"an independent online kurdish website

لە ٣٧ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، نە تاوانی سیاسی پێناسەی بۆ کرا و نە دەستبەسەرکراوانیش لەسەر بنەمای “سیاسی بوون” دادگایی کرانmuhamad-moradi-mustefa-hijri،

بەڵکوو دۆسیە سیاسییەکان لەژێر ناو و ناتۆرەی “ئەمنیەتی” و لە دادگا داخراوەکاندا و بە ئیزنی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان، لێک درانەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران و بە بڕیاری خومەینی، “هەڵوەشاوە” ڕاگەیەندرا و ئەندامان و لایەنگرانی ئەم حیزبە بەرەوڕووی “سزای قورس” بە تاوانی داتاشراوی “موحاریبە”ن. ئێستاش کە پاش ئەو هەموو ساڵە، گەڵاڵەی “تاوانی سیاسی” پەیژەی یەکەمی بە نابەدڵی تێپەڕ کرد، دووبارە “هۆکارەکانی تاوانی سیاسی” زۆر ئایدیۆلۆژیانە قەتیس کراون و هیوایەک بۆ چاک بوونی دۆخی دۆسییەی زیندانیانی سیاسی بەدی ناکرێت.

 

لێرەدا دۆخی یەکێک لەو زیندانیانە کە ماوەیەک پێش ئێستا لە گرتووخانەی یەزد ئازاد کرا، لە زاری خۆیەوە بڵاو دەکەینەوە، تاکوو ڕەهەندەکانی ستەمی دەزگای دادوەریی ئێران لەسەر زیندانیان، پتر دەربکەون.

 

محەممەد مورادی لەم وتوێژەدا دەپەرژێتە سەر هەلومەرجی گشتیی زیندان و ڕوانگەی بەرپرسانی گرتووخانە بۆ چالاکانی سیاسیی کورد.

 

کوردستان: بە گشتی چەند لە دەستبەسەریدا مایتەوە و لەکام شاردا زیندانت کێشاوە؟

محەممەد مورادی: ماوەی ١٩ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی بوومە، کە ١٠ ساڵی لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان و ٩ ساڵ و حەوت مانگیش لە شاری یەزد زیندانی بووم.

 

کوردستان: دەستبەسەرکردنەکەت کەی و چۆن بوو؟

محەممەد مورادی: من و عەلی ساڵحی لە لایەن چەند بەکرێگیراوێکەوە لە گوندی کزێ دەستبەسەر کراین. بەرپرسی خۆفرۆشەکان کەسێک بوو بە ناوی عەباس ئەحمەدی کوڕی عەلی فەرەج، کە مامۆستای گوندەکە بوو و بۆ سپای پاسدارانی سەلاسی باوەجانی کاری دەکرد. هۆی گیرانی ئێمە ئەوە بوو کە لە هاوڕێکانی دیکەمان هەڵبڕاین، ئەویش بە هۆی سەختیی شەڕەکەوە و ناشارەزایی لە ناوچەکەدا، لە لە کۆتاییدا پاش ٦ ڕۆژ گەڕان لەو دەڤەرە، ویستمان بگەڕێینەوە بۆ باشووری کوردستان، ڕێگەمان کەوتە ئەو گوندە و لە لایەن ئەو خۆفرۆشانەوە، بە بێ چەک و تەقەمەنی دەستگیر کراین. ئێمە چوون دەمانهەویست بگەڕێینەوە بۆ سنوور و شارەزاییشمان نەبوو، بە باشمان زانی کە چەک و چۆڵەکانمان لە شاخ و کێوی شاهۆ بشارینەوە.

 

کوردستان: یەکەم حوکم و پرۆسەکەی باس بکە؟

محەممەد مورادی: حوکمی ئێمە لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دیاری و دەسنیشان کرابوو. قازییەکە دەیگوت ڕەحمتان پێکراوە، چوونکە ئەگەر بەدەست من بێ، ئەوا دەبێ ئیعدام بکرێن. دیاربوو کە قسەکەی ڕاستە، چوون لەکاتی قسەکردندا قازییەکە لەگەڵ ڕاوێژکار و پارێزەرەکە کە بۆ ئێمەیان دەستنیشان کردبوو، هەموو کاتێ شیرینییان دەخوارد و پاش چەند جار هاتوچۆمان بۆ دادگا و لە ماوەی ١١ مانگدا، کە بە توندی لەژێر چاوەدێریی ئیتلاعاتدا بووین، دادگا ئێمەی بە تاوانی ئەندام بوون لە حیزب و دژایەتی دەگەڵ ڕێژیم و هەوڵدان دژ بە تەناهیی نەتەوەیی و دەرگیریی چەکداریی دژبە هێزەکانی حکوومەت و سپای پاسداران بەم شێوەیە مەحکووم کرد: ١ـ والی دروودی کوڕی ئەنوەر خەڵکی گوندی “چڕۆسانە”ی سەربە شاری کامیاران بە زیندانی هەتاهەتایی(ابد) ٢ـ عومەر ئیمامی کوڕی حەسەن خەڵکی گوندی “کڵاشی هەوش”ی سەربە شاری جوانڕۆ بە زیندانی هەتاهەتایی(ابد) ٣ـ محەممەد یەعقووبی(مورادی) کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی گوندی “چەوتە”ی سەربە شاری سەرپێڵی زەهاو بە ٢٠ ساڵ زیندانی ٤ـ عەلی ساڵحی کوڕی محەممەدساڵح خەڵکی گوندی “شەژوێ”ی سەربە شاری ڕوانسەر بە ٢٠ ساڵ زیندان.

 

کوردستان: لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە چی تۆمەتبار کرای؟

محەممەد مورادی: لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دژایەتی دەگەڵ ڕێژیم و هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و دەرگیری چەکداریی دژ بە هێزەکانی حکوومەتی ئێرانم لێدرا.

 

کوردستان: کێ بوون ئەوانەی کە لەگەڵ تۆدا گیران و ئێستا لە کوێن؟

محەممەد مورادی: ئەو هاوڕێیانەی کە ناوم بردن، والی دروودی و عومەر ئیمامی لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد دان، عەلی ساڵحی ئازادکراوە و لە ماڵی خۆیاندایە.

 

کوردستان: هەڵسووکەوتی قازییەکان لەگەڵت چۆن بوو؟

محەممەد مورادی: باش نەبوون. بۆ ئێمە قازییەک، ڕاوێژکارێک و پارێزەرێکیان دیاری کردبوو کە بە زۆری لە جیاتی ئێمە، بەرگرییان لە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکرد. لەو شوێنەی کە دەبووایە قسەیان بکردایە، قسەیان نەدەکرد و لەو شوێنەش کە دەبووایە بەرگرییان کردبا، بەرگرییان لە حکوومەتی ئیسلامی دەکرد. بە گشتی هەرسێکیان ئێمەیان بە ئینسان دانەدەنا و تەنانەت ئـێمەیان بە مرۆڤکوژ و خراپکار دەزانی و دەناسی.

 

کوردستان: ڕوانگەی زیندانییانی غەیرە سیاسی سەبارەت بە تۆ چۆن بوو؟

محەممەد مورادی: زۆربەیان لەگەڵ ئێمە فرە باش نەبوون. لەبەر ئەوەی کە هەموویان یان لە پێوەندی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان گیرابوون یان سیخۆڕی و خۆفرۆشی ڕێژیمی عێراق و حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوون. ئەو کار و کردەوەیان بۆ ئیمتیاز وەرگرتن و جێبەجێ کردنی داخوازییەکانیان بوو. هەندێکیان هاوکاریی عەوامێلی ڕێژیمیان دەکرد و لەتەک زیندانیانی سیاسی دەرگیر دەبوون. لەو زیندانییە غەیرە سیاسیانەدا هەبوون کەسانێک کە دەگەڵ ئێمە باش بوون و حەزیان بە نزیکی و هەواداریی حیزبی دێموکرات دەکرد و هەر ئەوەش دەبووە هۆی ڕاپۆرتدانی لە لایەن زیندانییە خراپەکانەوە.

 

کوردستان: باسی دۆخی ناو زیندانەکانی دیزڵ ئاباد و یەزد بکە؟

محەممەد مورادی: ئێمە هەمووکات لەژێر چاوەدێریدا بووین. زۆرجار لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی زیندانەوە بانگ دەکراین و هەندێ جاریش لە لایەن نوێنەری وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت دەکراین و هەڕەشەی ئەوەیان لێدەکردین کە مافی قسەکردن و پێوەندی گرتن لەتەک زیندانییەکانی دیکەماندا نیە. ئەوان پێیان وابوو کە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی ئێمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە زیندانییەکان پاش ئازادبوونیان بچنەناو شۆڕشەوە.

 

کوردستان: ئەو ئەو زیندانییە سیاسییانەی(کورد) کە زۆر بە کەمی لە ڕاگەیەندراوەکاندا باسیان لێوە کراوە، کامانەن؟

محەممه‌د مورادی: ئێمە چوارکەس بەکەمی لەسەرمان باس کراوە و گلەییشمان لەوبارەوە هەیە و دەتوانم لە لایەن ئەوانیشەوە ئەو گلەییە بکەم. هەندێ زیندانیی سیاسیی دیکەش هەن کە کوردن، بەڵام ئەندامی حیزب نەبوون و پێوەندییان بە ڕێکخراوەکانی دیکە وەک پ.ک.ک هەبوو. لەناو ئەو کەسانەدا دەتوانم ناوی خالد زەمانی و ڕۆستەم ئەرکیا بێنم کە هەریەکەیان بە ٣٠ ساڵ زیندان مەحکووم کراون.

 

کوردستان: سەردانی بنەماڵەت لەکاتی زیندانی بوونتدا و پێدانی مرەخەسی چۆن بووە؟

محەممەد مورادی: من هیچکات لەماوەی زیندانی بوونمدا مەرەخەسییان پێنەدام. بنەماڵەکەیشم لەناو خاکی ئێراندا نەبوون و نەیاندەتوانی زەمانەتی ئەمن بۆ پێدانی مەرەخەسی بکەن، بەڵام دوو هاوڕێی دیکەم پاش ١٨ ساڵ و شەش مانگ مەرەخەسیان پێدرا.

 

کوردستان: ئێستا کە ئازاد بوویت چ هەستێکت هەیە؟

محەممەد مورادی: هەستێکی بەرز و باشم هەیە و زۆر خۆشحاڵ و بەختەوەرم کە جارێکی تر توانیم بگەڕێمەوە باوەشی بنەماڵە و حیزبەکەم. ناڕەحەتیشم هەیە لەو بارەیەوە کە حیزبەکەم تووشی دابڕانی کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی بووە و ئەوە حیزبی لاواز کردووە کە هیوادارم کە چالاکییەکانی لەوەی ئێستا هەیەتی زۆرتر و زیاتر بێ. ئەو لاوازییە بووەتە هۆی خۆشحاڵیی دوژمنەکەمان یانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

 

کوردستان: بەتەمای لە داهاتوودا چی بکەی؟

محەممەد مورادی: من زۆرم پێ خۆشە بتوانم بە هەموو توانامەوە خزمەتی حیزب بکەم، بەڵام بە داخەوە هەروەک حیزبیش ئاگادارە، ئەمن تووشی نەخۆشییەک بووم کە لە کوردستان چارەسەری نییە و دەبێ بۆ دەرمان بڕۆمە دەرەوەی وڵات. نازانم حیزبیش تا چ ڕادەیەک دەتوانێت لەمبارەیەوە یارمەتیم بدات. خۆ ئەگەریش بڕۆمە دەرەوە و چاک ببمەوە هەر لە پێناو ئازادی گەلەکەمدا ئەوەی لە توانامدا بێ بە حیزبەکەم خزمەت دەکەم.

وێنە: مستەفا هیجری و محەممەد مورادی

دیمانە: غالب حەبیبی

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی