دکتۆر ( نەجمەدین کەریم ) پارێزگاری کەرکوک.. لە ( هەقبەیڤین ) ێکدا، لەگەڵ بەشی ئینگلیزی پۆرتاڵی ( رووداو ) دا، کە بە کوردی لە سایتی ( بزووتنەوەی کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان ) دا،
لە رۆژی پێنج شەممە ( ١٨ی/ فێبرواری/ ٢٠١٦) دا بڵاوکراوەتەوە .. کە دەربارەی ( ریفراندۆم ) و ( چارەنووسی کەرکوک ) و ( پارەی پیترۆدۆلار ) و ( میلیشیا شیعەکان ) قسەی کردووە .. حەزەکەم چەند تێبینییەک دەربارەی وتەکانی نەجمەدین کەریم بخەمەڕوو :
منیش لەگەڵ رای دکتۆر نەجمەدین دام گەر ریفراندۆم لە باشووری کوردستاندا بکرێت، پێویستە کەرکوکیش بگرێتەوە، چونکە ئەم مافە قۆناغی سێیەمە لە ماددەی(١٤٠) دا، کە ماددەیەکی دەستوورییە لە دەستووری عێراقدا .. بەڵام نە حکوومەتی مالێکی و نە حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی جێبەجێیان نەکرد، بە دڵنیاییشەوە حکوومەتەکانی تری داهاتووی عیراقیش جێبەجێی ناکەن .. بویە پێویستە کوردستان چیتر چاوەڕێ نەکات و یەک لایەنانە قۆناغی سێیەمی ماددەی (١٤٠) جێبەجێ بکات و بیکات بە ئەمری واقیع .. هەر ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستاندا ئەنجام بدرێت .. پێویستە بەبێ کەرکوک ئەنجام نەدرێت .. نابێت کەرکوک بخرێتە دەرەوەی کەوانەوە .. واتا ئەو ریفراندۆمە دەبێت کەرکوکیش بگرێتەوە .. ئەگینا بەبێ کەرکوک هەڵەیەیەکی گەورەیە و، ریفراندۆمێکی ناتەواوە دەبێت .. گەرچی ئەمە کارێکی ئاسان نییە .. بەڵام پێوییتە بە باشی ئامادەکاری بۆ بکرێت و .. هەموو پێشبینی و گریمانەیەکیش لەبەرچاوبگیرێن .
لە سەرتاوە سەرکردەکانی کوردمان بە نەزانی تێکەوتن و، بەو ماددەیە هەڵیانیان خەڵەتاندن .. ئەگینا ئێمەیەک کە گومانمان لەوە نەبێت، کە کەرکوک بەشێکە لە کوردستان .. ئیتر بۆ رازی بوون بە ریفراندۆم ..؟ ریفراندۆم لەسەر خاکی خۆم ..؟!
نەجمەدین کەریم دەڵێ : ” پێویستە کەرکوک بکرێتە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی لە نێو هەرێمی کوردستاندا ) .. ئێمە دووجاری تر دەربارەی بوونی پیلانێک دەربارەی جیاکردنەوەی کەرکوک لە کوردستان رای خۆمان بڵاوکردەوە .. ئەمە داخوازی نەیارانی گەڕانەوەی کەرکوکە بۆسەر کوردستان .. چەند جارێک عەرەبە شۆڤێنییەکانی کەرکوک و تۆرانییە توندڕەوەکان کە هەرگیز لەگەڵ گەڕانەوەی کەرکووکدا نین بۆ باوەشی کوردستان پێشنیاری دامەزراندنی ( هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆ ) یان کرد .. فیدراڵی لە نێو هەرێمێکدا .. ئەم مۆدێلە لە کوێدا هەیە .. ؟ لە چ روانگەیەکەوە .. نەجمەدین کەریم بە پێویستی دەزانێت کە کەرکوک بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخۆ .. ؟ ئەی چ بەرژەوەندییەکی کوردی تێدایە .. ؟ بە داخاوە ئەمە یەکەم جار نییە کە نەجمەدین کەریم پاڵپشتی لە هەرێمی کەرکوکی سەربەخۆ بکات .. ساڵی رابردووش بانگەشەی بۆ کرد .. ئێستاش دووپاتی دەکاتەوە ..! ئێمە هێشتا بە تەوای لە دوو ئیدارەیی رزگارمان نەبووە .. جا نۆرەی سێ ئیدارەییە ..! ئەم داوایەی نەجمەدین کەریم دابڕینی کەرکوکە لە کوردستان .. دڵنیام لە نەجمەدین کەریم زیاتریش هیچ کوردێک نە لە کەرکوک و، نە لە هیچ شوێنێکی تری کوردستاندا لەگەڵ ( هەرێمی کەرکوکی سەبەخۆ ) دا نین .. نابوایە نەجمەدین کەریم وەکو پارێزگارێکی پارێزگایەکی کوردستانی، وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بێ بەرپرسی حیزبەکەی و بەبێ پرس و ئاگاداری پەڕلەمانی کوردستان و، بەبێ گوێدان بە خواستی گەلەکەمان لێدوانێکی مەترسیداری وا بدات .. ئەو دەسەڵاتدارێکی ئیدارییە لە کەرکوک دا .. تەنانەت وەکو بەرپرسێکی باڵای حیزبیش .. بۆی نییە کە بە ناوی هەموو کەرکوکییەکانەوە قسە بکات و پێشنیار بکات و بە شێوەیەکی رەها بڵێ ” پێویستە ..” نەجمەدین داوای ئەوەش دەکات کە پێویستە کوردستان گەرەنتی بە ( عەرەبەکان ) و بە ( تورکمانەکان )ی کەرکوک بدات : ” تورکمان و عەرەبی کەرکوکیش نوێنەریان لە سەرۆکایەتی و لە ئەنجوومەنی وەزیـران و لە پەڕلەمانی کوردستان دا هەبێ ”
ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین، کە رێز لە مافەکانی ئەو نەتەوانە بگیرێت، کە لە کوردستان دا دەژین و، خۆیان بە هاوڵاتی کوردستان دەزانن .. تا ئێستاش کورد داکۆکیکەر بووە لە مافەکانی ئەو نەتەوانەی کە لە کوردستان دا دەژین .. بەڵام وەکو دەزانین جێبەجێکردنی ئەرکەکان پێش مافەکانن .. تا ئەمڕۆش عەرەبە رەسەنەکانی پارێزگای کەرکوک و ئەو عەرەبە هاوردانەش کە تا ئەمڕۆش کەسیان لێ نەگەڕاونەتەوە بۆ شارەکانی خۆیان .. دان بە کوردستان دا نانێن و، لەگەڵ ریفراندۆم دا نین و ناشیانەوێت، کە کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان .. لە چەندین بەیانامەی کیتلەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دا .. بە راشکاوی ئەمەیان دەربڕیوە، بەڵکو هەڕەشەشیان لە داگیرکردنی کەرکوک و کوشتنی کوردیش کردووە .. تا ئەمڕۆش بەعسی شۆڤێنی لە ناو شاری کەرکوک دا شانەیان هەیە و بە ئاشکرا سیخوڕی دەکەن و یارمەتی داعش دەدەن و چاوساغییان بۆ دەکەن .
تورکمانەکانیش، بە داخەوە بەشێکی زۆریان تا ئەمڕۆش هاوبەستەبوونیان بو تورکیا هەیە و، بە بیری تۆرانیەت نەوەکانیان گۆش و پەروەردە دەکەن .. تا ئەمڕۆش بە فەرمی دان بە کوردا نانێن و ( کوردستان ) بە ( شمال العراق : باکووری عێراق ) ناودەبەن .. گەر کورد هەموو دەسەڵاتەکان و هەموو پلە و پایەکانی بەڕێوەبردن لە کەرکوک دا بدات بە تورکمانەکان .. بەو مەرجەی دەنگ بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان بدەن .. ئەوە مەحاڵە ئەوان دەنگ بۆ کوردستانیەتی کەرکوک بدەن، هەرگیز دان بە کوردستانییەتی کەرکوک دا نانێن .. تۆرانی ( ئەرشەد ساڵحی ) سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە رۆژی ( ٢ی / یوونی / ٢٠١٥) دا.. لە بارەگای بەرەی تورکمانی لە کەرکوک دا، لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسێک دا، کە دەربارەی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان لێی پرسی، لە وەڵامی پرسیارەکەی دا وتی : ” متی کانت کرکوک جزءا من کوردستان حتی یتم اعادتە الی کوردستان الآن؟ ” بە کوردی : ” کەی کەرکوک بەشێک بووە لە کوردستان تا لە ئێستادا بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر کوردستان ؟ ” بەرەی تورکمانی پێیان خۆشە کە بچنە ژێر دەسەڵاتی (سۆمال ) ەوە نەک کوردستانەوە .. جا نەجمەدین کەریم وەکو داوای گەرەنتی لە کوردستان بۆ تورکمان و عەرەبەکان دەکا .. ئەی بۆ داواش لەوان ناکات کە گەرەنتی ئەوە بدەن کە دەنگ بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان بدەن .. ؟ بێگومان هەموو شتێک وەرگرتن و بەخشینە .
کەرکوک، کێشەیەکی سەرەکی و چارەنووسازی باشووری کوردستانە، بەڵکو کێشەی هەموو کوردستانە، موزایدەکردن و سازشکردن لەسەر کەرکوک ناپاکییە و، لە کەس قبووڵ ناکرێت .. کەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندی پەرست و پۆست پەرست کەمنین .. گرنگ بەلایانەوە بەرژەوەندی خۆیان و، گیرفان پڕکردن و، حەپەلۆشکردنی سامانی رەشورووتی کوردستانە .. ئەمڕۆبێ یا سبەی .. دوژمن پێی خۆشبێت یا پێی ناخۆشبێت .. دەبێت کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ باوەشی کوردستانی شیرینمان .
لە نەجمەدین کەریم دەپرسم .. خۆ شاری مووسڵيش فرە پێکهاتەیە و کورد لە ئێستادا نەتەوەی دووەمە لە مووسڵدا ـ ئەگەرچی مووسڵ شارێکی کوردستانییە و زۆرینەی کورد بوون .. بە عەرەب کراوە ـ ئایا عەرەبەکان رازی دەبن کە مووسڵ بکرێت بە هەرێمێکی سەربەخوو و لە شارە سوننیەکان ( سونستان ) دابڕێت ؟ بێگومان نەخێر.
دەبوایە نەجمەدین کەریم ( سەنتەری رۆشنبیری خۆمەینی لە کەرکوک ) نەکردایەتەوە، وەکو کوردێکی بەرپرس و پارێزگارێکی کورد، ئەم هەڵوێستەی لەسەری دەکەوێت .. بۆ نازانێ، ئەوە خومەینی بوو کە فەتوای(جیهاد و دەست نەپاراستنی لە کوردکوشتن ) لە رۆژهەڵاتی کووردستان دا راگەیاند .. کوردستانی کرد بە گومی خوێن و بە سەدان کورد شەهید و بریندار بوون، بە دەستی سوپا و پاسدارانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی .. تا ئەمڕۆش رەگەزپەرست و شیعەپەرستە خوێنڕێژەکانی کۆماری سێدارەی ئسلامی لە شاگردەکانی خومەینی .. رۆژ نییە چەند گەنجێکی کورد لە سێدارە نەدەن یا گەنجێکی کوردمان لە زیندان دا بە ئەشکەنجەدان گیان لە دەست نەدات .. نازانم نەجمەدین کەریم دەزانێ یا نازانێ، کە دەربارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری کوردستان دا .. راوێژکاری ( عەلی خامنەئی )، رەگەزپەست ( عەلی ئەکبەر ویلایەتی ) بەم دەقە وتی : ” ئەوە هەوڵی سەهیۆنییەکانە بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک کە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەبێت و ئەوان دەیانەوێت ئیسرائیلی دووەم یان سێیەم لە ناوچەکەدا درووست بکەن “
هێشتا شەپۆلی بە عەرەبکردنی کەرکوک نەوەستاوە .. وا بەشیعەکردنی کەرکوکیش دەستی پێکرد و .. سەنتەرەکەیان لەلایەن پارێزگاری کەرکووکەوە کراییەوە و چەپڵەی بۆ لێدان و .. پیرۆزبایی لێکردن ..!
سەبارەت بە هەڵوێستی میلیشیا شیعەکانی کەرکوک، بۆ گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان .. نەجمەدین کەریم دەڵێ : ” ئێمە لە کەرکوک هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ میلیشیا شیعەکان دا نییە .. لەبەر ئەوەی کەرکوک ئێستا بەشێک نییە لە هەرێمی کوردستان .. ”
دەبوایە نەیوتایە ” لە ئێستادا کەرکوک بەشێک نییە لە هەرێمی کوردستان ” جوانتر وابو کە بیوتایە ” لە ئێستادا کەرکوک نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر کوردستان ”
ئەی نەجمەدین کەریم ئاگای لەو کێشانە نییە، کە میلیشیا شیعەکان چ گۆبەنێکیان لە شاری ( دووزخۆرماتوو ) نایەوە .. ؟ زۆر بە نامەردانە پزیشکێک و چەند گەنجێکی کوردیان شەهید کرد .. ؟ چەند ماڵ و کۆگایەکی کوردیان تەقاندەوە ..؟ چەند کوردێکیان رفاند .. روژیش نییە لە رێگای نێوان دووزخورماتوو خاڵس دا کوردێک یا دووان نەڕفێنن یا رووتی نەکەنەوە .. رووشیان لە هەر شوێنێک کردووبێ، خەڵکی بێتاوانیان کوشتووە و .. ئەو شوێنانەیان وێران کردوون .. خەڵکی تف و نەفرەتیان لێدەکات .
دکتۆر نەجمەدین، لە بیرتە یا نا ؟ کە لە رۆژی (٢ / ٩ / ٢٠١٤) دا، کە هادی عامری بەرپرسی میلیشیای ( فەیلەقی بەدر ) ی شیعی کە سەردانی کەرکوکی کرد .. بەڕێزتان بە گەرمی ئەملا و ئەولایتان ماچ کرد .. هەر لەو رۆژەدا، لە هۆڵی دیوانی پارێزگای کەرکوک دا، لەو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا کە بۆ هادی عامری رێکخرا .. بە بەرچاوی تۆوە هادی عامری وەک هەڕەشەکردن، وتی : ” رازی نـابین پێشـمەرگە بچێتە ئەو شوێنانەی دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان ” مەبەستیشی ئەوە بوو کە رازی نابن پێشمەرگە بێت بۆ ناوچەی کەرکوک .. بەڕێزیشتان وەکو گوێتان لە هیچ نەبووبێ چرکەەتان لێوە نەهات .. دوایش بە روویەکی خۆشەوە بەڕێتان کرد .