لەو سەردەمەدا کە سەردەمی هاتنەئارای تێکنۆلۆجیاو عیلم و زانستە و مرۆڤەکان بەرەو مێتۆدەکانی شیاوی ژیان هەنگاو دەنێن ، و لەمپەرو بەربەستەکانی بەردەم پێشکەوتن وەک جیاوازیی ڕەگەزی ، ئایینی ، نەتەوەیی و پێستی لە ریشە دەردێنن ،
فارس گوتەنی خودی و غیرە خودی ئاسەوارێکی نامێنێ ،دەبینین کە هەموو تاکەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایە وەکو یەک تێدەکۆشن لە ڕاستای گەشەکردنی بوارەکانی سیاسی ، ئابووری و کلتورری دا.بە باشم زانی بیرەوەریەکی خۆم لەوڵاتی فینلاند باس بکەم ،بە حوکمی ئەوەی کە من وەک کوردێکی ئاوارە لە وێ دەژیم .یەکەم رۆژی کرانەوەی مەکتەب بوو کە کوورە ٦ ساڵانەکەم برد بۆ مەکتەب . بەرێوەبەر پرسیاری لێکردین ئێوە کێن زمان و ئایین تان چییە ؟
گوتمان کوردین و خەڵکی کوردستانین ، لەئایینش دا ئیسلامین .
رادەی خوێندەواریتان چەندە وەک باوکی قوتابی؟
خوێندەواریی فارسیم هەیە .
ئەدی تۆ نەت گوت کوردین ؟
بەڵی کوردین بەڵام وڵاتم داگیرکراوە حەقی خوێندن و نووسینم بە زمانی زکماکیم نییە و داگیر کەران بە زۆر زمانی فارسی مان پێ دەخوێنن.
ئەم قسەیە زۆر تەسێری لە بەرێوەبەر داکرت . هەستم پێکرد زۆر تووڕەیە . کەوتمە شک و دوودڵی ئاخۆ گەلۆ تووڕەیی ئەو ماموستایە لە منە کە وەک مرۆڤێکی سەدەی ۲۱ هەتا ئێستا دژی ستەمکار رانەپەریوم و داوای مافی سەرەتایی خۆم کە زمانە نەکردووە . یان ئەو ماموستایە لەو کەسانە تووڕەیە کەلەگەڵ دونیای پێشکەوتن و دێموکراسی دا نامۆن؟
بەهەر حاڵ ، ماموستاچاوێکی لە مناڵەکەم کرد و گوتی بڕیاری ئێرە وایە دەبی کورەکەی تۆ ۳ ماموستای بۆ دابنرێ مامۆستایەکی زمانی فینڵاندی ،مامۆستایەکی کوردی و ماموستایەکی ئایینی ئیسلامی.
دەستم کرد بە گریان .
گوتی بۆ دەگری ؟
گوتم من لە وڵاتی خۆم ناتوانم بە زمانی زگماکیی خۆم بخوێنم ، بەڵام ئێوە لێرە ۳ مامۆستا بۆ کورەکەی من دەگرن .
بۆم دەرکەوت کە لە دونیای پێشکەوتووی ئۆرووپادا بایەغێکی زۆر بە مرۆڤ دەدرێ و یاسا هیچ جیاوازیەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نابینێ و تەنانەت هیچ بەربەستێک نییە لە ئاستی وەرگرتنی گەورەترین پۆست کە سەرۆک وەزیرانە.
بەڵام لە وڵاتە بەڵا لێدراوەکەی خۆمان دا تاقمێکی دیاری کراوی کەلەویشک بەلەمەکانیان بە سەر خوێنی گەنجانی ئەو وڵاتەدا لەنگەر دەگرن و هەر کەسێک دانکە جۆیەکی پاشای خواردبێت موتەهەم دەکرێ بەناوی تێکدانی ئاسایش و دژایەتی لەگەڵ خوا.
لێرەدا ئەگەر بڕوانینە یاسای ناو خۆی بە ناو جمهوری اسلامی ئەوە بێجگەلە تاقمێکی دیاری کراو لە ژێر ئەمری ویلایەتی فقیە و بە ئایین شیعەی” اثنی عشری” ئەویش دەبی ئەو قورئان و حەدیسانەی جووتپێت کە خۆیان باوەڕیان پێیەتی تا ئەو کاتەی مەرکەبەکە بە لا شوێلکەیاندا دێتە خوارێ. جا ئەو کات جێگای بکەنەوە لەناودەسڵاتدا ، بەو شەرتەی” لاڕێ” نەڕواو باس لە کێشەی نەتەوایەتی نەکات .ئەگینا بەدژبەری حکومەت ناوزەد دەکرێ و سزا کەشی ئیعدام ، یان زیندانی درێژ خایەنە.
من نازانم هەڵاواردن لەوە زیاتر چیدیکەی هەیە ، کاتێک تۆ نە توانی لە هیچ شێوە دەسەڵاتێکی وڵاتەکەت دا بەشداری بکەی و بڕیار دەربی؟
وەک کورد دەڵێ قسە بکە بەڵام بە قسەت ناکەم.
ئیستاکە ئەو هەموو زوڵم و زۆریانە هەم لە باری نەتەوایەتی و هەم لە باری ئایینی و ئینسانیەوە بە ئیمەی دەکەن ،لەتەوهین بە زمان و نەتەوە و دارو بەردیشمان خۆناپارێزن ئێمەش بەو شێوەیە چاوەروانین کە چی….
جا بۆیە هیوادارم بەو هەموو زوڵم و نەهامەتیانەی کە بە سەرن دێنن و هێناویانە، هەڵوێستێکی نەتەوەیی ، نیشتمانی و بگرە ئائینیشمان هەبێت.
چی دیکە دەست لە سەر دەست دانەنێین و چاوەڕوانی قەزاو قەدەر نەبیین .بادەستی برایەتی وەیەک دەین و هەموو یەک دەنگ بڵێین: نا بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان.
با چیتر بە دروشمی خوا گەورەیە خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین. بەڵێ بێ شک خوا گەورەیە، بەڵام ئەوەنییە خوا خۆی دەفەرمێ:
لە تۆ حەرەکەت لەمنیش بەرەکەت