دوای هەڵبەزان و دابەزانێکی زۆر لە لایەن سکرتێری حدک، سەرئەنجام پەردە لە سەر بووکی رازاوەی حدک لادرا. 
ئەمڕۆ چیتر هیچ ئەندامێکی حدک ناتوانێ خۆی لە ناوەرۆکی ئەو بەیاننامەیە بدزێتەوە. ئەوە بەشێکە لە مێژووی ئەو حزبەو هەموو ئەندامانی حدک سەبارەت بەو بەیاننامەیە بەرپرسن و بێدەنگ بوونیان یان پشتگیری کردنیان لەو بەیاننامەیە ئاستی ئاگاهییان پیشان دەدات. ئەو بەیاننامەیە گوزارش لە ئەقڵێکی سەرگەردان و شپرز دەکات. دوای ئەم بەیاننامەیە پێویستە ئەندامانی ئەو حزبە لە خۆیان پرسیار بکەن؛ بەڵام نە پرسیاری عەرەزی، بەڵکوو پرسیاری گەوهەری. پێویستە لە خۆیان بپرسن: گەلۆ ئێمە کێین؟ لەو بەیاننامەیە یەک شت بە ئاشکرا بەرچاو دەکەوێ: نە قەیرانی شوناس، بەڵکوو بێ شوناسی! پێش ئەوەی بچمە سەر ناوەرۆکی بێ ناوەرۆکی ئەو بەیاننامەیە، پێویستە چەن شت روون بکرێتەوە.
بە داخەوە ئەوەندە کۆماری ئێسلامی حساب بۆ دێمۆکرات دەکات، خودی دێمۆکرات حساب بۆ خۆی ناکات. دوو هۆکاری سەرەکی وەها ترسێکی خستۆتە دڵی کۆماری ئێسلامی: یەکەم ئەم حزبە خاوەنی ریشەیە لە ناو رۆژهەڵات و خاوەنی هێماگەلێکە وەک پێشەوا و قاسملوو و شەرەفکەندی؛ دووەم دێمۆکرات هەمیشە هەڵگری گوتاری نەتەوەیی بووگە. ئەوەی کە کەموکۆڕییەکانی ئەو گوتارە چین خۆی باسێکیترە. ئەم دوو تایبەتمەندییە بۆ کۆماری ئێسلامی تۆقێنەرە. بۆیە هەمیشە و بە هەر رێگایێک هەوڵی داوە ئەم دوو تایبەتمەندییەی دێمۆکرات یان ناشیرین بکات یان لێی بسێنێتەوە. بە داخەوە زۆر کەس و حزبیش بووگن بە ئامرازی کۆماری ئێسلامی بۆ گەیشتن بە خواستەکانی. ئەوە شتێکی ئاساییە لە سیاسەتی داگیرکەر. بەڵام ئەوەی زۆر سەیرە ئاو لە ئاسیاو کردنی داگیرکەرە لە لایەن خودی ئەندامانی ئەو حزبە.
نزیک دە ساڵ لەمەو پێش بەتەمەنەکانی دێمۆکرات کە خۆیان بە خەزێنەی ئەزموون دەناسێنن! لەگەڵ یەکدا کەوتنە شەڕەوە. شەڕێک کە تۆزقاڵێکیش بنەمای ئەقڵی نەبوو، بەڵکوو تەنیا و تەنیا لە سەر بنەمای دەسەڵات خوازی و قین و قینکاری بوو. پێموایە ئەم کەسانە کێشمەکێشی نێوان ئەندێشەی ئێمپێریکاڵی و راشناڵییان روون کردەوە: ئەزموون پێوەندی بە گەشەی ئەقڵی نییە. بە داخەوە هەر لە سەرتاوە جیلی جەوان و خوێنەریش، لە جیاتی هێنانە ئارای سیاسەت وەک کایەی ئاگاهی، بوون بە بەشێک لە سیاسەتی منداڵی دەروونی خاوەن ئەزموونەکان. لە ئاکام دا مەلاعەبدوڵای حەسەن زادە، ئاشیل ئاسا توانی بە شمشێری ئەزموون، جەستەی دێمۆکرات بکات بە دوو لەتەوە. کێشە لەوە دا بوو کە مەلاعەبدوڵای حەسەن زادە شمشێر بازێکی باش نەبوو، چونکە لە ئاکامی شمشێر وەشانەکەی، بەس دەست و پێیک بەر حدک کەوت. بەم شێوەیە کێشەیێکی شەخسی کرا بە بنەمای دامەزراندنی حزبێک کە هەر لە سەرەتاوە حزبێکی بێ شوناس بوو. ئێژیتا مێژوو یەک رساڵەتی بۆ مەلاعەبدوڵا دابین کردبێ ئەویش ماڵوێرانکردنی خەباتی رۆژهەڵات بوو.
چۆن دوا بە دوای ئەم رساڵەتە مێژووییە، بۆ ئەوەی بە سەریدا نەشکێتەوە کە بۆ دەسەڵات دێمۆکراتی لەت کردووە(کە هەر واش بوو) دەستی خالدی عەزیزی لە ئۆروپاوە گرت و کردی بە سەرۆک! ئەمە بوو بە دووەم هەنگاوی سەرهەڵدانی حزبێکی بێ شوناس. چونکە خودی خالدی عەزیزی-ش کەسایەتیێکی بێ شوناس بوو. نە فەقەت لە بواری سیاسەت کەسایەتیێکی بێ شوناس بوو، بەڵکوو لە هەمان کات دا لە بواری جیهانبینی و مەعریفەیشدا بێ شوناس بوو. جەعبە پێشکەشیێکی مەلاعەبدوڵا کە لە ئۆروپا پۆست کراو لە کۆیە دەرگاکەی کرایەوە. ئەم بێ شوناسییە دوای هەشت ساڵ هێشتا پێیەوە دیارە. نە ئەو کات و نە ئێستاش کەس دەقێکی لە خالدی عەزیزی نەدیوە کە دەرخەری جیهانبینی و پڕەنسیپەکانیی بێ و لانیکەم بەشێک لە سیاسەتی حدک لەسەر ئەو پڕەنسیپگەلە دابڕێژدرێ. جگە لە کۆمەڵە وتوووێژێک نەبێ کە لەوانیش دا داییمەن لە لقێکەوە بۆ لقێکیتر باز دەبات، کە خۆی گوزارشە لە بێ پڕەنسیب بوون و بێ شوناس بوونی ئەم کەسە. بەم شێوەیە حزبێکی بێ شوناس و سکرێترێکی بێ شوناس بوون بە تەواوکەری یەک کە دواهەمین رەنگدانەوەی بێ هۆڤییەتی ئەو حزبە لە بەیاننامەی هەڵبژاردن خۆی وێنا کرد.
بە رای نووسەر، نە بایکۆتی هەڵبژرادن و نە داوەت لە خەڵک بۆ بەشداری، کاریگەریێکی ئەوتۆی لە سەر هەڵبژاردن نابێ. بۆچی؟ ئەوە بابەتێکە لەم کورتە وتارە ناکڕی شرۆڤەی بکەین. بۆیە، بەیاننامەی حدک کە رەنگە خۆیان وا تێگەیشتبێتن خەڵک چاوەڕوانی هەڵوێستی ئەوانە تا بەشدار بن یا نەبن، هیچ گرنگیێکی نییە. بەڵام لە هەمان کاتدا بەیاننامەی حدک لە بەیاننامەی هەموو حزبەکانیتر گرنگتر بوو. چونکە ئەوە لە راستیدا بەیاننامە نەبوو، بەڵکوو بەیاننامەی بێ هۆڤییەتی بوو. نە بۆ ئەوەی لە لایێکەوە خەڵک بۆ بەشداری داوەت دەکات و لە لایێکیترەوە بۆ بایکۆت؛ کە ئەوە خۆی کۆمێدی-تراژێدیایە؛ نە بۆ ئەوەی کە تەنانەت لەچەمکەکان تێنەگەیشتوون و باس لە ”مکانیزمی حاکمییەت”!!! دەکەن، کە ئەو پەڕی هەژاریی زانستییە؛ بەڵکوو بۆ ئەوەی کە هیچ شوناسێک لەو بەیاننامەیە دا بە دی ناکرێ! بە راستی حدک چییە یا کییە؟! ئایا حزبێکە یان گروپێکی خوێندکارە، یان جەماعەتێکی دیاسپۆرایە؟ لەگەڵ چ شتێک دا کێشەیان هەیە؟ لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای سیاسی دەسەڵات کێشەیان هەیە یان فەرمانەڕەواکان؟ رساڵەتی سیاسی و مێژووییان چییە؟ ئایا هەر رساڵەتێکیان هەیە؟ ئایا بۆ خوازبێنی دەڕۆن کە بەشوێن پیاو چاک و ژن چاک دا دەگەڕێن؟ و هتد.
بە راستی حدک کاتێ ئەو بەیاننامەیە ی نووسیوە بۆ چرکە ساتێکیش بیریان کردۆتەوە؟ ئایا نازانن دەیان کارناسی داگیرکەری کوردستان وشە بە وشەی ئەخەنە ژێر زەڕڕەبینەوە؟ ئایا نازانن ئەوە لە ئارشیڤ دەمێنێتەوە و جیلی داهاتوو ئەیبینێ و پێ پیدەکەنێ و دەپرسێ: ئەدی کوا تۆزقاڵێ ئاگاهی و ئەقڵییەت لە جیلی کۆن؟ بەڵام با هەر لە ئێستاوە وڵامیان بدەینەوە. حزبێکی بێ شوناس کە بەرهەمی سیاسەتی منداڵی دەروونی جیلی بە ئەزمون بەڵام نائاگا بێ، بێگومان تا کۆتایی بێ شوناس دەمێنێتەوە. حدک لە هەمان چرکەساتێ کە لە ئاکامی ئاوابوونی ئەقڵ لە دایک بوو؛ هەڵاتنی مەرگی خۆشی رەقەم دا. هەرچەند قەرار نییە ئەو مەرگە، مەرگی سازمانی بێ. رەنگە چەندین ساڵ و دەیەیتریش بە ژیانی درێژە بدات. بەڵام گومانم لەوە دا نییە هەر بە بێ شوناسی درێژە بەو ژیانە دەدات.
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبۆکی نووسەر