"an independent online kurdish website

ئامانجی ئه‌و نووسراوه‌یه‌ خستنه‌ به‌رباس و لێکدانه‌وه‌ی وردی هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی 1357 نیه‌، به‌ڵکوو هه‌ڵسه‌نگاندنێکی خێرای کارنامه‌ی 37 ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامییه‌.miro_aliar_nu

ڕۆژی 22ی ڕێبه‌ندانی ئه‌وساڵ 37 ساڵ به‌ سه‌ر شۆڕشی گه‌لانی ئێراندا تێده‌په‌ڕێ. ئه‌و شۆڕشه‌ به‌رهه‌م و ئاکامی په‌ره‌سه‌ندنی ناڕه‌زایه‌تی، ڕاپه‌ڕین و جمووجۆڵی ئیعترازیی گه‌لانی ئێران بوو که‌ چه‌ند ده‌یه‌ له‌ژێر حاکمییه‌تی زوڵم و زۆری ڕێژیمی پاشایه‌تی دا وه‌زاڵه‌هاتووبوون و بڕیاریان دا‌بوو خۆیان له‌ژێرده‌ستی و‌ دیکتاتوری ڕزگار بکه‌ن و ئازادی، سه‌ربه‌ستی و ژیانێکی شیاو له‌ وڵاته‌که‌یاندا دابین بکه‌ن.

خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی ئێران له‌و ڕۆژه‌دا تاج و ته‌ختی شای به‌ده‌سه‌ڵات به‌ڵام له‌ خۆبایی و بێگانه‌بوو له‌گه‌ڵ واقعییاتی وڵاته‌که‌ی‌، به‌ سوپایه‌کی پۆشته‌ و به‌هێز و ده‌زگایه‌کی ئیتلاعاتی (ساواک) ترسناک و داپلۆسێنه‌ر، تێکڕووخاند و تۆماری 50 ساڵه‌ی حکوومه‌تی په‌هله‌وییان پێچایه‌وه‌.

وه‌ک هه‌موو دیکتاتوره‌کانی دیکه‌، محمد رضا شای په‌هله‌ویش دره‌نگی په‌یامی خه‌ڵک گوێ لێبوو و کاتێکیش بیستی، ئیدی دره‌نگ ببوو!

ویکتور هوگۆ نووسه‌ر و بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی فه‌رانسه‌یی ده‌ڵێ “هیچ هێزێک توانای بەرگرییکردن لە ڕووداوێکی نیە کە کاتی ڕوودانی گەیشتبێ”.

ڕاسته! ڕێژیم محمد رضا شاه له‌ ڕێگای “ساواک”ـه‌وه‌ ده‌ره‌تانێکی بۆ‌ ئازادی و تێکۆشانی سیاسی و مه‌ده‌نی نه‌هێشتبۆوه‌ و بێته‌فاوه‌تی ڕیژیمی حاکم به‌نیسبه‌ت ئازادی و داخوازه‌کانی خه‌ڵکه‌وه‌، کاتی ڕووخانی ڕیژیمی شای گه‌یاندبوو و ئه‌و ڕێژیمه‌ ده‌بوو ببێ به‌ مێژوو و له‌و قۆناخه‌دا، ئیدی پێش به‌ڕووخانی نه‌ده‌گیرا.

ناڕه‌زایه‌تیی به‌رینی خه‌ڵک له‌ ڕێژیمی شا، نه‌بوونی ئاگایی و ئه‌زموونی سیاسیی پێویستی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک، کاڵووکرچی ڕێکخراوه‌ سیاسیه‌کان و نه‌بوونی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو له‌ حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ غه‌یره‌مه‌زهه‌بیه‌کان، بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ که‌ نه‌ک هه‌ر خه‌ڵکی ئاسایی به‌ڵکوو به‌شێکی به‌رچاو له‌ هێزه‌ سیاسیه‌کانیش بکه‌ونه‌ داوی “روحانیون” و به‌کرده‌وه‌ ببن به‌ پرده‌بازێک بۆ گه‌یشتنی ئه‌وان به ‌ده‌سه‌ڵات.

ئاخونده‌کان به‌ قۆسته‌وه‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته و به‌که‌ڵکوه‌رگرتن که‌ هه‌ستی مه‌زهه‌بی خه‌ڵک توانییان به‌سه‌ر که‌شه‌ ئاڵۆزه‌ و شۆڕشگێڕانه‌که‌دا زاڵ بن و شۆڕشه‌که‌ له‌سه‌ر خۆیان تاپۆ  بکه‌ن.‌

به‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن (مصادر) به‌سه‌ر شۆڕشه‌که‌دا، “روحانیون” توانییان به‌ره‌به‌ره‌ یه‌کێ له‌ ڕه‌شترین و هارترین دیکتاتورییه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی   له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌سڵی “ولایت فقیه‌” دابمه‌زرێنن  و سیستمێکی دواکه‌وتووی مه‌زهه‌بی- ناسیونالیستیی سه‌رکه‌تکه‌ر به‌سه‌ر گه‌لانی ئێراندا زاڵ بکه‌ن.

ڕێژیمێکی دیکتاتوری که‌ به‌نێوی مه‌زهه‌ب ئوپوزسیون و دژبه‌رانی خۆی قه‌ڵاچۆ کرد، تێروریزمی ده‌وڵه‌تی کرد‌ به‌ سیاسه‌تی ڕه‌سمی خۆی و ئێستاش له‌هیچ کار و جینایه‌تێک بۆ پاراستنی ئیستبدادی مه‌زهه‌بی و له‌نێوبردنی جیابیران ده‌ست ناپارێزێ.

گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ورێکی به‌رچاوی له‌ شۆڕشی ساڵی 1357 دا گێڕا.

ئامانجی کورد له‌ به‌شدارییکردن له‌ خۆپیشاندان و چالاکیه‌ ئیعترازییه‌کاندا، ڕزگاربوون له‌ دیکتاتوریی هه‌وسارپچڕاوی ڕێژیمی شا و هێنانه‌ سه‌رکاری نیزامێکی دێموکراتیک بوو که‌ دوای چه‌ند ده‌یه‌ ژیانی پڕ له‌ مه‌ینه‌تی و ته‌حقیر و هه‌ڵاواردن، بتوانێ له دۆخێکی سیاسیی نوێدا چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ گرێ و به‌ ئازادی و عیزه‌ته‌وه‌ بژی.

کورد ده‌یویست زمانه‌که‌ی به‌فه‌رمی بناسرێ و خوێندن به‌ زمانی زگماکی وه‌ک سه‌ره‌تایی ترین مافی مرۆڤ، بۆ منداڵانی کورد دابین بکرێ و چی دیکه‌ نه‌بنه‌ قوربانی سیاسه‌تی ناسیونالیستیی و هه‌ڵاواردنی نیزامی حاکم له‌ تاران.

کورد دژی هه‌ڵایسانی شه‌ڕ و ئاژاوه‌ له‌ کوردستان بوو و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته،‌ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی دیکه‌، هه‌موو هه‌وڵێکی مومکینیان دا له‌گه‌ڵ حاکمانی نوێی وڵات ڕێکبکه‌ون.

به‌ڵام دوای گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات، زۆری پێنه‌چوو که‌ آیت الله‌ روح الله‌ خمینی کوردی مافخوازی له‌ڕیزی “کفار” دانا و له‌ ڕۆژی 28ی گه‌لاوێژی فه‌رمانی جیهاد و هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بۆ سه‌ر گه‌لی کورد ده‌ر کرد. خمینی هاوکات حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هه‌ڵوه‌شاوه‌ ڕاگه‌یاند.

ڕێژیمی تازه‌ شه‌ڕێکی نابه‌رابه‌ر و خوێناویی به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا سه‌پاند و حیزبی دێموکرات و هێزه‌ سیاسیه‌کانی دیکه‌ی کوردی ناچار کرد بۆ دیفاع له‌ مان و مه‌وجوودییه‌ت و دوا ڕه‌واکانی گه‌لی کورد دژ به‌ دیکتاتوری ئیسلامی وه‌ده‌ست بێن و به‌ربه‌ره‌کانێ بکه‌ن.

ئه‌و شه‌ڕه‌ی 36 ساڵ له‌وه‌پێش خمینی له‌دژی کورد ڕایگه‌یاند، هه‌تا ئێستاش به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر، به‌ڵام بێپسانه‌وه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و قوربانی ده‌ستێنێ.

 

به‌ڵام با له‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی کورتدا بزانین کۆماری ئیسلامی دوای 37 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریی، چ به‌هه‌م و ئاکامێکی بۆ ئیران به‌گشتی هه‌بووه‌:

  • به‌ربڵاوتربوونی سه‌رکوت و توند و تیژی، به‌رته‌سکردنه‌وه‌تری ئازادیه‌ سیاسی و مافه‌ مه‌ده‌نیه‌کان، درێژه‌دان به‌ پێشێلکارییه‌کانی سیستماتیکی مافه‌کانی مرۆڤ، هه‌ڵکشانی که‌م وێنه‌ی ژماره‌ی ئیعدامه‌کان، هه‌ڵاواردنی سیستماتیکی جنسی،”ئیتنیکی” و مه‌زهه‌بی…. ساڵێ چه‌ند جار کۆماری ئیسلامی به‌هۆی سیاسه‌تی دژیگه‌لی و کرده‌وه‌ بێزراوه‌کانی له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌کانی پارێزگاریی له‌ مافی مرۆڤه‌وه‌ مه‌حکووم ده‌کرێ.

 

له‌وپێوه‌ندییه‌دا، یه‌کی له‌ خاڵه‌ ڕه‌شه‌کان له‌ دوسیه‌ی 37 ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامی پرسی ژنه‌. له‌ کۆماری ئیسلامیدا هه‌ڵاواردن و بێبه‌شکردنی ژنان یاسایی کراوه‌. که‌م ڕۆژ هه‌یه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی سه‌ر به‌ ڕێژیمه‌وه‌ سووکایه‌تی به‌ ژن نه‌کرێ.

 

  • کاربه‌ده‌ستانی ئێران ئیدی نایشارنه‌وه‌ که‌ ئابووری وڵات ئه‌وڕۆ له‌وپه‌ڕی شپرزه‌یی دایه. به‌قسه‌ی مجید انصاری یاردیده‌ری پارلمانیی حسن روحانی (10 به‌فره‌نباری 1394) “موشکیلاتی ئابووری ده‌وڵه‌ت بێسابقه‌یه‌!

 

دزی و گه‌نده‌ڵی له‌ هه‌موو ئاسته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا، ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ج کردووه‌. له‌ ئێرانی ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن نه‌وت و گاز دا بێکاریی، هه‌ژاری، ئیعتیاد له‌مێژه‌ سنووری ئاساییان تێپه‌ڕاندووه‌ و کۆمه‌ڵگای ئێرانیان تووشی قه‌یران کردووه‌.

 

  • له‌نیزامی مه‌زهه‌بی– ناسیونالیستیی کۆماری ئیسلامیدا سیاسه‌تی سه‌رکوت و هه‌ڵاوارن دژ به‌ نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یره‌فارس نه‌ک هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌، به‌ڵکوو په‌ره‌شی ئه‌ستاندووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ له‌ ئێراندا به‌ “ئه‌قوام” یان “که‌مایه‌تی قه‌ومی” نێوده‌نرێن، به‌ڵام ته‌نانه‌ت مافی که‌ماتێکیشیان بۆ ناسه‌لمێندرێ، حاشا له‌ هوییه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان ده‌کرێ و له‌ سه‌ره‌تایی ترین مافی سیاسی و ئینسانی بێبه‌ش کراون. ‌

 

کۆماری ئیسلامی که‌ بێپسانه‌وه‌ تێکۆشه‌رانی مافخوازی کورد و گه‌لانی دیکه‌ی ژێرسته‌م به‌تاوانی جیاوازیخوازی سه‌رکوت و ئیعدام ده‌کا، بۆخۆی‌ له‌ درێژه‌ی 37 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریدا، به‌هۆی به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی زوڵم و زۆری به‌رده‌وام، یاساییکردنی بێعه‌داڵه‌تی و هه‌ڵاواردنی نهادینه‌کراو دژ به‌ نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌کان، ‌به‌کرده‌وه‌ ئێرانی له‌ باری سیاسیی و حقوقییه‌وه‌ دابه‌ش و ته‌جزیه‌ کردوه.

به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌ واقعییاتی ئه‌وڕۆی ئێران ده‌رده‌که‌وێ که‌ له‌ سایه‌ی ڕێبه‌رانی سه‌ره‌ڕۆی کۆماری ئیسلامی و سیاسیه‌ چه‌وته‌کانیان، ئێران ته‌نیا له‌ باری جوغرافیاییه‌وه‌، ئه‌ویش به‌زۆر، به‌یه‌کپارچه‌یی ماوه‌ته‌وه‌!

 

  • دوژمنایه‌تی ‌کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ دابینکردنی مافی سیاسی کورد له‌ هه‌ر چوار به‌شی کوردستان، ئاشکراتر بووه‌. هه‌ر له‌وپێوه‌ندییه‌دا، سووکایه‌تی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان و ئورگانه‌ حکوومه‌تیه‌کان به‌ هوییه‌ت، زمان، مێژوو و هه‌موو هێماکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد هه‌موو سنوورێکی ئه‌خلاقیی تێپه‌ڕاندووه‌. له‌وکاته‌وه‌ هه‌رێمی کوردستانی باشوور دامه‌زراوه‌، هیچ دوژمنێک به‌قه‌را کۆماری ئیسلامی هه‌وڵی بۆ تێکدان و ناسه‌قامگیرکردنی ئه‌و هه‌ڕێمه‌ نه‌داوه‌. ‌

ڕێژیمی ئێران بۆ ئاژاوه‌گێڕی‌ و دووبه‌ره‌کینانه‌وه‌ و هه‌ڵایساندنی شه‌ڕی کورد به‌ کورد ئه‌وپه‌ڕی “یارمه‌تی” ده‌دا، به‌ڵام کاتێک له‌ به‌شێکی کوردستان باسه‌که‌ دێته‌ سه‌ر پرسی کورد و دابینکردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌یی و سیاسییه‌کانی کورد، ئیدی ناتوانێ روخساری دوژمنانه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ کورد بشارێته‌وه‌ و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی “هاوپه‌یمانی” له‌گه‌ڵ ئه‌م یان ئه‌و حیزبی کوردی، به‌ئاشکرا و به‌نهێنی ده‌که‌وێته‌ پیلانگێڕان  به‌مه‌به‌ستی پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ و شکستپێهێنان به‌ هه‌ر هه‌‌وڵێک بۆ دابینکردنی مافه‌کانی گه‌لی کورد!

 

ئامانجی سه‌ره‌کی ئێستای کۆماری ئیسلامی تێکدان و شێواندنی باروودۆخی هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌ و فڕووفێڵی جۆراوجۆره‌‌. زۆربه‌ی چاوه‌دێرانی سیاسی و نیزامی له‌ ناوچه‌دا گومانیان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ ڕێژیمی ئێران باشووری کوردستانی تووشی شه‌ڕی داعش کردووه‌.

 

  • به‌هۆی پێداگریی ڕێژیم له‌سه‌ر درێژه‌دان به‌ به‌رنامه‌ی ناوکی، ئێران له باری سیاسیه‌وه‌ له‌ ‌کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی دابڕا و ته‌ریک که‌وته‌وه‌ و ئه‌و لاساریه‌ بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، ئه‌مریکا و یه‌کێتی ئورووپا بۆماوه‌ی 13 ساڵان سزای قورسی ئابووری و سیاسی بخه‌نه‌ سه‌ر ئێران.

کۆماری ئیسلامی دوای ئه‌وه‌ی سه‌دان میلیارد دوڵاری زیان به‌ خه‌ڵکی ئێران گه‌یاندووه، هه‌زینه‌یه‌کی قه‌ره‌بوونه‌کراوه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پاندن و ئابووری وڵاتی وێران کرد، سه‌ره‌نجام به‌رامبه‌ر به‌ ڕۆژاوا به‌چۆکداهات، چووه‌ ژێر باری هه‌موو مه‌رجه‌کانی وڵاتانی 1+5 و به‌وجۆره‌ ئێرانی تووشی زیانێکی قورسی ئابووری و شکستێکی گه‌وره‌ و که‌موێنه‌ی سیاسی‌ کرد.

  • پێشێلکردنی به‌رده‌وامی یاسا و ڕێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان. له‌ ماوه‌ی 37 ساڵی ڕابردووه‌دا, بێجگه‌له‌ به‌ڕێوه‌بردنی تێروریزم له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پاڵپشتی له‌ تێروریزمی نێونه‌ته‌وه‌یی، حه‌وت جاران به‌شێوه‌ی سازماندراو هێرش کراوه‌ته‌ سه‌ر نوێنه‌رایتیه‌کانی وڵاتانی بیانی (باڵوێخانه‌ و کونسوولگه‌ری) له‌ تاران و مه‌شه‌د. کۆماری ئیسلامی له‌وبواره‌دا رێکوردی شکاندووه‌، دیارده‌ی ئاوا له‌ هیچ وڵاتێکی دیکه‌ له‌و ئاسته‌دا نه‌بینراوه‌!
  • له‌ کۆماری ئیسلامی دا تێروریزمی ده‌وڵه‌تی له‌نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا ڕه‌سمییه‌تی پێدراوه‌ و وه‌ک ئامرازێک بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانج که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ: بۆ له‌نێوبردنی ئوپوزسیون و دژبه‌رانی سیاسی، بۆ نموونه‌ تێروری ڕێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ وییه‌ن و بێرلین، به‌مه‌به‌ستی ئاژاوه‌نانه‌ و ناسه‌قامگیرکردنی وڵاتانی ناوچه‌….

ڕێژیمی ئێران به‌ یه‌کێ له‌ ده‌ستئاواڵه‌ترین پاڵپشت و یاریده‌رانی تێروریزمی نیونه‌ته‌وه‌یی ناسراوه‌. وه‌زعێک خوڵقاوه‌ که‌ له‌ هه‌رشوێنێکی ئه‌و دنیایه‌ تێرور و جینایه‌تێک ڕووبدا، خێرا نێوی ئێران دێته‌ کایه‌وه‌ و ده‌ستی کۆماری ئیسلامی تێدا به‌دی ده‌کرێ.

هه‌ر ئه‌وه‌ بوو که‌ شوورای ئه‌منییه‌تی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌کاتێکدا سزاکانی پێوه‌ندیدار به‌ به‌رنامه‌ی ناوکی له‌سه‌ر ڕێژیم هه‌ڵگرت، به‌ڵام ئه‌و سزایانه‌ی که‌ به‌هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پشتیوانی له‌ تێروریزم، خستبوویه‌ سه‌ر کۆماری ئیسلامی، هێشتوونیه‌وه‌.

 

  • کۆماری ئیسلامی ده‌وری سه‌ره‌کی له‌ هه‌ڵایسانی شه‌ڕی سوننه‌ و شیعه‌ گێڕاوه و به‌ ده‌خاله‌تی نیزامی ڕاسته‌وخۆ له‌ یه‌مه‌ن، عێڕاق و به‌تایبه‌تی حوزووری به‌رچاو له‌ شه‌ڕی سوورییه‌دا، ناوچه‌که‌ی کردۆته‌ بوشکه‌ی باڕووت.

مێژووی 37 ساڵه‌ی کۆماری ئیسلامی نیشانی ده‌دا که‌ ئه‌و ڕێژیمه بڕوای به‌ ئازادی و ویست و داخوازه‌کانی خه‌ڵک نیه و‌ بۆ مانه‌وه‌ی خۆی ته‌نیا پشتی ‌به‌ زۆری سه‌رنێزه‌ و سه‌رکوت له‌ ژووره‌وه‌ و به‌ ئیدامه‌ی سیاسه‌تی ئاژاوه‌گێڕی و تێرور له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ستووه‌.

کۆماری ئیسلامی پرسی ناوکی گرێدابوو به‌ “غرور ملی”، کردبوویه‌‌ پرسی پرستیژ و ئیقتدار بۆ نیزام و به‌رده‌وام دروشمی “انرژی هسته‌ای حق مسلم ماست” و “آمریکا هیچ غلطی نمیتواند بکند” و ….دووپات ده‌کرده‌وه‌. ئێستا ناچار بووه‌ واز له‌هه‌موو ئه‌و قسانه‌ بێنێ.

به‌دوای ئه‌و شکسته‌ گه‌وره‌یه‌دا له‌ به‌رامبه‌ر وڵاتانی ڕۆژاوایی دا، ڕێژیمی ئێران وه‌ک هه‌موو ڕێژیمه‌ دیکتاتورییه‌کانی پێش خۆی، پێیوایه‌ ده‌بێ شکسته‌کانیی به‌رامبه‌ر به‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ سه‌رکوتی به‌ربڵاوتر و چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتر خه‌ڵک له‌ نێوخۆدا قه‌ره‌بوو بکاته‌وه‌.

باروودۆخی ئه‌وڕۆی ئێران ده‌یسه‌لمێنێ که‌ “حسن روحانی”یش له‌ جه‌هه‌ر و ناوه‌رۆک دا جیاوازێکی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ باقی ڕێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی نیه‌ و جێگایه‌ک بۆ هیوا به‌ ئاڵووگۆڕی مو‌سبه‌ت له‌ ده‌وڵه‌تی روحانی دا ناهێڵێته‌وه‌.

به‌کورتی، کۆماری ئیسلامی له‌نێوخۆیدا تووشی ململانه‌ی باڵه‌کان و قه‌یرانی ڕه‌وایی هاتووه، بڕوای به‌ خۆی له‌ده‌ست داوه و له‌رزۆک بووه‌،‌ به‌ڵام له‌خۆڕا نه‌ ده‌ڕووخێ و نه‌ ناچار به‌ ڕێفورمی بنه‌ڕه‌تی و پێویست ده‌کرێ.

ڕێژیم ته‌نیا به‌ خه‌باتی هاوبه‌ش و به‌رده‌وامی گه‌لانی ئێران ناچار به‌ پاشه‌کشه‌ ده‌بێ: یان په‌یامی خه‌ڵک ده‌بیستێ و مل بۆ ئاڵووگۆڕی ئه‌ساسی ڕاده‌کێشێ که‌ چاوه‌ڕوان ناکرێ، یان وه‌ک ڕێژیمی شا، کاتی ده‌گا و ئیدی هیچ هێزێک پێشی ڕووخان و ڕۆیشتنی ناگرێ.

به‌ڵام خاڵی به‌هێزی کۆماری ئیسلامی له‌وپێوه‌ندییه‌دا پڕشووبڵاوی و هاوده‌نگنه‌بوون و لاوازی ئوپوزسیونی دێموکرات و سێکوولاره‌.

ئه‌و بۆچوونه‌ دروست نیه‌ که‌ گۆیا ئوپوزسیونێک نه‌ماوه‌! ئوپوزسیون هه‌یه‌ و زۆریش به‌ربڵاوه‌، به‌ڵام چون ئالترناتیفێکی دێموکراتیک به‌دی ناکا، یه‌کده‌نگ و چالاک نیه.‌

خه‌ڵکی ئێران 37 ساڵه‌ له‌ژێر حاکمییه‌تی ئیستبدادی و زوڵم و زۆر و سه‌رکوتی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامیدا ژیانێکی تاقه‌تپڕووکێن و پڕ له‌ مه‌ینه‌تی تێپه‌ڕ ده‌که‌ن و وه‌زاڵه‌هاتوون‌. خه‌ڵک ئاماده‌یه‌ پشتیوانی له‌ ئوپوزسیونێکی یه‌کگرتوو و دێموکرات، هه‌مه‌لایه‌ن و به‌به‌رنامه‌ له‌ ئێراندا بکا.

له‌و پێوه‌ندییه‌دا، پێکهاتنی حیزبه‌ کوردستانیه‌کان و دابینکردنی یه‌کڕیزی و هاوکاریی له‌نێوخۆیاندا، ده‌توانێ ببێته‌ هه‌وێنی دروستبوونی ئیتلافێکی به‌رین له ئێران دا.

به‌ڵام کورد ده‌بێ له‌پێشدا ماڵی خۆی ڕێکبخا! کورد به‌یه‌کگرتوویی و یه‌کده‌نگی و هێنانه‌ئارای به‌رنامه‌یکی واقعبینانه‌ و دێموکراتیک، ده‌توانێ کۆتایی به‌ چه‌قبه‌ستوویی‌ سیاسی له‌ ئێراندا بێنێ و ببێته‌ میحوه‌ری یه‌کێتی و ئاڵووگۆڕ. به‌هیوای ئه‌و ڕۆژه‌!

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی