ماوەی سێ ڕۆژە ئەرتەشی عێراق و زۆرینەی گرووپە تیرۆریستە شیعەکانی لایەنگری ڕێژیمی ویلایەتی فەقێ و لەوانەش حەشدی شەعبی دەستیان کردووە
بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی شاری فەلووجە هەڵکەوتوو لە شەست کیلۆمەتری ڕۆژئاوای شاری بەغدادی پێتەختی عێڕاق.
ڕاگەیاندنەکان باس لەوە دەکەن کە پاسدار قاسم سولەیمانی گەورە تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی تاوتوێکردن و سەرخستنی نەخشەی شەڕەکە ئێستا لە عێراقە و لە نزیکەوە خەریکی داڕشتنی پلانە سەربازییەکانە.
لە لایەکی دیکەوە و هاوکات دەگەڵ ئەم شەڕە، یەکینەکانی پاراستنی گەل بە هاوبەشی ئەوەی پێی دەڵێن هاوپەیمانی عەڕەبی هێرشیان بۆ سەر پێتەختی سەرەکی گرووپی تیرۆریستی داعش واتە شاری ڕەققە لە سووریە دەست پێکردووە.
گەریلاکانی ی.پ.گ و ژومارەیەک چەکداری عەشاییری عەڕەبی ناوچەکە بە دەیان تانک و زرەپۆشی ڕووسی و ئێرانی کە بەشێکیان حکومەتی بەشار ئەسەد بۆی دابین کردوون، ڕایانگەیاندووە مەبەستیان لەم هێرشە ئازادکردنی خەڵکی وەزاڵەهاتووی شاری ڕەققەیە و دەرپەڕاندنی گرووپی تیرۆریستی داعش لەم ناوچەیە.
بەڵام ئایا دەستپێکی هاوکاتی دوو شەڕی فەلووجە و ڕەققە و لە دوو بەرەی جیاوز و لە دوو وەڵات دا تەنیا بۆ ڕاونانی داعشە یان خود هاوکات بۆ بە یەک گەیاندن و ڕێکخستنی هیلالی شیعی و خواستی ئێران لە ناوچەکە دا؟!
لە کەس شاراوە نیە کە شەو و ڕۆژ سەرکردەکانی باڵی شەڕخوازی پ.ک.ک و ڕاگەیاندنی گشتی ئەم حیزبە هەڕەشە دەکەن و دەڵێن کە تۆڵە لە ئۆردووغان دەکەنەوە و چیدی قەبووڵ ناکرێت کە ڕێژیمی فاشیستی تورک شار و گوندەکانی باکووری کوردستان بۆردوومان بکات و هاوڵاتیانی کورد شەهید بکات و ماڵ و موڵکیان بسوتێنێت.
زۆر باشە پرسیارەکەی ئێمەش ڕێک لەم خاڵەدایە بۆ ئەو هەموو تانک و زرەپۆش و گەریلا قارەمانە یەکەم جار نانێرن بۆ شەڕی خەلیفە سەرکیەکەی داعش کە ئۆردووغانە؟! مەگەر ئێوە و ئێمەش ڕامان وانیە کە پاڵپشتی سەرەکی و ساپۆرتی هەرە گرینگی گرووپی تیرۆریستی داعش دەوڵەتی تورک و پارتی داد و گەشە و شەخسی ئۆردووغان و ئیخوانەکانی تورکیا و تا ڕادەیەکیش ناوچەکەن؟!
کەوابوو بۆ سەرەتا سەری مارەکە پان ناکەنەوە و نایپەڕێنن، گوشار و زەختی سیاسی و چالاکی خۆتان لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان چڕتر ناکەنەوە و بازرگانی بە گەریلا و حەماسەتی ئەوانەوە دەکەن؟!
لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای هێرشی داعش و دواتریش لە پاش دەرکردنی داعش لە سنوورەکانی باشووری کوردستان، زۆربەمان گلەیی و گازندەمان لە مەسعوود بارزانی دەکرد کە نەدبوو هێزی پێشمەرگە بەدەر لە پاراستنی سنووری باشووری کوردستان ڕوانەی ناوچەی عەڕەبی سوننە مەزهەب و گوندەکانی ئەوان بکرێت و تەنیا خەمی خاک و خەڵکی کوردستان گرنگە و کورد نابێت خۆی بخاتە نێو شەڕی سوننە و شیعەی عێڕاق.
کەچی ئێستا دەبێ پرسیار لە سەرۆکە عەلەوییەکانی پ.ک.ک و بە تایبەت شەخسی جەمیل بایک بکەین و بپرسین بە چ مەبەستێک سەرەڕای قسە و ڕاگەیاندنی خۆتان کە باکوور لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕۆژانە خاپوور دەکرێت، خۆتان دەکەنە سەرچۆپی کێشی زەماوەندی شیعە و کڵاو سووری پێش لەشکری ڕووس و ئەمریکان بۆ شەڕ لە ناوچەی عەڕەبیی سووریە و ئەمەش لە کاتێکدایە هەر خۆتان دەفەرموون بستێک ئاخی کوردستان نەماوە لە ڕۆژئاوایی کوردستان ڕزگاری نەکەن لە چەتەی داعش.!
لێتان تێک نەچێت ڕەققە ئاخی عەڕەبە دەگەڵ ئەوەی هێلانە و پێتەختی گرووپی تیرۆریستی داعشە، کەوابوو بە قسەی خۆتان لە ئێستادا بۆ شەڕی پێچەوانە دەکەن. دڵنیابن سەدان شاری پڕ لە تیرۆریستی وەک ڕەققە ڕزگار بکەن تاوەکوو وەڵاتانی ڕۆژئاوا و لە سەروو هەموانەوە ئەمریکا ڕایان وابێت کایە و گەشە و نەشەی سیاسی ئێوە لە ناو هێژمۆنی ڕووسیە و ئێران دا و لەم بازنەیە دا دەخوێندرێتەوە و پێناسە دەکرێت، نە تەنیا بە هاوپەیمانتان نازانن بەڵکوو لەو لیستە ڕەشانەی کە هەر خۆیان ئێوەیان تێهاویشتووە ناتانسڕنەوە و دەرتانناهێنن.
لە کۆتایی دا ئێوە بەم تێوەگلانی خۆتان بە شەڕی ساغکردنەوەی هیلالی شیعی لە عێڕاق و سووریە نە تەنیا بە پێچەوانەی خواستەکانی سەرۆکی ئیمڕالی (بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان) دەجووڵێنەوە بەڵکوو بازرگانی بە تێکۆشان و قارمانیەتی و شان و شکۆی گەریلاکانەوە دەکەن و هاوکات حیساب بۆ بەڕێز موراد قەرەیەلان و باڵی ئاشتیخواز و بە پڕەنسیپی پ.ک.ک ناکەن کە گڵاڵەگەلی ئەوان زۆر باشترە و پێشەوەچوونی لە ئاستی ناوخۆی تورکیا و جیهان بە خۆیەوە بینیبوو.