"an independent online kurdish website

 هه‌مووتان ئه‌‌زانن له‌ ساڵانی رابردوو هه‌ندی له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی كوردستان ئه‌یانوت هه‌ولێر ئه‌كه‌ینه‌ دوبه‌ی و بۆ ئه‌و كاره‌ش ده‌یان و سه‌دان كۆمپانیای بیانییان هێنایه‌ كوردستانahmad-rejeb-0

له‌ بواری بیناسازی و جاده‌وبان و نه‌مام ناشتن و له‌پاش چه‌ند ساڵێك دیمه‌ن و روخساری جاده‌وبان و شه‌قامه‌كانی شار به‌ شێوه‌یه‌كی جوان و قه‌شه‌نگ ده‌ركه‌وتن ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی تره‌وه ‌گه‌ره‌كه‌‌كانی نێو شار { گه‌ره‌كه‌ كۆن و دێرینه‌كان } وه‌ك جاران مانه‌وه‌و بگره‌ خراپترو ناشیرینتر، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رئه‌خه‌ن كه‌ دوبه‌یه‌كی لای خومان ته‌نها بۆ خۆهه‌ڵكیشان و فیزه‌و، به‌ رووكه‌شیی و ساخته كردن شار جوان نابێت و‌ خه‌ڵك فریو نادرێت‌.

كوردستان تووشی قه‌یرانێكی زۆر بووه، شه‌ریی پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ دره‌نده‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی چه‌په‌ڵ (داعش) و، قه‌یرانی نه‌دانی مووچه‌ی مانگانه‌ی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانبه‌رو خانه‌نشین و خه‌ڵكی دیكه‌و، قه‌یرانی ئاوو كاره‌باو پێداویستییه‌كانی ترو، له‌مانه‌ش زیاتر قه‌یرانی لێدان و سوكایه‌تی كردن به‌ رۆژنامه‌نووسان وتێهه‌ڵدان وزیندانی كردن و كوشتنی رۆڵه‌كانی گه‌ڵ به‌ نهێنی و به‌ ئاشكرا له‌ گۆره‌پانی فووتبۆڵ وله‌ سه‌ر جاده‌و شه‌قامه‌كان.

هه‌موومان پێمانخۆشه‌ هه‌ولێرو شاره‌كانی كوردستان ببنه‌ شاری جوانی دڵفرێن و بێ وێنه‌و، دوور بن له‌وه‌ی ببنه‌ هاوشێوه‌ی ولایه‌تی تێكساسی ئه‌مریكاو، ئه‌و تیكساسه‌ی كه‌ له‌ رێی فلیمه‌ سینه‌ماییه‌كان و، گاوانی گاو مانگا ( كاوبۆی) زانیومانه‌ پره‌ له‌ تاوانی نا حه‌ق و تێهه‌ڵدان و كوشتن و، وا دیاره‌ نه‌خۆشی ئه‌و ویلایه‌ته‌ ئه‌گه‌ر به‌رگری لێنه‌كرێت به‌ ئاسان له‌ كوردستان بڵاوئه‌بێته‌وه‌و. ئه‌وتا په‌تاكه‌ی گه‌یشت و “”یاساناسێك””   خوێ سه‌ر قاڵكردووه‌ به‌ ( پرۆژه‌یه‌ك  به‌ ناوی ویلایه‌تی “”51″” ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ) و، پێشنیار ئه‌كات باشووری كوردستان بخرێته‌ سه‌ر ئه‌مریكاو ببێته‌ “” ویلایه‌تی 51 “”, ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆچوونی  ( د. عه‌دنان عه‌بدوللا) ناوێكه‌‌ له‌ كۆنفرانسی نیوده‌وڵه‌تی یاسایی رۆژی 24/5/2016  له‌ زانكۆی كوردستان له‌ هه‌ولێر ساز كرا.

زووربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و دانیشتوانی هه‌ولێر به‌ تایبه‌تی له‌ بیریانه‌ ئێوارەی  ڕۆژی دووشەممه‌ 2/5/2016  گەنجێکی هه‌ژار قوتابی زانكۆ ته‌مه‌ن { 26 } ساڵ به‌ ناو { بارزان ره‌شید } لە گەرەکی برایەتی شاری هەولێر  ( فوللایت ) بۆ ئۆتۆمبێلێک لێدئه‌دات هەتا شوفێرەکە ئاگاداربکاتەوە ولێی تێپەڕ بێ به‌ڵام ئۆتۆمووله‌كه‌ی را ئه‌گرن و كه‌سێك به‌ پله‌ی نه‌قیب و، به‌ناوی ( جه‌مال جه‌بار خێڵانی ) له‌ ئۆتۆمبیلێكی تر لێ دێتە خوارەوەو، بەبێ سێ دوو ئه‌کەوێتە گیانی ( بارزان) ی بێ تاوان و زۆری لێئه‌دات و به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه‌و به‌ ئه‌نقه‌ست و، به‌ ده‌مانچه‌كه‌ی ده‌ستی چەند فیشەکێکی پێوەئه‌نێت و دەست بەجێ ئه‌یكوژێت و، زۆر سه‌ربه‌ست و بێباكانه‌ ئه‌روات.

لێكۆڵەرێكی دادیی ئاشكرای ئه‌كات و، ئەو كەسەی لە شاری هەولێر، لەسەر لێدانی فول لایت گەنجێكی كوشت، پێشتر دوو كەسی تری كوشتووەو، گەیلان سلێمان عەلی لێكۆڵەری دادیی، لە چاوپێكەوتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا، لەبارەی كوشتنی گەنجێكی شاری هەولێر لەسەر لێدانی فول لایت ڕایگەیاند  ( تاوانبارەكە دوای ئەوەی رەماشی بۆ بارزان ره‌شیدی قوتابی زانكۆ (كوژراوەكە) لێداوە، دەمانچەی لەسەر سەری داناوە و مۆبایل و ساڵنامەی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی لێسەندووە و پێی وتووه‌ دوام كەوەو، نەیداوەتەوە، ( ئەوەش هۆكاری ئەوە بووە { بارزان} بەدوای تاوانبارەكە بچێت مۆبایل و ساڵنامەكەی لێ وەربگرێتەوە) و، ناوبراو ئاشكرایكرد، زانیاریان لایە بكوژەكە پێشینەی هەیە و پێشتریش دوو كەسی تری كوشتووە، ئەوەش كێشەیەكی گەورەیە، چونكە ئەو كەسە دوو كەسی دیكەی كوشتبێت و ئازاد كرابێت و ئێستاش كەسێكی دیكە بكوژێت و، تا ئێستاش نەگیراوە، ئەوە ئه‌سه‌لمێنێت كە لە كوردستان یاسا بوونی نییە، ئەوەی باسیشی لێوە ئه‌كرێت، تەنیا دروشمە.

ئەو لێكۆڵەرە ئه‌ڵێت ( ئه‌وترێت بكوژەكە، خزمی یەكێك لە بەرپرسەكانە، ئه‌بوو بەرپرسەكە بۆ سەروەركردنی یاسا، خۆی بكوژەكەی رادەست بكردایه‌و، بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە بەرپرس ئه‌بێته‌ پارێزگاری بكوژو، ئەمە حاڵەتێكی زۆر ترسناكە، رادەستنەكردنی بكوژ رەنگە كەیسەكەی قورستر بكات، بەڵام بە خۆبەدەستەوەدانی و لێكۆڵینەوە، رەنگە تاوانكاریش دەرنەچێت“.

ئەو لێکۆڵەرە دادییە ئاماژە بەوە ئه‌دات ( یاسا بەرامبەر هەموو کەسێک جێبەجێ ئه‌کرێت، بەس ئەو کەسانەی یاسا جێبەجێئه‌کەن، کێشەکە لەواندایە، ئەوجا لە سیستەمە سیاسییەکەوە بگرە تا ئه‌گاتە دەسەڵاتە دادوەرییەکان، ( ئەگەر گرفت لە سیستەمە سیاسییەکە هەبێت، یاسا سەرەوەر نابێت و،  هه‌روا ئه‌گه‌ر گرفت لە ئەنجوومەنە دادوەرییەکەمان هەبێت، یاسا سەروەر نابێت).

