"an independent online kurdish website

(سایكسپیكۆ به‌ كرده‌وه‌ ئیدانه‌ ده‌كرێت نه‌ك به‌ گوتاردان‫. ), ویستم له‌سه‌ر خیانه‌تنامه‌ی وڵاتانی داگیركه‌ری وه‌ك فه‌رانسه‌ و بریتانیا كه‌ ڕێكه‌وتنیان له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كوردستان كردartina_muhamedi10

و له‌ چوارچێوه‌ی پیلانه‌كانی سایكس و پیكۆ،دا كوردستانیان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك نه‌ته‌وه‌ی فاشیست و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستدا دابه‌شكرد، بابه‌تێك بنووسم، به‌ڵام دوایی بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ چی بنووسم كه‌ ئیستاش كورد وه‌ك سه‌دساڵ پێش هه‌ر به‌شێوه‌ی خێ‫ڵه‌كیی سیاسه‌ت ده‌كات و هه‌نووكه‌ش خاوه‌ن ستراتیژییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی نین كه‌ ئامانجێكی ڕوون و ڕه‌وانی هه‌بێ. تاكوو هه‌نووكه‌ش كورد و هێزه‌كانی كورد پرش و بڵاون و هێز و وزه‌ له‌ خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه‌ وه‌رده‌گرن.

 

ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ من بێڕێزیی به‌ سیسته‌می خێڵه‌كیی بكه‌م، نا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كیی خێڵه‌كیی و عه‌شیره‌تیی نه‌بووایه‌ ده‌مێكبوو كه‌ ناسنامه‌كه‌ی له‌نێوچوو بوو و كولتوور و دابونه‌ریته‌كه‌شی له‌ژێر پێی فارس و توركدا وه‌ك تۆز به‌با ڕۆیشتبوو. مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیتر نابێ كورد هێز له‌ ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه‌ وه‌ربگرێت و پێویسته‌ له‌ سه‌ده‌ی ٢١دا كورد ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ڕێكبخاته‌وه‌ و ته‌نیا ئه‌گه‌ر بۆ جارێكیش بووبێ كورد خۆی بكاته‌ خاوه‌ن ئیراده‌ی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی، خۆی له‌سه‌ر داهاتووی خۆی خاوه‌ن بڕیار بێ. به‌ڵام ئیستاش وه‌ك سه‌دساڵ پێش كورد بووه‌ته‌ كه‌ره‌سته‌ی ده‌ستی فارس و تورك، ئه‌مه‌ش له‌ كه‌س شاراوه‌ نییه‌. كورد ئیساش له‌ چوارچێوه‌ی حیزب، گرووپ و باڵدا له‌ژێر كاریگه‌ریی فارس و تورك دایه‌ و قه‌د خاوه‌ن ئیراده‌ی سیاسیی خۆی نییه‌. بۆ ده‌بێ له‌م ئانوساته‌دا كه‌ ناوچه‌كه‌ ڕووی له‌ گۆڕانكاریی نوێیه‌ كورد له‌و په‌ڕی قه‌یران و په‌رته‌وازه‌ییدا بێ‫.

 

كورد له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان ڕێكخراوه‌كانی سیاسیی به‌سه‌ر باڵ و شانه‌ی جیاوازدا دابه‌ش بوونه‌ و هیچكامیشیان خاوه‌ن ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانیی نین و پاش ئه‌وه‌ش كه‌ ناوچه‌كه‌ گۆڕانكارییه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت، ده‌ڵێن وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان له‌ دژی كورد پیلانیان داڕشته‌بووه‌ و كوردیان بێ ده‌وڵه‌ت هێشتووه‌ته‌وه‌‫! به‌ڵام هیچ كه‌سایه‌تییه‌ك باس له‌وه‌ ناكات كه‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ خاوه‌نی یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌كئیراده‌ بێ بوونی نییه‌، به‌ڵكوو كورد وه‌ك خێڵ و گرووپی جیاواز هێزیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌‫. ئه‌م هێزه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ كورد هه‌یه‌تی، شتێكی نوێ نییه‌، كورد له‌ سه‌رده‌می سه‌فه‌وییه‌كان و ئووسمانییه‌كان و هه‌روه‌ها پێش هاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش بۆ ناوچه‌كه‌ و كوردستان، كورد خاوه‌ن هێزی چه‌كدار و ته‌نانه‌ت خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌تشاری بچووك بووه‌، وه‌ك ئیستای سلێمانی و هه‌ولێر‫.

 

ته‌نانه‌ت كورد له‌و سه‌رده‌مانه‌شدا هێزه‌ چه‌كداره‌كه‌ی هێنده‌ گرینگ بووه‌ كه‌ له‌ سه‌رخستنی ئووسمانییه‌كان به‌سه‌ر سه‌فه‌وییه‌كاندا ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی گێڕاوه‌ و له‌ ناوچه‌كه‌شدا هێزێكی كاریگه‌ر بووه‌، به‌ڵام كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی خێڵه‌كیی بووه‌ و ئیستاش هه‌ر به‌ خێڵه‌كه‌یی ماوه‌ته‌وه‌، خێڵكیبوونی كوردیش ئه‌م نه‌ته‌وه‌ی تووشی سه‌رلێشێواویی كردووه‌ و كوردی له‌ باری ده‌روونییه‌وه‌ هه‌ستیار بارهێناوه‌ و ڕێی له‌وه‌ گرتووه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ی تیژبیر و تیژهزر په‌روه‌رده‌ بكرێت و هه‌میشه‌ كورد به‌ هۆی خێڵه‌كییبوونه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌سۆز و هه‌ستناسك بووه‌ و سه‌ركرده‌كانیشی به‌هه‌مان چه‌شن به‌سۆز و سۆزدار و هه‌سته‌كیی بار هاتوونه‌‫. ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نییه‌ كه‌ كورد خاوه‌ن سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تیی به‌ ئیراده‌ و تێكۆشه‌ر نه‌بووه‌، پێچه‌وانه‌، كورد خاوه‌ن سه‌ركرده‌ی به‌هێز بووه‌ و نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له‌ مێژوودا به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌هێز و به‌ئیراده‌ ناسراوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كورد خێڵه‌كیی بووه‌ و خێڵه‌كیی بیری كردووه‌ته‌وه‌‫.

 

كاتێ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌ ده‌بینین كه‌ كورد ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی خێڵه‌كیی بووه‌ كه‌چی به‌هه‌مان چه‌شنیش ژیانه‌ سیاسییه‌كه‌شی هه‌ر به‌ خێڵه‌كیی تێپه‌ڕ كردووه‌، واتا ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌كیی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتی خێڵ و عه‌شیره‌تیان به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ به‌هه‌مان چه‌شن له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیشدا هه‌ر خۆیان خاوه‌ن بڕیاری سیاسیی بوونه‌‫. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناكرێ كه‌ كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی هێنده‌ به‌هێز و خاوه‌ن ئیراده‌ بووبێ و ڕۆڵی گیرنگی له‌ مێژووی ناوچه‌كه‌دا گێڕابێ، كه‌چی خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نه‌بووه‌، كورد هیچكات خاوه‌ن یه‌كهێزی هاوبه‌ش و یه‌ك سیاسه‌ت، ستراتیژیی و یه‌كئیراده‌ و هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش نه‌بووه‌‫. ئه‌مه‌ ته‌نیا باشووری كوردستان ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكوو دۆخی سیاسیی هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان به‌و چه‌شنه‌ بووه‌ و هه‌نووكه‌ش پاش سه‌دساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌ی شوومدا كورد ده‌رسی له‌و په‌یماننامه‌یه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌ و پتر وه‌ك چاره‌نووسی خۆی هه‌ژماری كردووه‌ نه‌ك وه‌ك به‌رهه‌می نه‌بوونی ستراتیژیی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش له‌نێوان هێزه‌كانی كورددا‫!

 

مێژووی خه‌باتی نوێی كورد پاش شه‌ڕی چاڵدران كاتێ كه‌ كوردستان بۆ یه‌كه‌مینجار له‌ نێوان دوو ئیمپراتۆریی سه‌فه‌ویی و ئووسمانیدا دابه‌ش كرا، ده‌ست پێده‌كات، دابه‌شبوونی كوردستان له‌نێوان دوو ئیمپراتووری ئووسمانیی و سه‌فه‌ویدا خۆی له‌ خۆیدا دابه‌شبوونی كوردی لێكه‌وته‌وه‌ و هۆكاری ئه‌م دابه‌شبوونه‌ش بۆ هێزه‌كانی كورد ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی جیاوازدا دابه‌شببوون، دابه‌شبوونی هێزه‌كانی كوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا دابه‌شبوونی خاكی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌‫. هه‌رچه‌ند خه‌باتی كورد پاش ئه‌و دابه‌شبوونه‌ چووه‌ قۆناغێكی دیكه‌ و له‌و پێناوه‌دا ده‌یان شۆڕشی گه‌وره‌ هاتوونه‌ته‌ كایه‌وه‌، به‌ڵام هیچكام له‌و شۆڕشانه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوونه‌ و له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ سه‌ركوت كراون، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ تێكڕای كۆمه‌ڵی كورده‌وارییان له‌گه‌ڵ نه‌بووه‌‌‫. به‌شێك له‌ شۆڕشه‌كانی كورد نه‌ته‌وه‌یی بوونه‌ و به‌شێكیشیان خێڵه‌كیی بوونه‌، به‌ڵام گرینگیی له‌وه‌دایه‌ كه‌ تێكڕای به‌رخۆدانه‌كان بۆ ده‌سه‌ڵات و ده‌سكه‌وتی زیاتری كوردان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌‫.

 

به‌ڵام ئه‌و كاتانه‌ی كه‌ به‌شێك له‌ شۆڕشه‌كان له‌ سه‌ركه‌وتنی یه‌كجاره‌كیی نزیك ده‌بوونه‌وه‌، كێشه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان سه‌ركرده‌ی شۆڕشه‌كاندا ده‌ستی پێده‌كرد‌ و ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش كۆتایی به‌ شۆڕشه‌كان ده‌هێنا‫. به‌ڵام پاش شكستی ئه‌ڵمان و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌مدا كه‌ ئیمپراتۆریی ئووسمانیشی له‌خۆ ده‌گرت كوردستانی بنده‌ستی ئووسمانی كه‌ خاوه‌ن پێگه‌ی سه‌ربازیی، سیاسیی و ئابووریی بوو و ئه‌گه‌ریش بیانویسته‌بایه‌ ئه‌وا ده‌یانتوانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئووسمانیدا وڵاتی كوردان بناغه‌ داڕێژن، كه‌چی چاوچنۆكیی میره‌كانی كورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا ئاسۆی كوردی به‌ره‌و تاریكیی برد و به‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هندێك له‌ میره‌كان ئه‌و هه‌نگاوه‌ نه‌نرا، واتا میره‌كانی سه‌رده‌می ئووسمانیی له‌ئاست هه‌رێمی باشوور كوردستان خاوه‌ن پێگه‌ی سیاسیی و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر بوون، هندێك له‌ میره‌كان خاوه‌ن دراوی تاییبه‌ت به‌خۆیان بوون و ته‌نانه‌ت كه‌شتییه‌كانیان به‌ ناوی كوردستانه‌وه‌ له‌ ئاوه‌كاندا ئامۆشۆیان ده‌كرد و باشترین جۆری قاوه‌ به‌ ناوی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كرا، ئه‌و قاوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ ناوی قاوه‌ی توركه‌وه‌ ناسێنراوه‌‫. 

 

هۆكاری ئه‌وه‌یكه‌ سایكس و پیكۆ توانیان به‌ ئاسانیی به‌شێكی مه‌زن له‌ خاكی كوردستان به‌سه‌ر سێ وڵاتی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا دابه‌ش بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كورد؛

 نه‌ته‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو نه‌بوو‫.

خاوه‌ن ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی نه‌بوو‫.

به‌ خێڵه‌كیی سیاسه‌تی ده‌كرد‫.

په‌رته‌وازه‌ بوون‫.

له‌ژێر كاریگه‌ریی گه‌لانی ده‌ورووبه‌ردا بوون به‌ تاییبه‌ت ‫(فارسه‌ فاشیست و توركه‌ كه‌مالیسته‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌كان‫) ‫.

هێزه‌ كوردییه‌كان به‌هۆی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌میشه‌ له‌ كێشه‌دا بوون‫.

له‌ كاتی گۆڕانكاریی مه‌زندا دژبه‌یه‌ك بوون‫.

 

ئه‌ی ئیستاكه‌ ناوچه‌كه‌ ڕووی له‌ گۆڕانكارییه‌ و سه‌دساڵ به‌سه‌ر خیانه‌تنامه‌ی سایكسپیكۆدا تێبه‌ر ده‌بێ دۆخی سیاسی كورد چۆنه‌؛

 

كورد ئه‌مڕۆ هه‌ر وه‌ك ڕابردوو؛

له‌ژێر كاریگه‌ریی فارسه‌ فاشیست و توركه‌ كه‌مالیسته‌كان دایه‌‫.

یه‌كگرتوو نین‫.

خاوه‌ن ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی نین‫.

ئیستاش به‌ خێڵه‌كیی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن‫.

هێز‌ و وزه‌ی كوردیان له‌نێوان چه‌ند پارت و ڕێكخراوی دژبه‌یه‌ك دابه‌ش كردووه‌‫.

گوتار و هه‌ڵوێستی هاوبه‌شی سیاسیی و نه‌ته‌وه‌ییان نییه‌‫.

 هێزه‌كانی باشوور به‌ هۆی ستراتیژیی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دژبه‌یك ڕاوه‌ستاون و هه‌ركامه‌ نوێنه‌رایه‌تیی به‌ره‌یه‌كی جیاواز ده‌كات‫.

ئه‌وه‌یكه‌ باییخی نییه‌ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كورده‌‫.

كێشه‌ی نێوان هێزه‌كانی باشوور په‌ره‌ی سه‌ندووه‌‫.

هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌تو‫پات بوونه‌ و سیاسه‌تی دژبه‌یه‌كیان هه‌یه‌.

هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ پێوه‌ندی به‌ ڕووداوه‌كانی خۆرهه‌ڵات بێ پلان و پڕۆژه‌ن‫.

ئیستاش پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ دۆخێكی ئیدۆلۆژیك دان‫.

له‌ باكوور پارتی كرێكاران ئیزن به‌ هیچ لایه‌نێكی دیكه‌ نادات كه‌ وه‌ك ئه‌و تێكه‌ڵی خه‌بات بێ‫.

ڕۆژئاوا به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ی جیاواز دابه‌ش بووه‌ و یه‌كیان ڕێ به‌ ئه‌وی دیكه‌یان نادات به‌شداری خه‌بات بێ و خۆی سه‌پاندووه‌ته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئه‌وێ‫.

 

ناوچه‌كه‌؛

هه‌نووكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گۆڕانكارییه‌وه‌ ئاوسه‌، كه‌چی كورد وه‌ك پێش، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ ڕووی نه‌دابێ پرش و بڵاوه‌، به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان له‌لایه‌ن داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ ڕێنوێنی ده‌كرێن. هێزی كوردیی هه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌شێكی كوردستاندا خاوه‌ن پێگه‌ی سیاسییه‌، كه‌چی پتر له‌ داگیركه‌ری كوردستان نزیكه‌ تاكوو هێزه‌ كوردییه‌كانیتر كه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا هاوبه‌شن‫. 

ئه‌گه‌ر كورد به‌و چه‌شنه‌ سیاسه‌ت بكات و ستراتیژیی سیاسیی دابڕێژێت و نه‌توانێ ئامانجێكی هاوبه‌ش و ستراتیژییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش و یه‌كانگیر و گشتگیر ڕێكبخات، بێگومان  جارێكی دیكه‌ و له‌ژێر و ناوناونیشانێكیتردا سایكس و پیكۆیه‌كی دیكه‌ له‌ دایك ده‌بن و دیسان كوردستان دابه‌ش ده‌كه‌نه‌وه‌‫.

 

هه‌نووكه‌ كورد له‌ باشوور له‌ دۆخێكی هه‌ستیار و ناسك دایه‌ كه‌چی هێزه‌كانیان به‌سه‌ر ستراتیژیی جیاواز دابه‌ش بوونه‌ و هه‌ر لایه‌نێك نوێنه‌رایه‌تیی ستراتیژیی وڵاتێكی ده‌ره‌كیی ده‌كات‫. له‌ كاتێكدا كه‌ هه‌رێمی باشوور له‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ نزیكه‌ كه‌چی خاوه‌ن هێزی چه‌كداری نه‌ته‌وه‌یی نین، خاوه‌ن پارله‌مانی چالاك نین، حوكوومه‌ته‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تیی هه‌موو لایه‌نه‌كان ناكات و هه‌رێمه‌كه‌ له‌ قه‌یرانی سیاسیی و ئابوورییدا چه‌قیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ره‌و ڕێفراندۆم هه‌نگاو ده‌نێن، ڕێفرداندۆمێك كه‌ به‌شێك له‌ لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵی هاوڕا نین، ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ڕای گشتیی كوردستان له‌مه‌ڕ ئه‌و ڕێفراندۆمه‌ی كه‌ بڕیاره‌ به‌ڕێوه‌بچێت ڕوون نییه‌، چونكه‌ شرۆڤه‌ی پێویستی بۆ نه‌كراوه‌‌‫.

 

ڕۆژهه‌ڵات؛

ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ دۆخێكی مه‌ترسیدار ژیان تێپه‌ڕ ده‌كات، ڕژیمی ئێڕان به‌هه‌موو هێزییه‌وه‌ گوشاری خستووه‌ته‌سه‌ر خه‌ڵك و بێكاریی و نه‌بوونی ئاساییشی كۆمه‌ڵایه‌تیی و دۆخی لاوازی ئابووریی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانی خه‌ڵك ده‌كات‫. پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌ تاراوگه‌ ژیانی سیاسیی تێده‌په‌ڕێنن و هه‌موو پارته‌كان له‌تبوونه‌ و خاوه‌ن ستراتیژییه‌كیی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی له‌دژی ڕژیمی ئێرانیش نین‫. هاوكات پێكه‌وه‌ له‌ دۆخێكی ئاڵۆزی سیاسیی دان و هندێك له‌ لایه‌نه‌كان دان به‌ بوونی یه‌كتردا نانێن‫، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌كه‌ گوشاری كۆمه‌ڵگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتیان له‌سه‌ره‌.

ڕۆژئاوا؛

ڕۆژئاوای كوردستانیش له‌ دۆخێكی ئاڵۆز دایه‌، هه‌رچه‌ند له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو كۆمه‌ڵێك ده‌سكه‌وتی سیاسیان به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام له‌وێش لایه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ ناسازێن و به‌ره‌ی په‌یه‌ده‌ كه‌ له‌ پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌ نزیكه‌ له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی نزیك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ناسازێن و كێشه‌ی قوڵیان له‌ نێواندا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵ داعش و به‌ره‌ی نووسره‌ و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ سووریه‌ له‌ شه‌ڕدان و هاوكات كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی له‌ژێر گوشاری توركیه‌ باییخ به‌ هه‌وڵه‌كانی كوردانی ڕۆژئاواش نادات.

 

باكوور؛

باكووری كوردستانیش له‌ خه‌باتێكی بێوچان دایه‌ و كێشه‌كان له‌وێ گه‌لێك ئاڵۆزن، چونكه‌ ڕژیمی توركیه‌ به‌ چه‌شنێكی فاشیستانه‌ و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستانه‌ و به‌ پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل دژی ته‌ڤگه‌ری باكووری كوردستان ده‌ستی كردووه‌ به‌ سه‌ركوتی بێبه‌زه‌ییانه‌‫. له‌و لاشه‌وه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كیی گۆڕه‌پانی باكوور له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی هێزه‌كانی به‌شه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ كێشه‌ دایه‌ و زۆرجار هه‌ولی خۆسه‌پاندن ده‌دات‫!

 

كۆی وتار؛

 كاتێك ئێمه‌ وه‌ك كورد ده‌توانین ڕێكه‌وتننامه‌ی سایكس‫-پیكۆ ئیدانه‌ بكه‌ین كه‌ نه‌ته‌وه‌ی كورد خاوه‌ن كولتوورێكی نه‌ته‌وه‌یی بێ و هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیش یه‌كگرتوو و یه‌كهه‌ڵوێست و خاوه‌ن یه‌ك پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌یی بن و پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش له‌سه‌روو هه‌موو پرسه‌كانی دیكه‌وه‌ بێ. به‌ڵام كاتێ كه‌ هێزه‌كانی كوردستانیی له‌و په‌ڕیی سه‌رلێشێواویی خۆیاندا بن، نه‌ك هه‌ر سایكس پیكۆ ئیدانه‌ ناكرێت، به‌ڵكوو به‌و هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌مان ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ به‌هێز ده‌كه‌ین كه‌ جارێكی دیكه‌ ڕێكه‌وتنێك ڕێكبخرێت و كورد له‌ قازانجه‌كه‌ی بێبه‌ش بكرێت‫.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی