"an independent online kurdish website

 ئابووریی هەرێمی کوردستان لە نەوت، کشتوکاڵ، گومرکە فەرمییەکانی نێوان چەند وڵاتێکی درواسێ و بەشێکیش لە گەشتیارییەوە دابین دەکرێت.oil

دوای ئازادیی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی فراوانی ئابووریی و بازرگانی لە کوردستان دەست پێکرد، کە کوردستان نەک هەر بە ناوچەیەکی ئارام و گەشەسەندوو دەناسرێ، بەڵکوو پێگهیهکی سیاسیی بەهێزی لە ناوچەکەدا ههیه و لەو پێوەندییەشدا، وڵاتی ئەمریکا و چەندین وڵاتی عەرەبیی و ئورووپایی، باڵوێزخانەی خۆیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووەتەوە.

 

ئەگەرچی خودی هەڵکەوتی جوغرافیایی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وای لەو ناوچەیە لەسەر گۆی زەوی کردووە کە نەتەنیا لە بواری ئابوورییەوە، بەڵکوو لە بواری سیاسیی و نیزامییشەوە، بەردەوام جێگای ململانێی هێزە سیاسییەکان و دەوڵەتانی جیهان لە مێژوودا بووە و ئەو ناوچەیە بە پردی بازرگانیی و سیاسی ناسراوە. بە درێژایی مێژووەکەی، دەبینین کە شوێن و گۆڕەپانی شەڕ و کێبڕکێی سیاسیی زلهێزەکان بووە و هەندێک لە ناوەندە سیاسییەکانی ڕۆژئاوا بەو قەناعەتە گەیشتوون کە سایکس ـ پیکۆ هەڵوەشاوەتەوە و باس لە گۆڕانێکی قورس لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن.

 

هەرێمی کوردستان بە هۆی سەرچاوەی وزە و پێگەی ژێئۆستراتژیکیەوە، بووەتە هۆی ئەوە کە وڵاتانی ئورووپایی کە لە بواری سەرچاوە ژێرزەوییەکانەوە دەوڵەمەند نین، ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و سەرمایەگوزاریی قورس لە هەرێمی کوردستاندا بکەن و پشتیوانیی سیاسیی و نیزامیی خۆیان لەو هەرێمە دەرببڕن.

 

هەرێمی کوردستان جیا لە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئاو، کانزا و کانەکان، تەنیا لە بواری نەوت و گازەوە دەوڵەمەنەدە و زیاتر لە ٣% گازی جیهانی هەیە، کە ئەو بڕە گازە سروشتییە جیا لەو نەوتەی کە هەیەتی، دەبێتە هۆی ئەوەیکە هەرێمی کوردستان لە بواری پێگەی سیاسییەوە لە جیهاندا زۆر بەهێز چاوی لێ بکرێت و بە ئاسانی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەیی و جیهانیدا، ڕۆڵی شیاوی خۆی بۆ لەبەرچاو بگیرێت.

 

پرۆژەی ناباکۆ “هێڵی لوولەی ناباکۆ” کە گازی دەریای خەزەر و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئورووپا دەگوازێتەوە، ئەوەش بۆخۆی هۆکارێکی زۆر کاریگەرە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەو هێزە ئابوورییە کەڵک وەربگرێت و لە بواری سیاسییەوە دیسانەوە خۆی بەهێز بکات و لەو ڕووەشەوە لە کۆبوونەوەی جیهانیی وزە و ئابووریی ئاتلانتیکی باکووردا، وەزیری سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە؛ تا ساڵی ٢٠٢٠ی زایینی تەنیا هەرێمی کوردستان ٢٠ میلیارد میتری سێجا گازی سروشتیی بۆ تورکیه و ئورووپا هەناردە دەکات و ئەوەش وێڕای گۆڕانی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کاتی ئێستادا، گرینگییەکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیه.

 

لە لایەکی دیکەشەوە سەرچاوەی زۆری گاز و نەوت، تێچووی کەمیی دەرهێنانی نەوت و گاز، کڕیاری گاز و تایبەتمەندیی هەڵکەوتەیی جوغرافیایی هەرێمی کوردستان و هاوسنووربوون لەگەڵ تورکیە و ئوراسیا، وای کردووە کە شیرکەتە گەورەکانی گاز و نەوت لە هەرێمی کوردستاندا سەرمایەگوزاری بکەن.

 

هەرێمی کوردستان ئەگەرچی پێگەیەکی سیاسیی و ئابووریی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە، بەڵام چەندین کێشەشی لەو بارەیەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە جیا لە خودی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی سیاسییەوە یاسای فێدڕاڵی واژۆ کردووە و ناتوانێت لە بواری کاروباری دەرەوەدا زۆر دەستڕۆیشتوو بێت؛ دەسەڵاتدارانی ئێرانیش لە بواری سیاسییەوە نایانهەوێ کە هەرێمی کوردستان بێتە ناو پرۆژەی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ ئورووپا، چوونکە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە هەنگاو بەرە و سەربەخۆیی دەنێت کە ئەوەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر کوردەکانی ئەو بەشەش دادەنێت و ئەو ڕێژیمە زیاتر دەکەوێتە قەیرانی سیاسی و نەتەوەییەوە.

 

بەڵام سەرەڕای ئەو گرفته، ئورووپا پێویستییەکی زۆری بە سەرچاوەکانی وزە هەیە و بەتایبەت کە سەرچاوە گازییەکان لە لایەک و نەبوونی متمانەی یەکیەتیی ئورووپا بە سیاسەتی وزەی ڕووسیه وەکوو وڵاتێک کە سەرەکیترین هەناردەکەری گاز بۆ ئورووپا دێته ئەژمار، بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا ناتوانن سەرچاوە گازییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو نەگرن.

 

هەروەها کێشەی پیشەی پرتووکاوی نەوت و گازی ئێران لە لایەکی دیکەوە جێی نیگەرانییە، چوونکە وڵاتانی ئورووپایی ناتوانن بە ئەرخایەنی پشت بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران ببەستن و دواتر ئەوەیکە هەموو ئەو وڵاتانەی کە بیانهەوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەسەر بەشی نەوت و گازی ئەو ڕێژیمە گرێبەستی هەناردەکردنی گاز و نەوت واژۆ بکەن، لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە ئیزنیان پێ نادرێت و ئەوەش خاڵێکی بەهێزی دیکەیە بۆ هەرێمی کوردستان کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە هەرێمی کوردستاندا، وزەی خۆیان دابین بکەن.

 

لە ئەنجامدا، ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ئاستی جیهاندا ڕوو دەدات، ئەوەیە کە یەکیەتیی ئورووپا لەگەڵ کێشەی دابینكردنی وزە بەرەوڕوو بووەتەوە و هاوکات لەگەڵ ئەوەش گۆڕانی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە هەموو جیهان دانی پێدا هێناوە، دەبێتە هۆی ئەوەیکە هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیە لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕۆڵیکی گەرینگ و کاریگەری هەبێت؛ کە ئەوەش پشتیوانیی وڵاتە زلهێزەکانی لەپشتە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە یارمەتیی ئەو وڵاتانە، بە ئامانجە سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی بگات.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی