لە گۆڕەپانی کوردستان و عێراق رۆڵی هەبووایە و وجودی هەبووایە، ئێستا وەزعی کورستان و عێراق وا نەدەبوو. مەسەلەی بەغدا ئەوە نییە کە خەتای ئێمە بووبیت. مەسەلەکە تەفکیری کاربەدەستانی ئەوێیە. ئەوان دەیانەوێ هەمو شتێک لە نێوەندەوە ئیدارە بکرێت. ئەو مەرکەزییەتە وایکردووە ئەوان وەک هاوبەش سەیری کورد ناکەن، وا سەیردەکەن کە ئێمە پلە دووین.

 

پرسیار: پێشتر پارتی و یەکێتی رێککەوتنی ستراتیژییان هەبوو، بەڵام راوەستا. بەمدواییانە گۆڕان لە پارتی نزیک بووەوە، بەڵام راوەستا. ئێستا یەکگرتوو نزیکە، بەڵام پارتی دوو جار بارەگای یەکگرتووی سووتاند، ئایا نەخشەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: نەخشەی سیاسی بەتەئکید دەگۆڕدرێ، بەڵام پارتی نەیگووتوە بارەگای یەکگرتووی سوتاندووە. یەکگرتوی ئیسلامی و ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو، ئەوپەڕی خەمخۆرییان هەیە بۆ ئەوەی وەزعی کوردستان تێکنەچێت. ئەم هەقیقەتە ئێستاش مەوجوودە. یەکگرتوو ئەو لایەنەیە کە بەجددی هەوڵدەدات ئەو سازانە لە کوردستان تێکنەچێت. دەوری ئەوان دەورێکی ئەرێنییە و دەوری قیادەی یەکگرتوو بۆ ئەوەی کوردستان تێکنەچێت، ئەوەی پێویست بێت دەیکەن بۆ تێکنەچوون. دەربارەی ئەوەی کە ئایا نەخشەی هاوپەیمانێتییەکان تێکدەچێت؟ بەڵێ تێکدەچێت

 

پرسیار: ئەو قسانەی لەسەر ناڕوونیی داهاتی نەوت هەیە، ئاراستەی پارتی و شەخسی تۆ دەکرێن. ئەوەی رێبەرایەتیی مەلەفی نەوت دەکات پارتی و لەناو ئەوانیشدا جەنابتە. ئێمە خاوەنی پێوەرێک نین لە کوردستاندا و نازانین چەند نەوت دەڕوا و چەند داهات هەیە. چەند نموونەیەکت بۆ دەخوێنمەوە: لە شیرینیی نەوت، ١٣١ ملیۆن دۆلار لە شیرینیی نەوت دیارنامێنێت و  گومان دەکرێت درابێتە ئاشتی هەورامی، وەکو وەزیری سامانە سروشتییەکان، کە لە چەند ماڵپەڕێکی جیهانیشدا ئەمە کاری لەسەرکرا. هەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٤٦ ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوت بۆ دروستکردنی مۆزەخانەی ئەنفال تەرخاندەکات، بەڵام هێشتا مۆزەخانە دروستنەکراوە، هەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ١٥٨ ملیۆن دۆلاری بۆ نیشتەجێکردنی کەسوکاری قوربانییانی شەهید و ئەنفالکراوان سەرفکردووە، بەڵام وەزیری شەهیدان بێئاگایی خۆی لەمە نیشاندەدات. کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکان باج نادەن بە حکومەت، ئایا ئەمە حاڵەتێکی ئاساییە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: سیاسەتی نەوت سیاسەتی حکومەتە نەک پارتی. پارتی هیچ پەیوەندیی بەم مەسەلەیەوە نییە. سیاسەتی نەوت سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام جیاوازییەکە چییە؟  لەو کاتانەی کە تەسەور دەکرێت ئەم سیاسەتە سەرکەوتوو نابێ، دەڵێن ئەمە سیاسەتی پارتییە، بەڵام کە زانییان سەرکەوتوو دەبێت، دەڵێن ئێمە شەریک بووین لە دانانی ئەم سیاسەتە، بەڵام لە هەر دوو حاڵەتەکەدا پارتی تەحەممولی مەسئولیەت دەکات.