رۆژی شه‌ممه‌ 28/5/2016  له‌ هه‌ولێر پۆلیس هێرشیان كرده‌ سه‌ر یاریزانێك و تا توانایان هه‌بوو به‌ مسته‌كۆڵه‌و شه‌ق و قۆناغه‌ تفه‌نگ ( عه‌لی كیمیاوی ) ئاسا لێیانداو، تا بوورایه‌وه‌و، كاتێ وریاو بێدار بووه‌و هاواری كرد: ئای (گونم، زه‌كه‌رم)  ئازارم زۆره‌و، چیم لێئه‌كه‌ن و، به‌ په‌له‌ گواستیانه‌وه‌‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌‌.

ئاکام ئەکرەم، گوڵپارێزی یانەی کۆیە لەلایەن پۆلیسەوە لێیدراو رایگەیاند : ( دوای تەواوبوونی یارییەکە کێشە کەوتووەتە نێوان هاندەران و یاریزانان، بەڵام پۆلیسەکان هێرشیان کردووەتە سەرم و ئەندامی ( نێرینەم) تووشی کێشە هاتووە و بەپێی راپۆتی پزیشکی کێشەی هەیە و منیش سکاڵام لەسەر پۆلیسەکان تۆمارکردووە).

گۆڵپارێزەکەی یانەی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد ( قسەکانی پۆلیس رەتئه‌کەمەوە گوایە من هێرشم کردبێتە سەر پۆلیس و هەوڵی رفاندنی چەکم دابێت، من بۆ یاری هاتووم نەک بۆ شەڕ).

رائید عەدنان محەممەد، ئەفسەری جوڵاو لە بەڕێوەبەرایەتی چالاکییە مەدەنییەکان رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیس لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان ناچنە نێو یاریگا ئەگەر تووندوتیژی روونەدات، ئەو رووداوەی کە روویداوە پۆلیسەکان بە بڕیاری لیژنەی ئەمنی یارییەکان چوونەتە نێو یاریگا بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکە یەکلابکەنەوە و رووداوەکە چارەسەربکەن.

 سەلام حوسێن، سکرتێری یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی رووداوەکە ئاماژەی بەوەکرد، یارییەکە زۆر هەستیار بووە، بەڵام هیچ کێشەیەک رووینەداوە تاوەکو کۆتایی یارییەکە و دواتر ئەو کێشیەیە روویداوە کە کێشەکە پەیوەندی نەبووە بە یاریزانەکە و پۆلیسەکان بەڵكو لەگەڵ هاندەران بووە، بەڵام دواتر ئەو حاڵەتە روویداوە و ئەو ئەنجامەی لێکەوتووەتەوەو، سکرتێره‌كه‌ ئه‌شڵێت  ئێمە وەکو یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەمان هەیەو،له‌ پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌ هەڵوێستی خۆمان بە فەرمی بڵاو ئه‌کەینەوە“.

لێدان لەم یاریزانە لەلایەن ئەم هێزەوە كارێكی نامرۆڤانەی دوور لە ئەخلاق ونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ و، پێویستە ئەم پۆلیسه‌ چەكداره‌ ره‌شپۆشانه‌ تونترین سزا وەربگرن  و، سزا نەدانیان بەتوندی واتە وەزارەتی ناخۆ بەرپرسیاری ئەو پەلامارەیە و، چۆن ئه‌بێت ئه‌م پۆلیسانه‌ بڕژێنە ناو یاریگایەك بۆ لێدانی یاریزان، ئەمانە كەی هێزی پارێزگاری یاری و یاریگاكانن.

دواى ئه‌وه‌ى له ‌رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو له‌ یاری نێوان یانه‌ی گازی باكوورو یانه‌ی كۆیه‌ له‌ یاریگای هه‌ندرێن له‌لایه‌ن هێزێکى ئه‌منى شارى هه‌ولێره‌وه‌ هێرشکرایه‌ سه‌ر گۆڵپارێزی یانه‌ى کۆیه‌ى وه‌رزشى و، له‌ ئێستادا ئه‌وکاره‌ ناڕه‌زایى لێکه‌وتۆته‌وه‌و، هاوڵاتیان ئه‌ڵێن چۆن پۆلیس به‌ چه‌که‌وه‌ ئه‌‌چنه‌ ناو گۆره‌پانه‌که‌و یاریزانێک به‌ قۆناغه‌ تفه‌نگ و شه‌ق ‌و زلـله‌ به‌ زه‌ویدا ده‌ده‌ن.

چاپوک عومه‌ر قائیمقامی شارۆچکه‌ی کۆیه‌ له‌و باره‌یه‌و وتی: سکاڵای ئیداری له‌سه‌ر هه‌ر یه‌ک له‌و پۆلیسانه‌ی ئه‌و کاره‌ نه‌شیاوانه‌یان ئه‌نجامداوه‌و،‌ هه‌روا سکاڵا له‌سه‌ر سکرتێری یه‌کێتی تۆپی پێ تۆمار ئه‌‌که‌ین له‌سه‌ر هه‌ڵویستی نادروست و هه‌روا ڕاشیگه‌یاند، که‌ سکاڵایان ئاراسته‌ی هه‌ریه‌ک له‌ وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری رۆشنبیری و پارێزگای هه‌ولێر کردووه‌و، هاوکات بڕیاره‌ له‌ یاریگاى کۆیه‌ گردبوونه‌وه‌یه‌کى ناڕه‌زاى بۆ ئیدانه‌کردنى ئه‌وکاره‌ ئه‌نجامبدرێت.

ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان و،  هه‌وڵیر وه‌ك نموونه‌ چالاكه‌وانانی مه‌دنی و رۆژنامه‌نووسان و وه‌رزشوانان و خه‌ڵكی بێ تاوان زۆر به‌ زه‌قی و به‌ به‌رچاوی هاوڵاتیان رووبه‌رووی سوكایه‌تی و تێهه‌ڵدان و زیندانی كردن و كوشتن ببنه‌وه دیاره‌ دوبه‌ییه‌كه‌ی كوردستان ئه‌بێته‌ شاری تێكساس، شاری تاوان و كوشتن، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی كوردستان ئازاو بوێرانه‌ بتوانێت تاوانباران بگرێت و راده‌ستی دادگایان بكاته‌وه‌و، به‌ بێ گوێدان به‌وه‌ی تاوانباران خزمی كام ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبێك یان ناسراوی كام به‌رپرسی باڵاده‌ست بن و، زۆر شووره‌ییه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی حزبیك یان خزمی نزیكی به‌رپرسێكی باڵاده‌ست داڵده‌ی تاوانباران بده‌ن و، نه‌یانده‌ن به‌ ده‌ستی دادگاوه‌.

خه‌ڵكی به‌ شه‌ره‌فی كوردستان داوا ئه‌كه‌ن یاسا سه‌روه‌ر بێت و، یاسا له‌ سه‌رووی هه‌موو كه‌س بێت به‌بێ جیاوازی و، لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ده‌نگی خۆم بخه‌مه‌ پاڵ ئه‌و ده‌نگه‌ دلێرانه‌ داوای راپێچی تاوانباران و خزمه‌كانیان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی ئه‌كه‌م و، هه‌ر هه‌موویان بدرێن به‌ دادگاو سزای خۆیان و تاوانه‌كانیان وه‌ربگرن و، دیاره‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و جۆره‌ كارانه‌ رێسوا ئه‌كه‌ن.

 

تیبینی:

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ئاخافتنی به‌رێز چاپوك عمرمسته‌فا قایمقامی كۆیه‌.

وێرای پیرۆزبایمان لە یانەی وەرزشی کۆیە کەئیمە بە براوەی نایابتر لە نایابیان ئه‌زانین، لە کاتێکدا بە قرۆشی باخەڵ بەرانبەر چەند یانەیەک کە بە پاڵپشتی سەدان ملیۆن دینار یاریئه‌کەن و، یاریگاکەشمان بەراورد ناکرێت بە یاریگەی ئەوان، یانەکەمان و یاریزانەکانمان بەوپەری لەخۆبردوویی و توانا بێ ھاوتاکەیان ھەموو ساڵ لە ئاستێکی پڕ شانازی ئه‌مێننەوه‌، بە داخێکی زۆرەوە ئیوارەی ٢٨ ی ئایار لە یاریەکدا لە نێوان یانەی گازی باکور و یانەی کۆیە لە یاریگەی ھەندرین لە ھەولێر، لەکەش و ھەوایەکی گرژداو، کە ئه‌بوایە یاریەکە لە کۆیە بکرێت، بە ناوی سزا کە چەندین بەڵگەمان ھەیە ناڕاستی ئەو سزایە ئه‌سەلمێنێت وەک بە بڕیارێکی پێش وەخت ئامادەکاری کرابێت بۆ تۆلەسەندن لە توانای یاریزانەکان. ئەوەی لە رووداوەکان ناخۆشتر ئەو دیمانەی ئیوارەی ٢٩ ی ئایاری تەلەفزیۆنی رووداو بوو .کە بە روونی لە گرتە ڤیدیۆیەکان پیشانی ئه‌دا چۆن دە تـــا پازدە پۆلیس بە چەکەوە ئه‌چنە ناو گۆرەپانەکەو یاریزانێک بە قۆنداغەی تفەنگ و شەقەو زلـلە لە ناو گۆرەپانەکە بە زەویدا ئه‌دەن . من کە ئامادەی ئەو یاریە بووم لە یاریگەی ھەندرین , چەند پرسیاریک لە دیمانەکە ئەخەمە ئاراوه‌:

1-              سەلام حسین ( سکرتێری یەکێتی تۆپی پێ ) نەک ووشەیەک بەڵکو پێتێکی لەراستی رووداوەکە نەووت و, ھەموو ئەو سزایانەی کە پێشتر لەسەر کۆیە بە ناڕەوا درابوو . بە حەماسەتێکی  ناحەزانەوە باسئه‌کرد . ئه‌پرسین ئایا ئەو ھەموو پاساو ھێنانەوەی ئه‌ویست بۆ شەق و تێ ھەڵدانی یاریزانەکەو وە بێ دەنگ بوون لە ھاتنی ئەو ھەموو چەکدارە بۆ ناو گۆڕەپانەکە بۆ لێدان و کوتان لە بەرپرسیاریەتی ئەو دانیەو، ئەگەر ھەمان دیمەنی لە کۆیە دیبا بەرانبەر یاریزانێکی ھەولێر ھەمان ھەوڵویستی ئه‌بوو.

2-              جێگای پرسیارە لەو پۆلیسەی کە تەلەفزیۆنی رووداو دیمانەی لەگەڵ ئه‌کرد و ئه‌یووت : ئیمە دەورەمان لە فەرنسا بینیوەو، لە کاتی پێویست ئه‌توانین لێدان بەکاربێنین و، ئایا لە فەرەنساو وڵاتانی ئەوروپا قەت دەیان پۆلیس بە چەکەوە چۆتە ناو گۆرەپانی یاری و، بە دەپازدە کەس لە یاریزانێکی شۆرت و فانیلە لەبەرێک بدەنە بەر قۆناغی تفەنگ و شەق و پێلەقە .ئایا ئەوە فێربوون لە دونیای پڕ شارستانیەتی ئەوروپا.

3-              نوکتە خۆشەکەش ھی بیژەرەکەی رووداو بوو : لەگەڵ ئەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە پیشانیئه‌دا کە چۆن یاریزانەکە ئه‌داتە بەرشەق . بە پۆلیسەکەی ئه‌ووت : ئایا ئیوە بیر ناکەنەوە کە سکالای یاسایی لەسەر یاریزانەکە تۆمار بکەن، وەک ئەوە وایە کە قەسابەکان سکاڵا لەسەر بەرخەکان تۆماربکەن کە باش رانەوەستن بۆ سەربڕینیان و پەلەقاژە ئه‌کەن.

ئیمە وەک قائمقامیەتی قەزای کۆیە سکاڵای ئیداری لەسەر ھەر یەک لەو پۆلیسانەی ئەو کارە نەشیاوانەیان ئەنجامداوەو، ھەروەھا سکاڵا لەسەر سکرتێری یەکێتی تۆپی پێ تۆمارئه‌کەین لەسەر ھەوڵویستی نادروست و، بۆ ئەم مەبەستە سکاڵامان ئاراستەی ھەریەک لە بەرێزان وەزیری ناوخۆ و وەزیری رۆشنبیری و پارێزگای ھەولێر ئه‌کەین

چاپوک عمر مستەفا قائمقامی کۆیە ٣٠-٥-٢٠١٦.

30/5/2016 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی