ئەی مانگ من و تۆ هەردۆک هاودەردین :
کەم نەبوون ئەو کەسانە وەستان و ڕاپەڕینی من وەک پێشمەرگە بەرانبەر شاڵاوی کوشتوبڕی بە کۆمەڵ و

پەلامارە مەغۆل ئاساکانی فەرمانداری جەماران بۆ داکۆکی لە مان و هەبوونی نەتەوەکەمان وێکرای نەیاری مێژوویی گەلی کوردستان لە دووتوێ جەماوەری وڵاتی لە خوێن شەڵاڵماندا سەلای ناسازی تانەو لۆمەو سەرکۆنەی ”شەڕخواز ، نۆکەر ، ئاژاوەگێڕ ، دژبەری ئێسلام دژبەری خەباتی مەدەنی، ، نەیاری ئاوەدانی وڵات و لە قیس دانی پلانی ئاوەدانی کوردستان ” و بگرە دەیان تەشەری تریان هاوشانی دوژمنانی سوێند خواردووی سەرفرازی کوردستان بار کردم .
بە فیتی هەلپەرستان من بووم بە چەتە و دژی شۆڕش …..
بەڵێ : بەوتەی ئەوان ” ئەوە من بووم دەرگای کراوەی ڕەحمەتی وەلێ فەقێ! لە ڕەگەزی (هەمیشەدوژمنی ) فەرمانڕەوام بە ڕووی وڵاتی بێ بەش کراوی کوردستان بەست و ڕێگەم بە ئاوەدان کردنەوە و کەرەمی کەلاو کردووی تاران داخست .
ئەوە من بووم هەرچەشنە دەرەتانێکم بۆ بەشدار کردنی تاک و کۆی لێ هاتووی کورد بەرەو بڕینی پلەو پایە و وەرگرتنی بەشی بەڕێوەبەری لە خزمەتەگشتیەکاندا گرت.”.
ئەوە بەرئەنگاری چەکداری بوو کە تاک و کۆی خەڵکی کوردی تووشی قەپ و قڕی ، تەریک کەوتنەوە لە گەشە و نەشە و سەرهڵدانی کۆمەڵگای کوردەواری کرد!.
وترا: ” ، دوو پات چەند پات و تەنانەت کاوێژ کرایەوە کە پێشمەرگە بەر بەستکاری گەیشتنی کورد بە ماف و ئازادیەکانی لە کوردستان ( ئێران) ، بوو. کوردستان پێویستی بە ئارامی و خوڵقاندنی دەرفەتی دابەزاندنی پلانی ئاوەدان کردنەوە هەبوو. ! !
ساڵ هات و ساڵ چوون ، لە ژێر کاریگەری ئەم تاوان و ەپاڵدانە لە لایێک ، ساردکردنەوەی جەماوەری پاڵپشتی پێشمەرگە لە لایێکیتر هەروەها زۆر فاکتەری نێو خۆیی و دەرەوەیی تر کە گرینگتریان بە دەنگ نەهاتنی خەڵکی شارەکان بە گوێرەی کاردانەوەی پرۆپاگەندەی دوژمن خوازانه هەمبەر پێشمەرگە و خەباتەکەی هەرچەند کاتیش خەباتی شار تووشی نشستی و چۆڵ پێکرانی مەیدانی بەرئەنگاری نەیار وێرای نواندنی ئازایەتی کەم وێنە هات.
لەو ڕۆژەوە هەتا هەنووکە زێدەتر لە بیست و پێنج سال تێدەپەڕێت . مەلا و ئایەتۆڵڵا و بەرپرسی خەنی و کەیف خۆش لەم سەرکەوتنە ڕمبازێنیان لە کوردستان دەست پێکرد . دوژمنان لە نەبوونی پێشمەرگەدا گەشتو گوزار، سەردان ، بەستنی کۆڕ و کۆمەڵ بە بێ لەمپەر تەنانەت بێ نیاز بە نۆکەرانی خۆجەیی دوێنێ خاوەندارەتی بەسەرهاتی وڵاتی بێ خاوەن کەوتووی کورد و بەسەرهاتی خەڵکیان کەوتە دەست.
زۆر کەس بگرە ئەوانی ساویلکە تا ئاستی دڵسۆزانی ڕاسەتەقینە و نیشتمان پەرست باوەڕیان هێنا هەلی خەباتی (مەدەنی )، و بە وتەی ئەوان ، شارستانی ، پارلمانی، ڕۆشنبیری، و چی وچی تر لە سێبەری ئارامی و ئاسوودەیی لە وڵاتی عەدلی ئێسلامیدا چێ بوە.!!
بەشێک ئەم هەلەیان کرد بە پردی خۆ نزیک کردنەوە بە تاڵان چیانی دەسەڵاتدار . سواری هەستو سۆزی خەڵک بوون و ئەسپی گرفان پڕکردنیان لە جیفەی نۆکەرایەتی تاودا ..
بەشە دڵسۆزەکەیش ئەوەتا یان لە گۆڕستان لەشی ئەنجن ئەنجنیان چیمەنتۆ کرا یان وەک جەنابی کۆڵنەدەرتان لە کونجی زیندان بە تاوانی داکۆکی لە کەمترین مافی ( مەدەنی) ! بێ بەزییانە سزا دەدرێن !!
ئەئ مانگ من و تۆ هەردوک هاودەردین…. تۆ وێڵ و ئەسیر لە زیندانەوە
من وێڵ ، سەرگەردان ، وەڵاتانەوە….
بەڕێزم ، هاوبیر، دڵسۆز، لەم تاریکە سەڵاتەی زاڵ بە سەر وڵاتی بێدەنگ و قپو قڕ تێکەوتووی پڕ لە مەرگ و کارەساتدا تۆ بە نۆژەن کردنەوەی دەنگی هەزاران تامەزرۆی قوربانی واتە شەهیدانی ئەم نیشتمانە وەک بانگی ئەنەلحەقی ڕاپەڕینی شاخ مەسیح ئاسا خەریکە نەفەسێک وە بەر نەفەسی بە گولە خنکاوی کۆڵبەر و کۆڵنەدەرانی نەسڵی نوێدا دەکەیتەوە .
تۆ بەڵگەی سەلماندنی پڕوو پووچی فرمێسکی جەلادەکانی تاران، نۆکەرە خۆماڵیەکانیان بۆ مل پێ کەچ کردن و توانەوەی کەرامەتی نەبەزیو و وڵات پەروەرانەی کوردوکوردسانی .
تۆ و هاوبیرانت سەلماندتان پێشمەرگە
لە شار و لە شاخ دوو پلێکانی حاشا هەڵنەگر بۆ پاشە کشە بە پلانی چێندراوی نەیاری مێژوویی کورد لە تارانن .
دەستی نەبەزیت لە دوورەوڵاتیدا دەگووشم . دڵنیابە دەنگی حەق خوازانەی ئێوە بە بە ئاسەمەندانی مافی ڕەوای ئازادی و سەربەستی لە چنگ داگیر کاران گەیشت . خوازیارم هەرچەند کاتیش بێ بۆ پاراستنی سڵامەتیتان دەست لە مانگرتنە ڕەواکەت هەڵگری.
کوردستان هەمدیس پیویستی بە ڕێنماییەکانی تۆ بۆ بەرئەنگاری جەورو ستەمی زاڵ بە سەریدایە
سەدیق بابایی
2016/06/02