 

پرسیار: لایەنەکان بەبێ جیاوازی وادەکەن؟

 

نێجیرڤان بارزانی: من ناڵێم بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەمە هەقیقەتێکە هەیە. من ناڵیم چ لایەنێک، بەڵام ئەمە واقیعێکە. کاتێک سەرکەوتوو دەبێت، دەڵێن ئێمە هەموومان پێکەوە کردوومانە، بەڵام کە دەزانن خەریکە سەرکەوتوو نابێت، دەڵێن نا، ئەو سیاسەتە ئێمە ئاگامان لە هیچ نییە، ئەوە پارتییە. ئێمە مەحزەری کۆبوونەوەکانی لیژنەی نەوت و غازمان هەیە. بێزەحمەت هەمووی بخوێننەوە، بزانن کێ ئیمزایکردووە. ئەو پێنج کەسەی کە بەپێی یاسا ئەندامن، هەموویان ئیمزایانکردووە. مەسەلەی بابەتی شیرینی، ئەوەی نەوت و ئەوەی وەرگیراوە، هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نیە کە ئاشتی هەورامی ١٣١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتبێت. ئەوەی کە ئیوە لە ئێن ئار تی دەیکەن شتێکی یەکجار زۆر هەڵەیە، بەبێ بەڵگە قسە دەکەن. ئێوە یەکلایەنە قسەدەکەن. دەبێ ئەوکاتەی ئێوە ئەو قسانە دەکەن، پرسیار لە لایەنی دیکەش بکەن بۆئەوەی بێلایەنیی ئێوە بسەلمێت. ئەو دۆکیومێنتانەی جەنابت دەیڵێیت بەڵگەی نهێنین و دەست ئێن ئار تی کەوتوون، کاکە ئەو بەڵگەنامانە ئێمە وەک حکومەت بە پەرلەمانمان داوە. ئێوە وا پیشانی خەڵك دەدەن، وەک بڵێی بەڵگەنامەیەکی نهێنیتان دەستکەوتووە.

 

پرسیار: زۆر بابەت هەبووە داوامانکردووە دەستمان نەکەوتووە

 

نێچیرڤان بارزانی: ئاخر نایخوێننەوە ئەگینا دەستدەکەوێت. ئەو دۆکیومێنتانە دەربارەی شیرینی وەک کتێبێکی قەبە تەسلیمی پەرلەمانمان کردووە. دەربارەی مۆزەخانەی ئەنفال، ئەو پارەیە بۆ ئەو مەبەستە سەرفکراوە، بەڵام ئەو کارە، پێویستی بە نەخشە و سترەکچەر هەیە. کێ دەبێ بزانێ ئەم ئیشە کراوە؟ چاودێری دارایی با بڕوات تەماشای ئەوراق بکات. ئێمە ئەو شتانەمان بە بەڵگە تەسلیمی پەرلەمان کردووە. دەربارەی خانوو بۆ ئەنفال، بەڵێ ئێمە خانوومان بۆ هەموو ئەنفال کردووە. من خۆم کە ساڵی ٢٠٠٥ یان ٢٠٠٦ سەردانی گەرمیانم کرد، ئەوکاتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی خانەوادەی ئەنفال مەسەلەی خانوو بوو. لەوێ دەستبەجێ لەو پارەیەی وەرمانگرتووە، هەوڵماندا خانوو بۆ خانەوادەی سەربەرزی ئەنفالەکان بکەین. خۆ خانوو شتێکی وا نییە لە ئاست ئەو قوربانییە گەورەیەدا بێت کە ئەوان داویانە. ئێمە منەتیان بەسەردا ناکەین و ئەرکی ئێمەیە ئەو کارە بکەین بۆ ئەنفال و خانەوادەی ئەنفال. بەڵام کردوومانە. من جارێکی دیکەش دوای ئەوە چووم تەکمیلەی ئەوانەی کە مابوو بۆمان جێبەجێکردن. باوەڕت هەبێت، ئەوەندە دڵم خۆش بوو کە دوایینجار سەردانی گەرمیانم کرد. هەندێک باسیانکرد کە هیچ نەکراوە. یەکێک هەر لەو کوڕە ئەنفالانە، کە زۆر لە بنەماڵەکەی ئەنفالکرابوون، هەستایەوە و گوتی: بێویژدانییە کە دەڵێن هیچ نەکراوە. زۆر شت کراوە، بەڵام بڵێن شتیش ماوە کە دەبێت بکرێت.

 

ئەو بەڵگەنامانەی جەنابت باسیدەکەیت، هەمووی لە پەرلەمانی کوردستان هەیە. هەمووشمان تەسلیمی پەرلەمان کردووە، بۆئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکات و هیچ شتێکیشمان نەشاردووەتەوە. من لێرەوە لەڕێگەی ئەم تەلەفزیۆنانەوە جارێکی دیکە پێتاندەڵێم مەسەلەی نەوت، هەموو کەسێک ئەوانەی لە حکومەتن ئاگادارن و پرۆسەیەکی شەفافە. ئامادەشم بۆ هەموو جۆرە قسە و بابەت و لێکۆڵینەوەیەک.

 

پرسیار: کێشەکە ئەوەیە بەس لای خۆتان شەفافە. لای خەڵک چۆن شەفافە؟  لە لێپرسراوی لیژنەی سامانە سروشتییەکان، لە ئەندام پەرلەمانەکان دەپرسین، دەڵێن شەفاف نییە لەلای ئێمە و هیچ زانیارییەکمان نییە.

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەوانەی بەشێوەیەک قسە دەکەن، مەبەستی سیاسییان هەیە. ئەوە هیچ پەیوەندیی بەوەوە نییە کە شەفافە یان شەفاف نییە. زۆر لە من باشتر دەزانن شەفافە. فەرموون با لیژنەیەک دابنێن لەگەڵ من وەک سەرۆکی حکومەت و لیژنەی نەوت و غاز دابنیشین. لیژنەیەکی بێلایەن خۆیان دایبنێن. با بێن ئەوانە لە دەرەوە بیانهێنن. ئەم پرۆسەیە زۆر دڵنیام کە شەفافە. باسی شیرینیی نەوت دەکرێت. ئەگەری هەیە بتوانن هەندێک شت بڵێن. بۆنموونە بۆچی ئەو پارەیە لە فڵان پرۆژەدا خەرجنەکرا و دەبووایە لەو پڕۆژەیەدا خەرج کرابووایە. شتی وامان هەیە. ئەوە هەقیقەتێکە.

 

پرسیار : واتە پارە بەهەدەردراوە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: رەنگە. بەڵێ. بەڵام پارەکەمان بۆ پڕۆژە سەرف کردووە. ئەگەری ئەوە هەیە ئەو هەڵانەی تێدابێت. حەزدەکەیت من ئێستا لەم شاشەیەوە دەعوەتی جەنابت و ئین ئار تی دەکەم و هەموو شتەکانتان پێدەدەم.

 

پرسیار: بەڵام هەندێکیان رەقەمی گەورەن و دیار نین

 

نێچیرڤان بارزانی: جا ئەو شتانەی کە هەیە با پەرلەمان بەدوایدا بچێت. با لیژنەی چاودێریی دارایی بەدوایدا بچێت. مەعلوم دەبێت کە چۆنە.

 

پرسیار: مەلەفی نەوت قسەی زۆری لەبارەوە کرا

 

نێچیرڤان بارزانی: وەڵڵاهی کاکە دەزانی چۆنە، پێم باشە هەرچی قسەیەک هەیە بکرێت. چونکە دەزانی، ئەمە بابەتێکە من وەک سەرۆکی حکومەت لەبەردەم ئێوە و لەبەردەم خەڵکی کوردستاندا دەمەوێت ئەوپەڕی شەفافیەت لەو مەسەلەیەدا بنوێنم. چونکە ئەو قەناعەتەشم بە خۆم و حکومەتەکەم و بەو هەڤاڵانەم هەیە کە ئیشم لەگەڵ دەکەن. ئەم سیاسەتە سیاسەتی پارتی نییە و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و ئەو هاوبەشانەی کە ئێمە پێکەوە لە حکومەتدا کارمان کردووە هی هەمومانە. هەمووشمان کە کارەکەمان کردووە، پێکەوە بووین. ئەگەر یەکێک دەڵێت راست نییە، با بفەرمووێت بێت و من جوابی دەدەمەوە.

 

پرسیار: پرسێک کە ئێستا بەتایبەت لەگەڵ شەڕی دژی داعش زۆر باسی لێوە دەکرێت پرسی بەدەوڵەتبوونی کوردستانە. دەڵێن ئێستا دۆزی کورد زۆر چووەتە پێشەوە. ئەو مەلەفە تاوەکو ئێستا لە نێوەندە جیهانییەکان زۆر باسی لێدەکرێت. بەڕێزتان وەکو سەرۆکی حکومەت ئەم دۆسێیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چ پێشڤەچوونێکی بە خۆوە بینیوە؟ لە ئاستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان توانیوتانە ئەو مەلەفە ئامادە بکرێت، تاوەکو بڵێن: بەڵێ ئەو مەلەفە چۆتە پێشەوە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: ئێستا بارودۆخ بۆ کورد زۆر جیاوازیی هەیە لەگەڵ ساڵانی رابردوو. جیاوازیی هەیە و مەرجی سەرکەوتنیشمان لەم پرۆسەیەدا یەکڕیزییە. مەسەلەی دەوڵەتی کوردستان وەکو ئامانجێک بۆ هەر کوردێک دەمێنێتەوە. بەدڵنیاییەوە ئەگەر بارودۆخی نێودەوڵەتی و هەرێمی و نێوخۆیی بواری ئەوە بدات، هەر کوردێک لە هەر شوێنێک ئەو پرسیارەی لێ بکرێت، حەزدەکات دەوڵەتی کوردستان هەبێت. لەم بارودۆخەی ئێستادا، ئێستا حاڵی حازر، لەم کاتەدا کە ئێستا تێیدا دانیشتووین، پێمانوایە هێشتا ئەو بارودۆخە هەڵنەکەوتووە، بەڵام ئاسۆکانی ئەم بابەتە روونن.

 

پرسیار: ئێستا هەندێک دەنگی نارازی هەن، بۆچی دەنگی نارازی دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری زیاتر لە سلێمانی و ئیدارەی گەرمیانە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەی خزمەتگوزاری و ناڕەزایی لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاری، ئەمە هەقێکی هەر هاووڵاتیەکی کوردستانە. ئەوان هەقی خۆیانە. جا ئەو ناڕەزایەتییە لە هەر شوێنێک بێت. لە سلێمانی بێت یان لە هەولێر بێت. لەڕاستیشدا ئەگەر ئەمڕۆی کوردستان سەیر بکەیت، لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، لەڕووی کێشەکانەوە، بەدڵنیاییەوە بە بەراورد لەگەڵ پێشتر ئێستا زیادیکردووە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هەوڵێک دەدات بۆئەوەی بتوانێت چارەسەری ئەم بابەتانە بکات. لە سلێمانی ناڕەزایی زیادیکردووە. (بەپێكەنینەوە) هەر بە تەبیعەتیش زۆر شت لەو سنوورە دەستیانپێکردووە و دواتر چووەتە شوێنەکانی دیکە! من ئەوە زۆر زۆر بە ئاسایی دەبینم. هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەقی خۆیانە و حکومەتیش دەبێت ئەوەی لەتوانایدا بێت بیکات بۆئەوەی خزمەتگوزاری و کارەبا و ئاو باشتر بکات. ئەمە ئەوە نییە کە ئەمڕۆ شتێک لە دەسەڵاتماندا بێت و بتوانین بیکەین، بەڵام نەیکەین. بارودۆخی کوردستان لە هەموو روویەکەوە بارگرانییەکی ئەوەندە زۆری دروستکردووە لەسەر ئێمە کە ئەمە بە پشوودرێژی و بە یەکگرتوویی نەبێ پێمان ناکرێت.

 

پرسیار: ئەگەر هات و پەرلەمان هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی کرد و وەک ئەوە نەبوو کە ئێوەی پارتی داوای دەکەن. هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان مەترسیی ئەوەیان هەیە، بارودۆخی هەرێمی کوردستان تێکبچێت. تۆ وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئایا بەڵێنی ئەوە بە هاووڵاتییان دەدەن کە ئەگەر هات و ئەوە بە حەز و ویستی ئێوە نەبوو، ئەو هەرێمە هەر ئاوا ئارام دەمێنیتەوە یان ئەو کات چی روودەدات؟

 

نێچیرڤان بارزانی: بەردی بناغەی تێکدانی ئەو سازانە، پارتی داینەناوە. بەدڵنیاییەوە بە هیچ شێوەیەک پارتی دەستپێشخەر نابێت لە تێکدانی رەوشی کوردستان، چونکە بەدڵنیاییەوە نە لە بەرژەوەندیی پارتیدایە و بەتێگەیشتنی من هەموو لایەنە سیاسییەکانیش لە کوردستان دەرک بەوە دەکەن کە تێكچوونی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە. من تاوەکو ئێستاش، تا ئەم چرکەساتەی کە لێرەشم، بێ هیوا نیم لەوەی کە نەتوانین بگەینە چارەسەرێک. ئێمە دەبێ ئەوەندە سیاسی بین و ئەوەندە کار بکەین بۆئەوەی بتوانین لەم کێشەیەی ئەمڕۆ هاتووەتە پێش دەربچین. کێشەکە پەیوەندیی بە هەموو هەرێمی کوردستانەوە هەیە. کێشەکە پەیوەندیی بە مەسعوود بارزانییەوە نییە. کێشەکە کێشەی شەخس نییە. ئێمە دووپاتیدەکەینەوە، وەڵڵاهی حازرین. سەرۆک دەسەڵاتی زۆرە؟ با کەمی بکەینەوە، بەڵام لە کەشێکی ئاساییدا نەک بە سەپاندنی ئیرادە. لەکوێ سەرۆک دەسەڵاتی زیادە؟ فەرموون با کەمی بکەینەوە، بەڵام لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان. تکا دەکەم با سەیری ئەم مەسەلەیە بەوشێوەیە بکرێت نەک لە چوارچێوەی یەک شەخسدا. چونکە ئەو شەخسە ئەمڕۆ هەیە، سبەینێ دەڕوات. با وا لێکنەدرێتەوە کە ئەم قاتە بۆ ئەم کابرایە دەدوورێت. وەرن لایەنە سیاسییەکان با دانیشین، پێتانوایە لێرە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆرە؟ قسەی لەسەر دەکەین، حازرین.

 

پرسیار: دەگوتریت پارتی ئامادە نییە هیچ سازشێک بکات. ئەو چوار لایەنە رازی بوون بەڕێز مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بمێنیتەوە، بەڵام لە پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت و دەسەڵاتەکانی کەمبکرێنەوە. پارتی تا چەند ئامادەیە لەسەر ئەو دوو خاڵە سازش بکات؟

 

نێچیرڤان بارزانی: لە کەشێکی ئاساییدا لە کوردستان، پارتی ئامادەیە بۆ هەموو شتێک، بەڵام ئەگەر بیانەوێ ئیرادەی خۆیان بسەپێنن، قبووڵی ناکەین.

 

پرسیار: پەشیمان نین لەو ئیمتیازاتانەی لە دەستپێکی پێکهێنانی حکومەتدا بە یەکێتی و گۆڕانتاندا؟

 

نێچیرڤان بارزانی: حکومەت مەسەلە ئەوە نییە کە ئێمە ئیمتیازمان داوە. حکومەتی ئێمە حکومەتی هاوبەش بوو. حکومەتی سازان بوو. لەبەر ئەوە حکومەتی سازان مانای چییە؟ دەبێ ئەو لایەنانەی لەگەڵت بەشدارن، شەریک بن لە پۆست لە پلە و هەموو ئەمانە. ئێمە بەو نییەتە چووینەتە نێو ئەو مەسەلەیە کە بتوانین سازانێک دروستبکەین و بەکردەوە چوار ساڵی ئارامی و بێ کێشە ببەینە سەر. چونکە تەحەدای زۆرمان لەپێشن و پیویستمان بەو جۆرە حکومەتە هەبوو.

 

پرسیار: کەواتە مەسەلەکە ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێ دۆخەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات، ئەگەر نا مەترسی چی دروست دەبێت؟ وا گوتمان هیچ لایەک نەگەیشتنە ئەنجام، با ئەوکات لە بۆشاییەکی یاساییدا بژین. واتە ئەوەندە قەیران و مەترسی دروست دەبێت، ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبێت؟ یان ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە دۆخەکەی بچوککردەوە لە یەک شەخسدا. بارزانی ١٠ ساڵە سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر ئەو نەبوو. ئەوە ئێوەن کە دۆخەکەتان بچووکردۆتەوە لە یەک سەرۆکدا. نەوشیروان مستەفا هیچ پۆستێکی نییە و پێگەی خۆشی هەیە. خۆ مەسعوود بارزانی ئاساییە پۆستی نەبێت. لە عێراق مام جەلال نەخۆش بوو، ماوەی یەک ساڵ عێراق سەرۆکی نەبوو، لە لوبنان ئێستا ساڵێکە سەرۆک نییە، بۆچی دەتەوێ ئەم ترسە لەلای خەڵک بڵاوبکەیتەوە و بڵێیت مەترسی دروست دەبێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: نا، ئێمە نەمانگوتووە مەترسی دروست دەبێت. ئێمە دەڵێین بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان وایدەوێت. ئێمە وەکو لایەنێک دەڵێین، مەسعوود بارزانی کە دەستی بەم شتە کردووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نەبووە، تەنیا مەسعوود بارزانی بووە. فیعلەن، مەسعوود بارزانی بووە و سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش نەبووە. ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش نەبێت هەر مەسعوود بارزانییە. دڵنیابن لەوەی هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕدرێت. ئێمە لەم حاڵەتەی ئێستای هەرێمی کوردستان، کە لەلایەک شەڕی دژی داعشمان هەیە، ئەو هەموو ئاوارەیەمان هەیە، قەیرانمان هەیە، دەڵێین تەکمیلەی ئەم دەورەیە بکرێت. ئەمە شتێکە وەکو داواکارییەک، بەڵام ئەگەر سبەینێ ئەم داواکارییە قبوڵ ناکرێت، مانای ئەوە نییە کە لایەنەکانی دیکە بێن و ئیرادەی خۆیان بسەپێنن بەسەر لایەنێکی دیکەدا. ئێمە دژی ئیرادە سەپاندنین، دژی خۆسەپاندنین. ئەمەیە کێشەکە.

 

پرسیار: ئەمە لە عینادیکردن دەچێت. لەبەرئەوەی پارتی ئەوەی دەیەوێت، لایەنەکانی دیکە نایانەوێت بێنە پێشەوە و بەپێچەوانەشەوە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: ناوەڵڵا، من پێت بڵێم چارەسەرەکەی چۆن بوو. چارەسەرەکەی ئەوەبوو پێشئەوەی رۆژی ٢٣ی حوزەیران بێت، دابنیشین.

 

پرسیار: بەڵام ٢٣ی حوزەیران چوو

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، بەڵێ، من باسی ئەوە دەکەم.

 

پرسیار: ئێستا چارەسەر چییە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: چارەسەری ئێستا ئەوەیە کە ئەو لایەنانە پێکەوە دانیشن و چارەی بکەن.

 

پرسیار: گەشبینیت بەوەی چارە بکرێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئەرێوەڵڵا گەشبینم

 

پرسیار: چ شتێک هەیە کە وا گەشبینی کردبیت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: نا، ئەو کۆششەی کە ئێستا لەئارادایە. ئەو شتەی کە ئێستا دەیبینین کە هەیە، پێمانوایە دەکرێ بگەینە چارەسەرێک.

 

پرسیار: رۆژانە دەبینین لە قەزا و ناحییەکاندا لە بەشێکی هەرێمی کوردستان خەڵك دێتە سەر جادە. گوزەرانی خەڵک وەک پێویست نییە، کارەبای نییە، مووچەی نییە، بەدڵنیاییەوە دەبێت تۆش ئێستا ئاگاداربیت کە ئێستا شەوان سەعات پێنجی بەیانی کارەبای رەئیسی دێتەوە. خەڵک دەبێ تاوەکو کاژێر ٥ چاوەڕێ بکات بۆئەوەی لەبەردەم موبەریدە و سپلیت و هەوایەکی باشدا  بخەوێت. بۆچی حکومەت پلانی نەبووە؟ یان ئەگەر وایە بۆ دانی پێدانەناوە کە شکستیهێناوە لە بەدیهێنانی بەڵێنەکانی؟ هەفتەی رابردوو، حکومەتی عێراق کارێکیکرد، وەک رۆژنامەنوسێک چاوەڕێ بووم حکومەتی کوردستانیش بیکات. ئەویش کەمکردنەوەی مووچەی وەزیرەکان بوو. بۆچی هەنگاوێکی واتان هەڵنەهێناوە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەمەی بڵێین شکستمانهێناوە، نا. ئێمە لەئەنجامی ئەو پرۆسەیەی دەستمانپێکردووە، هەندێک شتی چاوەڕواننەکراو هاتوونەتە ناو مەوزوعەکە، کە رێگر بوون لەوەی وەک پێویست کارەکە بکەین. بۆنموونە، ماوەیەکی دوورودرێژ هیچ کۆمپانیایەک لە کوردستان نەما کە کار بکات. ماوەی نزیکەی ساڵێک پاش شەڕی داعش، ئەوە ئێستا کۆمپانیاکان گەڕاونەتەوە. وەک عەرزمکردی، چاوەڕێی ئەوە نەبووین نەوت و نرخی نەوت وا داشکان بەخۆیەوە ببینێ کە ببێتە هۆی ئەوەی کێشە بۆ ئێمە دروست بکات. ئەمانە هەمووی کێشەی وان کە ئەمڕۆ یەخەی ئێمەیان گرتووە و چاوەڕێمان نەدەکرد یەخەمان بگرێت. بەڵێ پلان هەیە. ئێستا وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان خەریکی سەرژمێریی وردین لە مەسەلەی وەزارەتەکان و مووچەخۆرەکان بۆئەوەی ئەمانە هەمووی رێکبخەین. ئێمە ئەم چوار ساڵی ئارامییەمان بۆ ئەوە بوو کە بتوانین ئەو شتانەی کە پێویستە لە هەرێمی کوردستان بیکەین.

 

پرسیار: هەندێک پێیانوایە بەهۆی ئەوەی ئێوە ئیمتیازتان وەکو خۆیەتی وەکو پێویست ئاگاتان لە خەمی خەڵک نییە. وەکو پێویست نازانن خەڵک دەردی چییە. لێت ناشارمەوە، بمبوورە ئەگەر ئەم قسەیەت پێ ناخۆش بێت، بەڵام تۆ ئەزانی خانووەکەی سەرۆکی حکومەت لەناو گەنجانی ئەم وڵاتەدا بووەتە قسە و باسدەکرێت و دەڵێن بۆچی دەبێت خانووی سەرۆکی حکومەت ئەوەندە فراوان و گەورە بێ و لە خەڵکی داببڕێت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە خانووی من نییە بۆ مەعلوماتت. ئەمە نووسینگەیە.

 

پرسیار: ئەوە قسەی خەڵکە

 

نێچیرڤان بارزانی: قسەی خەڵکە، منیش جواب دەدەمەوە. هەڵبەت من خانووم هەیە. خانووی گەورەشم هەیە. بەڵام ئەوەی ئێستا ئێمەی لێین، ئەم شوێنە موڵکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە. بە موڵکییەت هی پارتییە، وەکو شوێنەکانی دیکە. گردەکەش لەوێ هی کاک نەوشیروانە، هی کۆمپانیای وشەیە. ئەوە هەقیقەتە. پێشتریش ئێمە قەرەبووی ئەمەمان داوەتە یەکێتی نیشتمانی کوردستان. ئەمە شتێکە بەکاریدەهێنین. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەکاریدەهێنێت، بۆ میوانەکانی دەرەوە بەکاردەهێنین. بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە کە موڵکی منە؟ نەوەڵڵا موڵکی من نییە. بەداخەوە (بەپێکەنینەوە)،  بەداخەوە موڵکی من نییە.

 

پرسیار: رۆڵی وڵاتانی دراوسێ چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ بەتایبەت هەفتەی رابردوو، شاندێکی تورکیا هاتن و ئەم هەفتەیەش کۆنسوڵخانەی ئێران لەگەڵ ئێوە و لایەنەکانی دیکە دانیشتووە. هەفتەی رابردوو سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند ئەوان چۆن شارەکانی خۆیان دەپارێزن، ئاواش هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەپارێزن، وەک ئەوەی ئەو شارانە بەشێک بن لە ئێران! رۆڵی ئەوان چی بووە؟

 

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر ئێمە وا تەسەور ناکەین ئەوان تەدەخول دەکەن. رۆڵی وڵاتانی دراوسێی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە یەکڕیز بین و کێشەمان نەبێ و هەوڵ بدەین ئەم مەسەلەیە بە سازان لەنێو خۆماندا چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. وڵاتانی دەوروبەرمان چ تورکیا، چ ئێران، چ بەغداش هەمان رایان هەیە کە دەبێ ئەم مەسەلەیە بە تەوافوق چارەسەربکەین. رۆڵی ئەوان خەمخۆرییە و تێدەگەن ئێمە لە شەڕی داعشداین و تێدەگەن کە قەیرانی گەورەی ئابووریمان هەیە. ئەوان لەوە تێگەیشتوون. زۆر باش تێگەیشتوون. ئەوان هاتوونەتە لای ئێمە، قسەیان لەگەڵ کردووین و قسەیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کردووە. لە سلێمانیش دانیشتوون، لەگەڵ لایەنەکان.

 

پرسیار: چیدەکەن بۆئەوەی بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە، خەڵكی بێگوناهی باشووری کوردستان نەبنە قوربانی؟

 

نێچیرڤان بارزانی: تورکیا و پەکەکە بەدەستی ئێمە نین. ئێمە دەتوانین رۆڵیک ببینین بۆ ناوبژیکردن و بۆئەوەی ئەو دوو لایەنە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. پێشتر هەوڵی جددیمان داوە. پێش ئێمەش جەنابی مام جەلال هەوڵی جددیی دا بۆئەوەی ئەو لایەنانە بێنە سەر مێزی گفتوگۆ. دوای ئەوەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە بۆئەوەی ئەو لایەنانە هان بدات. واتە ئەوەی ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەتوانین بیکەین دەتوانین رۆڵێکمان هەبیت بۆ هاندانی هەردوولا بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە دەتوانین بیکەین. ئەوەی کە روویدا زۆر زۆر پێمان ناخۆش بوو. لەگەڵ تورکیاش زۆر بەجددی قسەمانکردووە. مەسەلەی پەکەکە جیاوازە لەوەی خەڵکی مەدەنی بکەوێتە بەر شاڵاوی فڕۆکەکانی تورکیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا پەکەکەش دەبێت لەو ناوچانەی کە ئاوەدانیی هەیە و گوندنشینن دوورکەوێتەوە. لەو شوێنانەی کە خەڵكی مەدەنیی تێدایە، دەبێ دوورکەوێتەوە.

 

پرسیار: واتە قسەکە ئەوە نییە کە باشوور بەجێبهێڵیت؟

 

نێچیرڤان بارزانی: خۆی ئەو مەسەلەیە لە قەبارەی خۆی زۆر گەورەتر کرا. خۆ پەکەکە خۆی کاتێک باسی خۆی دەکات دەڵێت دەمانەوێ کێشەی خۆمان لە چوارچێوەی تورکیادا چارەسەر بکەین. خۆیان وادەڵێن. ئێمە گوتوومانە بوونی ئەوان لێرە کاتییە، چونکە دروشمی پەکەکە چارەسەری کێشەی کوردە لە چوارچێوەی وڵاتێکدا کە پێیدەگوترێت تورکیا. ئاساییشە رۆژێک ئەم وڵاتە بەجێبهێڵێت و بگەڕێتەوە شوێنی ئاسایی خۆی. ئەوەی ئێمە ئێستا دەیڵێین ئەوەیە کە دەبێ ئەوان لە گوندەکان دوورکەونەوە. رووداوی زارگەلی باشترین نموونە بوو بۆ ئێمە. ناکرێ ئەوان لەپشت گوندەکە بارەگایان هەبێت. خەڵکی گوندی و سیڤیل ببنە ئامانجی فڕۆکەکانی تورکیا.

 

دەبێ لەو سنوورانە دوورکەونەوە. ئێمە زۆر پێمان ناخۆش بوو کە ئەوە روویدا. ئێستاش پێمانوایە دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت. مەعقول نییە پەکەکە بڕوات چوار پۆلیس بکوژێت و ئیعلانیشی بکات بڵێت ئەم کارە من کردوومە و ئیعلانیشی بکا و بەفەرمی بەرپرسیارێتیی لەئەستۆ بگرێت. ناشکرێت تورکیا وا بیربکاتەوە کە بە بۆردومانکردن ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات. دواجار ئەو کێشەیە بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هانی هەردوولا بدات بۆ ئەوەی بیانگەیەنینە یەک.

 

پرسیار: دەگوترێت ئازادکردنی مووسڵ نزیک بۆتەوە، پێشمەرگە بەشداری لە پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵدا دەکات؟

 

نێچیرڤان بارزانی: مەسەلەی مووسڵ بۆ ئێمە زۆر گرنگە. ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەندە بەوەی کە چی لە مووسڵ روودەدات. یەکەم لەڕووی جوگرافییەوە مووسڵ زۆر نزیکە لە هەرێمی کوردستان. تاوەکو مووسڵیش بەدەست داعشەوە بمێنێتەوە بەدڵنیاییەوە هەڕەشەی ئەمنییە لەسەر هەرێمی کوردستان.

 

وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی بەغدا لەسەر خەتن و ئیشدەکرێت، بەڵام دەربارەی ئەوەی کە شتێکی جددی و پلانێکی جددی هەبێ تاوەکو ئێستا نەماندیوە. بەتەئکید ئەگەر وەک هەرێمی کوردستان کەوتینە ناو ئەو بابەتە، ئەوکاتە بڕیاری خۆمان دەدەین کە ئایا بەشداردەبین یان بەشدار نابین، هەروەها بە چ شێوەیەک بەشداردەبین. بەڵام وەکو هەڕەشەیەکی ئەمنی، مووسڵ بەو رەوشەی ئێستایەوە هەڕەشەیە لەسەر کوردستان.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی