رژیمی کۆماری ئیسلامی دوای ساڵها فڕوفیشاڵی سازکردنی چەکی ئەتۆمی و خە رج کردنی سەدان میلیارد دولار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئیران
لە پێناو ئەم پڕۆژە دا و دوای دا سەپاندنی ساڵها برسیەتی و هەژاری زیاتر بە سەر خەڵکی نەدار و زەحمەتکێش دا بە هۆی گەمارۆ ئابوویەکان، مەجبوور بوو لە وتۆوێژ لە گەڵ دەوڵەتانی ناسراو بە ١+٥ دا چۆک دابدات و تەسلیمی داخوازیەکانی ئەوان بێ. بەو هیوایە کە بتوانێ بە سەر کەندوکۆسپەکانی ئابووری خۆی دا زاڵ بیێ. بەڵام ئاشکرایە کە بە جێ بە جێ کردنی هە موو مەرجەکانی دەوڵەتانی ئامریکا و رۆژئاوا و بەلابردنی گەمارۆ ئابووریەکانیش، کۆماری ئیسڵامی ناتوانی ئاڵوگۆڕێکی ئابووری پێک بێنێ کە ببێتە هۆی باشتربوونی ژیانی خەڵکی فەقیر و هەژار و بە لاچوونی گەمارۆ ئابووریەکانیش لە باشترین حالەت دا دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی پیش ئەگەمارۆیانە. هۆیەکەشی ئەوەیە کە رژیمی ئیران هیچ بەرنامەیەکی ئابووری جگە لە پەیڕەو کردنی بەرنامەی ناوەندە نێونەتەوەیەکانی دراوی جیهانی نییە.
لەباری سیاسیشەوە تەنیا بە پشت بەستن بە هیزە سەرکوتگەرەکانی و بەڕێوەبردنی سیاسەتی داپڵۆسین و گرتن و کوشتاری درێژە بە عومری خۆی دەدا ولە سەر دەریایەک لە تووڕەیی و نفرەت و بیزاری خەڵک بەرەوڕووە. کێشە ناخۆیەکانیش بەردەوام لە قووڵ بوونەوەدایە.
رژیمی کۆماری ئیسلامی ئیران لە وەها هەلومەرجێک دا خەریکە بەرەو شانۆگەری هەڵبژاردنی”مەجلسی خبرەگان” و “مەجلسی شورای ئیسلامی” دەچێ. ئاشکرایە کەئەم گاڵتەجارەێشی وەک هەموو بەناو هەڵبژاردنەکانی پێشووی فڕی بە دیموکراسی و ئازادی دەنگ دانەوە نییە. ئەو پاڵێوراوانەش کە لە بێژینگەکانی دام و دەزگای کۆنە پەرەستەکانی ولایەت فەقی تێپەڕدەبن، فڕیان بە قازانج و بەرژەوەندی خەڵکەوە نییە و لە خزمەتی کۆماری دژی بەشەری ئیران دادەبن. خەڵکی وریاو شۆڕشگێڕی کوردستان ماهییەتی ئەوکەسانە و کۆماری ئیسلامی بەباشی دەناسن. بە لە بەرچاو گرتنی ئەم ڕاستیانەیە کە، لە رێفراندۆمی یەکەمی کۆماری ئیسلامیەوە تا ئێستاش هیچ متمانەیەکیان بەرژیم و گاڵتەجاڕەکانی بەناو”هەڵبژاردن” نەبوە. پێشتریش زۆربەی خەڵکی کوردستان گویان نەداوەتە ئەو حێزب و لایەن و کەسانە کە بانگەشەیان بۆ هەڵبژاردنی رژیم کردوە و بە تەحریمی شانۆگەری هەلبژاردنەکان نەیان هێشتوە رژیم بە قازانجی خۆی سوودیان لێ وەربگرێ. ئەمجاریش خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بەنەچوونەپای سندووقەکانی هەڵبژاردن، ئیجازە نادەن رژیمی ئیران دەنگی ئەوان بکاتە بەڵگەی ئیعتباری خۆی.
٢/٢/٢٠١٦
فەرزاد جلوەزان