ئێمە کە بروامان بەئازادی هەیە و خەباتی بۆ دەکەین دەبێی بەلامانەوە ئاسایی بێی کە خەڵکانیتریش بۆ بیرو ڕای خۆیان تێبکۆشن ئەگەر بەدژی ئێمەش بێی .
یەکێک لە ئەسڵە بنە ڕەتیەکانی ئازادیو دێمۆکڕاسی ئەوەیە کە بێحورمەتی بەئیدەو ئایینی کەسانیتر نەکەینو لە هەمانکاتدا ڕاو بۆچونی خۆمان ئەگەر دژی ئەوانیش بێی بە شێوەیەکی مەنتیقیو ڕاشکاوانە دەببڕین . ڕەخنەی تـوند بـگرین بـەڵام لـە سنوری ئەقڵو مەنتق دەرنەچین ویژدانی خەڵک بریندار نەکەین ، ئەگەر تەڕەفەکەشمان ئـەوەی کـردبێی ئێمە نەیکەین ، چونکە ئەودەم دەگەڵ ئەو فەرقمان نابێی.
ئەوڕۆژانە بازاڕی باس لە سەر هەڵبژاردنی پاڕلمانو ئەنجومەنی شارە زانایانی ڕێبەری ئێران گەرمو گەرمتر دەبێی .وەک هەمو هەڵبژاردنێک ڕاو بۆ چونی جیاواز لە سەر ئەو هەڵبژاردنە دەر دەبڕدرێی . یەکێک پێی چـاکەو یـەکیتر بـەخراپی دەزانێی . هـێندێک شێوەکەی بەدروست نازاننو هێندێکیتر قسەیان لەسەر پاڵێوراوەکان هەیەو هێندێکیش لە بنەڕەت ڕا دەگەڵی نین. ئەوانەی دەبێی دژایەتی جیدی بکەن ئوبۆزیسیۆنی ئێرانە بەکوردو غەیرە کوردیەوە. کە ڕێژیم پێیان دەڵێێ دژی شۆڕش. ئـەوەی مـن باسی دەکەم بەشە کوردستانیە کەیەتیو کـارم بەویتری نیە ،چونکە من وەکیلی هەمو بەشەکەی خۆشم نیم چبگا بەهەمو ئێران ! هەرچی هەیە بۆچونی خۆمە. لەناوخۆی ئێراندا دژایەتی کردنی هەڵبژاردن مەترسیدارەو ڕێگە پێدراو نیە. مشتەری پڕوپاقورسی دژایەتی دەگەڵ ئەو ڕێژیمە لەهەمو بوارەکاندا حیزبە کوردیە کانن کە ڕێژیم بەدژی شۆڕشیان ناو دەبا. ئەوانیش هەر کامەیان لەڕوانگەی خۆیانەوە هەڵوێستی لە سەر دەگرن. بە باوەڕی من ئاساییە دەسەڵاتی حاکمو لایەنگرانیان پێی هەڵبڵێنو شاخو باڵی بۆ دروست بکەن ، بەڵام بەدڵنیایەوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆشیەوە زۆربەی هەرە زۆریان تێگەیشتوو پێگەیشتونو خێرو شەڕی خۆیان بەباشی لێک دەکەنەوەو خەباتەکەشیان هیچ پێوەندی بە ئیسلامیو غەیرە ئیسلامی بونەوە نیە . خەباتە بۆ ووەرگرتنەوەی ئەو مافە مرۆڤانە نەتەوایەتیە کە لێیان داگیر کراوە. ڕۆژانە دەگەڵ ئەو ڕێژیمە سەرو کاریان هەیەو زۆر باشتر لە ئێمە وەک کورد لە وەزعی خۆیان ئاگادارنو دەشزانن لە ئێرانی ئـاخوندیو لـەسەر دەمانی پێش ئـەویشو ئێستاش کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن زمانو زیدی دیارو کلتورو فەرهەنگی جیاواز نەناسراوەو نەڕێگەی پێدەدرێی کە لە بەرنامەی پاڵێوراوانی کورددا شتێکی لەو بابەتە هەبێی . نمونەی بەرچاو زمانی دایکیە کەتائێستا لەکوردستان تاقە قوتابخانەیەکی ، یەکی سەرەتایی بـە زمانی کوردی بـەڕەسمی ئیزنی پێنەدراوە لە ماوەی (٩ ) دەورەی پـارلمانی ئێراندا کورد نـەیانتوانیوە لە بـەندی (١٥) قـانونی بـنەڕەتی کـە تایبەتە بـەکەمایەتیە نـەتەوەییەکان لــە باری زمـانەوە کـەڵک وەر بگرێیو تـا ئێستاش نەخراوەتە بەرنامەی کاری ئـەو کۆمارە لـەکوردستان. ئـەگەر کـەسێک بیهەوێی لـە ژێرسێبەری ئەو ڕێژیمە بحاوێتەوە ، دەبێێ واز لە داوای ئازادیو دێمۆکڕاسیو مافی نەتەوایەتیو شتی لەو بابەتە بێنێ.
ئەوەی دەبێی لە ئێراندا قبوڵت بێی ئۆمەت بونە. واتە دەبێی بڵێی خوا یەکەو محەممەد نـاردراوی خوایـەو وەلی فەقیه لـە سەرزەوی نوێنەرو وەکیلی بیلا عەزڵی خوایە. ئـەوەی بـەئاشکرا دژی ئەوبێی ( مفسد فی الارض و محارب با خدایە ) . هەمو دەزانن کورد لەسەرجەم مافە نەتەوەییە کانو بگرە مرۆڤانەکەشی بێبەشە، ئەوەش دەزانین کورد لە ڕێگای دیاریکردنی چارەی خۆ نوسین بەهەزاران قوربانیداوەو خەباتی کردوەو کۆڵی نـەداوەو وازی نـە هێناوە . لـە هەمـو سەردەمێکدا کـەسانێک وەک نـوێنەری کـورد دیاریکراونو وەک هەڵبژێراوی خەڵکیش ناو نراون ! جاریوا هەبوە کەسەکە کوردیش نـەبوە بـۆ نـوێنەری کورد دیاریکراوە. لەسەردەمی ئێستادا بارودۆخەکە ڕواڵەتەکەی گۆڕاوە ، بەڵام ناوەرۆکەکە هەروەک خۆی ماوە. لەشارە کوردستانیەکان خەڵک خۆیان دەپاڵێونوبەشداری دەکەنو کە دەنگیان هێناوە دەچنە پارلمان. من پێموایە ئەو بەشداریکردنە جەبر پێیان دەکا نەک لەروی بڕواو حەقانیەت ! بڕوانە (خامەنەیی) دەڵێێ : ( ئەوانەی بـڕواشیان بەکۆماری ئیسلامی نیە بادەنگ بـدەن ) هەر بەدوای ئـەو قسەیەیدا زۆری پێناچێی دەڵێی: ( من کوتم ئەوانەی بڕواشیان بەونیزامە نیە دەنگ بدەن ، نەک بچنە پـاڕلمان. لە هیچ کوێی دنیایە لە ناوەندەکانی بڕیار دان کەسێک کە بڕوای بـە ئەسڵی نـیزامەکە نیە ڕێگەی ئەو شوێنانەی پێنادەن ) پـوختەی قسەکەی ئـەوەیە بـڕۆن بـۆ خـۆڵ لەچاوکردنی بیروڕای گشتی دەنگ بـدەن بـەڵام مافی ئـەوەتان نـیە بچنە پـاڕلمان !! ئەوە لەڕاستیدا فریودانی ئـەوانەیە کە بـڕوایان بـەو نیزامە نیەو دەنـگیشی پێدەدەن !! ئـەگینا لـەدنیای ئازاد دا ئەوەی دەتوانێ بەپێی مەرجەکانی پەسند کراو دەنگ بدا دەبـێی بشتوانێ خۆی بپاڵێوێی یان هەر دەنگیش نەدا . جێی سرنجە ئەگەر کەسێک ئازاد بێو بـڕوای بەشتێك نـەبێو دەنگیشی بداتێ !! لـەو قسەیە دەردەکەوێی تەنیا مەبەست ئەوەیە دەنگەکان زۆر بنو بەدنیا بڵێین: ئەوەتا ئەوانەی بڕواشیان پێمان نیە دەگمان دەداتێی ! ڕاستی ئەوەیە ئەو ڕێژیمە لە بنەرەتەوە بڕوای بەمافی ڕەوای نەتەوایەتی کورد نیەو پێیان وایە دەبو کورد هەرنەبایە .
خامەنەیی زوو لەوە پەشیمان دەبێتەوە کە کوتویە: ئەوانەی بـڕواشیان بـەو نیزامەنیە بادەنگ بدەن، داوای ئەوانەش ڕەد دەکاتەوە کە ڕاستەو خۆ یان ناڕاستەوخۆ بەخەڵک دەڵێن دەنگ بدەن، دەڵێی : کەس داوای لەدژی شۆڕش نەکردوە بەشداری بکەن. ئەوەنیە (عەلی ئەکبەری ویلایەتی ) ڕاوێژکاری مەزنی (خامەنەیی ) سەبارەت بەوەی کە ئیسڕائیل کتویە کورد مافی سەربەخۆییان هەیە دەڵێی : ئەوە خەونی ئیسڕائیلەو وەدی نـایە. تـەنانەت ڕازی نـابێی خـەڵکیتریش خەون بـەئازادی کوردەوە ببینێ ! ئەو فەرمودەیەی! ویلایەتی ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە بۆهەمو بەشەکانی کوردستانو خاڵی یەکەمی بەرنامەی کاری کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئەو جۆرە قسانە تازە نینو هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە هەمیشە دوژمنانی گەلی کورد هەوڵیان داوە وا لە خەڵک بگەێێنن کە گۆیا ڕاپەڕینو خەباتی کوردان دەسکری بێگانەیەو پاکانەیان بۆ کردەوە دڕندانەکانیان دەرهەق بـە گەلەکەمان بەو جۆرە شتە ناڕەوایانە کردوە. داگیرکەرانی بـەشەکانیتریش بـەوە بترسێنن کە ڕۆژێک ئەو وشترە لە بەر دەرگای ئەوانیش یخ دەخوا. ئەو ژارەیان بە هەنگوین دەرخواردی خەڵکی ئێرانداوە . بـۆ خـۆیان دەگەڵ شـەیتانی گەورە ڕێک دەکەونـو وەک نەبایان دێبێو نەباران! بەڵام کوردێک کە نەتەوەیەکی غەدر لێکراوی زێـدو ماف داگیرکراوە، ئەگەرخەڵکیتریش بڵێین مافی هەیە خەونێکی نەدیتراوە ؟!! من دڵنیام جەبری مێژو کوردان وێک دەخاتەوەو ئەوەی نوێنەری خامەنەیی بەخەونی دەزانێی واقعیەتەو وەڕاست دەگەڕێو ئەودەم ئەوانیش یان نامێنن، یان ئەو پیاڵە ژارەش دەخۆنەوە کە ئیمام خواردیەوە. ئەوپاڵیوراوانە ئـەگەر لـە فلتێڕە زۆرو جیاوازەکان تێپەڕین ، تـەنـیا دەتوانن بـاسی مەسایلی خەدەماتی بکەنو بـەس . نـوێنەری کورد هەرگیز ناتوانێو ڕێگەشی پێنادرێی بڵێی مافی چارەی خۆنوسین بۆ کورد مافێکی ڕەوایەو دەمانەوێێ.
ئامانجو بناغەی ئەو هەمو خەباتە پێوچانە ،نرخو بایخی خوێنی ئەو هەمو قوربانیانە ، ئەو هەمو ئاوارەییو ماڵوێرانی ئەو شۆڕشگێڕانە ،کەنگێی بۆ ئیسفاڵتی شەقـامـو بۆ ڕێگە کێشآنە ؟!! ئەو ئامانجەی گەلەکەمان بـۆی تێکۆشاوەو قـوربانی بۆداوە ، نە لە بەرنامەی کاری ئەو کۆمارەدا هەیەو نەلە قاموسی دەسەڵاتدارانی ئێراندا نوسراوە!! ئێستا ئەگەر ویستو داوای ئێمە ئازادی گەلو وەدیهێنانی مافەکانیەتی ، فـتوای بـەشداری کردن نەک جایز نیە بەڵکو جێی گومانە . ئەو هەمو بەسەرهاتو ئەزمونە تاڵانەی کە ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمانە پێمان دەڵێی : چاوەڕوانی هەر کام لەو مافانە لەوچەشنە سیستمو دەسەڵاتانە هەڵەو خۆ فریودانە ، ئەوەش مانای بایکۆتو دەنـگ نەدانە. هەمومان دەزانین لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، نـەتەوە غەیرە فارسەکان بەتایبەت کورد ، هیواداڕبون بتوانن لە ڕێژیمی داهاتودا لانی کەمی مافەکانیان وەک خود موختاری وەدەست بێنن ، بـۆئەو مەبەستە بەکۆو بەتاک دەگەل ئـەو ڕێژیـمە کەوتنە وتـو وێژودانوستان ، کەسیشمان نیە نەزانێی ، دانشتنی هەیئەتی نـوێنەرایـەتی کوردان نەک نەیتوانی چوکترین دەرمان بخاتە سەر بـرێنەکە بەڵکو قوڵتری کرد . کەچی شـەڕی خوێناوی ( سنـە ) وهەڵگیرساندنی شەڕی (نەغەدە) و بەدوای ئەوانەشدا فتوای جیهادو ، قاڕنێو قەڵاتانو و… تا گەیشتە ئەو حاندە کە لە حاڵی وتووێژی ئاشتیدا نەمران (قاسملوو کاک عەوڵا) شەهید کران. تەنانەت لە دانیشتن دەگەڵ ئۆپوزیسیۆنی ئێرانیشدا (شەرەفکەندیو عەبدولیو هومایون ) تـڕۆڕ کـران ! ئـەو ڕابـردوە خوێناویەی ئێمەو ئـەو مێژوە ڕەشەی کۆمـاری ئیسلامی ئـێـران دەگەڵ کورد پـێـمـان دەڵێێ : چـاوەڕوانی چـوکترین مـافی نەتەوایەتی لە ژێرچەتری ئەو دەسەڵاتەدا گەورەترین هـەڵـەی مێژویی هەر حیزبێکی کوردی لەڕۆژهەڵاتی کوردستانە. کەوابو ئەو ڕابردوە ڕاسپاردەی بۆ ئێمە دەنگ نەدانە.
ئێستا ئەو پرسیارە دەکەمەوە: دەنگدان یان بایکۆت؟ ڕاستی ئەوەیە پرسیارێکی گەلێک قوڵو قورسەو وڵامەکەشی قورسترە . بۆ ؟؟ چونکە هیچکام لە حیزبەکانی ئێمە نوێنەری هەمو خەڵکی کوردستان نینو ئاگادارین بایکۆت کردنی ئاشکراو ڕاستەوخۆ گەلەکەمان توشی مەترسیەکی گەورە دەکا ، بۆیە پێموایە ئەو هەقە بدەین بەدەنگدەرانی کوردستان خۆیان ڕێگەیەک بدۆزنەوە کە نە قازانج بە ڕێژیم بگاو نە زەرەر لە خۆیان بکەوێی. ئەوەش وەک نەمر ماندیلا کتویە زۆر هاسانە . ناوبراو دەڵێی: ( بۆ ئازادی مەرج نیە زەویوعاسمان بکڕی، ئەوەندە بەسە خۆت نەفرۆشی ) بێگومان زۆربەی هەرە زۆری گەلەکەمان ئەوەی لێی دەوەشێتەوەو لە ڕابردوشدا نیشانیان داوە کە( شەڕەف گەوهەرەو لە قیمەت نایە ) دیـارە بەشداری نەکردنیش شێوەی جۆراوجۆری هەن کە دەکرێی کەڵکیان لێوەر گری . بەشداری نەکردنی ڕاستەوخۆ زۆر گران لەسەر گەلەکەمان دەکەوێێ . من باوەڕم وایە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر باش هـۆگری ئازادیو ڕزگاری زێدەکەیەتی ئـەو هەمو شەهیدەی ڕێگای ڕزگاری نـیشتمان ڕۆڵەی ئەوانە. دڵنیام جگە لەوانەی خۆیان دۆڕاندوە، کەس ئەو سەروەریە بە هیچ نرخێک نافرۆشێ، بۆیە دەبێی قەزاوەتەکە بخەیە بەر ویژدانی خۆیان دڵنیاشم ئەگەر بەناچاریش دەنگ بدەن، نایدەن بەکەسانێک کـە بـزانـن دوژمـنی گەلەکەیانە.ئەگەر خۆشی لێگێل نەکەین باش دەزانین هەڵبژاردن لەئیراندا تەشریفاتیە ،ئەگینا لە بەرانبەر ئەنجومەنی شارەزایان پاڕلمان هیچ دەورو ئیعتیبارێکی نیە. بـەڵام بـۆ حیزبێکی سیاسی کە بەئاشکرا بـەچەکەوە دژی ئـەو ڕێـژیـمـە لەگۆڕەپانی خەباتدا ڕاوەستاوە، دەبێ ئەوەندەی سەراحەتو سەداقەتو جەساڕەت هەبێی کەبڵێی دەنگ بەو ڕێژیمە مەدەن ! لەهەمانکاتدا پاراستنی گیانی ئەندامە نهێنیەکانیشی لەبەر چاوبێی. ڕاگەیاندنی بەشداری کردن لەو هەڵبژاردنانەدا دروست دژی دروشمەکەی خۆمانە کە دەڵێێن 🙁 بـروخێ ڕێـژیـمی کۆمـاری ئیسلامی ئێران) ڕاگەیاندنی بـەشداریکـردن چ بمانەوێو چ نەماوێی بەقازانجی پـڕوپاگەندی ڕێـژیـمە!! ڕاشکاوانـە دەڵـێـم : نـابێی ئـەوەنـدەش ڕەشبینو بەرچاو تەنگ بین کە پێمان واشبێی لە ئێمە زیاتر کەس هەستی کوردایەتی نیەو هەوڵی بـۆ نادا. بەدڵنیایەوە زۆریـنـەی گەلەکەمان هەستی نەتەوایەتیو وەدیهێنانی ئازادیان لە ئێمە مـانان زیاترەو دەتوانن بە باشترین شێوەی گونجاو هەم دژایەتی ئەو داگیر کەرانە بکەنو، هەم دروشمی خۆ هەڵاوسینیش نـەدەن !! قسەی مـن دەگەڵ گەلەکەمـان ئـەوەیـە : بـۆ هـەرچی لـە بەرژەوەندی گەلدایە هـاوکار بـنـو لـە هەرچی زیانی گـەلی تێدا دەبینن خـۆ بپارێـزن. خواش فەرمویە ( وتعاونو علی البر والتقوی ولا تعاونو علی الاثم والعدوان ).بۆ چاکەو دوری لە خراپە هاوکاربنو،لەتاوانو دەستدرێژیدا ، هاوکار مەبن. بەچاو کراوەیی بـڕواننە ڕوداوەکان ، بە بێلایەنو ژیرانەو لێزانانە بڕواننە هـەڵسوکەوتـەکان، سواری ئێحساسات مەبنو لە بیرتان نەچێ کوردنو ڕۆژی ڕزگاری گەلو نیشتمان لە هەمو کاتێک گونـجاوترو لــەبـارترە. ئـاوڕێکێش لـەو مـاوە درێـژەی دەسەڵاتی حاکمـو بـەڵێنیەکانی سەردەمی پڕوپاگەندەکانی هەڵبژاردنەکان بـدەن کە لەماوەی (٣٧) ساڵ دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا، بۆکوردان وەدی نەهیندراوە. ئەحزابی کوردی دەبێی ڕێنوێنی گەل بـن بـۆ نـاسینی دۆستو دوژمنوخائینان، کاتێک ئەوانە ناسران پێموایە هـیچ مرۆیەکی ئـاقڵی ئـازاد دەنگ بـەدوژمنو خائینان نـادا . نـابێی لە بیرمان بچێی کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستاش هەر بـە بـەشێک لـەئیران نــاو دەبـرێی !! دوژمنەکەمان حـەز لـەوەدەکا ئێـمەو گەلەکەمان بـڕوامان بـەیەک نـەمێنێو بەرەو ڕووی یـەکتر ڕاوەستین، بۆیە بەجیدی هەوڵدەدا بەهۆی لێک دڕدۆنگ کردن دژایەتیو دوبەرەکیمان لە ناودا دروست بکاو خۆی لە ئاوی لێڵ ماسیان بگرێی.
ئـەوەی ئێمە حیزبە کوردیەکان پـێویستمانە ، یـەکگرتوییەو بـە داخەوە نـیمـانـەو، بە نەبونەکەشی گەورەترین زەبرمان لە خۆمان داوە . جیاوازیـو دوبـەرەکیو یەک نـەگرتوییمان هـۆی دوا کەوتنی سەرکەوتنمانـە. کاتێک بـاوەڕمان وایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دوژمنی هاوبەشمانە ، ئەقڵو مەنتیق دەڵێی : دەبێی پلانی هاوبەشیشمان بۆ بەرەنگار بونەوەی هەبێی. ئەوەیان کە تۆ دروشمی ڕۆخانی ڕێژیم بدەیو بەخەڵکیش بڵێی لە هەڵبژاردنەکەیدا بەشداری بکەن ، ئەوە فریودانی خۆتو خەڵکە. ئێمە دەتوانینو ڕەواشە بیرو رای جیاوازمان هەبێی ، بەڵام لەبەرانبەر دوژمنی هاوبەشدا کە دروشمی ڕوخانیشمان داوە ئاقڵانە ئەوەیە بەرنامەی هـاوبەشمان بۆ بەرەو ڕووبونی هـەبێیو نـابێی بـەرنامەی جـیاوازمـان هەبێی ، بەو مانایە نابێی یەکمان هەوڵ بۆ ڕوخانی بدەینو ئەویترمان ناڕاستەوخۆشبێ هـەوڵی مـانەوەی بـدەین ! ئـەوەش لەبەرچاو بگرین کە لەناو خۆ ،کوتنو کردنی زۆر شت نەگونجاوە ، بەڵام بـۆ ئێمە بەتەواوی گونجاوە . نـابێی لـە بیرمان بـچێی کە حکومەت دوژمنی هەمومانەو زۆر ناشیانەیە تۆ بەهەمو هیزتەوە هەوڵی ڕوخانی ڕێژیمێک بدەیو لـە هـەمـان کاتدا چاوەڕوانی ئەوەبی مافیو ئازادیت بداتێ!! لە سیستمێکدا کە ئازادیو مافی مرۆف مانایان نـیەو قسەی دوایی وەڵـی فـەقیە دەیـکاو نـوێنەری خـوایەو خۆی لـەبـەرانبەر خەڵکدا بەبەر پرسیار نازانێ ، هەڵبژاردنو، نوێنەرو پاڕلمانو چیو چی یان ئالەتن یان هیچکارە.
برایان ئەو ئەرکەی ئێمە وەئەستۆمان گرتوە ئەوەندە قورسو بایخدارە کە دەبێی بۆ ئەنجامدانی زۆر لەوە زیاتریش قوربانی بدەینو لە هیچ مەتریسەکیش سڵ نەکەین . نابێی هەر بەو ڕێگایەدا بڕۆین کە تا ئێستا بەهیچ کوێی نەگەیشتوین . گوناح نیە کە نەمانتوانیوە بگەینە ئامانجی نهایی چونکە لـەتـوانامـان دانـەبوە ، بەڵام گونـاحـە هەڵەکانمان وەک خۆی تەحویلی نەوەی نوێی بدەین . هیوادارم وەسەر ئەو تەڵەیە نەپەڕین کە حیزبی تـودە بـە پاساوی دژی ئیمپڕیالیستی بونی کۆماری ئیسلامی ئێران وەسەری پەڕێن.
وەرن بـا هـەڵبژاردنـەکەی بـایکۆت بـکەینو دەگەڵ ڕێنوێنی پێویست گـەڵکەکەمان ئازادبکەین، چونکە من بڕوام بەهەڕەشەو زۆرەمـلی نیە. دەگەڵ هـەموی ئـەوانەش بیرێک لەو هەمو کەندو کۆسپو کەوتنوهەستانەوەو سەرنەکەوتنانەی خۆمان بکەینەوەو ڕیگەیەکی نـیـزیکترو گونجاوتـر بـۆ وەدیهێنانیان بدۆزینەوە . تەنیا ڕێگەی ڕزگاری گەلو نیشتمانـو نـەمانی ئـەم چەشنە شانـۆی هەڵبژاردنانە یـەکگرتوییو هـاو هـەڵـوێستیو هاوکاریمانە، بۆیە ئەو ئامانجەمان نەپێکاوە چونکە تـا ئێستا ئـەو یەکیەتیەمان پێک نەهێناوە.
براتان مەلا برایمی مەجید پور ٨ / ٢ / ٢٠١٦ هولەند